له سه‌ره‌تای ساڵی 2003وه که به‌عس ڕووخا و په‌یکه‌ره‌کانی سه‌دام حسێن لەناو شاری به‌غدا و شاره‌کانی تری عێراق هێنرانه خواره‌وه، به‌شێکی زۆر له ڕای گشتیی وایزانی سه‌دام و شۆڤێنیزم پێکه‌وه له گۆڕ نراون و خه‌ڵکی عێراق به‌ره‌و به‌خته‌وه‌ری هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام پاش به‌شداریی چالاکانه و سه‌رپشکانه‌ی کورد له بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقێکی هه‌لاهه‌لا و داڕماو و ڕێکخستنه‌وه‌ی ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه عێراقیانه‌ی له‌سه‌ر خوانی هه‌ولێر په‌روار کرابوون، ورده ورده ده‌رکه‌وت ته‌نیا په‌یکه‌ره‌کانی سه‌دام هاتوونه‌ته خوار و به‌عس داڕماوه، به‌ڵام هه‌م سه‌دامیزم و هه‌م به‌عسیزم به ده‌مامک و فۆرمی ترەوە ماون و ده‌رکه‌وتنه‌وه.
ده‌رکه‌وت مۆته‌که و شه‌وه‌ی به‌عس و سه‌دام هێشتا به‌سه‌ر عێراقی عه‌ره‌بییه‌وه‌یه و له کۆنه‌ستی ڕای گشتیی ئه‌و وڵاتەدا ڕه‌تکردنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی سه‌دامیانه، ڕه‌گئاژۆ بووه، وه‌ک بڵێی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌وترکوژه ته‌نیا پێوه‌ست نه‌بێت به به‌عسیزم و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیی سه‌ده‌ی بیسته‌م و بگه‌ڕێته‌وه بۆ پێکهاته‌یه‌کی کو‌لتووریی کۆن که له کولتووری خێڵه به‌ده‌وی و بیابانییه‌کانه‌وه هاتووه و هێشتا به‌هۆی نه‌گۆڕی و نه‌بوونی میکانیزمه دینامیک و بزۆزه‌کانی گۆڕان له کۆمه‌ڵگەی عه‌ره‌بیدا، وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه و ته‌نیا جلوبه‌رگ و میتۆده‌که‌ی گۆڕاوه.
له پاش 2003وه ئێمه ده‌توانین به ئاسانی کۆمه‌ڵێک پیلان و په‌رچه‌کردار ڕیز بکه‌ین که له به‌غداوه دژی کورد و هه‌رێمی کوردستان هاتوونه‌ته ئاراوه، بۆ نموونه بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن نووری مالیکییه‌وه لە شوباتی 2014، ڕچه‌ی ئه‌و ڕێیه‌ی شکاند که شۆڤێنیزم دووباره قاچی هه‌ڵبکات و پێیدا بێته‌وه.
دوای ئه‌وه پیلانه‌کانیان دژی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و گه‌مارۆخستنه سه‌ر هه‌رێم له سه‌رده‌می حه‌یده‌ر عه‌بادیدا، تێگه‌یشتین مه‌سه‌له‌ی دژایه‌تیی ڕیفراندۆم ته‌نیا وه‌ستانه‌وه له هه‌مبه‌ر خواستی سه‌ربه‌خۆیخوازیی کورد نه‌بوو که له هه‌موو سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له ڕۆژهه‌ڵات و باشوور خوێن و قوربانیی بۆ درابوو، به‌ڵکوو په‌لاماردانی خواستی شۆڤێنیی عه‌ره‌بی به سه‌رپشکیی ئایدۆلۆجیای شیعی-عه‌ره‌بی و حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر کورد و کوردستان، بوو. بۆیه ته‌نانه‌ت ویستیان هه‌ولێر پایته‌ختی کوردستان داگیر بکه‌ن، به‌ڵام له نه‌به‌ردی پردێ و سحێڵا سه‌ریان دای له به‌رد و ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی سیاسی و خۆڕاگریی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کان نه‌بویە، ئه‌و هێزه هیچ باکێکی نه‌بوو ئه‌وه‌ی وا له دووز و که‌رکووک کردی، له هه‌ولێر و دهۆک و زاخۆش بیکات!
بێگومان هیچ کام له‌م کرده‌وه شۆڤێنیانه پراکتیزه نه‌ده‌بوون ئه‌گه‌ر ماڵی کورد ته‌با و یه‌کگرتوو بوایه و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان هاوئاهه‌نگیی نه‌کردایه له‌گه‌ڵ ئه‌و پیلانانه‌دا. ڕه‌نگه یه‌کێتی له سۆنگه‌یه‌کی به‌راوردکارانه له‌گه‌ل پارتی، خۆی به جۆرێک له جۆره‌کان له چه‌ند ئاستی سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین دۆڕاو، ئه‌وا بە لاواز ده‌بینێت، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا ده‌بێت له سۆنگه‌یه‌کی حزبی و ململانێی سیاسیی له‌ناو گوتار و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی کوردستانی‌دا ببینرێت، نه‌ک ئه‌وه‌ی هێز و هاوکێشه‌ی دیکه پەلكێشی کوردستان و هاوکێشه‌که‌ی بکه‌یت و مه‌ترسیی گه‌وره‌ی یاسایی و سه‌ربازی بۆ دۆزی کورد دروست بکه‌ی!
ڕه‌نگه هه‌ر یه‌کێتییه‌ک وا بیر بکاته‌وه ئه‌وه‌ی لەگەڵ کرده‌وه‌کانی ئه‌وان نەبووبێت، ئه‌وا پارتییه. به‌ر له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره پێداگرییه‌کی ڕه‌ها بکه‌ن با ئه‌م پرسیاره له خۆیان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر دۆخی گشتیی باشوور کێشه و گرفتی هه‌یه، خۆ هه‌موو کێشه‌که له پارتیدا نییه، ئایا یه‌کێتی خاوه‌نی نیوه‌ی نه‌بووه له حوکمڕانی و ئیداره‌داندا؟ ئه‌گه‌رچی له هه‌ڵبژاردنه‌کانیشدا ڕه‌وایی نیوه‌ی پێ نه‌بڕاوه، به‌ڵام به‌هۆی لێبوورده‌یی و نه‌رمینواندنی پارتی بۆ هاوبه‌شیتی و چه‌ندده‌نگی له به‌ڕێوه‌بردنی كوردستاندا، ئه‌وه‌ی پێ نه‌دراوه؟ که‌واته بۆچی کێشه‌کان ده‌بێت حه‌تمه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی بن؟ ئه‌م له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیبوونه بۆچی بکه‌وێته ئه‌ستۆی پارتی؟
ئه‌مه سەرەتا له ته‌کتیکی هه‌ڵه‌ی گوتاری یه‌کێتی ده‌دات که له باتی بینینی هاوکێشه‌یه‌ک که وڵاتێکی وه‌ک عێراق ده‌ستی تێدا هه‌یه، پەنجەی تۆمه‌ت بۆ خۆی و پارتی درێژ ده‌کات و بیر له‌وه ناکاته‌وه خۆی به‌شێکه له پرۆسه‌یه‌کی سیاسیی که پارتی پێشڕەویەتی، نه‌بینینی ئه‌م هاوکێشه‌یه یان باشتره بڵێم پشتگوێخستنی له وێنه گه‌وره‌که‌دا، ئەوە پێشان ده‌دات که یه‌کێتی له چاوبه‌ستێکی ئایدۆلۆجی به‌رته‌سکدا گیری خواردووه و دۆزی کورد ته‌نیا له شارێکدا کورت ده‌کاته‌وه و بۆ چاره‌سه‌ریش پلانی کورتماوه و دژه کورد، به‌ڵام له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، قبووڵ ده‌کات. كەچی قبووڵ ناکات ددان به هه‌وڵ و ئیراده سیاسییه‌کانی کوردستاندا بنێت بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان.
هه‌ر به ئاڕاسته‌ی ئه‌م ستراتیجه هه‌ڵه‌یه‌دا ماوه‌یه‌ک گوتاری لامه‌رکه‌زییان زه‌ق کرده‌وه و دواتر پشتگوێ خرا، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک ده‌رکه‌وت پشتگوێ نه‌خراوه و چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی کاتی خۆی و داخبوونی ته‌نووره‌که‌یان کردووه، بۆیه له یاسای بودجه‌ی عیراقدا که‌وتنه هاوئاهه‌نگی و ده‌ست تێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که ئه‌گه‌ر بۆیان بلوێ له به‌عس خراپتر به‌سه‌ر کورددا دێنن. ئایا ئه‌وان هه‌ر ئه‌وانه نه‌بوون که ماڵی گوندنشینانیان له ده‌وروبه‌ری دووز تاڵان ده‌کرد و ئاگریان تێ به‌ر ده‌دا و مریشک و هێلکه‌یان دزی؟ به ڕاست له وڵاتێکی وه‌کوو عێراقدا که ته‌نیا له‌سه‌ر نه‌خشه هه‌یه و هه‌ر سه‌رۆکوه‌زیرێک دێته سه‌ر کار دوای ماوه‌که‌ی کۆمه‌ڵێک گه‌نده‌ڵیی و دزیی لێ ئاشكرا ده‌بێت و وه‌ک کازیمی ده‌خرێته به‌رده‌م دادگا، ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه مسۆگه‌ری ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه کاتیانه ده‌کات؟
به‌هه‌رحاڵ ئه‌م باسانه هه‌م تا ئاستێك ڕوونن و هه‌م زۆریش باسیان لێ کراوه، ئه‌گه‌ر ئێمه هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ین له ده‌ره‌وه‌ی دوالیزمی حزبییه‌وه چاوی لێ بکه‌ین، ڕه‌نگه باشتر بتوانین کێشه‌کانی خۆمان ببینینه‌وه و نه‌خشه‌ڕێگه‌ی ڕزگاریی یه‌کگرتنمان دیاری بکه‌ین، بۆیه به هه‌موو ئه‌مانه‌وه کورد ده‌بێت هه‌م له ناوخۆ یه‌کگرتوو بێت و هه‌م پێوه‌ندییه‌کانیشی له‌گه‌ڵ جیهان و ناوچه‌که به‌رفراوان بکاته‌وه.
سیاسه‌ت پانتاییه‌کی به‌رین و پڕ پێچوپه‌نایه و پڕه له ئه‌گه‌ر و شیمانه، کورد ده‌توانێت به یه‌کگرتن کڵاوڕۆژنه‌یه‌ک بۆ مافه‌کانی و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی دۆزی خۆی ببینێته‌وه، له‌بیرمان نه‌چێت ڕاسته دۆزی کورد له باشوور به ناو ئه‌و ته‌نگژه و قه‌یرانانه‌دا تێده‌په‌ڕێت و لێی ده‌درێت، به‌ڵام زیاتر له سی ملیۆن کورد له پارچه‌کانی تر چاوی هیوایان هه‌ر له‌وێیه و به ڕاده‌ی خۆیان باج و تێچوو بۆ سه‌رکه‌وتنیان ده‌ده‌ن.
واته باشووری کوردستان ده‌روازه‌ی یه‌کگرتنی جۆگه‌له‌ی هیوا و ئیراده‌ی کورده‌کانه به‌ره‌و ده‌ریای سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌م ده‌ریایه گوتارێکه که هه‌ڵگری کوردایه‌تی و ناسیۆنالیزمه، به هه‌موو که‌موکوڕییه‌کانییه‌وه، به هه‌موو که‌لێن و درزەكانیەوە، هه‌وڵ ده‌دات خۆی بێخه‌وشتر و بێگه‌ردتر بکات، مانای نوێ بدات به کوردستان و کورد و دۆزه‌که‌ی، نه‌ک گوتارێک که دۆزی نەتەوەیەك بۆ شارێک و مووچه، کورت کردبێته‌وه.