هێڵێكى گه‌رم ژیانى ژنان ده‌پارێزێ.. شنه‌ چیرۆكى كێشه‌ خێزانییه‌كه‌ى ده‌گێڕێته‌وه‌

:: PM:03:35:27/11/2018 ‌
شنە ساڵح، بەهۆی ئەو كێشە بەردەوامەی لەگەڵ هاوسەرەكەی هەیەتی، وەك خۆی دەڵێت کە بە بەردەوامی سەردانی رێكخراوەكانی ژنانی کردووە و چەند جارێک لەڕێگەی ڕێکخروەکانەوە هەوڵی چارەسەری کێشەکەی دراوە، بەڵام بێ سوودى بووە.

ئه‌و ده‌ڵێت، شەش ساڵە شووم كردووە، تەنیا لەسەرەتای ژیانی هاوسەری لێدانم نەخواردووە بە دەستی مێردەكەم، هەموو كات بێدەنگیم لێكردووە بۆ ئەوەی كێشەكانمان گەورە نەبێت، بەڵام سوودی نەبووە دایکیشی کێشەکان گەورەتر دەکات. 

ئەو ژنە ئاماژە بەوە دەکات جگە لەخۆی مێردەکەی بۆ منداڵەکەیشی زۆر خراپە. 
 بارودۆخی ژیانی روون دەکاتەوە و دەڵێت، شەوانە مێردەكەی بە سەرخۆشی دەگەڕایەوە ماڵەوە "بە هەق و ناهەق بە ئارەزووی دڵی خۆی لەمن و کوڕەکەیشمان دەدات" بەگریانەوە دەڵێت، جگە لەخۆی دایکیشی وەک کۆیلە سەیری من دەکات و بە قسەکانی دەمشکێنێتەوە.

شنە بەبێ ئومێدییەوە باس لەوە دەكات كە رێكخراوەكانی ژنان نەیانتوانیوە كێشەكەی بۆ چارەسەر بكەن و دەڵێت، هەمووجارێك بەهیواییەکی زۆرەوە دەچێتە لایان و بە بێ هیوایەکی گەورەشەوە دەگەڕێتەوە سەر هەمان بارودۆخی ژیانی پێشووی.

هەڵکشانی ئامارەکانی توندوتیژی دژ به‌ ژنان چەند رێوشوێنێكی جیاوازی بە رێكخراوەكان و ئەو بەڕێوەبەرتیانە گرتەبەر كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی گیانی ژنان لە توندوتیژی دایمەزراندوون. یەکێک لە دوایین كارەکانیش، تەرخانكردنی هێڵێكی تەلەفۆنی بێ بەرانبەرە بۆ ژنان  و تاکەکانی خێزان.
 
هێڵی گەرمی  ژمارە 119ی بێبەرانبەر کە بە هێڵی ژنان و ئەندامانی خێزان ناسراوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر سەرپەرشتی دەکرێت، ئەم هێڵە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە دەست بەکاربووە، هێشتا لەلای زۆربەی ژنان و ئەندامانی خێزان نامۆیەو پێیان نەزانیوە کە هێڵەکە چۆنەو دەبێت چ کاتێک و لەڕێگەی چ هێڵێکەوە پێوەندی پێوە بکەن. 


ڕێباز زیوه‌ر بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر سەبارەت بەو هێڵە گەرمە دەڵێ، كە ئەم هێڵە 24 سه‌عات كراوەیە و ژنان و هەر ئەندامێکی خێزان هەر كێشەیەكیان هەبێت و لە هەركاتێكدا بێت دەتوانن پێوەندی بکەن.

زیاتر گوتى، رۆژانە لە ڕێی پێوەندی چەندان ژن کێشەکەیان بەدواداچوونى بۆ ده‌كرێ و  ڕۆژ هەیە 25 کەس لە ئەندامانی خیزان و ژن پێوەندی بەم هێڵەوە دەكه‌ن، پێوه‌ندى به‌ هێڵەكەوه‌ بێ بەرانبەرە.

ئەو ژنانەیشی كە هەستدەكەن توندوتیژی دەروونییان بەرانبەر دەكرێ، دەتوانن پێوەندی بەو هێڵەوە بكەن و رێنوێنى دەروونی وەربگرن. ئه‌و به‌رپرسه‌ى توندوتیژى ژنان ده‌ڵێت، هەندێك لە ژنان پێوەندی دەكەن بەو هێڵەوە خزمەتگوزاری یاسایی و دەروونی یان كۆمەڵایەتییان دەوێت.

ماوەی بەردەست بوونی هێڵی گەرمی 119 زۆر نیە، بۆیە بەشێکی زۆری ژنان نازانن کە لەڕێگەری ئەم هێڵەوە بە ئاسانترین شێوە بەهانایانەوه‌ دەچن.

شنە ساڵح، یەکێکە لەو ئافرەتانەی کە چەند ڕۆژێکە بە هەبوونی ئەو هێڵەی زانیووە و پێوەندی پێوە کردوون، وەک خۆی باسی دەکات لەسەرەتای پێوەندی کردنەوە هاوکاری باشیان کردووە و لەبەر ئەوەی باری دەروونی زۆر خراپە، ئێسته‌ توێژەری دەروونی بەردەوام لەگەڵی لەسه‌ر هێڵه‌و ڕێنوێنى ده‌ده‌ن.

سەبارەت بە چارەسەری کێشەکەیشی لەگەڵ هاوسەرەکەی گوتی، من هاوسەرەکەمم خۆش دەوێت و دەمەوێت لەگەڵ منداڵەکەم و هاوسەرەکەم بژیم، لە نووسینگەکەیش بەپێی داواکاری من کار بۆ کەیسەکەم دەکرێت، بۆیە وا بڕیارە دوای باشبوونی بارودۆخی دەروونیم بەزووترین کات چارەسەری گونجاو بۆ کێشەی من و هاوسەرەکەم بکرێت.

هه‌ولێر/ ئیڤان عه‌بدولره‌حمان 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم