سۆزان واز له پیاو و دوو منداڵه‌كه‌ى ده‌هێنێت و خۆشه‌ویسته‌كه‌یشى له ڕێى ئه‌وروپا ده‌یفرۆشێ

پیاوێكی خێزاندار له سلێمانی ماوه‌ی دوو ساڵه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژنێكی خێزاندار هه‌بووه، دوای ئه‌وه‌ی ژنه‌كه به‌زۆر ته‌ڵاق له باوكی منداڵه‌كانی وه‌رده‌گرێت، بڕیار ده‌دات له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بڕواته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش ده‌چنه توركیا و له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌وروپا، به‌ڵام له‌و ڕێیه‌دا خۆشه‌ویستییه‌كه ده‌گوڕێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندى و ئه‌و پیاوه هه‌وڵ ده‌دات كڕین و فرۆشتن به خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه بكات و بیدات به قاچاخچییه‌ك له به‌رانبه‌ر گه‌یاندنی ئه‌و به شوێنی مه‌به‌ست.
سۆزان ژنێكی ته‌مه‌ن 34 ساڵه و خاوه‌نی دوو منداڵه، دوای ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوڕێی هاوسه‌ره‌كه‌ی داده‌نێت، زۆر هه‌وڵ ده‌دات له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا ببێته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌تا مێرده‌كه‌ی ڕازی نابێت و ده‌ڵێت ناچارین پێكه‌وه بژین له‌به‌ر منداڵه‌كانیان، به‌ڵام دواتر جیا ده‌بنه‌وه به‌و مه‌رجه‌ی منداڵه‌كان له‌لای باوكیان بن. سۆزان باسی چیرۆكی هه‌ڵخه‌ڵه‌تانی ده‌كات و بۆ "وشه" قسه ده‌كات و په‌یام ده‌نێرێت بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه خێزاندارن و پێوه‌ندی سۆزداریشیان له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تر هه‌یه، ئه‌و ده‌ڵێت "له پشت هه‌موو ئه‌و پێوه‌ندییه نادروستانه‌وه شتێكی شاراوه‌ی بۆگه‌ن هه‌یه یان ته‌نیا بۆ سێكسه یان بۆ پاره كشاندنه‌وه یان بۆ ئه‌وه‌ی ئابڕووت نه‌بات ده‌بێت كچی تریان بۆ ڕازی بكه‌ی".
سۆزان زیاتر ده‌ڵێت "من ژیانم زۆر ئارام بوو تا ئه‌وكاته‌ی ڕێباز هاته ژیانمه‌وه هه‌موو شتێكی تێك دا، له‌به‌ر چاوی من خۆی كردبوو به فریشته، هه‌موو خاڵه لاوازه‌كانی ئازادی هاوسه‌رمى ده‌زانی، چونكه هاوڕێی بوو، بۆیه هه‌موو كاتێك ئه‌و شتانه‌ی ده‌كرد كه ئه‌و نه‌یده‌زانی یان نه‌یده‌كرد، وای لێ كردم شێت و شه‌یدای بووبووم وه‌ك تازه پێگه‌یشتوویه‌ك وابووم بیرم له‌وه نه‌كرده‌وه كه هه‌ردووكمان خاوه‌ن خێزان و منداڵین، وامده‌زانی به‌ڕاستی خۆشی ده‌وێم و هه‌موو شتێك ده‌كات له‌به‌ر من، نه‌مزانی ده‌یه‌وێت ماڵم وێران بكات هه‌رچیم هه‌یه له پاره و زێڕ لێم ببات".
دوای دوو ساڵ له پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی و جیابوونه‌وه‌ی سۆزان له هاوسه‌ره‌كه‌ی، بڕیار ده‌ده‌ن به‌یه‌كه‌وه ڕابكه‌ن و هه‌موو شتێك جێبهێڵن، سۆزان ئه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه كه ته‌نیا دایكی هه‌بووه له‌گه‌ڵ دوو خوشك هه‌ردووكیان هاوسه‌رگیریان كردووه، دوای جیابوونه‌وه‌ی ئه‌وان به پێوه‌ندییه‌كه‌یان زانیوه، دایكی به سۆزانی گوتووه ئه‌گه‌ر واز له‌و كوڕه نه‌هێنێت، بێبه‌ری ده‌كات له خۆی، به‌ڵام سۆزان قسه‌ی دایكی ده‌شكێنێت و له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌ڕوات.
سێ مانگ دوای جیابوونه‌وه‌ی له هاوسه‌ره‌كه‌ی، سۆزان له‌گه‌ڵ ڕێباز ده‌ڕوات، هه‌موو تێچووی گه‌شته‌كه له‌سه‌ر حیسابی سۆزان بووه و ده‌ڵێت، هه‌موو زێڕه‌كانم فرۆشت و ئه‌وه‌ی هه‌مبوو خستمه ده‌ستی خۆشه‌ویسته‌كه‌م وامزانی ده‌مپارێزێت و ژیانێكی نوێ وه‌ك فیلم ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌و به‌یه‌ك سه‌عات فرۆشتمی.
دوای هه‌فته‌یه‌ك مانه‌وه‌یان له توركیا، ئه‌و كاته‌ی چاوه‌ڕێی قاچاخچی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێ بكه‌ون، ڕێباز به سۆزان ده‌ڵێت، باشتره به‌جیا بڕۆین بۆ ئه‌وه‌ی تووشی هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌بین، سۆزان ده‌ڵێت من زۆر گریام و پاڕامه‌وه جێم نه‌هێڵێ من ناوێرم و ناتوانم به ته‌نیا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تر بڕۆم. ئه‌و ده‌ڵێت، ئه‌وكاته پێی گوتووه باش، به‌ڵام دواتر خۆی لێ ده‌دزێته‌وه.
سۆزان باسی ئه‌و كاته ده‌كات كه ڕێباز به‌جێی ده‌هێڵێت و ده‌ڵێت، له شوقه‌یه‌ك بووین له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سی تر كه زۆربه‌ی كورد بوون هه‌ر خێزانه و له ژوورێك، دواین جار به‌یانییه‌كی زووبوو گوتی، ده‌چم نان و پاكه‌ت ده‌كڕم، چۆن ڕۆیشت نه‌مبینییه‌وه.
زیاتر گوتی، دوای دوو ڕۆژ دیار نه‌مانی ڕێباز، پیاوێك به‌ناوی قاچاخچی ده‌چێته لای سۆزان له شوقه پێی ده‌ڵێت قاچاخچییه و ده‌یبات بۆ لای ڕێباز، به‌ڵام ئه‌و بڕوا ناكات، سۆزان ده‌ڵێت ئه‌و پیاوه قاچاخچی بووه ڕێباز له‌گه‌لی ڕێككه‌وتووه بێته لای من و له به‌رانبه‌ردا ئه‌و به‌ڕێ بكات، به‌ڵام خوا ڕه‌حمی پێ كردم ئه‌و كه‌سانه‌ی ناو شوقه‌كه به ده‌م هاواره‌كه‌ی منه‌وه هاتن، نه‌متوانی هیچ بڵێم و سكاڵایش بكه‌م، بڵێم چی؟ بڵێم پیاوه‌كه‌م ته‌ڵاق دا بۆ نامه‌ردێك، پیاوێكی تری هاوزمانم له وڵاتی بێگانه ده‌ستدرێژیم ده‌كاته سه‌ر، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانم شایه‌نی ئه‌وه بووم به‌سه‌رم ده‌هات.
دوای چوار ڕۆژ سۆزان له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكى تر به‌ڕێی قاچاخ ده‌ڕوات، ده‌ڵێت "خوا نازانم به‌و پاكییه‌ی خۆی چۆن ره‌حمی به پیسی من كرد و له‌و ئاوه ترسناكه ڕزگاری كردم، دوای مانگێك له گه‌شتنی سۆزان بۆ كه‌مپی ئه‌ڵمانیا، له ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌وه ده‌زانێت كه ڕێباز له ئیتاڵیایه".
ئێسته سۆزان به‌ته‌نیا له ئه‌ڵمانیا ده‌ژیت، ئه‌و نایشارێته‌وه كه خۆی هۆكاری تێكدانی لانه‌ی خۆی بووه و ددانی پێدا ده‌نێت كه كاڵفامی خۆی گه‌یاندوویه‌تی به‌و ڕۆژگاره‌ی به‌بێ منداڵ و دایك و خوشك و كه‌سوكار و لانه‌یه‌كی شیاو بژیت، ئه‌و ده‌ڵێت، باری ده‌روونی زۆر خراپه و به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات له دووری خێزان و منداڵه‌كانی، به‌ڵام ناشتوانێت بگه‌ڕێته‌وه، چونكه ده‌ڵێت شیاوی لێبوردن نییه و ناتوانێ له به‌رانبه‌ر كه‌س سه‌ر هه‌ڵببڕێت.
هه‌ولێر/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان
وشە -
سه‌رخێڵ هاشم