"تریفه سه‌ردار" /29 ساڵ/ له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له به‌رچاوی دوو منداڵه‌كه‌ی ده‌كوژرێت، كچه ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵه‌كه‌ی ده‌ڵێت، باوكی به فیشه‌كی ده‌مانچه كوشتوویه‌تی. بۆیه هاوسه‌ری ئه‌و ژنه هه‌مان ڕۆژی ڕووداوه‌كه ده‌گیرێ. له سه‌ره‌تادا به‌پێی ماده‌ی 406 له یاسای سزادانی عێراقی به تاوانی كوشتن گیرا، به‌ڵام دوای شه‌ش مانگ و له كۆتا دادگایدا، ماده‌كه‌ی ده‌گۆڕێت بۆ 411 و به پێنج ساڵ گرتن سزا درا.
رۆژی11/5/2018 له‌سه‌ر شه‌قامی 120 مه‌تریی هه‌ولێر ژنێك كوژرا، هه‌رچه‌نده هیچ كه‌سێك به تاوانی كوشتنی ئه‌م ژنه نه‌گیراوه، به‌ڵام به‌پێی "ڕاپۆرتی پزیشكی دادوه‌ری" ئه‌و ژنه كوژراوه و پێش گه‌یاندیشی بۆ نه‌خۆشخانه گیانی له ده‌ست داوه.
كچه ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵه‌كه كه شایه‌تحاڵی ڕووداوه‌كه‌یه و له كاتی مردنی دایكی‌دا له شوێنی ڕووداوه‌كه بووه، باسی ئه‌وه ده‌كات كه بینی و ده‌ڵێ، "باوكم ده‌مانچه‌كه‌ی له پشتی ده‌رهێنا و به دایكمی گوت ته‌قه بكه‌م، زۆر دووباره‌ی كرده‌وه، دایكم هه‌ر ده‌یگوت ناوێری، باوكیشم فیشه‌كێكی له دایكم دا و خوێن له مل و ده‌می هات و دایكم مرد". به‌ڵام له دادگا له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌و كچه هێشتا بچووكه، به شایه‌ت وه‌رناگیرێت.
محه‌مه‌د سه‌ردار برای تریفه، باس له ڕووداوی كوشتنی خوشكه‌كه‌ی بۆ "وشه" كرد و گوتی، "زاواكه‌مان خوشكه‌كه‌می كوشت، شایسته‌ی قورسترین سزایه، به‌ڵام نازانم بۆچی و چۆن به چ ڕێیه‌ك تاوانبار ماده‌كه‌ی له 406 گۆڕا بۆ 411، خوشكی من كوژرا و هیچ كه‌سیش به تاوانی كوشتنی سزا وه‌رناگرێت، له كاتێكدا هه‌موو به‌ڵگه‌كان سه‌لماندوویانه هۆی مردنه‌كه چییه و چۆن بووه."
ئه‌و باسی ورده‌كاریی ڕۆژی ڕووداوه‌كه ده‌كات و ده‌ڵێت، "سه‌عات سێی دوای نیوه‌ڕۆ ماڵه‌وه پێوه‌ندییان پێوه كردم بگه‌مه نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ڕۆژئاوا و خوشكه‌كه‌م كوژراوه، خێرا چوومه نه‌خۆشخانه و ئه‌و ژووره‌ی خوشكه‌كه‌می لێ‌بوو، به‌ڵام مردبوو، چونكه پێش ئه‌وه‌ی بگاته نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ست دابوو، بۆیه هیچ گوته‌یه (ئیفاده)یه‌كی نییه، هه‌ر ئه‌وكاته پزیشكه‌كه پێی گوتم خوشكه‌كه‌م كوژراوه، له‌و كاته‌دا هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌یویست ڕا بكات، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستبه‌جێ هاته گرتن".
"جاری یه‌كه‌می نه‌بوو كارێك بكات و ڕا بكات، به‌ڵام ئه‌مجاره نه‌یتوانی". مه‌به‌ستی محه‌مه‌د سه‌ردار له‌م قسانه ئه‌وه‌بوو كه پێشتر چه‌ند جارێك سه‌رداری زاوای له‌گه‌ڵ تریفه شه‌ڕی كردووه و زۆر به خراپی لێی داوه، دواتر له به‌رده‌م ماڵی باوكی فڕێی داوه و خۆشی هه‌ر هه‌مان ڕۆژ چووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسانه‌ی براكه‌ی تریفه، به‌ڵگه‌ی هه‌یه و ده‌ڵێت 10 مانگ بوو خوشكه‌كه‌می جێهێشتبوو، دوو هه‌فته پێش رووداوه‌كه به هه‌زار تكا تریفه‌ی برده‌وه.
نزیكه‌ی 11 مانگ پێش ڕووداوه‌كه تریفه و هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌بێت به كێشه‌یان و له یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك له تریفه ده‌دات كه هه‌موو سه‌روچاوی شین ده‌كاته‌وه. به‌گوێره‌ی قسه‌ی خێزانی ژنه‌كه، چه‌ند جێیه‌كی جه‌سته‌ی ده‌شكێنێت و له به‌رده‌م ماڵی باوكی دایده‌نێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌ن ڕه‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانییه، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه سه‌ردار گه‌شت ده‌كات و تا 10 مانگ ناگه‌ڕێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌پێی قسه‌ی برای تریفه، به هه‌زار تكا خوشكه‌كه‌ی ده‌باته‌وه و له نزیك ماڵی باوكی تریفه خانووی بۆ ده‌گرێت، به‌ڵام ته‌نیا دوو هه‌فته له‌و خانووه ده‌بن و تریفه ده‌كوژرێت و ماڵه‌كه‌ی و منداڵه‌كانیشی بۆ هه‌میشه جێ ده‌هێڵێت.
له‌باره‌ی كاردانه‌وه‌ی ماڵی باوكی سه‌ردار، خێزانی تریفه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌وان ئاگاداری هیچ شتێك نین كه كوڕه‌كه‌یان ئه‌نجامی داوه و ده‌ڵێن، ته‌نانه‌ت له كاتی لێدان و جێهێشتنی تریفه له‌لایه‌ن كوڕه‌كه‌یانه‌وه، دایك و باوكی زاواكه‌یان سه‌ردانیان كردوون و باوكی گوتوویه‌تی، "ئه‌گه‌ر من بم كچه‌كه‌می پێ ناده‌مه‌وه ئه‌و پیاوه شایه‌نی ئه‌و ژنه نییه دووباره له‌گه‌ڵی بیت".
ده‌ڵێن له ماوه‌ی ئه‌و 10 مانگه‌ی كه سه‌ردار به‌بێ خه‌به‌ر خێزانه‌كه‌ی جێهێشتووه، باوكی خانووه‌كه‌ی ماڵی سه‌رداری فرۆشتووه و كه‌لوپه‌له‌كانی له مه‌خزه‌نی ماڵی خۆی داناوه، بۆیه كه سه‌ردار ده‌گه‌ڕێته‌وه، خانوویه‌ك له‌لای ماڵی باوكی تریفه به كرێ ده‌گرێت.
تریفه خاوه‌نی دوو منداڵه، ئێسته منداڵه‌كان له ماڵی باوكی دایكیان ده‌ژین، به‌گوێره‌ی قسه‌ی خاڵیان بێت، ماڵی باوكیان ده‌یانه‌وێ منداڵه‌كان وه‌ربگرنه‌وه، به‌ڵام له‌ڕێی یاساوه داوایان نه‌كردووه و تا ئێسته ده‌یانه‌وێ له‌ڕێی سوڵحی عه‌شایرییه‌وه ڕێك بكه‌وین و منداڵه‌كان وه‌ربگرنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان ڕازی نین منداڵه‌كان بده‌ن به ماڵی باپیریان و ده‌ڵێن نه‌وه‌كانیان ناده‌ن به بكوژی كچه‌كه‌یان.
له دوای مردنی تریفه، بڕیار ده‌درێت ببرێ بۆ پزیشكی دادی، به‌پێی ڕاپۆرتی پزیشكی داد وه‌ك ماڵی باوكی تریفه ئاماژه‌ی پێ ده‌كه‌ن و كۆپییه‌كیان لایه، سه‌لمێنراوه كه تریفه كوژراوه و كه‌سێك فیشه‌كی له ملی داوه، براكه‌ی تریفه ده‌ڵێت "هه‌موو به‌ڵگه‌كان ده‌یسه‌لمێنن كه زاواكه‌یان بكوژی خوشكه‌كه‌یانه، به‌ڵام نازانن بۆچی ماده‌ی سزادانه‌كه‌ی له 406 گۆڕاوه بۆ 411 كه تایبه‌ته به كوشتنی به هه‌ڵه یاخۆ قه‌زاوقه‌ده‌ر یان كوشتن له بارودۆخی ناجێگیر".
ئه‌و ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر زاواكه‌یان بكوژ نه‌بێت، كێ خوشكه‌كه‌ی كوشتووه؟ له كاتێكدا جگه له زاواكه‌ی و دوو خوشكه‌زاكه‌ی، هیچ كه‌سی تر له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا نه‌بووه.
پارێزه‌ران باس له‌وه ده‌كه‌ن كه دادگای تاوان له سێ دادوه‌ر پێكهاتووه و له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ری له دادگای تاوانه‌كان، سێ دادوه‌ر كه لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن له دۆسیه‌كه‌دا، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌یان هه‌یه گۆڕانكاری له ماده یاساییه‌كه‌دا بكه‌ن، به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له به‌رده‌ستدایه و دواتر به‌پێی ماده‌كان تۆمه‌تباران سزا ده‌درێن، دوای تاوتوێی كه‌سه‌كه به‌وردی ئه‌و سێ دادوه‌ره مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه به‌پێی ئه‌و ماده‌یه‌ی كه دادوه‌ری لێكۆڵه‌ر ڕه‌وانه‌ی كردووه، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه بیگونجێنن له‌گه‌ڵ ماده‌یه‌كی تر و بڕیاری كۆتایی پێ بدرێت، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره كه‌یسێكدا به جۆرێك ده‌گۆڕێت.
هه‌رچه‌نده پۆلیسی هه‌ولێر له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی ڕابردوو ڕای گه‌یاندبوو كه هاوسه‌ری تریفه به‌پێی ماده‌ی 406 له یاسای سزادانی عێراقی هاتووه‌ته گرتن، به‌ڵام له كۆتا دانیشتنی دادگا له 18/12/2018 تاوانبار به‌پێی ماده‌ی 411 له یاسای سزادانی عێراقی سزا درا كه گرتنی بوو بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ، خێزانی تریفه به‌و بڕیاره‌ی دادگا ڕازی نین و داوا ده‌كه‌ن دووباره لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر كه‌یسی كوشتنی كچه‌كه‌یان بكرێت.
ئێسته نۆ مانگ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌دا تێپه‌ڕیوه، كه‌سوكاری هه‌ردوولا چاوه‌ڕوانی "دادگای ته‌میز" ده‌كه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كه و یه‌كلابوونه‌وه‌ی كه‌یسی مردنی "تریفه"
فاخیر ئیسماعیل پارێزه‌ری ماڵی باوكی تریفه له‌باره‌ی كه‌یسه‌كه و گۆڕانی ماده‌كه ده‌ڵێت، هه‌موو به‌ڵگه‌كان و ڕاپۆرته‌كانی پزیشكی دادی ده‌یسه‌لمێنن كه تریفه له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌ی كوژراوه، ده‌بوو به ماده‌ی 406 به سزای گرتنی تاهه‌تایی حوكم بدرێت، به‌ڵام له دواین دادگایدا بڕیار گۆڕا، چونكه به‌ڵگه‌كان ته‌واوكه‌ر نه‌بوون له نه‌بوونی هیچ شایه‌تێكدا.
هاوكات سامی ئیبراهیم ڕۆژبه‌یانی پارێزه‌ری (س . ح) كه ده‌كاته هاوسه‌ری تریفه، ده‌ڵێت "گۆڕانی ماده له 406 بۆ 411 شتێكی ئاساییه، چونكه له سه‌ره‌تای هه‌ر تاوانێكدا لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌و مادانه به وه‌همی داده‌نرێن، به‌ڵام له دوای یه‌كه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگای تاوانه‌كان، ماده‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت، هه‌ندێك جار بۆ قورس‌تر و هه‌ندێك جاریش بۆ سووكتر، ئه‌مه به‌پێی به‌ڵگه و لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌گۆڕێت" .
له‌باره‌ی به‌ڵگه و ڕاپۆرتی پزیشكی دادی ئه‌و پارێزه‌ره، گوتی، به‌پێی به‌ڵگه كۆكراوه‌كانی به‌رده‌ست تریفه خۆی كوشتووه و نه‌كوژراوه، هه‌روه‌ها دادوه‌ر بڕیاری له‌سه‌ر به‌ڵگه‌ی ڕاپۆرتی پزیشكی دادی داوه و ئه‌و به‌ڵگه‌یه نموونه‌یه‌كی له‌لای "وشه" هه‌یه، كه به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته نووسراوه كه فیشه‌ك له لای ڕاستی ملی "تریفه" دراوه و خۆی كوشتووه.
له‌باره‌ی حوكمی "س" ئه‌و پارێزه‌ره ده‌ڵێت، حوكمه‌كه‌ی زۆره و ئه‌و بێتاوانه، به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه ده‌مانچه‌ی پێ بووه، چاوه‌ڕێش ده‌كات له دادگای ته‌میزدا سزاكه‌ی كه‌م بكرێته‌وه.
ڕۆژبه‌یانی گوتی، هێشتا حوكمه‌كه له‌لایه‌ن دادگا پێداچوونه‌وه‌ی بۆ نه‌كراوه، هه‌ركات پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كرا بڕیاری كۆتایی ده‌بێت و ده‌سه‌لمێنرێت ئایه "س - ح" تاوانباره یان ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی به‌بێ تاوانی له گرتووخانه به‌سه‌ر بردووه.
ئه‌و له‌باره‌ی منداڵه‌كانیش ڕوونی كرده‌وه، "دوای ده‌رچوونی كۆتا بڕیاری دادگا، ئه‌گه‌ر (س – ح) بێ‌تاوان بێت، ئه‌وا مافی به‌خێوكردنی منداڵه‌كانی له‌لایه‌ن دادگاوه پێ ده‌درێت، ئه‌گه‌ریش تاوانبار بێت، ده‌درێن به ماڵی باوكی "تریفه".
وشه/به‌دواداچوونی ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان