بەرپرسی بازرگانی كردن بە مادەی هۆشبەر و سپی كردنەوەی پارەی پەكەكە لەلایەن توركیاوە كوژرا

:: PM:03:54:10/11/2023 ‌
سەرچاوە تەناهییەكانی توركیا رایان گەیاند كە دەزگای هەواڵگریی وڵاتەكەیان توانیویانە بەرپرسی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر و سپیكردنەوەی پارەی "پەكەكە" لە هەڵمەتێكدا بكوژن لەو كاتەیدا كە خەریكبووە مادەی هۆشبەر بۆ كوردستان بگوازێتەوە. 

ئەمڕۆ هەینی 10ی نۆڤێمبەری 2023، ئاژانسی هەواڵی "ئەنادۆڵ"ی توركی لە زاری سەرچاوەیەكی بەرپرسی هەواڵگریی توركیا رای گەیاند، هەواڵگریی توركیا توانیویەتی "یادین بۆلۆت"ی بەرپرسی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر و سپیكردنەوەی پارەی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لە كاتی هەوڵدانی بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بۆ كوردستان بكوژن. 

سەرچاوە هەواڵگرییەكە ئەوەیشی روون كردووەتەوە، "یادین بۆلۆت" بە ناوی خوازراوی "رزگار سوار" لە ساڵی 2015ەوە پێوەندیی بە ریزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە كردووە و لە چیاكانی قەندیل و خواكوڕك و ئەفشین لە هەرێمی كوردستان چالاكی نایاسایی و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و سپیكردنەوەی پارەی ئەنجام داوە. 

سەرچاوە هەواڵگرییەكە بە "ئەنادۆڵ"ی راگەیاندووە، "یادین بۆلۆت" لە كاتی هەوڵدانی بۆ ئاودیوكردنی مادەی هۆشبەر بۆ كوردستان كوژراوە. 

جێگەی باسە راپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە 1998 باسی تێوەگلانی پەكەكە لە بازرگانی مادەی هۆشبەر و گواستنەوەی بۆ ئەوروپا دەكات، جیا لە رۆڵی لە بڵاوكردنەوە و فرۆشتنی، میشێل براون، سەرۆكی یەكەی جێبەجێكردنی لە ئاژانسی نەهێشتنی مادەی هۆشبەری ئەمەریكی (DEA)، لە 2009 دەڵێت، پەكەكە رێكخراوێكی نایاساییە، ئەو لە كۆمەڵێك تاوانی نێودەوڵەتی تێوە گلاوە، لە سەروویانەوە بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر.

راپۆرتەكانی ئینتەرپوول لە 1992 تا 1994 باسی ئەوە دەكەن كە پەكەكە كۆنترۆلی 60 بۆ 70%ی بازاڕی مادەی هۆشبەری ئەوروپا دەكات، دوای ئەوە لە 2005 ئەو رێژەیە و بەپێی راپۆرتی تر بۆ 80% زیادی كرد، بەپێی راپۆرتێكی نووسینگەی پێوەندیار بە مادەی هۆشبەر و تاوان لە نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە 2012، پەكەكە چالاكییە چەكدارییەكانی لە رێگەی داهاتی بازرگانیكردن بە مادەی هیرۆویین دابین دەكات.


وشە - پۆڵا مەحموود