مێژووی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا هه‌وراز و نشێوی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه؛ جارجار ئه‌م پێوه‌ندییه له لووتكه‌ی خۆیدا بووه. كۆمه‌ڵێك پێویستی و هه‌روه‌ها ترس و نیگه‌رانی وای ده‌كرد ئه‌مه‌ریكا ته‌نانه‌ت بێ دوودڵی و له پێناو بوونێكی به‌هێز له هه‌ریمی كوردستاندا، پشت له بنه‌ماكانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شی بكات.
ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌وه به‌ناوبانگن له پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌یاندا، زۆر گرنگی به ئه‌كته‌ری ده‌وڵه‌تی ده‌ده‌ن و به زه‌حمه‌ت ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان جێیه‌كی گه‌وره و دیاریان ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن جه‌مسه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی هێز واته ئه‌نكه‌ره و تاران و وڵاتانی عه‌ره‌بی له خۆیان نهئاڵۆزێنن؛ كه چی بۆ هه‌رێمی كوردستان له هه‌ندێ قۆناغی مێژوویی‌دا، ئه‌م بنه‌ما و پره‌نسیپانه‌یان پشتگوێ خستووه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه پێناسه‌ی مانگه ههنگوینییهكه بێت، جارجاریش ئه‌م پێوه‌ندییه گه‌یشتووه‌ته ئه‌وپه‌ڕی دابه‌زینی خۆی. دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی رێژه‌یی به‌دی كراوه. هه‌ركات ساردوسڕی كه‌وتبێته نێوانیانه‌وه، لێره و له‌وێ ئه‌و پرسیاره ورووژێنراوه كه چی وایكردووه هه‌ولێر ئه‌و بایه‌خه‌ی جارانی نه‌مێنێت؟ بۆ پێوه‌ندییه‌كان وه‌ك جاری جاران نین؟
ئه‌وه‌ی راستی بێت له هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ میدیای دنیاشدا كه له ژێر كاریگه‌ریی بیرێكی رۆمناتیستی (Romanticism) و ئایدیالدان، دیوی ریالیستی سیاسه‌ت كه‌مته‌ر به لایانه‌وه گرنگه په‌ره به‌م تێگه‌یشتنه ده‌درێت: گوایه هه‌رێمی كوردستان له بواری دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ و رۆژنامه‌گه‌ری و به‌گشتی ئازادی راده‌ربڕیندا، پاشه‌كشێی كردووه و ئه‌مه‌ریكاش له‌م بابه‌ته نیگه‌رانه و نیگه‌رانیی خۆی له‌ڕێی كاڵ و كه‌مكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت. ئێسته نه‌ك ته‌نیا به‌شێك له راگه‌یاندنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌شێكی به‌رچاوی ده‌سته‌بژێری سیاسیی كوردیش له‌م بازنه‌یه‌دا ده‌سووڕێته‌وه و وه‌ڵامه‌كه له پاشه‌كشێی دیموكراسیدا ده‌بینێته‌وه.
به‌ڵام خراپ نابێت ئه‌گه‌ر تۆزێك ره‌خنه‌گرانه له‌م تێڕوانینه بڕوانین. ئه‌مه‌ریكییه‌كان له سه‌رده‌می "جۆرج بۆش"ی كوڕدا له چوارچێوه‌ی جۆرێك له هه‌ژموونخوازیدا پلانی ئه‌وه‌یان دانا، له‌ڕێی هێزی سه‌ربازییه‌وه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی و به‌تایبه‌ت عێراق بكه‌ن به دیموكراسییه‌كی لیبراڵ. به‌ڵام له پاش بۆشی كوڕه‌وه تا ئێسته، ئه‌مه‌ریكا ماڵئاوایی له‌م ئه‌جێندایه كردووه، بۆ ئه‌وان ئه‌وه گرنگ بووه عێراق وڵاتێك بێت هه‌ندێ سه‌قامگیریی سیاسی و ته‌ناهیی تێدابێت، ئه‌گه‌ر له بازنه‌ی سیاسه‌تی ئه‌وانیشدا نه‌بێت، له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی هێز و جه‌مسه‌رگیری ئه‌مه‌ریكاشدا نه‌بێت. ئیتر چۆن به‌ڕێوه ده‌برێت؟ كێ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات؟... تاد. هه‌ر له‌لایان پرسیار نه‌بووه. له‌م پێناوه‌شدا هیچ درێغییهكیان له‌وه نه‌كردووه حوكمی به‌غدا مه‌یلی بۆ لای دیكتاتۆری و ده‌سه‌ڵاتی خۆسهپێنیشدا بڕوات.
ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا باس له گرنگی دیموكراسی بوون ده‌كه‌ن، به‌كردار وه‌ڵام و فهكتیان چییه بۆ ئارگیومێنتهكانیان؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا گرنگی به دیموكراسی ده‌دا، به‌پێی پێورهكانی دیموكراسی و حكوومه‌تی گهشهسهندبوو بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاماره‌كانی ئه‌مه‌ریكا و عێراقیش بكه‌ین به پێوه‌ر، هه‌رێمی كوردستان له عێراق پێشكه‌وتووتر، گه‌شاوه‌تر و دیموكراسیتره. هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان مۆدێرنتر و سه‌رده‌میانه‌تر و كراوه‌ترن له هی عێراقی عه‌ره‌بی. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی پێكهێنه‌ری حكوومه‌تی ئێسته‌ی به‌غدا نه‌ك بڕوایان به دیموكراسی نییه، بگره له لیستی تیرۆری ئهمهریكاشدان؛ بڕیاری گرتنیان له‌سه‌ره له‌به‌ر كوشتنی خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكی و زیانگه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی ئه‌مه‌ریكا، كه‌چی ئه‌مه‌ریكا له پێشوازیكردنیان به‌رده‌وامه و به‌رده‌وام ئه‌و دیكتاتۆر و تیرۆریستانه بۆ ئه‌مه‌ریكا ئه‌وبه‌رترن تا كورد و هه‌رێمی كوردستان!
ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه دیموكراسییه و ئه‌مه‌ریكا له‌به‌ر دیموكراسی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد كه‌متر كردووه‌ته‌وه و له كورد نیگه‌رانه! خۆ ئه‌مه‌ریكا هه‌ر نابێت مه‌رحه‌بایی ئه‌مانه‌ش بكات چ جای پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا هه‌بێت و بیانكات به به‌ڕێوه‌به‌ری عێراق. ئه‌مه ئه‌و چركه‌سات و شوێنه‌یه نابێت به ئاسانی بازی به‌سه‌ردا بده‌ین؛ لێره‌دا ئه‌م ئارگیومێنته تووشی فه‌شه‌لێكی قورس ده‌بێت؛ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا دیموكراسی به‌لایه‌وه گرنگه، چۆن له سه‌رووی حه‌مرین دیموكراسیخوازه و به كه‌متر له دیموكراسی عه‌یار ٢٤ رازی نابێت، به‌ڵام بۆ خوارووی حه‌مرین دیكتاتۆر و تیرۆریستیش دڵخوازیه‌تی! ئه‌گه‌ر زۆر گه‌شبینانه لێی بڕوانین، ئه‌مه ستانداری لهقن، بانێك و دوو هه‌وان. ئه‌مه یه‌كێك له‌و شوێنانه‌یه پێشان ده‌دات بابه‌ته‌كه دیموكراسی نییه یان ته‌نیا دیموكراسی نییه.
بۆ بابه‌تی هه‌ڵبژاردنیش هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت، ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستاندا له واده و كاتی خۆیدا بكرێت، به‌ڵام هه‌موو شتێك ببه‌سرێته‌وه به ته‌نیا یه‌ك پێوه‌ره‌وه، زۆر لۆجیكی نابێت. هه‌ر له‌و عێراقدا كه ئێسته گوایه له كوردستان دیموكراستیتره، به‌ناو هه‌ڵبژاردن كراوه، به‌ڵام به دیار چاوی دنیاوه و به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكاوه، له دواین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له ١٠ ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢١، براوه‌ی هه‌ڵبژاردن سڕ و مت كرا و دۆڕاو كرا به پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت و ئه‌مه‌ریكاش له‌م جێگۆڕكێیهدا رۆڵی بنه‌ڕه‌تی بینی. واته هیچ لاری له‌وه نه‌بوو دۆڕاوه‌كان كه به‌شێكیشیان له لیستی تیرۆری خۆیدان، به پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی دیموكراسییه‌وه بێن جێی ئه‌و هێزانه بگرنه‌وه متمانه‌ی گه‌لی عێراقیان به‌ده‌ست هێناوه.
لێره‌وه سه‌رنجتان بۆ دیوی دووه‌می یاداشته‌كه راده‌كێشم. ئه‌مه‌ریكا گرنگی به دیموكراسی ده‌دا و بهڵیبراڵكردنی دنیاش یه‌كێك له بنه‌ماكانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته پێكده‌هێنێت، به‌ڵام هه‌ركات ئه‌م پره‌نسیپه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی ئه‌مه‌ریكا، هاوسه‌نگی هێز، پێویستییه تازه‌كان، ئه‌وله‌ویه‌ته نوێكان و دۆخی جیۆپۆلیتیكی نوێی ئه‌و وڵاته‌دا... هاوئاراسته و یه‌كانگیر نه‌بوو، ئه‌مه‌ریكا بێ دوودڵی بنه‌مای یه‌كه‌م ده‌كاته قوربانی. واته سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌مه‌ریكا بریتییه له‌مه: سیاسه‌ت و ئابووری نێوده‌ڵه‌تی ئه‌وبه‌رتره له ماف و یاسای نێوده‌ڵه‌تی به هه‌موو لق و پۆپه‌كانیه‌وه له‌وانه مافی مرۆڤ و دیموكراسی.
ئه‌مه‌ریكا چووه‌ته قۆناغێكی نوێوه، به‌گشتی ده‌یه‌وێ خۆی له كێشه و گرفته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌دوور بگرێت. ئه‌مه‌ریكا له ئه‌نجامی گۆڕنكاری له جۆری دابه‌شبوونی هێز له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌روه‌ها گۆڕانكاری له جه‌مسه‌ربه‌ندی هێزدا، كۆمه‌ڵێك ئه‌وله‌وییه‌تی نوێی ریز كردوون و چه‌ندان پێویستی تازه و ترسی نوێی بۆ دروست بووه. رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌م بازنه‌یه‌دا كه‌مترین گرنگیی هه‌یه، ئیتر روونه كورد و هه‌رێمی كوردستان كه ژماره‌یه‌كی زۆر بچووكه، بۆ ئه‌مه‌ریكا بایه‌خی جارانی نه‌ماوه.
له‌م بازنه‌یه‌شدا نایه‌وێ وه‌ك ساڵانی رابردوو ئه‌و ریسكهش بكات، ئه‌وه‌نده پاڵپشتی له كورد بكات تاران و به‌غدا و ئه‌نكه‌ره له خۆی نیگه‌ران و دڵگران بكات. بۆیه له‌م قۆناغه‌دا لاری له‌وه نییه پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد پاشه‌كشێیه‌كی رێژه‌یی به‌خۆیه‌وه ببینێت. مه‌رج نییه ئه‌مه تا سه‌ر بێت، به‌ڵام بۆ ئه‌م قۆناغه راسته و له‌وانه‌شه تا چه‌ند ساڵی تریش وابێت.
دوا قسه‌ش نه‌مانی مانگی هه‌نگوینی كورد و ئه‌مه‌ریكا، پێوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی به دیموكراسی و مافی مرۆڤه‌وه نییه، له‌باتی ئه‌وه‌ی كورد وه‌ڵامی ناڕێكی ئه‌م پرسیار بداته‌وه و خۆی تۆمه‌تبار بكات و له خۆی بدات و خۆی بڕووخێنێت، باشتر ئه‌وه‌یه هه‌وڵ بدات زیاتر له‌م دنیایه روو له گۆڕانه نوێیه تێبگات. پێویستی و نیگه‌رانی ئه‌كته‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بخوێنێته‌وه و به‌پێی هه‌لومه‌رجی نوێ، سیاسه‌ت و ستراتیجی خۆی نوێ بكاته‌وه؛ تا بتوانێ كه‌مبوونه‌وه‌ی پاڵپشتیی ئه‌مه‌ریكا و دۆسته‌كانی به جۆرێكی تر و له‌ڕێی تره‌وه قه‌ره‌بوو بكاته‌وه، به‌م جۆره ری نه‌دات به‌غدا و دراوسێكانی له‌مه زیاتر له قاڵبی بده‌ن.