یەکەم/ سیستم رادار و ئاسایش
سیستمی فیدڕاڵی بەوە ناسراوە کە چەند بوار و سیاسەتێکی هاوبەش و هەندێک بوار و سیاسەتی تریشی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆمن، ئاسایش و بەرگری بوارێکی هاوبەش و ناوەندین و دەسەڵاتی ناوەند نەخشەی بۆ دەکێشێت.
بەغدا لە 2019ـەوە بڕیاری کڕینی چەند سیستمێکی راداری بۆ پاراستنی سنوورەکان و بەهێزکردنی پێگەی ئاسایشی سنوورەکانی لە هێرش و هەڕەشە و مەترسی لەلایەن نەیارانییەوە، داوە.
عێراق تا ئێستە خاوەن هیچ سیستمێکی رادار و پاراستن نییە و بەمەیش بۆشایی ئاسایشیی هەیە و بەئاسانی سنوورەکانی دەبەزێنرێن و هەڕەشە بۆ سەر سیستمە ئاساییشەکەی دروست دەکرێت. دوو ساڵ لەمەوبەر وردەکاری و شێواز و چۆنیەتی و جۆری گرێبەستی کڕینی سیستمەکە تەواو بوو، دواتر هاتە کڕین و هێنرایەوە وڵات و ئێستە تەنیا دانان و جێگیرکردن و کارپێکردن و چالاککردنی ماوە.
وادیارە سێ رادار کڕدراوە و لەڕووی جیۆوگرافییەوە لە هەرسێ ناوچەی باشوور، ناوەڕاست و دانەیەکیش لە هەرێمی کوردستان جێگیر ەکرێت. ئەم جووڵە و سیاسەتە ئاسایشییە تازەیە، پێدەچێت چەند گۆڕان و سەرەتای تازەی لێ بکەوێتەوە لەوانە:
یەکەم: عێراق لەڕووی ئاسایش و سنوورەوە دەیەوێت خۆی تازە بکاتەوە و سنوورەکانی وەک یەک یەکەی ئاسایشی و سیاسیی بەیەکترەوە ببەستێتەوە لە زاخۆوە تا فاو.
دووەم: چیتر وابەئاسانی رێگە بە هێزەکانی تر و هێزە دەرەکی و هەرێمییەکان نەدات سنوورەکانی بەڕێگەی ئاسمانی و وشکانی بەکار بهێنن و ببەزێنن. پێدەچێت بەغدا ئەم سیاسەتە بەتەواوی ببەستێتەوە بە پرس و چەمکی سەروەری دەوڵەت و کار بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی ئەم سەروەرییەی بکات.
سێیەم: ئاسایشی کۆمەڵگەیی بناغەی ئاسایشی دەوڵەت و نیشتمانییە و عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدڕاڵ خۆی بە داڕێژەری پرسی ئاسایش و پاراستن و سنوورەکان دادەنێت و دەزانێت.
دووەم/ مادەی هۆشبەر و سیستمی ئاسایش
یەکێک لەو بۆشاییە تەناهی و ئاسایشییانەی لە سیستمی ئاسایش و بەرگری عێراقدا هەمیشە ئامادە و بەرچاوە و نەتوانراوە رێگری لێ بکرێت، پرسی مادەی هۆشبەر و هاتنەژوورەوەیەتی بەئاسانی و بەخێرایی.
لە سنوورەکانی باشووری عێراق و چەند دەروازەیەکی تر مادەی هۆشبەر بە رێژە و قەبارەی زۆر و بەئاسانی دێتە ژوورەوە، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا تەکنەلۆجیای سەردەم لەشێوەی درۆن بەکار دەهێنرێت بۆ ئەم جۆرە بازرگانییە و بەمەش هێندەی تر سیستمی ئاسایشی عێراقی لاوازتر دەردەکەوێت.
ئەم دیاردەیە بەگشتی دەکرێت دوو کاردانەوەی زۆر خراپ و لێکەوتەی نەرێنی هەبێت لەسەر کۆمەڵگە، بەمشێوەیەی خوارەوە:
یەکەم: ئاسایشی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە. ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەمانای ئەوەی تاک و خێزان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاسانی درزی تێدەکەوێت و لاواز و بێ کاریگەریی و بێ توانا دەبن، بەتایبەت پرسی هەڵوەشاندنەوەی خێزان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە کە لە عێراقدا رۆژ دوای رۆژ لە زیادبوون و گەشەکردندایە.
لەلایەکی ترەوە، گەنجانی وڵاتەکە بەتایبەت رەگەزی نێر، بەردەوام رووبەڕووی لادانی کۆمەڵایەتی و هەڵە و ئاڵوودەبوون دەبنەوە، بەمەیش بۆشاییەکی گەورە لە پرسی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئەندازە و هاوکێشەی کۆمەڵایەتیدا دروست دەبێت و دواتریش کۆی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی لاواز دەکات و دەیپوکێنێتەوە.
دیارە تا ئێستە هەوڵەکانی دەوڵەتی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەترسییە ئاسایشییە لاوازە و نەتوانراوە بەری پێ بگیرێت و بنبڕ بکرێت.
سێیەم/ گرووپی چەکدار و سوپا
یەکێکی تر لە کێشە و قەیرانە بنیاتییەکانی سیستمی سیاسی و ژێرخانی ئاسایش و بەرگری لە عێراقدا کێشەی پەرتبوون و دابەشبوونی هێز و سوپا و دامەزراوە سەربازییەکانە.
دیارە ئەم پەرتبوونە لەشێوەی گرووپی چەکداری نارێکخراو و نادەوڵەتی و میلیشایی دەردەکەون، بەڵام خاوەن دەسەڵات و هەژموون و بڕیار و کۆمەكی هەرێمین و کاریگەری زۆریان بەسەر پڕۆسەی سیاسی و دروستکردنی بڕیار و دامەزراوە سیاسی و یاساییەکانی عێراقەوە هەیە و بەئاسانی دەتوانن یاریی بە پڕۆسەی سیاسی بکەن و جەماوەر جۆش بدەن و بیاهێننە سەر شەقام، سەرەڕای ئەوەی گەنجێکی زۆریان کردووە بە چەکدار، بەهۆی ئەوەی ئەم گرووپانە خاوەن داهات و ئابووری و سەرچاوەی پارەن.
دیارە ئەم حاڵەتە لە دەوڵەتی مۆدێرن و بە دامەزراویکراو و نیشتمانیدا جێی نابێتەوە، چونکە لە دەوڵەتی بەهێز و مۆدێرندا دەبێت چەک و هێز و سوپا و سەرباز، تەنیا لەدەست دەوڵەتدا بن و تەنیا دەوڵەت خاوەنی گلدانەوە و قۆرخکردنی سەرچاوەکانی هێز و ئابوورییە و نابێت هیچ گرووپێکی دەرەوەی دەوڵەت هێز و چەک و هەژموونی سەربازی هەبێت و بڕیار لە پڕۆسەی سیاسی بدات.
هێزیش لای دەوڵەت دەبێت نیشتمانی بێت و لە خزمەت پاراستنی هاووڵاتیان و نیشتماندا بێت بەبێ جیاوازی، چونکە دەوڵەت لە بنەڕەتدا ئەرکی پاراستنی خاک و سنوورەکان و هاووڵاتی و ئاسایشی کۆمەڵگەیە لەهەر هەڕەشە و مەترسییەکی دەرەکی و هێرشێکی دەرەکی و ئەگەرێکی نەخوازراو.
ئەوەی لە عێراق روو دەدات، لە دەرەوەی هەموو ئەو پێودانگ و پێوەر و رێسایانەی ناو دەوڵەتی مۆدێرنە، ئەمەیش بووە بە گرفتێکی گەورە بۆ سەر سیستمی ئاسایشی وڵات و دروستکردنی بۆشایی گەورەی ئاسایشی کە هەڕەشەکان بە ئاسانی لێیەوە دێنە ژوورەوە و دەبن بە کێشە بۆ کۆمەڵگە و تاک و خێزان. بەتایبەتیش گرووپە چەکدارەکان و کاریگەرییان بەسەر سیستمی سیاسییەوە.