پرۆسه‌ی ئه‌نفالی به‌دناو زیندووترین برینی كورده، چونكه هه‌ر به به‌رچاوی گوێ پێنه‌دانی دنیاوه، به كرده‌ی وه‌حشییانه و دڕنده‌یی دوژمن و به به‌رچاوی بێ به‌رنامه‌یی خۆمانه‌وه، هه‌زاران كورد له ژن و منداڵ و پیر و گه‌نج له‌ناو بران، ئه‌نفال گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی سه‌ربازی و سیاسییه، له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بۆ له‌ناوبردن و سه‌ركوتكردنی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد، سڕینه‌وه‌ی هه‌موو شوێنه‌وارێكی چه‌كداری و شوێنه‌واری كه‌له‌پووری و كولتووری ئه‌تنۆگرافی و دیمۆگرافی گه‌لی كورد، له پێناو سڕینه‌وه‌ی مۆركی نه‌ته‌وایه‌تی و شێواندنی شوناس و جیۆگرافیامان ئه‌نجام درا .
چوار ده‌یه پێش ئێسته و له رۆژی 31/7/1983 مێژوویه‌كی تری كاره‌ساتبار و سته‌مكاریی ڕژێمێكی تری عێراق كه ئه‌ویش ڕژێمی به‌عسی شۆڤێنزم و دڕنده‌یه، پیلان و نه‌خشه‌یه‌كی پێشتر دارێژراو بۆ سه‌ر بارزانی مه‌كۆی شۆڕش و به‌رخودان و بارزانییه‌كان، په‌لاماری هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگه زۆره‌ملێیه نیشته‌جێیانه‌یان دا كه به دوو قۆناغ و له چوار كۆمه‌ڵگه‌ی جیاواز، هه‌شت هه‌زار 8000 بارزانی‌یان ئه‌نفال و شوێن‌بزر و شه‌هید كرد .
له ناو ئه‌و خێزانادانه ماڵێك نییه وێنه و ئه‌لبوومێكی تێیدا نه‌بێت كه وێنه‌ی كه‌سوكار و ئازیزانیانی له‌و تراجیدیا و كاره سته‌مكارانه‌یه‌ی ڕژێمی رووخاوی به‌عس تێیدا نه‌بێت، ئه‌نفالی بارزانییه‌كان به‌ر له راگواستنیان، له شوێنی ره‌سه‌نی باب و باپیرانیان ده‌ستی پێ كرد و دواتر راگوێزران بۆ بیابانه‌كانی باشووری عێراق، ئینجا له تاوانێكی قێزه‌وندا ده‌ست كرا به خاپووركردن و وێرانكردنی دێهات و سووتاندنی دار و زه‌وی و ژینگه و كانیاوه‌كان و تاڵانكردنی ماڵ و ماڵات و ئینجا له‌ناوبردنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانیان.
جێی ئاماژه‌یه بارزانییه‌كان پێش هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفال، له ساڵانی حه‌فتاكانیشدا بۆ باشووری عێراق راگوێزرابوون و دواتریش بۆ ئۆردوگا زۆره‌ملێیه‌كانی قوشته‌په، دیانا، هه‌ریر و به‌حركه نیشته‌جێ كرابوون، هه‌روه‌ها له هه‌ردوو كۆمه‌ڵگه‌ی قوردس و قادسیه نیشه‌جێ كرابوون و پاش كۆتاهاتنی قۆناغی دووه‌می هه‌ڵمه‌تی گرتن و له كۆتایی مانگی ته‌مووز و سه‌ره‌تایی مانگی ئاب، له قۆناغی دووه‌مدا گرتنی نێرینه‌ی بازرانییه‌كان ده‌ست پێ كرد و پاش گرتنیان بۆ خوارووی عێراق و پارێزگای موسه‌ننا گواسترانه‌وه .
پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال له بیره‌وه‌ریی سه‌رجه‌م گه‌لی كورد و به‌تایبه‌تی بارزانییه‌كاندا، یاده‌وه‌رییه‌كی خه‌مگینه، چونكه له‌م رۆژه‌دا رژێمی به‌عس ده‌ستی به ئه‌نفالی بارزانییه‌كان كرد و له ده‌ستپێكردنی ئه‌نفالی كوردان، تێیدا هه‌شت هه‌زار بارزانی ئه‌نفال كران و ره‌چاوی ته‌مه‌نی نه‌كرد، سه‌رجه‌م ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ئه‌نفالی كردن پیاو بوون كه له ته‌مه‌نی نۆ بۆ 10 ساڵیشی تێدا بوو تا ته‌مه‌نی 90 ساڵی، به‌بێ جیاوازی ئه‌نفالی كردن و بردوونی بۆ بیابانه‌كانی خوارووی عێراق و له‌وێشدا زینده‌به‌چاڵی كردن.
بۆیه خۆڕاگریی كه‌سوكاری قوربانیانی گه‌له‌كه‌مان به‌رانبه‌ر سته‌مكاریی ڕژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق و به‌تایبه‌ت ئه‌و تاوانه قێزه‌ونه، هۆكارێك بوو تا ئه‌مڕۆی كوردستان دروست بێت كه ئێسته هه‌ندێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌یقۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رامه‌كانیان و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانی خۆیان، له مه‌یدانی سیاسیی كوردستاندا پێ جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌راستی ئه‌مه جێی داخه بۆ ئه‌و كوردستانه‌ی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالی هه‌یه، هه‌شت هه‌زار بارزانیی تێدا ئه‌نفال كراوه، كه‌چی كه‌سانێكی وای تێدا بژی كه بیه‌وێ درز بخاته نێوان یه‌كڕیزی و ته‌بایی كورده‌وه، یان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه شه‌خسی و حزبییه‌كان، خزمه‌تی نه‌یارانی ئه‌و نیشتمانه بكه‌ن كه ده‌ریایه‌ك خوێنی له پێناو ئازادیی بۆ به‌خشراوه .
پێویسته هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێنه‌وه تا عێراق ناچار بكرێت قه‌ره‌بووی قوربانیانی ئه‌نفال و كیمیاباران بكاته‌وه، به‌غدا خۆی به به‌رپرسیار بزانێت وه‌ك چۆن زیانه‌كانی كوێتی قه‌ره‌بوو كرده‌وه، ده‌بێ ئه‌نفالی كوردان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به گه‌وره‌یی بناسرێت، چونكه ئه‌مه جینۆساید و تراجیدیایه‌كی ته‌واوه به‌هه‌موو پێوه‌رێكی یاساییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ناوبردنێكی به‌كۆمه‌ڵ بووه و له‌سه‌ر بنچینه‌ی ره‌گه‌ز بووه.