بەیانی ئەمرۆ سکرتێری سازمانی خەباتی
کوردستان لە داواکارییەکدا هەواڵی گەمارۆدانی پێشمەرگەکانی لەلایەن هەردوو حزبی
دیموکرات راگەیاند و ئەندامێکی سەرکردایەتی حدکاش ئاشکرای دەکات، ئەو هەواڵە هیچ
بنەمایەکی نییە و پێدەچێت زانیاری هەڵە درابێتە سکرتێری ئەو حزبە.
ئەمڕۆ شەموو یەکی حوزەیران، بابەشێخ حوسێنی،
سکرتێری سازمانی خەباتی کوردستان لە داواکارییەکدا کە رووی لە سکرتێری هەردوو حزبی
دیموکرات کردبوو، ئاماژەی بۆ ئەوە دابوو، پێشمەرگەکانی حزبی
دیموکراتی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە چیای هەڵگورد، گەمارۆی
دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتیان داوە.
حوسێنی باسی لە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ کردبوو و راشی گەیاندبوو، هەر
رووداوێک بۆ پێشمەرگەکانیان بێتە پێشەوە، ئەوا سکرتێری حدک و حدکا بە بەرپرسیار
دەزانێت، بەڵام ئەندامێکی ناوەندی سیاسیی حدکا رووداوەکە روون دەکاتەوە و دەڵێ،
پێدەچێت سکرتێری خەبات زانیاری راستی پێ نەدرابێت و ئێستە پێشمەرگەکانی ئەو حزبە
لە تۆپزاوا بن.
رۆستەم جیهانگیری، ئەندامی ناوەندی سیاسیی و بەرپرسی دەزگای چاودێری حزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ "وشە" گەمارۆدانی پێشمەرگەی
سازمانی خەبات بە تەواوەتی رەت دەکاتەوە و رای دەگەیەنێت، ئەو هەواڵە هیچ
بنەمایەکی راستی تیدا نییە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، شەوی رابردو چەند چەکدارێک بەلای
بارەگاکانیاندا تێپەڕیون و پێشمەرگەکانی دیموکرات بۆ دڵنیابوون لە ناسنامەیان
داوایان لێ کردوون خۆیان بناسێنن کە ئەوەی کاری سەربازی کردبێت شارەزایە وەرگرتنی
ئەو زانیارییانە لە چەکدارێک کە دەچێتە سنووری بارەگایەکی سەربازی پێویستە.
جیهانگیری دووپات لەوەیش دەکاتەوە، دوای ئەوەی پێوەندی بە سەرکردایەتییەوە
کراوە و لەرێگەی پێوەندییەکانمانەوە دڵنیابووین لە ناسنامەی چەکدارەکان، وێڕای
میوانداریکردن لێیان رەوانەمان کردوون و پێدەچێت ئێستە پێشمەرگەکان لە بارەگای
سازمانی خەبات بن لە تۆپزاوا.
ئەندامەکەی ناوەندی سیاسیی حدکا ئاماژەی بۆ ئەوەیش دا، پێدەچێت بەهۆی
زانیاریی هەڵەوە سکرتێری خەبات ئەو نووسراوەیەی بڵاو کردبێتەوە و ئەوەی باس لە
گەمارۆدانی هێز دەکات هیچ بنەمایەکی راستی تێدا نییە.