بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە لای هاوسەرەكەی دەبێت ناپاكی بكات

:: PM:03:33:02/08/2018 ‌


ژنێك لە هەولێر دوای ئەوەی لە ماڵی هاوسەرەكەی دەتۆرێت، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە لە ماڵێ باوكیەتی و هاوسەرەكەی نە لێی جیا دەبێتەوە و  نە دەیباتەوە ماڵی خۆی، ئەویش پەنا بۆ دوعا و نوشتە دەبات، وەك خۆی باسی دەكات نزیكەی 10 هەزار دۆلاری لە نوشتە و شێخ و مەلا و دوعا خەرج كردووە، بەڵام تا ئێستە سوودیان نەبووە.


شۆخی ناوی خوازراوی ئەو ژنەیە كە لە بەدەست قسەی نوشتە و جادووگەرانەوە خەریكە سامان و ماڵی خۆی لە دەست دەدات.


 ئەو بۆ "وشە" بەدەم گلەیی و گازندەوە باس لە كێشەكەی دەكات و دەڵێت، "ساڵێكە لە دادگا دێم و دەچم هاوسەرەكەم نایەت بەدەم داواكەمەوە و دادگایش هەموو جارێ داواكە دوا دەخات، خۆ لەبەر ئەوەی نییە كە منی دەوێت، بەڵكو مارەییم زۆرە و خانووەكەشمان لەسەر من تاپۆ بووە، بۆیە نایەوێ لێم جیا بێتەوە، ئێ خۆ من هیچم ناوێت تەنیا با بێت و جیا بینەوە."


كاتێك باسی جیابوونەوەی كرد لێم پرسی ئەگەر بەڕاستی دەتەوێ جیا ببیتەوە، بۆچی هێندە بەدوای شێخ و مەلاوە  وێڵی تا كێشەكەت چارە بكەن.  پاش بێدەنگبوونێكی كورت گوتی، "ئاخر من كچێكم هەیە تەمەنی خەریكە ببێت بە دووساڵ گوناح نییە بێ باوك پەروەردە بێت، منیش چەندان كەسم رەت كردەوە تا گەیشتم بەو پیاوە و خۆشم ویست، بەڵام خوا خوشكەكەی بگرێت ماڵی لێ وێران كردم."


بەپێی قسەی شۆخی بێت دوو ساڵی سەرەتای هاوسەرگیرییان ژیانێكی زۆر دوور لە كێشەیان هەبووە، بەڵام هەمیشە لەوە ترساوە كە خوشكەكانی تێكی بدەن، لە كۆتاییدا ئەوەی لێی ترساوە ڕووی داوە. ئەو نایشارێتەوە كە ئێستەش هاوسەرەكەی دەوێت بۆیە سەردانی زیاتر لە 30 شێخ و مەلای كردووە و نزیك 10 هەزار دۆلاریشی بە دوعا و نوشتە و شتی بێسوود داوە.


لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە چۆن ئەو كەسانەی دوعای ڕەش و سیحرەكەی بۆ بەتاڵ دەكەنەوە چییان پێی گوتووە و چارەسەری چییان پێ داوە، گوتی "هەریەكەیان بەجۆرێك باسی دەكرد، یەكێك دەیگوت لە كەركووك یەكێكی تر لە بەغدا و ئەویتر دەیگوت لە نەجەف ئەو دوعا ڕەشەت لێ كراوە. یەكێك دەڵێ لە گۆڕستان نێژراوە و دەبێت بیدۆزیتەوە ئەوكاتە بەتاڵ دەبێت، یەكێك داوای كلكی كەر دەكات و یەكێكیش پێستی ڕیوی، یەكێك داوای پەراسووی لاراستی باز.. هیچم نەماوە ئەڵقەی پەنجەشم فرۆشت نوشتەم كردووە بە 500$ كردوومە بە هەزار و 500 دۆلار، ئیستە داوای شتێكم لێ دەكەن بە سێ هەزار دۆلار ئەویش بە ئاوی پیس دەكرێت."


پێش دوو هەفتە چوار لەو كەسانەی كە شۆخی بۆ بەتاڵكردنەوەی ئەو سیحرەی كە بەگوێرەی قسەی خۆی لێی كراوە، پێیان گوتووە كە بە ئاوی پیس سیحری لێ كراوە و بە ئاوی پیسیش بەتاڵ دەبێت، ئەو بەم جۆرە باسی كرد، "لە سلێمانی و كەركووك و لە كۆیەش پێیان گوتم ئەو كەسەی ئەو سیحرەی كردووە لە زینا و ئاوی پیس سوودی وەرگرتووە و بە هەمان ڕێیش بەتاڵ دەبێ و منیش ناتوانم ئەوە بكەم."


شۆخی كەوتووەتە سەر ڕێیەك وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات، نازانێ بەكوێی دەگەیەنێت و دەڵێت، "خوا ئەوانە بگرێت منیان بەم ڕۆژە گەیاند، نازانم چی دەكەم، ئەوە تەنیا حاڵی من نییە، هەزاران ژن و كچ لەناو ماڵی نوشتە و جادووكەر و دوعادا گیریان خواردووە و گیرفانیان بەتاڵ و دڵیان ڕەش بووە."

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان




وشە - سلێمان تاشان