لە بۆکان کە کەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی پاریزگای
ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەشکەوتێکی گەورە دۆزرایەوە کە بووەتە مایەی سەرنجی
دانیشتووانی ناوچەکە و بەرپرسانی گەشتوگوزاری شارەکە. دەکرێت پەرە بەم ئەشکەوتە بدرێت و ببێتە شوێنێکی گەشتیاری و مایەی خێر و بێر و سەرچاوەی ئابووری بۆ خەڵکی ناوچەکە.
ئەشکەوتەکە لە نزیک گوندی رەحیمخان
دۆزراوەتەوە، لەو کاتەی کرێکارانی راکیشانی هیڵی گاز خەریکی هەڵکەندنی رێگا بوون.
ئەسعەد جمیانی بەڕێوەبەری شوێنەوار و
گەشتوگوزاری بۆکان روونی کردەوە ئەشکەوتەکە پێنج مەتر لە قووڵایی زەوی هەڵکەوتووە
و دەتوانێت ببێت بە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری.
پسپۆڕانی زەویناسی سەیری شوێنەکەیان کردووە و
لێکۆڵینەوەی سەرەتاییان بۆ رۆژنامەنووسان راگەیاندووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان رووبەری ئەو ئەشکەوتە
٣١٥ مەتری چوارگۆشەیە و هیچ جۆرە شوێنەوارێکی مێژوویی تێدا نەدۆزراوەتەوە.
بە گوێرەی "ئیرنا" ئەشکەوتەکە لە قسڵ دروست بووە و لە هەزاران
ساڵ لەمەوبەر پڕ بووە لە ئاو کە بە تێپەڕبوونی کات وشک بووە.
خەڵکی گوندەکە کۆبوونەوەیان کردووە و داوایان
لە بەرپرسانی حکوومەت و کۆمپانیای راکێشانی هێڵی گاز کردووە ریڕەوی راکیشانی گاز
بگۆڕن و زیان بە ئەشکەوتەکە نەگەیەنن.
لە باشووری ئێرانەوە هێڵێکی گاز بەرەو تورکیا
رادەکێشرێت کە درێژییەکەی هەزار و ٧٤٥ کیلۆمەترە و دەتوانێت رۆژانە ١١٠ ملیۆن مەتر
سێجا گازی سروشتی رەوانەی بازاڕەکانی تورکیا و ئەوروپا بکات.