نێچیرڤان بارزانی: له ‌شێوازی خه‌بات و تێكۆشاندا پێویستیمان بە هێنانەکایەی ڕوانگه‌ی نوێیە

:: PM:06:05:25/05/2020 ‌

جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شۆڕشی گوڵانه‌وه‌ ڕای دەگەیەنێ، دەبێ ساڵیادی شۆڕشی گوڵان هانده‌رێكی به‌هێز بێت بۆ هه‌میشه‌ نوێبوونه‌وه ‌و هێنانه‌كایه‌ی ڕوانگه‌ی نوێ له ‌شێوازی خه‌بات و تێكۆشانی نیشتمانیانه‌ماندا.
پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌ بوو بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و به‌هێزبوونی له ‌ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌ ئیراده‌یه‌كی پۆڵایینه‌وه‌
ئەمڕۆ دووشەم، نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شۆڕشی گوڵانه‌وه‌ پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیدا نووسیویەتی، 44 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ شۆڕشی گوڵان به ‌سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵگیرسا كه‌ درێژكراوه‌ی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول بوو. به ‌وره‌یه‌كی به‌هێزی بڕوابه‌خۆبوون و بڕوایه‌كی پته‌وی نیشتمانپه‌وه‌رانه‌ و ڕوانگه‌یه‌كی نوێی شۆڕشگێڕانه‌وه‌، به‌رده‌وامیی به‌ تێكۆشانی گه‌له‌مان به‌خشی. یادكردنه‌وه‌ى شۆڕشی گوڵان ڕێزلێنانه‌ له‌ خه‌باتی گه‌ل و تێكۆشان و ماندووبونی پیشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانمان و ده‌ربڕینی ستایش و ئه‌مه‌كدارییه‌ بۆ خوێنی پاكى شه‌هیدان و خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان.

هەر لەو پەیامەدا هاتووە، یادى شۆڕشی گوڵان كه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ی هێزه‌ نیشتیمانییه‌كان‌ و ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووى كار و خه‌باتی پێكه‌وه‌ییی لایه‌نه ‌كوردستانییه‌كانه و به‌ره‌ى كوردستانى لێوه‌ دروست بوو، ‌ده‌بێت هانده‌رێكی به‌هێز بێت بۆ هه‌میشه‌ نوێبوونه‌وه ‌و هێنانه‌كایه‌ی ڕوانگه‌ی نوێ له ‌شێوازی خه‌بات و تێكۆشانی نیشتمانیانه‌ماندا. متمانه‌ی كوردستانیان به‌ په‌یام و ئامانجه‌كانی شۆڕش،‌ پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌ بوو بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و به‌هێزبوونی له ‌ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌ ئیراده‌یه‌كی پۆڵایینه‌وه‌.

"ئه‌مڕۆ كاتێك یادى شۆڕشى گوڵان ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌پێشترین ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌ كوردستانییه‌كان، كاركردنی به‌رده‌وامه‌ بۆ پته‌وكردنی یه‌كڕیزی و متمانه‌ و گیانی لێبورده‌یی و یه‌كترقبووڵكردن و بڕوابوون به ‌بنه‌مای كاری پێكه‌وه‌یی بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگ و قه‌یرانانه‌دا كه‌ ‌ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی خه‌بات و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌مان و مسۆگه‌ركردنی ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر." جێگری سەرۆکی پارتی وای نووسیوە.

نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، به‌رز و پیرۆز بێت (44)ـه‌مین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان. سڵاو له‌ خه‌بات و ماندووبووونی پیشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌ره‌ قاره‌مانه‌كانی شۆڕش و گیانی خۆڕاگریی گه‌له‌كه‌مان. دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی شۆڕشی گوڵان و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان.



وشە - كوردۆ شابان