دوای تیرۆری عه‌قید هاوکار جاف و چه‌ندان دۆسیه‌ی گوماناویی یه‌کێتییه نوێکه و به‌ڕێوه‌به‌ره بێ ئه‌زموونه‌کانی ئه‌و حزبه، کاره‌ساتێکی گوماناویی تر کوژرانی "کاروان عه‌لی شامار" به‌رپرسی نووسینگه‌ی لاهوور شێخ جه‌نگی، ڕوو ده‌دات که به‌ر له‌وه‌ی نیشانه‌یه‌ک بێت بۆ جێبه‌جێبوونی به ڕواڵه‌ت پلانه‌کانی ئه‌و گرووپه‌ی یه‌کێتییان گرتووه‌ته ده‌ست، نیشانه و ئاماژه‌یه‌کی زه‌قه بۆ پیلانه‌کانیان! ئه‌مه‌یش پلانێکی پیلاناوییه بۆ سڕینەوە هه‌ر ده‌نگێک که کڕنووشی ته‌واو بۆ به‌ناو سه‌رۆکی یه‌کێتییه نوێیەکه نه‌بات!
ئه‌و پیلانانه بۆ پاكتاو/ته‌سفیه‌ی هێزه نایه‌کێتییه‌کان له سنووری سلێمانی، مه‌رج نییه هه‌ر به‌وه‌وه بوه‌ستێت و هه‌ر ئه‌مه‌یش بووبێ، بێگومان زۆر شتی نهێنی ڕووی داوه و کراوه که دره‌نگ یان زوو ئاشکرا ده‌بن، چونكە یه‌کێتی وه‌ک پێشتر باسم کردووه، له قه‌یرانێکی کوشنده و ڕووخێنه‌ردا ده‌ژی و ئه‌م په‌له‌قاژانه ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی ده‌یانه‌وێت له پانتایی هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌رکه‌ون، چاوترسێن بکات. به‌ڵام له ڕاستیدا نه هه‌ڕه‌شه و خۆڕاسانه‌کانی باڤڵ تاڵه‌بانی و نه هێزه ده‌مامکداره‌کانی نه‌یانتوانی ده‌نگێکی ناڕازیی و ده‌رکراو یان باشتر وایه بڵێم مارێکی برینداری وه‌ک لاهوور شێخ جه‌نگیی ئامۆزا و کۆنه هاوڕێ و هاوخه‌باتی باڤڵ، نه له گۆڕەپانی سیاسیی زۆنی سه‌وز و نه له جیۆگرافیای سلێمانی، وه‌ده‌ر بنێت، به‌ڵکوو ڕقئه‌ستوورتر و هه‌ڵبه‌ت و هاوکات نه‌رمونیانتر له جاران، خه‌ریکه دێته کێبەرکێی یه‌کێتییه‌وه!
لاهوور گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له په‌راوێز و به شێنه‌یی هاتووه‌ته‌وی ناو جه‌ماوه‌ر و ده‌گه‌ڕێت، ده‌چێته بازاڕ و ته‌ماشای یاریی تۆپی پێ دەكات و... به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وکاته‌ی له‌ناو یه‌کێتیدا بوو، گوتاری لاهوور به‌راورد بە پێشوو، بڕێک ژیرانه‌تر و سیاسیانه‌ترە و هاتووه‌ته ناو کایه‌که‌وه و ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌مه بووبێت به‌هۆی تۆقینی زیاتری ده‌سته به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ی یه‌کێتی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک جموجووڵی گوماناوی و نهێنی بکه‌ن و به‌م شێوه‌یه زیاتر له پێشوو نیشانه‌ی پرسیار بخه‌نه سه‌ر خۆیان، یه‌کێتیی له‌مه‌دا ورده ورده خه‌ریکه ده‌بێته مامۆستایه‌کی بێ وێنه!
پێوه‌ست به‌و ڕووداوه، قووڵایی هه‌ڵه و قه‌یرانه‌کانی یه‌کێتی، ئه‌مه‌ش نییه، به‌ڵکوو ئه‌و شکسته گه‌وره‌یه‌یه که له به‌غدا له پرۆژه‌ی تێپه‌ڕاندنی بودجه‌دا تۆماری کرد! ئه‌گه‌ر وه‌ک گریمانه‌یه‌کی وه‌همی ئه‌و ناپاکییه‌ی یه‌کێتی کردی وه‌ک ئه‌کتێکی سیاسیی چاو لێ بکه‌ین، ئه‌وا دوو مه‌به‌ستی له پشت بوو که هه‌ردوو‌كی به سه‌ردا تێپه‌ڕیوه و هیچیانی نه‌پێکاوه.
یه‌که‌م، ئه‌وه‌ی ویستی له پرۆسه‌ی تێپه‌ڕاندنی یاسای بودجەدا له به‌غداد جێگه و پێگه‌یه‌کی هاوشانی پارتی بۆ خۆی دابین بکات و ببێت به هێز و بۆ ئه‌مه ڕۆیشت ده‌ستی له‌گه‌ڵ شۆڤێنی و میلیشیاکاندا تێکه‌ڵ کرد و له باتی ئه‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه گورز به‌ر پارتی بکه‌وێت، گورزی به‌ر کوردستان خست و ئه‌و تۆزه ناوبانگەی که که‌سانێک بۆ یه‌کێتی قایل‌بوون، له کیسی دا.
دووه‌م، ویستی به‌م ڕێگه‌یه‌وه نه‌خشه‌یه‌ک به پێچه‌وانه‌ی نه‌خشه‌ی نیشتمانی و کوردستانیی پارتی، له به‌غدا بخاته ڕوو و به ئاوازی لامه‌رکه‌زیی جاران و ڕاده‌ستکردنی هه‌رێم به عێراق، له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێکبكە‌وێت و مووچه بکات به تاقه داخوازی و ئاوازی خه‌ڵکی کوردستان، که‌چی دوای ئه‌و ناپاکی و ملخه‌واندنه‌یان نه‌ک هه‌ر به‌غدا مووچه‌ی نه‌نارد و خه‌ڵکی ناهومێد کرد، له ڕووی ده‌روونیشه‌وه خستوونیه‌ته حاڵه‌تی ترس و گومانەوە، به‌ڵکوو ئێستەیش هه‌ر پارتییه هه‌وڵ ده‌دات دۆخه‌که به ئاڕاسته‌ی به‌رژەوه‌ندی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان و گوتاری کوردستانی‌دا بگۆڕێت.
هه‌نبانه‌ی پیلانه‌کانی یه‌کێتی کون بووه و لێی ده‌ڕژێت و که‌شف بووه، هه‌رچییه‌ک دژی پارتی و گوتاری کوردستانی کردی بۆ ئه‌وه‌ی شوناس و جیۆگرافیا و سامان و پێگه‌ی سیادیی هه‌رێم بگۆڕێته‌وه به مووچه، به هه‌موو ناپاکیه‌کانه‌وه ده‌ستی به هه‌نبانه‌ی به‌تاڵه‌وه چوو و ئه‌وه‌یشی بۆ نه‌چووه سه‌ر! مه‌گه‌ر دوای شانزه‌ی ئۆکتۆبه‌ر لاهوور شێخ جه‌نگی و ئاراسی ڕاوێژکار و برای، نه‌یانوت که‌رکووک له ژێر کۆنترۆڵ و ده‌سه‌ڵاتی هێزێکی ئه‌میندایه؟ ده‌ی با بڕۆین چاوێک به دۆخی ته‌عریبی نوێ و قه‌ڵاچۆکردنی تازه و دۆخی کورد و زمانی کوردیی له‌وێ بکه‌ین.
ئه‌مه باج و تێچوویه‌کی قورسه که هه‌موو کورد و هه‌رێمی کوردستان به‌هۆی نه‌زانی و جه‌هلی چه‌ند که‌سێکه‌وه ده‌یده‌ن، ئه‌م لێک تێكچوونه‌ی یه‌کێتی نوێ له نێوان پلان و پیلاندا، ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازیی نێوان ئه‌و دوو چه‌مکه نەزانن، به‌ڵکوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بۆشایی گوتار و غیابی حیکمه‌تی سیاسیی، وای لێکردوون هه‌موو پلانه‌کانیان پیلان بێت. واته جگه له پیلان هیچیتر نه‌توانن، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ن به ناوی پلان و نه‌خشه‌ڕێوە به خه‌ڵکی بفرۆشنه‌وه که به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه ئیتر ناخوات و ئه‌م حه‌ره‌كه زۆر کۆنه!
ئه‌م جووڵه و لادانانه‌ی یه‌کێتی دواتیری ناو که‌وانه‌که‌یان بوو بۆ مه‌به‌ستی هه‌ستانه‌وه و به‌سه‌ریه‌کوه‌نانه‌وه‌ی ماڵه ڕووخێنراوه‌که‌یان به ده‌ستی خۆیان! به‌ڵکوو له‌م ڕێگایه‌وه زه‌وینه‌سازییه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردن بکه‌ن که هه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌م پیلانه پلانئامێزانه‌وه ویستیان لێی هه‌ڵبێن و به‌م شێوه‌یه نه‌ک له دۆڕاندن بپه‌ڕنه‌وه، به‌ڵکوو گورزێکی دیکه له ده‌سه‌ڵاتی سیادیی هه‌رێم و سه‌روه‌ریی سیاسیی کورد بده‌ن! ئه‌م دۆخه ئیتر شتێک نییه بکرێت په‌رده‌پۆش کرێت، به‌ڵکوو داکه‌وتنی ده‌مامکی ئه‌وانه‌یه که ده‌ستیان به‌سه‌ر یه‌کێتی و مێژووەكەیدا گرتووه.
مایه‌ی خه‌م و دڵته‌نگییه‌کی گه‌وره‌یه که ئاوا باسی یه‌کێتییه‌ک بکه‌ین که له قۆناغانێک و له سه‌رده‌می شاخدا ڕۆڵی له خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی کوردی‌دا گێڕاوه، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌مه ڕاستییه‌کی تاڵه و درەنگ یا زوو، یه‌کێتیی نوێ ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی ئه‌م کرده‌وانه‌ی بکرێته‌وه، خه‌ڵکێکی نان‌بڕاو و بێ مووچه‌کراو به‌هۆی سیاسه‌ته لێڵ و مافیاییه‌کانی ئه‌وان و ونبوونی پاره‌ی بانکه‌کان و داهاتی ناوخۆ و خاڵه گومرکییه‌کان، گوشاری مووچە و بژێویان به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک خرابووه سه‌ر، تا دژی گوتاری کوردستانی بجووڵێنه‌وه، ئێسته هه‌ر له‌و حزبه مووچه‌خوازه ده‌پرسن ئه‌م هه‌مووه‌تان کرد و ئه‌م هه‌موو ئیمتیازه‌تان دا، ئه‌ی کوا به‌ڵێنه‌کانی عێراقی حەبیب؟