بە شەخسیكردنی یەكەی 70 و دووركەوتنەوە لە سوپای یەكگرتوو

هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، هێزێكی خۆبەخش و خۆرسكی گەلی كوردە،  له‌پێناو رزگاری نیشتمانی‌ و مافه‌ رەواكانی ‌گەلەكەی چەكی شەرەفی هەڵگرتووە و لە شاخ تێكۆشا تا ئامانجەكەی گەیشت بە ڕاپەڕین. دواتر رۆڵی ئەم هێزە گۆڕا بۆ به‌رگری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان‌ و چەسپاندنی یاسا، ئێستەیش كە كوردستان گەشەی كردووە و دنیا چاوی لێیەتی، دەبێت لەو بەرگە حزبییە دابماڵرێت و یەك سوپای كوردستانی دروست بێت كە سەتا سەت پێوەندار بێت بە حكوومەتی هەرێم، ئەمە لای هاوپەیمانانیش زۆر سەرنجڕاكێشە و پشتیوانی دەكەن، بەڵام سەیرە یەكێتی وەك چۆن لە هەموو شتێكی سیاسییدا پشتی لە كورد كردووە، لە چاكسازی پێشمەرگەیشدا خەریكە پشت لە سیستم دەكات و هێزەكانی لە حزبیشەوە بەرەو شەخسیی دەگۆڕێ.

 پێشمه‌رگه‌ وزەیەكی خۆڕاگری كوردە، دەیان ساڵە له‌پێناو ئاشتی‌ و ئازادی‌ و دیموكراسی‌ و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان‌، گیانی خۆی فیدا دەكات و لە شەڕی تیرۆریشدا نەبەردانە ناوی خۆی بە جیهانیی كرد، بەڵام هەر ئەو جیهانەی پێشمەرگەی ناسی، داواكاری هەیە لە حكوومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە كە خۆیان بخەنە ناو سیستم و ئینتیمایان بۆ كوردستان بێت نەك حزب و كەسایەتیی، یانی مانای نییە یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برای لەو خواستە جیهانییە خۆیان دەشارنەوە بۆ رازیكردنی دڵی میلیشیاكان و هاوكات نائومێدكردنی هاوپەیمانان لە كورد، بەڵام مێژوو لەمەدا رەحم بە كەس ناكات و وەك خیانەتێكی گەورە تۆماری دەكات. 

مێژوو ئەو راستییەی سەلماندووە كە  پێشمه‌رگه‌ هەمیشە ئاماده‌ی گیانفیدایی‌ و خۆبه‌خشینە له‌پێناو كوردستان و هەرگیزیش حەزیان لە حزبایەتیی نییە، بەڵام وەك لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەردا بینیمان و دواتر بە وردی بیستمان، یەكێتی بەوە پێشمەرگەكانی ناچار كردبوو كە سەنگەر چۆڵ بكەن كە بەپێچەوانەوە مووچەیان دەبڕن و دەردەكرێن، ئا لێرەوە گرنگیی بە حوكمیكردنی پێشمەرگە دەردەكەوێت، ئیتر لە مەزاجی شەخسی دەرباز دەبن و كەس ناتوانێ بڵێ بە ئارەزووی من جووڵە نەكەی، مووچەت دەبڕم.

یەكێتی ئەو پاشەكشەیە لە كاتێكدا دەكات كە هەموو كوردێكی مەرد داوای دروستكردنی هێزی نیشتمانیی دەكات، كابینەی نۆی حكوومەت بە رژدی كاری لەسەر ئەو پرسە كردووە و ئێستە 21 لیوای هاوبەش لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەن و لە چنگ و مەزاجی شەخسی رزگار كراون، بەڵام ماوەیەكە تیمی یەكێتی لە وەزارەت خەریكی مقۆ مقۆ و بیانووگرتنن بۆ ئەوەی درزێك دروست بكەن و ریسەكە بكەنەوە خووری، ئەمە داخێكی گەورەیە و هیوادارم سەرنەگرێ، چونكە ئەو دوو كوڕەی مام جەلال وا پێدەچێت كە هەموو شتێك دەكەن بۆ تێكدانی كوردستان و مانەوەی خۆیان.

كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك‌ و خاكی كوردستان‌ زۆر بە جوانی پێشمەرگە دەناسن و وەك سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی و فریادره‌س سەیری دەكەن، تەنانەت ناوی پێشمه‌رگه‌ تا ئاستی پیرۆزیی لای خەڵك رێزلێگیراوە، بەڵام ماقول نییە حزب هەبێت ئەوەندە ناڕەسەن و پیس بێت بەرانبەر وڵاتەكەی. بۆیە با دڵنیابن كوردستان چیتر ناگەڕێتە دواوە و هاوپەیمانانیش ئەوەیان دەوێت كە بەرەوپێش بچین، كەواتە ئەم مەیلی نۆكەرییەی یەكێتی كە بە دڵنیاییەوە بۆ ئاغایەكی دەكەن و قەڵسن بە دروستبوونی هێزی نیشتمانیی كوردستان، بەڵام سەر ناگرێت و كاروانەكە بەرەو ئاسۆ دەڕوات.