له ڕاستیدا خستنه‌ڕووی ئه‌م پرسیاره‌ی که له سه‌ردێڕدا هاتووه، وه‌ک جۆرێک له ساویلکه‌یی و کاڵفامییه، به‌ڵام میدیای حزبی و ململانێی ناته‌ندروستی گوتاره ناکوردستانییه‌کان، وا ده‌کات له بنج و بنه‌وانه‌وه بابه‌ته‌که هه‌ڵکۆڵین و قسەی له‌سه‌ر بکه‌ین، به‌و مانایه‌ی پرسیار و سه‌ردێڕێکی ساده‌یه که قووڵ ده‌یبینین.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ماهیه‌تی ڕووداو و هه‌ڵکه‌وته مێژووییه‌کان دیاری بکه‌ین، باشترین کار ئه‌وه‌یه که له دووتوێی گوتاره‌کانیاندا بیخوێنینه‌وه، تا بابەتەكە نه‌ک بۆ ئه‌وانه‌ی شاره‌زای مێژوو و پسپۆڕی سیاسه‌ت یان میدیان ڕوون بێته‌وه، به‌ڵکوو بۆ هه‌ر به‌رده‌نگ و خوێنه‌رێکی ئاسایی و لایه‌نه‌کانی تریش باسەكە دوور له ده‌مارگرژیی حزبی و ئایدۆلۆجیستی سیاسیی، ئاشکرا ببێت. بۆیە سه‌ره‌تا ده‌بێ باسی گوتاره‌کان بکه‌ین، به شێوه‌ی گشتی ئه‌و گوتارانه‌ی هه‌نووکه له پانتایی سیاسیی کوردستاندا هه‌ن، به‌سه‌ر دوو گوتاری کوردستانی و ناکوردستانیدا دابه‌ش ده‌بن.
گوتاری کوردستانی گوتارێکه ئامانج و خه‌ون و خولیاکانی نه‌ته‌وه پێڕه‌و ده‌کات و له پێناوی ئه‌م گوتاره‌یشدا له هەموو سه‌ده‌ی بیسته‌مدا کورد له چوارچێوه‌ی شۆڕشه جۆراوجۆره‌کاندا له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، خه‌باتی کردووه و خوێنی داوه. له ڕۆژهه‌ڵات شۆڕشی سمکۆ و کۆماری کوردستان، له باکور شۆڕشی شێخ سه‌عید و ئارارات، له باشوور شۆڕشی ئه‌یلوول و... له مه‌نزوومه و تۆڕی هه‌موو ئه‌م پارچانه‌ی که سنووره ده‌سکرده سیاسییه‌کان لێکی دابڕاندوون، خواستێکی شێلگیرانه و سه‌ر‌انسه‌ری بۆ کوردستانێکی ئازاد هه‌بووه و کوردایه‌تی ناوک و جه‌وهه‌ری هه‌موویان بووه.\
بێگومان ئه‌مه گوزارشت له گوتارێکی کوردستانیی گه‌وره ده‌کات که زۆرجار له چرکه‌ساتی جیاواز و هاوکات له هه‌موو پارچه‌کان پێکه‌وه ئاسۆی ڕزگاریی کورد خه‌ون و ئاواتی بووه، له‌م گوتاره‌دا ئه‌ویترێكی نامۆ و ناکورد هه‌بووه، واته تورک و فارس و عه‌ره‌ب، لێره‌دا هێڵه‌کانی "تۆ و ئه‌ویتر" یان کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه، به ڕوونی چ له ئاستی جیۆگرافی و چ له ئاستی مێژوو و سیاسه‌تدا، جیا کراونه‌ته‌وه.
ئه‌م گوتاره چ له چوارچێوه‌ی داواکاری و خواستی سه‌ره‌تایی و دیسکۆرس و وێژمانی مانه‌وەدا بووبێت یان له شێوه‌ی وێژمانێکی خه‌باتگێڕ بۆ مانه‌وه، مه‌کینه‌ی کوردایه‌تی و ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یی له پشت بووه، به‌رانبه‌رکه‌یشی داگیرکه‌ر و داپڵۆسێنه‌ر بووه، ئه‌م دیالیکتیکه هۆی یه‌کانگیری و یه‌کبوونی ماڵی کورد بووه، له دواجاردا به‌رهه‌مهێنه‌ری گوتارێکی نه‌ته‌وه‌یی بووه که تا ئه‌مڕۆ، له هه‌ولێر سه‌قامگیر بووه.
گوتاری ناکوردستانی له کوردستاندا دوو جۆر ده‌رکه‌وته‌ی هه‌یه، ده‌رکه‌وته‌ی یه‌که‌م هه‌ندێک (که به‌داخه‌وه زۆریشن، به‌ڵام هه‌موویان نا) له‌و ڕه‌وت و باڵه ئیسلامییانه‌ن که له‌لایه‌ن ئه‌جێندا و هه‌ژموونی وڵاتانی تره‌وه ئاڕاسته ده‌کرێن و به شێوه‌یه‌کی شاراوه و مه‌ڵاسدراو ده‌توانن مه‌ترسی بن بۆ سه‌ر کورد و کوردستان که لێره‌دا باسی سه‌ره‌کیی من ئه‌مانه نین و له ده‌رفه‌تی دیکه‌دا ده‌په‌رژێمه سه‌ریان.
ده‌رکه‌وته‌ی دووه‌م که وه‌ک فۆرم و ڕواڵه‌ت جیاوازن له ڕه‌وته ئیسلامییه دۆگما‌کان، به‌ڵام له ناوه‌رۆکدا خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه، یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانه. ئه‌م هێزه که له سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا جه‌مسه‌رێکی کاریگه‌ر و به‌شدار بووه له هه‌موو ڕووداوه‌کانی باشووری کوردستان و هه‌روه‌ها حوکمڕانیدا، چه‌ندان قۆناغی تێپه‌ڕاندووه و ده‌توانین بڵێین دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و ڕووخانی سه‌دام حسێن و ڕژێمی به‌عس، نیشانه‌کانی نه‌خۆشیی و داڕمانی ورده ورده‌ی ده‌رکه‌وتن، یه‌که‌م نیشانه له شێوازی دابه‌شکردنی پۆسته‌کاندا ده‌بینرێ که ئه‌وان به زۆری فۆکۆس و ڕژدبوونیان له‌سه‌ر پۆسته سمبولیی و بێ کاریگه‌رییه‌کانی وه‌ک سه‌رۆك کۆمار کرد و پۆسته سمبولی و کارگێڕەكانی دیکه له عێراق کرد، هه‌رچی حزبی به پێشینه و مێژوویی پارتیشه، هه‌رێم و کوردستانی کرد به چه‌قی ئامانج و چالاکیی و نه‌ته‌وه‌سازیی خۆی. ئه‌م گوتاره‌ی یه‌کێتی تا ئێسته‌یش له چوارچێوه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ عێراق و لامه‌رکه‌زییه‌ت و ده‌یان ده‌ربڕینی تردا که ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵات و چاره‌نووسی کورد ڕاده‌ستی کۆمه‌ڵێک هێزی میلیشیایی و شۆڤێنی بکات، ده‌بینرێته‌وه.
ئه‌م تێڕوانین و ستراتیجه ناکوردستانییه له چه‌ندان قۆناغی ژیانی سیاسیی یه‌کێتی نیشتمانیدا خۆی پێشان داوه، به‌ڵام له قۆناغی دوای 2003 و به‌تایبه‌تی تر دوای نه‌خۆشکه‌وتنی مام جه‌لال و دواتر کۆچی دوایی، هه‌رچی زۆرتر و زیاتر خۆی ده‌رخست و له گشت‌پرسیی سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا و له ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبه‌ردا ته‌قییه‌وه، 16ی ئۆکتۆبه‌رێک که به‌پێی ددان پێدانانه‌کانی بافڵ، ئاراس و لاهوور شێخ جه‌نگی و چه‌ندان به‌رپرسی خوار و نزمی دیکه (که خۆیان داڕێژه‌ر و جێبه‌جێکه‌ری بوون)، به‌پێی ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقیدا که واژۆی زیاتر له 36 که‌س له ئه‌ندامانی سه‌ركردایەتیی ئه‌و حزبه‌ی پێوه‌یه، هاتووەته ئه‌نجامدان.
هۆی ئه‌وه‌ی 16ی ئۆکتۆبه‌ر به خیانه‌ت ناو ده‌به‌ین، ئه‌وه‌یه ئێسته ئه‌وان له هه‌مبه‌ر وته‌یه‌کی د. که‌مال که‌رکووکیدا که حه‌ق و ڕه‌وایه، شڵه‌ژاون و ڕۆشتوون ده‌ستیان به ناو مێژوویه‌کی سواوی چه‌ندپاته‌ی ململانێی حزبیدا کردووه و باسی ڕووداوه‌که‌ی هه‌کاری ده‌که‌ن، یه‌کێک نه‌زانێت و وشیار نه‌بێت، ئه‌م خۆڵکردنه چاوه‌یان به سه‌ردا تێده‌په‌ڕێت، یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ڕووداوه‌که‌ی هه‌کاری ململانێی نێوان دوو حزب و لایه‌نی کورد بووه و له‌ناو پانتایی گوتارێکدا که ئه‌ویترێك ڕۆڵی داپلۆسێنه‌ر و داگیرکه‌ری تێدا به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ببینێت، ڕووی نه‌داوه و له مێژووی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کاندا ئه‌م بابه‌ته هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی 16ی ئۆکتۆبه‌ر په‌لکێشکردنی هێزێکی داگیرکه‌ر و کوردکوژ بووه بۆ خاکێک که ئازاد کراوه و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزی پێشمه‌رگه و حوکمڕانی کوردی‌دا بووه!
پێم وانییه که‌س به‌م ورده‌کارییه ساده‌یه نه‌زانێت، به‌ڵام بۆیه لێره وا به زه‌قی باسی ده‌که‌م و تیشک ده‌خه‌مه سه‌ر ئه‌و خاڵه ڕوونکه‌ره‌وه، تا دیار بێت ڕووداوه‌که له دوو سه‌رده‌م و کاتی جیاواز و له دوو هاوکێشه‌ی ته‌واو جیاواز و به دوو مه‌به‌ستی ته‌واو جیاواز، ڕووی داوه. 16ی ئۆکتۆبه‌ر خیانه‌تێکی قورس و که‌مه‌رشکێن بوو، هاوشێوه‌ی لۆزان پشتی کوردی شکاند، بۆیه هیچ کات نه بکه‌رانی، نه واژۆکه‌رانی و نه پیلانداڕێژەرانی که ئێسته به‌ر بوونه‌ته گیانی یه‌کتری، فه‌رامۆش ناکرێن و له بازنه‌ی خیانه‌ت و نه‌فره‌تدا ده‌مێننه‌وه.
خیانه‌تی ئه‌وان خیانه‌ت نه‌بوو ته‌نیا له باشووری كوردستان یان له که‌رکووک و خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، به‌ڵکوو خیانه‌ت بوو بەرانبەر هه‌موو کورد له هه‌موو دنیا و پشت تێکردنی دۆزی سه‌رووی په‌نجا ملیۆن کوردە له هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان.
ئه‌م خۆڵکردنه چاوه‌ی خه‌ڵک له‌لایه‌ن میدیا سێبه‌ر و لادیوار و بن کۆڵانه‌کانی یه‌کێتییه‌وه، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت که نازانن چۆن ئه‌م په‌ڵه‌یه له ناوچه‌وانی خۆیان بسڕنه‌وه! نازانن چۆن له ژێرباری ئه‌م عه‌یبه گه‌وره‌یه ده‌رباز بن، بۆیه به زیندووکردنه‌وه‌ی ڕووداوه به‌لاڕێدا براوه مردووه بێسووده‌کان، ده‌یانه‌وێت ئاوه‌که لێڵ بکه‌ن، به‌ڵام با بڕۆن بۆ حه‌لاوی باس که‌ن!
هۆکاری تری ئه‌وه‌ی به ئاسانی ده‌رده‌که‌وێت 16ی ئۆکتۆبه‌ر خیانه‌ته و خۆیشیان ده‌زانن خیانه‌ته، ئه‌وه‌یه که ئه‌وان بیریان ده‌چێته‌وه ئەوكات چیان گوتووە، ئێسته ئینکاری ده‌که‌نه‌وه یان لێدوانی دژ و پێچه‌وانه له هه‌مبه‌ر ئه‌و وتانه‌ی ئه‌وکاتیان ده‌رده‌بڕن، یان نا هه‌ر به ته‌واوه‌تی ددان به‌وه‌دا ده‌نێن که هه‌ڵه‌یان کردووه له 16ی ئۆکتۆبه‌ر، وه‌ک لاهوور شێخ جه‌نگی گوتی، بۆیه 16ی ئۆکتۆبه‌ر وه‌ک خیانه‌تێکی هه‌میشه‌یی و مێژوویی تاقمێکی خاکفرۆشی ناو یه‌کێتی به‌رانبەر کورد له ته‌واوی دنیادا، ده‌مێنیته‌وه و ده‌بێت هه‌ر ساڵ یاد بکرێته‌وه تا وانەیەك له مێژوو بگیرێت.