شیلان پیاوەكەی لەگەڵ ژنێكی تر دەگرێ‌.. چیرۆكی خۆی بۆ "وشە" باس دەكات

:: PM:03:34:14/02/2019 ‌
شیلان لەگەڵ كچە 17 ساڵەكەی و هاوسەرەكەی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیان، شیلان بە خۆشەویستی هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەرەكەی كردووە دوای 19 ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری، كامەرانی هاوسەری بۆ كارێكی بازرگانی دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، بەڵام ئەو گەڕانەوەیە ناپاكی هاوسەرگیری و هێنانی ژنی دووەمی لێ دەكەوێتەوە، ساڵێك بەسەر هاوسەرگیرییەكەدا تێدەپەڕێت شیلان لەڕێی هاوكارەكانی هاوسەرەكەیەوە دەزانێت كامەران ژنی دووەمی هێناوە.

كامەران بەهۆی پڕۆژەیەكی بازرگانییەوە دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، ئەو دەڵێ پێی گوتووە دوو ساڵ لە كوردستان دەمێنمەوە و بڕیك پارە باش كۆ دەكەمەوە و دەگەڕێمەوە لەگەڵ كچەكەمان هەموو دنیا دەگەڕێین و خۆش دەژین، بەڵام نەگەڕاوەتەوە و كاتێك سەردانیشی كردووە لە كوردستان زانیویەتی ژنی دووەمی هێناوە.

شیلان لە ڕێی "وشە"وە باسی ژیانی خۆی و كچەكەی دەكات دوای ئەوەی هاوسەرەكەی هاوسەرگیری كردووە و چۆن ئاشكرا بووە، دەڵێت دووجار سەردانی هاوسەرەكەم كرد لە كوردستان، لە ناو ماڵەكەیدا جلی ژێرەوەی ژنان و چەند شتی ترم بینی كە ئاماژە بوون بۆ ئەوەی ژنێك دێتە لای، بەڵام ئەو نكۆڵی دەكرد و دەیگوت ئەو شتانە هی خێزانی هاوڕێكەیەتی كە لەكار بەیەكەوەن و سەردانی ئەو دەكەن، چونكە كامەران لە دەرەوەی سلێمانی باخی هەبوو لەوێ دەژیا، شیلان بڕوا بەقسەكانی كامەران دەكات، بەڵام گومانەكەی ناڕەوێتەوە تا ئەوكاتەی بەچاوی خۆی هەموو شتێك دەبینێت و دەگات بە ڕاستی.

زیاتر دەڵێت، سەرەتا كە هاتەوە بۆ كوردستان دوو مانگ جارێك دەگەڕایەوە و دوو هەفتە دەمایەوە، لەو ماوەیەی دەمایەوە بۆ یەك خولەك بەبێ من و كچەكەم نەدەبوو، چەند جار كە تەلەفۆنی دەكرد بۆمان دەگریا، بەڵام ئەمە هەر نزیكەی شەش مانگ وابوو، دوای ئەوە هەشت مانگی بەسەر چوو هەرجارە و بە بیانوویەك دەیگوت ناتوانێت بگەڕێتەوە، تەنانەت تەلەفۆنیشی بۆ نەدەكردین، وای لێیهات كە تەلەفۆنیشمان دەكرد هەرزوو دایدەخست و دەیگوت كارم هەیە.

شیلان نایشارێتەوە كە هەرزوو هاوڕێكانی كامەرانی ئاگادار كردووەتەوە كە چاودێری هاوسەرەكەی بكەن بزانن چی هەیە، بەڵام سەرەتا هاوڕێكانی لێی دەشارنەوە، ئەو دەڵێت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گومانەكانی زیاتر بووە، بۆیە بڕیار دەدات خۆی بگەڕێتەوە بۆ كوردستان و بەچاوی خۆی هەموو شتێك ببینێت، لە جاری یەكەم و دووەمدا هیچ بەڵگەیەكی دەست ناكەوێت. وەك خۆی باسی دەكات هەموو شتێك گەواهی ئەوەبووە كە لەگەڵ كەسێك پێویەندی هەیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراوی نەبووە.

هەوڵەكانی شیلان بۆ زانینی نهێنییە شاراوەكەی هاوسەرەكەی بێ سوود دەبێت لە كوردستان، بۆیە بڕیار دەدات لە دوورەوە چاودێری هەموو شتێكی بكات و داواش لە هاوڕێیەكی دەكات یارمەتی بدات، ئەو هاوڕێیەی لەگەڵ هاوسەرەكەی كار دەكات، دوای ماوەیەكی زۆر لەڕێی فەیسبووكی هاوسەرەكەیەوە دەزانێت كە لەگەڵ كچێك قسە دەكات، سەرەتا نازانێت هاوسەرگیری لەگەڵ كردووە، تەنیا دەزانێت پێوەندییان هەیە، بەڵام هاوڕێكانی پێی دەڵێن كامەران لەگەل ئەو كچە دەژیت و دەڵێن چەندان جار بەیەكەوە بینیویانن.

دوای زانینی ئەو زنیارییانە، شیلان بڕیار دەدات بگەڕێتەوە كوردستان و بەچاوی خۆی هەموو شت ببینێت، بۆیە كەس لە گەڕانەوەی ئاگادار ناكاتەوە، ئەو باسی ئەو ئێوارەیە دەكات كە گەشتووەتەوە سلێمانی و دەڵێت، دوای سەعات شەشی ئێوارە بوو گەیشتمەوە سلێمانی، چوومە لای كۆمپانیای هاوسەرەكەم چاودێریم كرد، سەعاتێك زیاتر دوای هاتە دەرەوە، دوای كەوتم لەڕێ چوو بەدوای كچێكدا بەرەو باخەكە بەڕێ كەوتن، منیش بە تاكسی بەدوایانەوە بووم، كاتێك گەیشتنە باخەكە هەندێك خۆم دواخست لە چوونە ژوورەوە، ڕاستییەكەی ئەژنۆم وشك بووبوو، ئەو پیاوەی تەمەنێكم لە خۆشیم بەڕێ كردبوو لەگەڵی دەستی كچێكی گرتووە دەچنە ئەو باخەی بە پارەی من كڕاوە.

زیاتر گوتی، نازانم چەند لە دەرەوە ڕاوەستام  تا تۆزێك هاتمەوە سەرخۆم، بەڵام ئەو كاتەی چوومە ژوورەوە ئەوەی من بینیم و بیستم دوژمنم نەیبینێ و نەیبیستێ، بەگریانەوە گوتی كە چوومە ژوورەوە دەبینم لەناو باوەشی یەكتر دانیشتوون، هاوارم كرد "كامەران ئەوە چییە، ژنەكەی وەڵامی دایەوە و گوتی هاوار مەكە ئەوە مێردمە"، دنیا بەسەرمدا ڕووخا، ئەوكات ژنەكەی هەموو شتێكی پێ گوتم، ماوەی ساڵێك بوو هاوسەرگیری كردبوو لەگەڵی تەنیا ماڵی باوكی ئەو كچە دەیانزانی، ئەو ماوەیەش لە باخەكەی من ژیاون، تەنانەت پێش هاوسەرگیریش هەر بەیەكەوە ژیابوون.

شیلان لە كوردستان دەمێنێتەوە و سكاڵا لەسەر  هاوسەرەكەی  تۆمار دەكات كە بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی ئەو هاوسەرگیری كردووە. بەقسەی شیلان بێت كامەران بە پارە هەموو شتێكی چارەسەر كردووە، كێشەی كامەران و شیلان دوای زانینی هێنانی ژنی دووەم دەستی پێ كردووە، تا ئێستە لە دادگایە، ئەو دەیەوێت لێی جیا ببێتەوە و هەموو مافێكیشی لێ وەربگرێت، كامەرانیش نایەوێت لێی جیا بێتەوە و دەڵێت تۆ لە ئەڵمانیا ژنم بەو خۆشەویستەكەشم لە كوردستان ژنمە، بەڵام شیلان ئەوە قبووڵ ناكات و دەڵێَََت باشترین پارێزەری گرتووە بۆ ئەوەی ڕەشترین ڕۆژ پێشانی هاوسەرەكەی بدات و مافەكانی لێ وەربگرێتەوە.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولڕەحمان


وشە - سه‌رخێڵ هاشم