بۆ تێگه‌یشتن له هاوکێشه‌ی هێز و ڕاستییه‌کانی ئێستە له هه‌رێمی کوردستان، پێویسته پێوه‌رێکی ڕێژه‌یی ده‌ستنیشان بکه‌ین، ئینجا پرسگر و کێشه‌کانی پێ هه‌ڵسه‌نگێنین، دواتر بڕیار بده‌ین کێ پشکی شێری له قه‌یرانسازی و ناپاکی به‌رده‌که‌وێت. با به گریمانه‌یه‌کی مه‌حاڵه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین که له‌وپه‌ڕی ڕه‌شبینیدا بێت، گریمانه‌یه‌ک که خراپترین حاڵه‌تی ململانێ سیاسییه‌کان قبووڵ بکات و له‌وێوه به‌دوای ڕاستی و دروستی ئیراده و گوتاری سیاسی‌دا بگه‌ڕێت.
با وایدانێین یه‌کێتی نیشتمانیی و پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌ردووکیان له یه‌ک ئاستدا به‌رپرسی کێشه و قه‌یرانه‌کانی کوردستانن (هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بۆ پارتی و له پله‌ی به‌رپرسیارێتیدا ته‌واوه، چونكە ده‌ر‌وەستی خه‌ونه نیشتمانییه‌کانه، به‌ڵام بۆ یه‌کێتی ده‌بێ له شه‌سته‌کانه‌وه تا 16ی ئۆکتۆبه‌ر و هه‌شتی ته‌مووز و بودجه‌ی ئه‌مسالی عێراقمان له‌به‌رچاو بێت)، بێگومان به‌رپرس بوون له‌گه‌ڵ به‌رپرسیاربوون، دوو شتی لێک جیاوازن.
یه‌کێتی به‌رپرسه، به‌ڵام به‌رپرسیار نییه، به‌م حاڵه‌یشەوە با هه‌ر گریمانه‌که‌مان ببه‌ینه پێش و بۆ ئه‌و پێوه‌ره بگه‌ڕێین که تیشکم خسته سه‌ری، له که‌شێکی وه‌هادا که هه‌ردوو هێزه سه‌ره‌کییه‌که‌ی کوردستان به به‌رپرس ده‌بینین، ده‌بێ سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین ئیراده‌ی سیاسی و ئاڕاسته‌ی گوتاریان به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات، یه‌کێتی به‌رپرسه، به‌ڵام به ئاڕاسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند که‌س و بۆ مه‌به‌ستی له‌تکردنی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و یه‌کانگیریی کورد.
پارتیی به‌رپرسه چونكە هێزی یه‌که‌م و سه‌رپشکه، ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ره، ده‌بێ به‌رپرسیار بێت و ... به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه‌یه کوردستان وه‌ک کیانێکی نیوه‌سه‌ربه‌خۆ و قه‌واره‌یه‌کی سیاسیی و یاسایی به‌هێز بمێنێته‌وه، به هه‌موو قه‌یران و کێشه‌کانیشه‌وە، چونكە تێگه‌یشتن و ئه‌زموونی سیاسی‌یان پێیان و پێمان ده‌ڵێت هیچ داگیرکه‌رێک جێی متمانه نییه و نا‌توانیت بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی کوردستان پشتی پێ ببه‌ستی.
فه‌رموو با یه‌کێتیی که ئه‌و هه‌موو سۆزداری و ڕۆمانسیزمه‌ی له‌گه‌ڵ عێراقی میلیشیا و شۆڤێنیدا بۆ تێپه‌ڕاندنی بودجه و ڕاده‌ستکردنی نه‌وت و بڕینی مووچه کرد و ناپاکیی دژی کوردستان و حکوومه‌تی هه‌رێم کرد، با وه‌ڵامده‌ره‌وه بێت بۆچی هاوپه‌یما‌نه ڕۆمانسییه‌که‌ی و هاوده‌نگه ستراتیجییه قووڵه‌که‌ی واته به‌غدا، تا ئێسته مووچه‌ی نه‌ناردووه؟ هێشتا ماوه‌یه‌کی که‌م له‌م ناپاکیه‌ی دواییان تێپه‌ڕ بووه و له ئه‌رزی واقیعدا شکست و ملکه‌چیی ستراتیج و ئیراده‌ی یه‌کێتیی ده‌رکه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌م شکسته ته‌نیا به‌رۆکی یه‌کێتیی ناگرێت، به‌ڵکوو چاره‌نووسی قووت و خه‌ڵکی کوردستان تووشی قه‌یران و مه‌ترسی ده‌کات.
ده‌توانم بڵێم له زۆنی سه‌وز ئه‌گه‌ر مووچه‌یش نه‌نێردرێت له به‌غداوه، نه‌وت و داهاتی ناوخۆ و خاڵه سنوورییه‌کانیش نه‌مێنێت، ته‌نیا لایه‌نێک که قازانجی دارایی و بازرگانیی ده‌که‌ن، ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی یه‌کێتیین! به‌شێک له مێژووی یه‌کێتی له خیانه‌تدا باڵای کردووه و هه‌ر له‌و سه‌رچاوه‌یه‌شه‌وه خۆی تێراو ده‌کات! ئێمه له ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا هه‌ر قۆناغ و ڕووداو و قه‌یرانێک بهێنینه پێش چاوی خۆمان، یه‌کێتیی سه‌رپشک و ئاڵاهه‌ڵگری بووه! ئه‌مه که‌تن و داڕمانێکی گه‌وره‌ی مێژووییه، ئه‌مه له‌ناوبردنی هه‌ر ده‌لاله‌تێکی مێژوویی و مه‌عنه‌ویی یه‌کێتییه، بۆیه باشتر وایه یه‌کێتیی ناوه‌که‌ی بگۆڕێت تا ئێمه‌یش به ڕوونی بزانین ئامانجه‌که‌ی ده‌بات به‌ڕێوه و ئیتر گله‌یی له خۆمان و جه‌ماوه‌ر نه‌که‌ین، ئەگه‌ر بۆ چرکه‌ساتێکیش وا بزانین که یه‌کێتی، یه‌کێتییه یان نیشتمانییه یان کوردستانی!
یه‌کێتی ململانێی حزبیی کردووه به هاوکێشه‌ی لێدان له کوردستان، چونكە ده‌زانێت لایه‌نه‌كەی به‌رانبه‌ر‌ی ته‌نیا شتی گرینگ و پێوه‌ری کوردستان و کورده. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یه یه‌کێتییه نوێیەکه چه‌ند ساڵێکه ده‌یکات و به‌م شێوه‌یه وا ده‌زانێت خۆی ده‌رباز ده‌بێت له‌و قه‌یران و ئاریشانه‌ی که به‌رۆکی گرتووه!
باشه ئه‌وان هه‌ر له 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه ڕێباز و ئیراده‌ی سیاسیی خۆیان به مه‌به‌ستی ده‌ربازبوون له قه‌یرانه‌کانی زۆنی سه‌وز و تێكدانی کوردستان لەپێناو خۆیان، جیا نه‌کرده‌وه؟ ئه‌ی بۆچی دوای چه‌ند ساڵ ڕۆژ به ڕۆژ قه‌یران و خیانه‌ت و ناپاکیی دیکه ده‌رده‌که‌وێت؟ کوا پاره‌ی بانکیی ئه‌و زۆنه؟ داهاتی ناوخۆ سنووری سلێمانی چی لێ دەكەن؟ جووڵه‌ی کولتووری و ڕۆشنبیریی هه‌ر ماوه؟ زبڵ و خاشاکه‌کان کێ کۆی ده‌کاته‌وه؟ و... سیاسه‌تی هه‌ڵه و ناپاکانه‌ی دژه کوردستانیی یه‌کێتی له یه‌ک ڕسته‌دا کورت ده‌بێته‌وه: بۆ لێدان له پارتی ئەگه‌ر کوردستان هه‌موو وێران بێت، کێشه نییه. بێگومان ئه‌مه ڕوانینێکی هیستریانه و تێکچووانه‌یه و له بێ ده‌سه‌ڵاتی و دۆشداماوییه‌کی سیاسییه‌وه هه‌ڵدەقووڵێت.
ئاڕاسته‌ی دژی ئه‌م تێڕوانینه و به خه‌ونێکی قووڵ و جیاوازی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، به زه‌قی له کابینه‌ی نۆیه‌م و له پرۆسه‌ی چاکسازیدا ده‌ستی پێ کرد، چاکسازی و دژایه‌تیی گه‌نده‌ڵی و هه‌رجۆره هه‌وڵ و کرده‌یه‌ک که کوردستان له یه‌کگرتوویی و به‌هێزیی دوور بخاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ڕێک ئه‌و شته‌یه که به‌ڕێوه‌به‌رانی نوێی یه‌کێتییه نوێیه‌که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان پێی ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه و لێره‌وه ئیتر ململانێی حزبێکی پووکاوه و حزبێکی کوردستانی نابێت، به‌ڵکوو ململانێی به‌رژه‌وه‌ندیی مادی تاقمێک و گوتاری کوردستانی ده‌بێت، ئه‌وه‌ش باجه‌که‌ی ده‌دات کوردستانە به گشتی و خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری سلێمانیی به تایبه‌تی!
یه‌کێک له هه‌وڵه شێلگیر و نیشتمانییه‌کانی کابینه‌ی نۆیه‌م یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و به نیشتمانیكردنیەتی، ئه‌مه هه‌م هاوپه‌یمانان پشتگیر و پاڵپشتین و هه‌میش خه‌ونی له مێژینه‌ی کورده، بۆ پێکهێنانی له‌شکرێکی یه‌کگرتوو بۆ به‌رگریی له کوردستان و ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی هه‌میشه ڕووبه‌ڕووی کراونه‌ته‌وه.
ده‌کرێت بڵێین هێزی پێشمه‌رگه هێزی ڕزگارکه‌ر و خاڵی به‌هێزی کورد بووه له مێژوو و ئێسته‌یشدا، به تایبه‌تی ئێسته که هێزه هاوپه‌یمانه‌کان یه‌کخستن و یه‌کانگیربوونی ئه‌م هێزه‌یان بۆ گرینگه، چونكە له ڕۆڵی چاره‌نووسسازی پێشمه‌رگه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر ناوچه‌که، تێگه‌یشتوون. به‌ڵام ئێسته یه‌کێتی خه‌ریکی پیلانگێڕانه بۆ ئه‌م یه‌کخستنه و خه‌ریکه به ئاڕاسته‌یه‌کی حزبیدا ئه‌و هه‌وڵانه‌ی هه‌بوون و هه‌ن، په‌ک بخات و له ڕاستیدا ئه‌مه کایه‌کردنه به ئاگر! ئاگرێک که ئه‌گه‌ر کڵپه بسێنێ کورد و کوردستان باجه‌که‌ی ده‌دات نه‌ک چه‌ند بازرگانێک!
بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكانی ئەم چەند رۆژە، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئێسته له‌لایه‌ن تیمەكەی یەكێتییەوە ده‌ر‌وەستییه نیشتمانییه‌کانی له ژێر ئامانجه حزبییه‌کاندا خه‌ریکه ده‌پووکێته‌وه، ئەمیندارەكە كە لە پشكی یەكێتییە، ده‌ستی کردووه به حزبیكردنەوەی بەشە یەكێتییەكە و دوررخستنەوەی ئەو ئەفسەرە نیشتمانییانەی بە حزبیی بیر ناكەنەوە، واتە ژینگەكە دەگۆڕن بۆ جێگیرکردنی که‌شێکی حزبی به‌سه‌ر وه‌زاره‌تدا، ئه‌مه ده‌توانێت هه‌م قڵیشی گه‌وره بۆ کورد دروست بکات و هه‌میش بیانووی زیاتر بدات به هاوپه‌یمانان و ئه‌و ڕۆڵه‌ی له پشتیوانیکردنی گوتارێکی کوردستانی به‌هێز هه‌یانبوو، بخاته ژێر کاریگه‌رییه‌وه!
هیوادارم خه‌لكی کوردستان ئه‌م هه‌موو ڕچه‌شکێنییه بۆ ناپاکیی له خۆیان و ده‌ستبردن بۆ ئامانجه به‌رزه‌کانیان له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سی دیاریکراوه‌وه، ببینن و له هه‌ڵبژاردن یان ڕابوونی جه‌ماوه‌رییدا، تۆله‌یان لێ بکه‌نه‌وه.