سلێمانی.. كەسێك بە تۆمەتی كوشتنی ژنەكەی گیرا

:: PM:05:07:20/02/2019 ‌
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی گرتنی كەسێكی ڕاگەیاند كە بە تۆمەتی كوشتنی ژنەكەی بڕیاری گرتنی هەبووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی شوبات، بەرێوەبەرایەتی راگەیاندن و پێوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیاری تۆمەتبارێكیان گرت كە ساڵی ڕابردوو هاوسەرەكەی خۆی كوشت.

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ڕۆژی 17/4/2018 هاووڵاتیی (ش، ر، أ) تەمەن 45 ساڵ ڕەگەز مێ‌ لەگەڕەكی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەفیشەك كوژرا، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان هێڵكاری شوێنی ڕووداوەكە كراو بەپێی زانیارییەكانی پۆلیس دەركەوت كە هاوسەرەكەی ئەم تاوانەی ئەنجام داوە .

پۆلیس دەڵێ‌، دوای رووداوەكە تۆمەتبار هەڵهات و خۆی شاردەوە دوای گەڕان و پشكنین و چاودێریكردنی چەند ناوچەیەك كە گومان دەكرا تۆمەتبار خۆی تیا حەشاردابێت، لە ئەنجامدا هێزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیاری توانییان ئەمڕۆ تۆمەتبار بگرن.

هاوكات روون كراوەتەوە كە ئێستە بەفەرمانی دادوەر تۆمەتبار (أ، ف، س) ی تەمەن 51 ساڵ ڕەگەز نێر، بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دانی ناوە بە تاوانەكەیەدا كە هاوسەرەكەی خۆیی كوشتووە .






وشە - سه‌رخێڵ هاشم