من له شارێك كه ناوی سلێمانییه، له ماڵی نه‌نكمدا له دایك بووم، نه‌نكم ژنێكی ئیمانداری عیرفانی بوو، رۆژانی پێنجشه‌م مامۆستایه‌كی ئاینی ده‌هاته ماڵه‌كه‌ی و قورئانی بۆ ده‌خوێند. زیاد له 20 نه‌وه و 10 منداڵ، زۆربه‌یان هونه‌رمه‌ند و كه‌سی ناوداریان لێ ده‌رچوو، كچی خێزانه‌كه‌مان وه‌ك هه‌موو كچان و ژنانی شار، ته‌نووره و پانتۆڵ له‌به‌ر بوون كه پێیان ده‌گوترا (سفور). هه‌ر یه‌كێكیشمان له‌و ئه‌ندامی خێزانه بیروباوه‌ڕێكی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌بوو.
منداڵیم له شارۆكه‌ی دیانا بوو كه گوندێكی كریستیاننشین، دایكم ده‌یگێڕێته‌وه كه ناساغ بووین، قه‌شه‌ی كه‌نیسه‌كه هاتووه و دوعای له‌سه‌رمان خوێندووه.
له ته‌یراوا، له پیرمام، له ره‌واندز، چۆن مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و كوردپه‌روه‌ر سه‌ردانیان كردووین، هه‌روه‌ها پیاوی ئاینی مسوڵمانیش هاتوونه‌ته لامان، هێشتا قورئانه‌كه‌ی موختاری ره‌واندز له سه‌ره‌تای ساڵی حه‌فتاكاندا به‌دیاری دایه باوكم، هه‌ر ماومانه. به مه‌رجێك باوكم هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕێكی تر بوو.
كاتێك چوومه زانكۆ، له به‌شه ناوخۆیی و له‌ناو كۆلیجیشدا، شیعه و سوننه و كریستیان و بیروباوه‌ڕه جوداكانیش له ئێواره‌ی ره‌مه‌زاندا، هه‌موو پێكه‌وه به‌ربانگمان ده‌كرد. وامانده‌زانی مانگی ره‌مه‌زان و به‌ربانگكردن موڵكی هه‌موو دانیشتووی وڵاته.
جه‌ژنی له‌دایكبوونی مه‌سیح و چوارشه‌مه‌سووریش هه‌ر وابوو، گرنگ جه‌ژن و خۆشی پێكه‌وه‌یی بوو.
له شارێكدا گه‌وره بووم و ته‌مه‌نی لاویم به‌سه‌ر برد، گه‌نجه‌كانی شۆڕشگێڕ و كوردی پاك بوون، له خوا ترس بوون. بانگیشی تێدا ده‌درا، فه‌توای رۆژانی هه‌ینیشی تێدا بوو، له‌چكیشمان به‌سه‌ره‌وه نه‌بوو، جلی خه‌لیجی عه‌ره‌بیشمان له‌به‌ر نه‌ده‌كرد. به‌ناوی شه‌ره‌ف و مولیحیدیشه‌وه خوێن نەڕژاوه. بگرە نیوه‌ی منداڵی شار فێری موزیك و وێنه‌كێشان و شیعرنووسین و گوێ له گۆرانی بیانی و فارسی و عه‌ره‌بی بوون.
مسوڵمانبوون ساده و پاكژ بوو، ئاشتیخواز و بڕوای تاكه‌كه‌سی خۆی بوو. نه فه‌لاقه و نه ترس و تۆقین و نه خوێنڕشتنی تێدا بوو. مامۆستای مزگه‌وته‌كان بۆ ئاشته‌وایی نێوان عه‌شیره‌ت و خێزان ده‌بران، تا خوێن نه‌ڕژێ و شه‌ڕ و ئاژاوه بوه‌ستێ.
من له وڵاتێك گه‌وره بووم، دوژمن ئه‌و كه‌سه بوو جاهیل و نه‌خوێنده‌وار بێ، كوردپه‌روه‌ر بێ و نیشتمانفرۆش نەبێت. كوا ئەو نیشتمانەی من تێیدا گەورە بووم؟