ئەنفال و بەعس

AM:10:34:16/04/2023 ‌
یەكەم/ ئەنفال و بەعس
ئەنفال یەکێکە لە جینۆسایدە هەرە دیارەکانی سەدەی بیستەمی رابردوو. لە مێژووی مرۆڤایەتی و بە دیاریکراویش لە سەدەی بیستەمدا، چەندان جینۆساید كراون و روویان داوە و هەریەکەیان فۆڕم و شێوە و دیوێکی تایبەتی هەبووە. 
جینۆساید لە قۆناغی جەنگ و ململانێ و پێکدادانەکاندا ئاسانتر و خێراتر دەكرێ، بەوەیش هەموو تەکنیکێکی مۆدێرن و ئامرازی سەردەم بۆ جێبەجێكردنی تاوانەكە بەکار دەهێنرێت. 
ئەنفال وەک جینۆساید و بەعس وەک ئایدۆلۆجیا و حزب و دەوڵەت، دوو پرسی سەرەکی پڕۆسەی جینۆسایدی ئەنفالن. بەعس لە عێراق و لە دوای هەشتاکانی سەدەی بیستەوە دەگاتە لوتکەی دەسەڵات و هێز و هەموو کەرەستە مۆدێرنەکانی ناو دەوڵەت لە بیرۆکراسیەت، سوپا و سەرباز، تەکنەلۆجیای سەربازیی، پەروەردە و راگەیاندن و تەنانەت میرات و سیمبولی ئاینیش دەخاتە خزمەت خۆیەوە، بۆ لەناوبردن و تێکشکاندنی ئەوانیتر و ئەوانەی وەک بەعسیی بیر ناکەنەوە و سیاسەت ناکەن. 
کورد یەکێک دەبن لەو ئەکتەرانەی بەعس بە نەیار و دوژمنی سەرسەختی خۆی دایدەنێت و هەموو رێگە و شوێنیک دەگرێتە بەر بۆ سڕینەوە و لەناوبردن و کەمکردنەوەیان. ڕاستییەكەی کردە و تاوانەکە خۆی بۆ ئەوەبوو کورد وەک نەتەوە لە کوردبوون بخات و ناسنامەی کوردبوون و کوردایەتیی لێ بستێنێتەوە و کورد بکات بە گرووپێک لە دەرەوەی کوردبوون. 
بەعس بە كۆمەک و بەکارهێنانی میراتی ئاینی، بە خێرایی دەچێتە ناو پڕۆسەی لەناوبردنی کورد و هەزارانی لێ جینۆساید دەکات. ئەنفال لای بەعس هەوڵێکە بۆ زیندووهێشتنەوەی خۆی و هەژموونە سیاسی و دەوڵەتییەکەی، لەڕێگەی لەناوبردنی گرووپێکی تری بێدەسەڵاتەوە کە کوردن و هەڵگری ناسنامەی جیاوازن لە بەعس و خۆیان رادەستی ئایدۆلۆجیاكەی ناکەن و خۆیان نادەن بەدەستەوە. 

دووەم/ ئەنفال و دەوڵەت
دەوڵەتی عێراق هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە، هەوڵی جینۆساید و قڕکردنی کوردی داوە. بە تایبەت لە سەردەمی یاسین هاشمی لە ساڵی ١٩٣٨ و سیاسەتی تەعریب لە سەروبەندی دەسەڵاتی عەبدولسەلام عارف و ناسیۆنالیزمەکانی ١٩٦٣ و دواتریش لە سەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکر لە ١٩٧٥، تا دەگاتە قۆناغی ئەنفال و هەڵەبجە و چەندان هەوڵی تر. 
لێرەوە پرسی جینۆساید و قڕکردنی کورد دەبێت بە پرسێکی دەوڵەتی و عێراق وەک دەوڵەت لە هەموو سەردەم و دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و ئایدۆلۆجیایەکدا پلان دادەنێت و هەوڵ دەدات کورد وەک گرووپێکی ئیتنی و نەتەوەیی لەناو ببات و بیانسڕێتەوە. 
دیارە ئەم هەوڵە هەر بەتەنیا لەناو دەوڵەتی عێراق و لە خەیاڵدانی بەشێکی زۆری دەسەڵاتدارانی عەرەبی عێراقیدا ئامادە نەبووە، بەڵكوو لای دەستەبژێری سیاسیی تورک و فارس و عەرەبی سووریش ئامادە و هەمیشە بیرلێکراوە بووە و لەو وڵاتانەیش کورد جینۆساید کراون، بە تایبەت لە تورکیا و لەسەر دەستی کەمالیستەکان لە ساڵی ١٩٣٧دا. 
دەوڵەت لە عێراق وەک خاوەن هەژموون و هێز و زەبروزەنگ و توندوتیژی، بەردەوام بیری لە بەرزترین ئاستی توندوتیژی کردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کورد و سڕینەوەی ناسنامە و رابردوو و کولتوور و مێژوو و تەنانەت بوونە بایۆلۆجییەکەیشی. دەوڵەتی عێراق لەسەر دەستی بەعس لە ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوودا دەگات بە لوتکە لە لەناوبردنی کورددا لەڕێگەی زیندەبەچاڵکردن و ئەنفال و هەڵەبجەوە. 
دەوڵەت لە عێراق هەرگیز کەناڵی پاراستن و ئارامی نەبووە بۆ کورد، بە پێچەوانەوە سەرچاوەی سەرەکی هەڕەشە و نادڵنیایی و ئەنفال و جینۆساید بووە، بەشێوە و رێگەی جیاواز. 

سێیەم/ ئەنفال و هونەر
کۆمەڵگەی دوای جینۆساید پێکهێنەرێکی سەرەکی شێوازی گێڕانەوەی رووداوەکە و چۆنیەتی ناساندن و باسکردنیەتی بۆ دنیا و ئەوانیتر. یەکێک لەو رێگە کاریگەرانەی رووداو و بەسەرهات و تاوانەکەی پێ دەهاتە گێڕانەوە، بەکارهێنانی هونەر و ژانر و شێوازە جیاوازەکانی ئەدەب و هونەرن. هەر لە تابلۆی هونەری مانادار و بایەخدارەوە تا دەگاتە فیلمی سینەمایی و دراما و هونەری دیواربەندی و پەیکەر و مۆنۆمێنت و سرود و ژانرە جیاوازەکانی ئەدەب، وەک رۆمان و پەخشان و شیعر و چیڕۆک و... ئەمانە هەموویان پێکەوە رۆڵ دەبینن و کاریگەرییان هەیە لەسەر پێشاندانی شێوازی رووداوەکە و چۆنیەتی گێڕانەوەی وردەکارییەکان بۆ بینەر و وەرگر. 
گەیاندنی ئەم رووداو و تاوانە گەورەیەی سەدەی بیستەمی ناو مێژووی هاوچەرخی کورد، بە جڤاتی نێودەوڵەتی و نەتەوە و گەلانی دنیا، یەکێکە لە ستراتیجەکانی مانەوە و بوونی کورد لە دنیادا، بەهۆی ئەوەی ئەم پڕۆسەیە دەتوانێت دوو کارئاسانی و کۆڵەگە بۆ بوونی نەتەوەیی ئێمە بنیات بنێت: 
یەکەم، رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەنفال بەڕێگەی تر و لەلایەن بکەری تازە و خۆپاراستن لە مەترسی دووبارەبوونەوە، بەپێی ئەوەی کورد وەک نەتەوە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی سڕینەوەدایە و هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم رووداو و تاوانە. 
دووەم، راکێشانی پاڵپشتی و هاوسۆزی بۆ دۆزەكە و دروستکردنی یادەوەریی هاوبەش لە ڕێگەی جینۆسایدەکەوە. هەموو تاوانێکی جینۆساید لە دنیادا لە قۆناغی دوای رووداوەکە جۆرێک لە یادەوەری بۆ بنیات دەنرێت، بە مەبەستی گەیشتن بە جۆرێک لە یەکێتی نەتەوەیی و زیندووهێشتنەوەی نەتەوە و لەبیر نەکردن و لە یادنەکردنی. 
دیارە یادەوەری رۆحی پاراستنی رووداوە و ئامرازی سەرەکی خۆراکپێدانی نەتەوەیە بۆ بەردەوام بیرکردنەوە لە تاوانەکە و کاریگەری و رەهەندە جۆراوجۆرەکانی، بە تایبەت کاتێک پڕۆسەی قەرەبووکردنەوە و سزادانی تاوانباران دێتە پێشەوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.