یه‌كه‌م/ ناسنامه چییه و چۆن داده‌ڕێژرێت؟
سه‌ره‌تا گرنگه له چه‌مكی ناسنامه و چۆنیه‌تیی به‌رهه‌مهێنانی ناسنامه تێبگه‌ین. ناسنامه كه به‌زمانی ئینگلیزی پێی ده‌گوترێت Identity له مانا هه‌ره ساده‌كه‌یدا بریتییه له جیاوازبوون له‌ڕێی تایبه‌تمه‌ندی و خاڵه جیاكه‌ره‌وه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا. پرسی ناسنامه پرسێكی یه‌كجار زیندوو و گۆڕاوه و به‌رده‌وام له به‌رهه‌مهێنان و داڕشتنه‌وه‌دایه. دیاره ئێمه له‌م وتاره‌دا مه‌به‌ستمان له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیزمه كه به چ شێوازێك به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و ده‌بێت به دیوار و شوورای پاراستنی نه‌ته‌وه و رێگرتنی له توانه‌وه و لاوازكردنی.
ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی یان نیشتمانی به‌شێكی دانه‌بڕاو و هه‌میشه باسكراوی نێوان ده‌وڵه‌تان و هه‌رێمه‌كانه، به خاڵی بنه‌ڕه‌تی به‌شیكی زۆری ململانێكانی دنیا داده‌نرێت. كوردبوون و ناسنامه‌ی كوردی یان كوردستانی، له‌سه‌ر چه‌ندان ته‌وه‌ر و ره‌گه‌ز و بنه‌ما بنیات نراوه كه به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی خۆی له مێژووی هاوبه‌ش، خاكی هاوبه‌ش، زمانی هاوبه‌ش، یاده‌وه‌ری و پێكه‌وه‌بوون و رووداوی هاوبه‌شدا ده‌بینێته‌وه. ئه‌م ناسنامه‌یه به‌تێپه‌ڕبوونی كات و مێژوو و سه‌تان ساڵ، شێوه و باڵایی تایبه‌ت به خۆی وه‌رگرتووه و ره‌گوڕیشه‌ی خۆی داكوتاوه و بووه به خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌ی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه له چوارچێوه‌ی جیۆگرافیا و خاكێكی دیاریكراو كه كوردستانه.
دیاره كورد و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان، به‌هۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كوردییه‌وه به‌رده‌وام له جه‌نگ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه و وه‌ستانه‌وه‌دا بوونه له‌گه‌ڵ رژێمه سیاسییه‌كانی پێشووی عێراق و هێزه كۆنه‌خواز و دكتاتۆره‌كان. ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی دروشم و گوتاری سه‌ره‌كی پارێزگاریكردن و پاراستنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و خاكی كوردستان بووه له به‌رانبه‌ر هێزه داگیركه‌ره‌كانی كوردستاندا، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه رژێمی به‌عسی فاشی و حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته شۆڤێنییه‌كانی عێراق. ناسنامه له زۆربه‌ی دۆخه‌كاندا وه‌ك قووڵایی مانه‌وه و بوونی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بینرێت و راگری سه‌ره‌كی پایه‌كانی نه‌ته‌وه و بوونی نه‌ته‌وه‌ییه.
دووه‌م/ دوانه‌ی عێراقیبوون و كوردبوون
یه‌كێك له‌و پرس و ئارگیۆمێنتانه‌ی ئه‌مدواییه‌ی شه‌قامی كوردی، پرسی كوردبوون و عێراقیبوونه. پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه كام ناسنامه زیاتر له په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌دایه. كوردبوون یان عێراقیبوون؟ ئه‌م پرسیاره له كاتێكدایه سیاسه‌تی رۆژ ئێسته له نێوان كێشمه‌كێش و ململانێیه‌كی به‌رده‌وامی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی به‌غدادایه، له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس كه سه‌ره‌كیترینیان بریتین له پرسی خاك و بودجه و سامانه سروشتییه‌كان له‌ناویشیدا نه‌وت و گاز.
دیاره چه‌ند راپرسییه‌ك هه‌ن ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ناسنامه‌ی كوردبوون و عێراقیبوون له كێبه‌ركێدان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، ره‌نگه كۆمه‌ڵێك هۆكار و پاڵنه‌ری له دواوه بێت، به‌ڵام وێنه گه‌وره‌كه گوزارشت له‌وه ده‌كات كه هێشتا ناسنامه‌ی كوردبوون قبووڵكراو و رێزلێگیراوه، سه‌ره‌ڕای ره‌خنه و تێبینی و كه‌موكوڕییه‌كانی پرۆسه‌ی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستاندا. ناسنامه‌ی كوردی و كوردستانی له‌گه‌ڵ مۆدێلی حوكمڕانی و به‌ڕێوه‌بردن، دوو پرسی له یه‌كتر جیاوازن و نابێت تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر بكرێن، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له قۆناغی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و دیموكراسی و دامه‌زراوه‌كاندان. ڕاستییه‌كه‌ی ناسنامه‌ی كوردی بنه‌مایه‌كی جێگری هه‌یه و گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت و پێوه‌ندی به مانه‌وه و بوون و داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌ی كورد و كوردستانییه‌وه هه‌یه، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تا ئاستێكی زۆر پێوه‌ندی به یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌و بوونه نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی له‌سه‌ر راگیراوه، به‌رده‌وامیش له‌سه‌ر ئه‌و ره‌گه‌زه مانا و شكۆ به‌خۆی و داهاتووی ده‌به‌خشێت.
سێیه‌م/ خاك و ناسنامه
خاك یان نیشتمان ره‌گه‌زێكی پله یه‌كی پرسی ناسنامه و نه‌ته‌وه‌بوون پێكده‌هێنێت. هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا نه‌ته‌وه و ناسنامه دوانه‌یه‌كن یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن و به‌ها و وزه به‌یه‌كتر ده‌به‌خشن. خاك و نیشتمان به مانا سیاسییه‌كه‌ی، بریتییه له‌و جیۆگرافیا دیاریكراوه‌ی كه كۆمه‌ڵه كه‌سێكی له‌سه‌ر ده‌ژین و چه‌ندان به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندی كۆیان ده‌كاته‌وه، یه‌كێك له‌وانه به‌های پێكه‌وه‌بوون و به‌رگریی هاوبه‌شه له خاك. به‌رگری به‌و مانایه‌ی كاتێك خاك و نیشتمان رووبه‌ڕووی هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ناوخۆیی یان ده‌ره‌كی ده‌بنه‌وه، ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه و نیشتمان ئاماده‌ن بۆ به‌رگریكردن و پاراستن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمن. ئه‌م فاكته‌ره رۆڵی زۆری هه‌یه له پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی و بنیاتنانی نه‌ته‌وه و دروستكردنی هه‌ستی هاوبه‌ش بۆ نه‌ته‌وه.
پرسی به‌رگری و پاراستن ده‌رخه‌ر و ئاماژه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و خێرایه له پته‌وكردنی ناسنامه و گرێدانه‌وه‌ی به خاك و به‌و جیۆگرافیایه‌ی كه نه‌ته‌وه‌ی له‌سه‌ردا ده‌ژی. دیاره له عێراق تێگه‌یشتنی جیاواز هه‌یه بۆ پرسی پێوه‌ندی نێوان خاك و ناسنامه، به‌هۆی فره‌یی و بوونی ئیتنیك و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و گرووپی كۆمه‌ڵایه‌تیی جیاوازه‌وه. كورد وه‌ك گرووپێكی ئیتنیكی ره‌نگه ئاماده نه‌بێت بۆ به‌رگریكردن له عێراق، به‌ڵام بۆ هه‌رێمی كوردستان شتێكی تره و ئاماده‌ییه‌كی زۆر هه‌یه بۆ ئه‌م به‌رگری و پاراستنه‌ی خاكی كوردستان كه دواجار كرۆكی ناسنامه و پێوه‌ندییه‌كانی به خاك و جیۆگرافیای هه‌رێمی كوردستان روون ده‌كاته‌وه و شرۆڤه ده‌كات. له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌و پێوه‌ندییه له نێوان ناسنامه و خاكدا هه‌یه، له چه‌ندان ره‌هه‌نده‌وه پێوه‌سته به ئاستی هاوبه‌ندی و هاڕمۆنیای نێوان هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵات و شێوازی كاركردنیانه‌وه. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌میشه ده‌توانێ ئه‌و پێوه‌ندییه زیاتر كۆنكریت بكات و زیاتر بیچه‌سپێنێت و ده‌رفه‌تی بۆشایی تێدا نه‌هێڵێته‌وه، به‌تایبه‌ت له كاتی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی و قه‌یران و ململانێی نێوان لایه‌ن و ئیتنیكه‌كان.