ئەمەی كە یەكێتی لە شێوازی كۆنگرەبەستندا تووشی ئاوا قەیران و داڕمانێكی گەورە بێت، دوور لە پێشبینی نەبوو، ئەمەی كە كادرەكانی سەركردایەتی و ڕێبەرایەتی وەك مەلا بەختیار، سەردار هەركی و هاوسەرۆكی كودەیتا بەسەرداكراوی پێشوو واتە لاهوور شێخ جەنگی، بەم فیگەر و دەركەوتنە جیاوازە هاتوونەتە دەنگ، دوا هۆشدارییەكانی ئەوانەن كە سەردەمێك خۆیان لە پلەی بڕیاردان و یەكلاكەری كێشە و جووڵەكان بوون. ئەمانە خۆیان نیشانەی ئەوەن كە یەكێتی نەك لە كۆنگرەدا سەركەوتوو نابێت، وەك سەردار هەركی دەڵێت تووشی شكست دەبێت، بەڵكو دەرخەری كۆمەڵێك لایەن و لێكەوتەی خراپیشن كە تەنیا خەڵكی كوردستان و هەرێمی كوردستان زیانەكەیان بەردەكەوێت.
وەك هانا ئارێنت دەڵێت، دەسەڵاتەكان لە دوو پنت و قۆناغدا دەست دەدەنە كرداری توندئاژۆ و كەلەڕەقانە یەكەمیان لە سەرەتای دامەزران و جێگیربوونیان و دووەمیشیان لە كاتی داڕزان و لەناوچوونیان. بەداخەوە بمانەوێ و نەمانەوێ یەكێتی خەریكی ئەزموونكردنی قۆناغی دووەمە، ئەو پشتی كردووەتە هەموو هەڤاڵە دڵسۆز و دێرینەكانی یەكێتی و تەنانەت سیما دیار و خاوەن بڕیارەكانی پێشووش هەر ناویان لە ناواندا نییە، خاڵی جێی تێڕامان تەنیا ئەمە نییە كە یەكێتی تا ئێستە بە زەبری زۆر و هێز و نمایشی سەربازیی بووە بە چی، بەڵكو ئەمەیە كە یەكێتی دواتر و لە داهاتووی نزیك یان دوور، دەبێت بە چی؟ .
مانگێك پێش ئێستە لە ڕێی هەندێ كادر و ڕۆژنامەنووسی نزیك لە بافڵ تاڵەبانی، ڕێبازی بافڵیزم بانگەشەی بۆ كرا، گوایە ئەم پاكسازییانەی كە ناوی لێ نراوە چاكسازی، لە ئاوا ڕوانگەیەكەوە سەرچاوەی گرتووە كە ڕێبازێكی نوێ لە ناو یەكێتیدا خەریكە سەرهەڵدەدا و بڕیارە لە ڕووی هزری و سیاسییەوە ئیدارەی یەكێتی بدات! ڕاستییەكەی ئەوەی تۆزێك لەسەر هزر و سیاسەت ئاگادار بێت، دەزانێ ئەمە چ نوكتەیەكی كارەساتاوییە، واتە گاڵتەجاڕییەكی تراجیكە! یەكێتی لەسەر بڕیاری كۆمەڵێك كەس دامەزراوە و لە پرۆسەی ئیشكردنی خۆیشیدا چەندان لایەن و ڕێچكەی دژی گرتووەتە خۆی، سەرەڕای هەموو قەیران و كێشە و نسكۆكانیشی تا پێش كۆچی مام جەلال، هێزێكی هاوسەنگكەرەوە لە دەسەڵاتی سیاسی و حوكمڕانی كوردیدا بووە، لە ماوەی ئەم ساڵانەش ڕەنگە ناوی جەلالی وەك دژكردەوەیەكی گوتاری و زارەكی لە هەمبەر بارزانی وەك ڕێبازی بارزانی ناوی هاتبێت، بەڵام هیچ كات مام جەلال نە هانی كادرەكان و ڕۆژنامەنووسەكانی داوە كە جەلالیزم بەشێوەیەكی كوشندە و كارەساتخوڵقێن بانگەشە بكەن و لەسەر هیچ تیۆریزەی بكەن، نە پاداشت و پارەشی بە كەس داوە كە مەكیاجی درۆ و ساختەی بۆ بكەن.
لە پاڵ ئەمانەش و لە تەنیشت هەموو ئەو ڕەخنانەی لە خاڵە چارەنووسسازەكاندا لە سەرێتی، ئەو سینگی بۆ زۆر ڕووداو فراوان بووە و هێندە بافڵییانە بە دژەتیرۆر و هێزی سەربازی هەڵینەكوتاوەتە سەر كادرە باڵا و ئاسایی و مامناوەندییەكانی، ئەویش لەسەر كۆمێنت یان لایكێك! ئەمە وەك هەندێ ڕۆژنامەنووسی ڕێوێڵكەری پاداشتكراو باسی دەكەن، مەركەزییەتدان نییە بە یەكێتی، بەڵكو خەساندن و لە گۆڕنانی دیموكراسی و ئەو ڕێبازەیە كە لەسەر دەستی هەزاران شەهید و كادری سیاسی و پێشمەرگەی دێرین و خەباتكاری خۆنەویست هاتووەتە ئاراوە، ئەمەی كە چەمكی مەركەزییەتدان بە یەكێتی لە هەمبەر پەرتەوازەیی دابنرێت، فێڵ و چاوبەستێكی زمانی و چەمكداڕێژانەیە، ئەوەی هەیە دەمكوتكردنی هەر دەنگێكە كە لە هەمبەر بافڵدا بڵێت لەل!.
ئەوەی كە هەیە نائومێدبوونی كەسێكی وەك مەلا بەختیارە كە جگە لە ئیسلامییەكان، زۆربەی لایەنە سیاسییەكان هەر پێگەی ئەوەی بۆ دادەنێن لە هەر جووڵەیەكی سیاسیدا جۆرە بەشدارییەكی هەبێت و جێی پرس و ڕا بیت! ئەوەی كە هەیە مانیفێستی نوێی لاهوور شیخ جەنگییە و كورت و پوخت دەڵێت، شتێك بەناوی یەكێتی نەماوە تا كۆنگرە ببەستێت. سەردار هەركی بە نەجابەت و پارێزەوە دەڵێت، پێم وایە ئەو كەسانەی كە لە دەوروبەری كاك بافڵن، ڕاستییەكانی پێ ناڵێن و ئەو وا دەزانێت یەكێتی لە باشترین و درەوشاوەترین دۆخی خۆیدایە. هەڵبەت ستران عەبدوڵا ئەم چاوساغییە دەكات، بۆیە بەستنی كۆنگرەیەكی زۆرەملێ بە تەحدید و سنووردانانەوە، بە ئەوپەڕی سەركەوتن هەژمار دەكرێت!.
ئەمانە تەنیا سەردێڕە ئاسایی و سەرەتاییەكانی ئەو قەیرانە گەورەیەیە كە ناو یەكێتی تەنیوەتەوە، ئیتر چ هێزێكی ئەفسووناوی و كام جادووی ئاسمانییە چاوی كوڕانی تاڵەبانی و بنەماڵەی لەخێرنیشتووی بە ڕووی ئەم هەموو قەڵشت و كەتن و پەرتپەرتبوونە داخستووە، مەگەر خودا بۆ خۆی بزانێت! بانگەشەی بافلیزم كاتێك ئەو گاڵتەجاڕییەی نەدەگرتە خۆی كە ئەم كەسایەتییە خاوەنی تێڕوانینێكی عەقڵی یان خەبات و تەنانەت گچكە چالاكییەكی سیاسی و شۆڕشگێڕانە بوایە، واتە مێژوویەك لە پشت ئەم "ئیسم"ەوە بێت كە دەلكێنرێت بەو ناوەوە، ئەگەرنا لە ئاستی ئەو گاڵتەجاڕییە دەمێنێتەوە كە بەرەو كارەسات دەجمێت!.
ئەمەی لە یەكێتی ڕوو دەدات، بەدواداهاتەكانی تەنیا ڕووبەڕووی ئەو ڕێكخراو و سیستمە نابێتەوە، بەڵكو جۆرە پێشێلكارییەكە لەسەر ئەو هەموو بەها و دیسیپلینانەی كە خەڵكی كوردستان لە پێناویدا خەباتی كردووە و خوێنی داوە، من پێم وایە ڕەنگە یەكێتی كە ئێستە دەبێت بڵێین بافڵ و بنەماڵەی تاڵەبانی! ئەم كۆنگرەیەش بە هەموو ئەو كێشە و تەسفییەكردن و پاكسازییە ببەنە سەر، بەڵام لێكەوتەكانی ئەم دابڕان و لێكترازان و قەڵشت قەڵشتبوونە كە لەسەر هاوسەنگیی هێز لە عێراق و كوردستان كاریگەریی نەرێنی دادەنێت، چۆن تێدەپەڕێنێت؟.
بەدەر لەوەی كە بە دڵنیاییەوە شكستێكی گەورە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان تاقی دەكاتەوە، زیانێكی گەورە بەر پێگە و هێزی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان دەدا، ئایا ئەمە میراسی نوێی یەكێتییە، یان بافڵ درێژەدەری ڕێبازە سەرەكییەكەی مام جەلالی ڕەحمەتییە كە لە 16 ئۆكتۆبەر، زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستانی دا بە دەستەوە و لە یاسای بودجەدا دەستی لەگەڵ میلیشیاكان تێكەڵ كرد، ئێستەش خەریكە بۆمبێكی گەورە بۆ یارانی كۆن و دێرینی خەباتكار تەوقیت دەكات؟ كاتێك بە جاروبار باسمان لە نەبوونی گوتار لە ناو یەكێتیدا كرد، بە ڕاستی نەماندەزانی یەكێتی نەك تەنیا گوتار، بەڵكو هیچ وێنە و دنیابینییەكی دەستەجەمعیی نییە و مێژوویەك خوێن و خەبات خراوەتە بن پێی منداڵێك كە وا دەزانێ گەورە بووە!