میلاتۆنین یان هۆڕمۆنی نووستن ئەو هۆڕمۆنەیە لەلایەن رژێنی ژێرمێشكەوە (رژێنی سنۆبەری) دەردەدرێت و رۆڵێكی گرنگی هەیە لە رێكخستنی سووڕی نوستن لە مرۆڤدا، بۆیە هەندێك بە هۆڕمۆنی نوستن ناوی دەبەن، ئەگەرچی ئەو ناونانە زۆر ورد نییە، چونكە تەنیا بە نوستنەوە دەیبەستنەوە.
ئەو كاتەی كە میلاتۆنین شەوانە دەردەدرێت یارمەتی مێشك دەدات بەوەی كاتی خەوتن هاتووە، لەو كاتەی لەشی مرۆڤ لە كاتی بەرەبەیاندا دەردانی هۆڕمۆنەكە دەوەستێنێت بۆ یارمەتیدانی لەش بۆ بەخەبەر هاتنەوە.
بۆیە هۆڕمۆنی میلاتۆنینی سروشتی كە شەوانە لەشی مرۆڤ دەری دەدات، یارمەتی مێشك دەدات بۆ جیاكردنەوەی كاتەكانی شەو و رۆژ و رێكخستنی سووڕی نوستن و بەستنەوەی بە سیستەمی ئەو كاتەی كە تیایدا دەژین.
دەردانی بڕێكی زۆری میلاتۆنین دەبێتە هۆی خەوێكی قووڵ و دەردانی ئەو هۆڕمۆنەش پێوەستە بەكاتەوە بەو شێوەی خوارەوە:
*شەوان دەردانی زیاد دەكات و لە بەیانیان كەم دەكات.
*ئەگەر شەوانە بەر رووناكی بكەویت دەردانی ئەو هۆڕمۆنە دەوەستێت.
هەروەها ئەو هۆڕمۆنە بە ناوی "هۆڕمۆنی سعاتی لەش" دەناسرێت و ئەو كاتە دەردەدرێت كە مێشك تریپتۆفان بۆ سیرۆتۆنین و دواتر بۆ میلاتۆنین دەگۆڕێت و هۆكارە كۆمەڵایەتی و چالاكی جەستەیی كار دەكەنە سەر دەردانی میلاتۆنین كە بە هۆڕمۆنی خۆشی ناو دەبرێت.
پزیشكان ئاماژە بۆ ئەو رۆڵە دەكەن كە بەركەوتنی رووناكی لە شەواندا دەیگێرێت لە بوونە هۆكاری شێوانی خەوتن و خەوزڕان، وەك سەیركردنی تەلەڤزیۆن و مۆبایل و لابتۆب و كۆمپیۆتەر، بەشێوەیەك لەش وا دەزانێت كە هەر رۆژە و كاتی خەو نەهاتووە، بۆیە دەردانی ئەو هۆڕمۆنە كەم دەكاتەوە.
هەروەها چەند هۆكاری تر هەن بۆ شێوانی نوستن بۆیە بۆ خەوێكی خۆش و تەندروست ئەوانە بكە:
*نیو سعات بۆ سعاتێك پێش نوستن واز لە سەیركردنی شاشە رووناكەكان بێنە.
*بەگشتی خۆت لە رووناكی بپارێزە.
*دیاریكردنی وادەی نوستن.
*كەمكردنەوەی خواردنەوەی كافایین.
*خواردنی چەند جۆرە میوەیەك بەر لە نوستن كە دەردانی میلاتۆنین زیاتر دەكەن وەك ئەناناس و گیلاس و مۆز و پرتەقال و تەماتە.