بۆچی هەموو چاوەكان لە بارزانی و پارتین؟

سەردان و كۆبوونەوەكانی هەفتەی رابردووی سەرۆك بارزانی لە بادینان و لە نزیكەوە دیدار و گفتوگۆی ڕاشكاوانە لەگەڵ هەموو چین و توێژەكان و بەرچاوڕوونی و روونكردنەوەی رووداو و پێشهاتەكان لە عێراق و ناوچەكە و نێودەوڵەتی، بە تایبەت رەوشی ئێستەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، دەست خستنە سەر خاڵە لاوازەكان و وەرگرتنی بۆچوونی جەماوەری ئامادەبوو لە گشت ئۆرگانەكانی حزبی و حكوومی و سەربازی، ئاماژەیەكی روونە بۆ خۆبەخاوەنزانین و هەڵگرتنی ئەرك و بەرپرسیارێتی لە رابردوو و ئێستە و داهاتووشدا.

 پارتی قوتابخانەی كوردایەتی و لەسەر ڕێبازی بارزانی، بەپێی پێكهاتەی سەركردایەتییەكەی هەمیشە وەك حزبێكی جیاوازتر دەركەوتووە، ئەم خەسڵەتی جیاوازییە كوردایەتی و نیشتمانپەوەرییە، بووەتە هۆی بەردەوامی و مانەوەی لە ترۆپكدا، پارتی لەسەر بناغەیەكی پتەو دامەزراوە، حزبی تەكەتول و باڵباڵێن نییە، حزبێك نییە ببێتە دەسكەلای ئەم و ئەو، بەڵكوو حزبی جەماوەرەكەیەتی و ئەستەمە دەستبەرداری بن، نەیارانی كورد و كوردستان بە خەیاڵپڵاویی خۆیان، نەخشە بۆ گریمانەی كۆتایی مێژووی پارتی دادەڕێژن، بۆیە دەڵێین: پارتی قۆناغی سەبری ئەیووبی تێپەڕاندووە و لەگەڵ دروستبوونی گرژییەكان لە كوردستان و بابەتی خۆپێشاندانی وڵاتانی عەرەبی، تاكتیكێك هەبوو بۆ دووبارە لەناوبردنی پارتی لە رێی سووتانی بارەگاكانی لە سلێمانی، دواتریش لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، ئەم هەوڵانەیش سەركەوتوو نەبوو، پارتی دووبارە حكوومەت و دەسەڵات و زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست هێنایەوە.

بەرەی دژە پارتی سەریان لەوه ‌سوڕ ماوه،‌ كە چی بكەن بۆ بچووككردنەوەی قەبارەی پارتی، ناتوانن ئەو كۆدە بدۆزنەوه،‌ ئەمەش ئاسانە، كۆدی پێش پارتی كەوتن ئەوەیە كە چۆن دەتوانی لە پارتی نەتەوەییتر و نیشتمانپەروەرتر و خاوەن مێژووتر و خزمەتگوزارتر و خۆنەچەمێنمتر بیت، هەر كاتێك ركابەرانی پارتی ئەوەیان كرد، یان توانییان لە خزمەتكردن بە كورد و كوردستان پێش پارتی بكەونەوە كە دڵنیام ئەوەیان پێ ناكرێت، ئەوكات دەتوانن لە پارتی ببەنەوه، هەروەها لەبەرئەوەی پارتی خاوەنی ستراتیجی روونە لە ناوچەكەدا، بۆیە هەمیشە له ‌بەغداوە هەم دژایەتیی كراوە و هەمیش حیسابی بۆ كراوه،.

 پارتی هیوایەكی گەورەی خەڵكی كوردستانە بۆ ئێستە و داهاتوو، هەر پارتیشە دەبێت بڕیار بدات. پارتی چەكی بەرگریی مانەوەی زۆرن، لە هەناوی خۆشیدا هەڵگری هێزێكی گەورەی شاراوەیە كە ساڵ لە دوای ساڵ توانای نوێبوونەوە و درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی هەیە. پارتی نەیار و دوژمنی زۆری هەیە، چونكە بەهێزە، كەس و لایەنی بەهێز هەمیشە نەیاری زۆرن. پارتی لە قووڵایی هەنگاوی جەماوەردا هەڵقوڵاوە و گەشەی سەندووە، هەر ئەوەشە كە كوردبوون و پارتیبوون هەرگیز لە یەكتر جیا ناكرێنەوە، ئەم قوتابخانەیە ڕێبازێكە لە پێناو بەدەستهێنانەوەی گشت مافە رەوا زەوتكراوەكان. ڕژدبوون لەسەر پارێزگاریكردن لە شوناس و مێژوو و ئاڵا و سازش نەكردن لەسەر بستێك خاك و بچووكترین ماف.

ئەوەش رۆژ بە رۆژ نەك هەر سەنگ و پێگەی پارتی بەهێزتر و قورستتر دەبێ، بەڵكو هەنگاوەكانی متمانەی گەلی كورد نەك تەنیا پارتییەكان، بەڵكو هەمیشە داكۆكیكاری پرسە نەتەوەییەكانە و هەرگیز لە ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكان شانی بەتاڵ نەكردووە، چونكە  بەكردەوە سەلماندوویەتی پارتی‌ خاوەنی‌ رێبازی‌ كوردایەتی‌ و خزمەتكردن و ئاسایش و ئاوەدانی‌ كوردستانە، ئێستە بۆ گەلی كورد سەلمێنراوە كە پارتی‌ لە هەر كوێیەك بێت، ئاوەدانی و‌ سەقامگیری‌ لەوێیە، ئەوەش ئاماژەیە كە گەلی كورد ویست و داواكانی لە پارتییە، چونكە باش دەزانێت كاتێك بەڵێن دەدات، لە ئاست بەرپرسیاریەتی و جێبەجێكردنیدایە .