هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به بێ بوونی کاریزما ناتوانێت له پرۆسه‌ی سیاسی و به تایبه‌تی تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه سیاسییه‌کاندا، خاوه‌نی بابه‌تێک به‌ناوی گه‌ره‌نتی بێت. له ڕاستیدا کاریزما که‌سێکی ئاسایی نییه، به‌ڵکوو سه‌رچاوه و مه‌رجه‌عێکه که له زه‌ینیه‌تی كۆی نه‌ته‌وه‌یه‌کدا ڕۆڵی کاریگه‌ری هه‌یه. ئه‌م ڕۆڵه ده‌توانێت ئه‌رێنی یان نه‌رێنی بێت، بێگومان له ڕووی کاریگه‌ریدانانی نه‌رێنیدا ئیتر خه‌رمانه و شه‌به‌نگی کاریزمابوونه‌که‌ی له کیس ده‌دات و پێوه‌ندیی مه‌عنه‌ویی ئه‌و و خه‌ڵک یان ئه‌و که‌سایه‌تییه و پرسه مێژوویی و چاره‌نووسسازه جیاوازه‌کان، تووشی دابڕان ده‌بێت.
وشه‌ی کاریزما له بنه‌ڕه‌تدا به مانای ڕاکێشه‌رییه‌کی بانسرووشتی و نائاسایی و هه‌روه‌ها هه‌بوونی تایبه‌تمه‌ندیگەلی تایبه‌تمه‌ند و بێ وێنه دێت، که جێی په‌سن و ستایشی ژماریه‌کی زۆر له مرۆڤه‌کانه. واته به کورتییه‌که‌ی ڕاکێشه‌ریی و شه‌به‌نگێکی تاکه‌که‌سیی که کاریگه‌رییه‌کی گشتیی و به‌ربڵاوی هه‌یه.
له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌م و له زاراوه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌وکاته‌دا، وشه‌ی کاریزما بوو به زاراوه و ده‌ربڕینێکی زاڵ بۆ ناساندن و وه‌سپکردنی که‌سایه‌تییه دیاره سیاسییه‌کان. واته ئه‌م وشه‌یه بۆ باسکردن و ناساندنی ئه‌و که‌ڵه‌مرۆڤانه به‌کار ده‌برێت که له سه‌رووی ئیراده‌ی مێژوو و ته‌نانه‌ت ئیراده‌ی خه‌ڵکه‌وه کاریگه‌ریی دروست ده‌کەن و هیچ هێزێک ناتوانێت له هه‌مبه‌ر توانا‌کانی ئه‌و، به‌شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی بوه‌ستێته‌وه. ڕۆڵی کاریزما له هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان و ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی مێژوو و ئه‌فسانه و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ته مۆدێرنه‌کانیشدا، شتێکی حاشاهه‌ڵنه‌گر و یه‌کلاکه‌ره‌وه بووه، ئه‌گه‌رچی له‌م نێوانه‌دا میدیا و کایه میدیاییه‌کان ده‌توانن ڕۆڵێکی چاوبه‌ستکارانه و ڕێوێڵکه‌ر بگێڕن، به‌ڵام ڕاسته‌قینەیی بوونی کاریزما له‌ناو مێژووه‌وه هه‌ڵده‌قووڵێت.
بۆ نموونه، گاندی له مێژووی هیندستان و دامه‌زرێنه‌ری خه‌باتی نافه‌رمانیی مه‌ده‌نی و ئه‌و مانگرتنه ناوداره‌ی بوو به‌هۆی شکستی کۆلۆنیالیزم و چه‌وسێنه‌رێتیخوازیی به‌ریتانییه‌کان، یان ڕۆڵی ماندێلا له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ڵاواردنی نه‌ژادی و بزووتنه‌وه‌ی دژەئاپارتاید که کولتووری نه‌ژادپه‌ره‌ستیی ڕۆژئاوای خسته ژێر کاریگه‌رییه‌وه، ده‌توانین بڵێین به‌شێک له ده‌سکه‌وته‌کانی دیموکراسی به‌رهه‌می ئه‌م خه‌بات و تێکۆشانه‌ی ئه‌م ڕێبه‌ره کاریزمایانه‌نه.
ئه‌م دوو ڕێبه‌ره کاریزماییه ئێسته‌یش له زاکیره و خه‌یاڵدانی نه‌ک هیندستان و ئه‌فریقا، به‌ڵکوو له هه‌موو جیهاندان، بۆیه لێره‌دا ئه‌و پێناسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه، واته کاریگه‌ریی نائاسایی و بانسروشتیبوونی کاریگه‌ریی که‌سایه‌تییه کاریزمییەکان و بێسنووریی ڕووخسار و هه‌ژموون و شه‌به‌نگی ئه‌وانمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه.
له مێژووی گه‌لی کورددا به‌خته‌وه‌رانه که‌سایه‌تیی کاریزماییمان هه‌بووه و له‌وه‌ش به‌خته‌وه‌رانه‌تر که‌سایه‌تیی زیندوو واته ڕێبه‌ری کاریزماییمان هه‌یه. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو و خه‌یاڵدانی مێژوویی خۆمان هه‌ڵبکۆڵین، زیاتر له هه‌ر کاره‌کته‌رێک له دوو پارچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور وێنه و ڕووخساری پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و مه‌لا مسته‌فا بارزانیی نه‌مرمان بێته‌وه یاد. ئه‌مانه له یه‌ک سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفی و باوه‌ڕی هاوبه‌شه‌وه، واته ته‌ریقه‌ت و ئیمانی کوردانه‌وه گۆش کرابوون، تا دواساته‌کان به‌ر له که‌وتنی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد، بارزانیی نه‌مر قازی به‌جێ نه‌هێشتووه و قازیش له ماڵئاواییدا ئاڵای کوردستانی ڕاده‌ستی بارزانیی نه‌مر کردووه.
بارزانیی نه‌مر سه‌تان کیلۆمه‌تر ڕێ به‌ره‌و یه‌کێتی سۆڤییه‌ت ده‌بڕێت و له‌ژێر بۆمباران و بۆردمانی فڕۆكەی سێ وڵاتی داگیرکه‌ر (واته ئێران، تورکیا و عێراق)دا، خۆی و هاوه‌ڵانی ده‌گه‌نه سنووره‌کانی سۆڤیه‌ت و له ئاراس ده‌په‌ڕنه‌وه و ناوی هه‌ڵۆکانی بارزان له مێژوودا نه‌مر ده‌که‌نه‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌ی که ئێمه وا هه‌ست ده‌که‌ین ڕووداوانێکی ئاوا دووره له واقیعەوە، به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌بووه و ئه‌فسانه‌یه‌کی زیندوو و واقیعی بووه که ئه‌وان له ئه‌ستۆی هاتوون، ده‌رخه‌ر و سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یە که کاریزمابوون شیاو و شایسته‌ی ئه‌م دوو که‌سه‌یه. هه‌ڵبه‌ت من لێره‌دا هه‌ر ئه‌و دوو کاریزما دیاره‌م هه‌ڵبژاردووه و پێده‌چێت مێژووی کورد که‌سانی تر‌ی له کۆندا به‌خۆوه بینیبێت و ده‌بێت توێژینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بکرێت، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م دوو کاره‌کته‌ره کاریزماییه له مێژووی ئێمه‌دا ئه‌و سه‌رچاوه مه‌عریفی و بیروباوه‌ڕه بوو که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ دا.
ئێمه ئێسته‌یش به‌ختێکی گه‌وره‌مان هه‌یه، ڕێبه‌رانی شۆڕشی سه‌ده‌ی ڕابردوومان یان نه‌یانتوانی بگه‌نه ئاست و پله‌ی کاریزما و شه‌به‌نگی پیرۆزی و کاریگه‌ریی بان‌سروشتی، یان مه‌رگ مه‌ودای نه‌دان بگه‌ن به‌و ئاست و شوێنه، به‌ڵام کاتێک لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی شۆڕشی کوردیی هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه، ده‌زانین له ڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی دیموکرات‌دا له مه‌هابادا و له‌ژێر تیشکی ئاڵای کوردستاندا، منداڵێک له‌دایک ده‌بێت که تا ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی کوردی ڕێبه‌رایه‌تی کردووه و مێژوویه‌کی گه‌وره‌ی له خه‌بات و شکۆ و ڕۆژانی تاڵ و شیرین ئه‌زموون کردووه و سه‌روه‌رییه‌کانی ئه‌مڕۆی بۆ ئێمه نه‌خشاندووه.
سه‌رۆک بارزانی که دوای مه‌لا مسته‌فای نه‌مر و پاش وه‌فاتی کاک ئیدرسی برای ڕێبه‌رایه‌تیی شۆڕش و بزووتنه‌وه‌یه‌کی کرد که نه هاوکێشه جیهانی و ناوچه‌ییه‌کان هاونه‌وا و پشتیوانی بوون و نه زایه‌ڵه و ده‌نگی ناوخۆییش ته‌واو کۆک و یه‌کانگیر بوو، به‌ڵام ئه‌و له دڵی شه‌وانی نووته‌کی بێکه‌سی و ناپاکیدا، پشتی له ئامانجه پیرۆزه‌کانی باووباپیرانی نه‌کرد و وشه‌ی کورد و کوردستانی وه‌ک ده‌سته‌واژه‌ی ناو زه‌ین و گیان و ژیانی خۆی و هاوه‌ڵانی وه‌ک مه‌شخه‌ڵێکی بڵێسه‌دار، ئاگرین و گه‌شاوه، هێشته‌وه.
ئێمه به‌ده‌ر له‌و هه‌موو هه‌ڵوێست و کرده‌وه سیاسییه حه‌کیمانه‌ی که له کتێبه‌که‌ی سه‌رۆکدا ده‌یبینین و به‌شێکی زۆریان تازه له‌لایه‌ن ئه‌وەوە ئاشکرا ده‌کرێن و وه‌ک مێژوویه‌کی زیندوو و ڕاسته‌وخۆ له به‌رده‌ستدان، ته‌نیا به‌سه گێڕانه‌وه‌که‌ی ئه‌و له هه‌مبه‌ر پۆل بریمه‌ر سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتیی کاتیی عێراق له پاش ساڵی 2003 له‌باره‌ی پێشمه‌رگه و کوردستان و مافی کوردەوە بزانین، که چۆنچۆنی پلان و کایه‌کانی ئه‌وانی بۆ به میلیشیادانانی هێزی پێشمه‌رگه پووچه‌ڵ کردووه‌ته‌وه و به ئیراده و هێزێکی کاریزمایانه‌وه وای کردووه له دانیشتنه‌کانی دواتردا کاتێک برێمه‌ر له‌باره‌ی میلیشاکانی عێراق و چه‌ککردنیانەوە قسه بکات، چاو له سه‌رۆک بکات و به ترسه‌وه بڵێت هه‌ڵبه‌ت بێگومان مه‌به‌ستم پێشمه‌رگه نییه.
كاریگەریی کاریزما وایە، بۆیه ئێمه ده‌بێت خۆمان بە به‌خته‌وه‌ر بزانین که سه‌رۆک و کاریزماکه‌مان وه‌ک گه‌ره‌نتیی به‌ها و خه‌ون و کیانه‌که‌مانە و ده‌مانپارێزێ، ئه‌مه‌یش له خه‌یاڵدانی سیاسی و مێژوویی و شوناسی نه‌وه‌کانی دواتردا، ڕه‌نگ ده‌داته‌وه و خۆی ده‌بێت به هه‌وێنێکی هه‌میشه‌یی و توخمێکی نه‌مر له زه‌مه‌نی داهاتووماندا.