سودانی و بەربەستەکان

AM:10:32:07/05/2023 ‌

یەكەم/ بەربەستە ناوخۆییەکان

لە دوای تێپەڕینی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی، کۆمەڵێک بەربەست و تەنگەژە و ململانێ دێنە پێشەوە و هەریەک لەو بەربەستانەیش رەنگدانەوەی چەندان قەیرانی کەڵەکەبوو و رابردووی ناو حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و ململانێ ناوخۆییەکان و دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتین. 
دەکرێت لە رەهەندی ناوخۆ و بەربەستە ناوخۆییەکانەوە دەست پێ بکەین و وێنای دۆخ و دیمەنە گشتییەکە بكێشین و رەگوڕیشەکانی قەیرانەکان باشتر دیاریبکەین. قوڵترین و کۆنترن قەیرانی نێو کۆمەڵگە و سیستمی سیاسی عیراقی، قەیرانی دابەشبوون و جەمسەربوونی هێزەکانە، دابەشبوونی هێزە لەسەر بنەمای نەتەوە، ئاین، مەزەو و زۆر رەگەزی تر. 
ئەگەرچی فرەیی و پلوڕاڵیزم و هەمەچەشنی کۆمەڵگە یەکێکە لە دەرفەتەکان بۆ بەهێزبوونی کۆمەڵگە و سیاسەت و حکومڕانی، بەڵام لە وڵات و ژینگەیەک کە دیموکراسی بەتەواوی گەشەی کردبێت، هاووڵاتی بنیات نرابێت، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و دەستوور هەموو پێکهاتە و هێزەکانی رێکخستبێت و هەموو کۆمەڵگە پابەند بن بەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە و بەردەوام بەرگری لێ کەن، سەروەری یاسا و کولتووری دیمۆکراسی و دامەزراوەکان لە لوتکە و ئەوپەڕی پێگەیشتوویی و گەشەی خۆیاندابن، پابەندبوون بە هەموو ئەو بنەما ژێرخانی و سیاسییانەی ئاماژەیان پێکرا لە بەردەم کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی بوونە بە بەربەستی گەورە و دەرفەت و مەودای ئەوە نادەن، مۆدێلێکی حکومڕانی بێتە پێشەوە پابەند و پێوەست بێت بە بنەماکانی حکومڕانی باشەوە. 
هەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاکوبێگەرد تا دەگاتە شەفافیەت، رێزگرتن لە مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ئازادی دەربڕین، لێپرسینەوە، بەرپرسیارێتی، سەروەری یاسا و رەگەزەکانی تری ناو دنیای حکومڕانی باش، ئەم بەربەستە گەورانە پێدەچێت لە داهاتوویشدا هەر بەردەوام بن و خۆیان تازە بکەنەوە، چونکە پێشێلکردن و جێبەجێنەکردنیان، بەشێکی فاکتەرە هەرێمییەکان رۆڵی تێدا دەبینن و پاڵنەری دۆخەکەن. 

دووەم/ بەربەستە هەرێمییەکان 
عێراق لەوەتەی بووەتە گۆڕەپان و مەیدانی ململانێی نێوان هێزەكانی هەرێمی و وڵاتانی دەورووبەر، ناتوانیت سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی خۆی بكێشێت و پایە و رەگەزەکانی بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بە دروومانێکی عێراقییانە بدوورێتەوە. 
بەشێوەیەکی گشتی، داڕشتنی سیاسەت و پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار لە عێراقدا لەژێر کاریگەری هێزە هەرێمی و دراوسێکاندایە و بەها و رێسای ناو سیستمە هەرێمییەکە خۆیان بەسەر سیاسەت و حکومڕانی و یاساداناندا زاڵ کردووە و رۆحی سیاسییانەی عێراقیان بەتەواوی لەکار خستووە و هیچ مانایەکیان بۆ دەوڵەتی عێراق نەهێشتووەتەوە. 
ئەم دۆخە لە رووکەشدا سانا و ئاسان دێتە بەرچاو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەڵگری چەندان قەیران و کێشە و گرفتی گەورەیە و دواتریش بووە بە بەربەستێکی سەرەکی لە بەردەم پڕۆسەی حکوومەت و حوکمڕانی لە عێراقدا. بە تایبەت لەو کابینەیەی سودانی کە لە دوای کێشمەکێش و ئالنگاری و ململانێیەکی زۆر دروست بوو و هاتە کایەوە. 
بەشێوەیەکی بنەڕەتی پرسی دەستوەردانی دەرەکی بووە بە دیوار و بەربەستێکی یەکجار گەورە لە بەردەم حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دوای رووخانی بەعسەوە. پێکهێنان و بەهێزبوون و لاوازیی و نەمانی حکوومەتەکان پێوەستە بە ستراتیجی هێزە هەرێمییەکان و لە دەرەنجامیش هیچ مانەیەک بۆ چەمکی سەروەری و شەرعیەتی سیستم و حکومڕانی نەماوەتەوە و رۆژ دوای رۆژیش ئەم بازنەی دەستێوەردانە فراوانتر و گەورەتر دەبێت. 
لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا ناڕەزایی عێراقییەکان بۆ ئەمجۆرە دەستوەردانە زیاتر دەبن، بە تایبەت ئەو نەوە تازەیەی لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لە دایک بوون و نیشتمان و عێراقیبوونیان لا گرنگە و دەیانەوێت سیاسەت لە عێراق بۆ عێراقییەکان بێت و خۆیان بڕیاری خۆیان بدەن و خۆیان بەڕێوە ببەن، نەک هێزی دەرەکی. 

سێیەم/ بەربەستە نێودەوڵەتییەکان 
هێزەكانی نێودەوڵەتی یان زلهێزەکان هاوشێوەی هێزەكانی هەرێمی، بەشێکی ململانێ و رکەبەرایەتییەکانیان لە مەیدان و خاک و جیۆگرافیای عێراقە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەلایەک و هەندێکجاریش رووسیای فیدڕاڵ و کۆماری میلی چین لەلایەکی ترەوە، ئەگەرچی ئەمشێوە ململانێیەی نێوان ئەو هێزە نێودەوڵەتییانە شێواز و رێژە و ئەندازەکەی جیاوازە و بە ئاستێکی قووڵ و رووبەڕوو و راستەوخۆ نییە و زیاتر لە شێوەی هێزی نەرم و ململانێی ئابووری لە ڕێگەی کۆمپانیا و ململانێ لەسەر هەژموون و بازاڕ و باڵایی لە جیۆپۆڵەتیکە، بەڵام دواجار کاریگەری لەسەر سیاسەت و سیستمی سیاسی لە عێراقدا دەبێت. 
چینییەکان چاویان لە عێراقە بەهۆی چەندان فاکتەرەوە، لەوانە: 
یەکەم، عێراق بۆ چین پێگەیەکی ستراتیحی هەیە و پڕۆژەی یەک پشتێن-یەک رێگە کە بە پڕۆژەی ئاوریشم ناسراوە، دەتوانێت بە دڵ و ناو جەرگەی عێراقدا تێپەڕێت و ژێرخانی عێراق بۆ خۆی گل بداتەوە و لە بەرانبەریشدا سامانی سروشتی و نەوت و گازی عێراق بۆ خۆی هاوردە بکات و بیکات بە پانتاییەکی چینی. 
دووەم، عێراق ببەستێتەوە بە بلۆکی رووسیا-چین-ئێران و دایببڕێت لە سیاسیەت و هەژموونی ئەمەریکی، ئەمەیش جێی قبوڵ نییە بەلای ئەمەریکییەکانەوە، بەمە ئاستی ململانێکان بەرزتر دەبنەوە، بەتایبەت بەشێوەی نەرم و لەڕێی گوشاری دارایی و دراو و بازاڕەوە. 
دواتریش ئەم دۆخە بە ئاسانی دەبێت بە بەربەست لە بەردەم کابینەکەی سوودانی و هەر حکوومەتێکی تر کە لە داهاتوودا دروست بێت و بیەوێت کۆمەڵگەی عێراقی رێک بخات و بەڕێوە ببات. بۆیە بەربەستەکانی بەردەم ئەم کابینەیەی سوودانی ئاسان نین و دیواری گەورەن لە بەردەم حکوومەت و حکومڕانی.