سیاسەتوانێكی دێرینی عێراقی ئاماژە دەكات كە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق لە یاسا دەرچوون و حكوومەتی عێراقیش دەسەڵاتی بەسەریاندا نیە، ئەوان بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەكەن و ئەجیندای وڵاتان جێبەجێ دەكەن، دووپاتی دەكاتەوە كە ئەگەر یاسای حەشدی شەعبی تێپەرێنرێت، ئەمەریكا سزای قورس بەسەر عێراق دەسەپێنێت و باجەكەشی هاوڵاتی دەیدات.
میسال ئالوسی سیاسەتوانی عێراقی بە"وشە"ی راگەیاند، كاتێك حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014ە دروست بوو، ئەزموونێكی خراپمان لەگەڵیان هەیە و لە دەرەوەی یاسان و كودەتایان ئەنجام داوە و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەكەن، خۆیان لە سەرووی یاسا و هێزەكانی عێراق دەبینن و حیساب بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ناكەن، بەشێكن لە ئیران وەك حیزبوڵای لبنانین و دەیانەوێ ناوچەكە بە سەربازی بكەن.
روونی كردەوە، ئەوە لەوكاتەی ئەمەریكا دەیەوێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر و دوور بێت لە شەڕ، بەڵام یاسای حەشدی شەعبی زەمانەتێك بە مانەوەی ئەو هێزانە دەدات لە عێراق، كە لە بنەڕەتدا سەر بە ئیرانن و دەیانەوێ ئیران لە عێراق رۆڵی زیاتر بێت و بودجەیان زیاتر لە سێ ملیار دۆلارە، كە زیاترە لە بودجەی هەرێمی كوردستان و كەس نازانێت چۆن خەرج دەكرێت .
ئالۆسی دووپاتی كردەوە، هاتنی لاریجانی بۆ عێراق و باسكردنی رێككەوتنی تەناهی لە نێوان عێراق و ئیران، بۆ ئەوەیە یاسای حەشدی شەعبی لە عێراق تێپەرێنرێت لە پەرلەمان، بۆیە سەرۆك وەزیرانی عێراق باس لەوە دەكات كە حكومەتی عێراق نایەوێ هێزی بیانی لە عێراق بێت و مەرجەعەكانی شیعەش ئەمانە رەت دەكەنەوە و فەرمان لە ئیران وەردەگرن، بۆیە گەر ئەو یاسایە پەسەند بكرێت، هاوڵاتی باجەكەی دەدات، چونكە لە لایەن ئەمەریكاوە سزا بەسەر عێراق دەسەپێنرێت و عێراق بەرگەی ئەو سزایانە ناگریت و كارەسات روو دەدات و دۆخی عێراق تێك دەچێت .
ئەو سیاسەتوانە ئاماژە دەكات، ئێستە حكوومەتی عێراق حكوومەتی میلیشیاكانە، بەڵام ئەوە دەرناخات، بەڵام ئەمەریكا ئاگەداری وردی هەموو شتێكە و عێراق ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە، ئەوكات مەترسیی هێرشكردنە سەر عێراق زیاتر دەبێت، ئەوەی گرووپە چەكدارەكان لە دژی هەرێمی كوردستان دەیكەن، كردەی تیرۆرستین و پێویستە حكوومەتی عێراق بیانوەستێنێت و نابێت بەردەوام بن، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە واز لە شەڕكردن بێنین و پەرە بە ئابووریی عێراق بدەین و سوپامان هەیە و پێشمەرگە و پۆلیس هەیە و پێویست بە گرووپی میلیشیایی ناكات كە تەنیا زیان بە عێراق دەگەیەنن.
وشە/ بڵند ئیبراهیم