"به‌بۆنه‌ی شه‌شه‌مین ساڵیادی كۆچی دواییه‌وه"
له حاڵێكدا یادی شه‌شه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی كۆچی دوایی مام جه‌لالی ڕه‌وانشاد ده‌كه‌ینه‌وه، هاوكات كۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌كێتیش به كۆمه‌ڵێك ناڕه‌زایه‌تی و دابڕان و قه‌یرانه‌وه كۆتاهاتنی خۆی ڕاگه‌یاند. دوای نه‌خۆشكه‌وتن و ماوه‌یه‌كی دواتریش پاش كۆچی دوایی مام جه‌لال، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان واته ئه‌و هێزه‌ی كه نزیكه‌ی نیو سه‌ده به‌سه‌ر ته‌مه‌نیدا تێده‌په‌ڕێت، مام و هه‌ڤاڵانی دێرین و تێكۆشه‌ریان له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م، وه‌ك یه‌كێك له هێزه كاریگه‌ره‌كانی خه‌باتی ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان ڕۆڵیان تێدا گێڕا، تووشی كۆمه‌ڵێك نسكۆ و شكستی یه‌ك له دوای یه‌ك بووه‌وه، به‌مه‌ش یاده‌وه‌رییه‌كی تاڵ و ناشیرینیان له ڕای گشتی و یاده‌وه‌ریی كوردانی دنیادا به‌جێهێشت.
نموونه‌ی هه‌ره دیاریان ڕووداوی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بوو كه تا ئێسته به ده‌یان شێوه و ڕوونكردنه‌وه، هه‌وڵ دراوه له‌لایه‌ن ئه‌ندامان و كادرانی ئه‌و هێزه‌وه پاساو بدرێته‌وه، به‌ڵام هه‌مووان چ یه‌كێتییه‌كان و چ خه‌ڵكی دژه‌ڕیفراندۆم و چ ڕیفراندۆمچیش به‌باشی ده‌زانن ئه‌و ناپاكییه مێژووییه هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت، دیاره بێگومان مه‌به‌ستی من ئه‌وه نییه لێره‌دا تۆوی نایه‌كگرتوویی و هاوده‌نگنه‌بوون بپژێنم، به‌ڵكو مه‌به‌ستمه یادی كۆچی دوایی مام جه‌لال وه‌ك یه‌كێك له ڕێبه‌ره دیاره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كورد له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م، گرێ بده‌مه‌وه به یه‌كێتییه‌كه‌ی دوای ئه‌و و له‌سه‌ر لێكدانی"ڕێبازی مام جه‌لال" هه‌ڵویسته‌یه‌ك بكه‌م.
گومانێك له‌وه‌دا نییه یه‌كێتیی نیشتمانی و مام جه‌لال وه‌ك دوو جه‌مسه‌ر زۆر تێكئاڵاوبوون و ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین یه‌كێتی مام جه‌لال بوو، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین ڕۆڵی مام جه‌لال له ناو یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به جه‌هه‌رێكی نیمچه‌به‌ره‌ییه‌وه بنیات نرابوو، ڕۆڵیكی زاڵ و باڵاده‌ست بووه، واته له هه‌مان كاتدا كه ده‌وری كۆكه‌ره‌وه‌ی ده‌نگه جیاوازه‌كانی گێڕاوه، وه‌ك سكرتێریش زیاتر ویستوویه‌تی هاوده‌نگییه‌ك له ناو به‌ره‌كاندا دروست بكات، ڕه‌نگه چركه‌ساتی كه‌م بدۆزینه‌وه له مێژووی یه‌كێتیدا كه مام جه‌لال له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌موكوڕی و هه‌ڵه‌كانیدا، خۆی به تاقی ته‌نیا بڕیاری دیكتاتۆرانه و خۆته‌وه‌رانه‌ی ده‌ركردبێت، بۆیه ڕۆڵی مام جه‌لال و یه‌كێتی نه‌ك وه‌ك دوو دیوی دراوێك، به‌ڵكو وه‌ك دراوێك به دوو دیو له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كوردیدا حاشاهه‌ڵنه‌گر و ددانپێدانراوه.
ئه‌مه بۆ دوای ساڵی 2003 له پرۆسه‌ی بنیاتنانی عێراق و كاریگه‌ریی له سیاسه‌تی عێراق و پێوه‌ندیی نوێی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌رودراوسێ و وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانیش هه‌ر ڕاسته، دوای مێژوویه‌كی پڕ له هه‌وراز و نشێوه‌وه و به‌تایبه‌تی دوای كۆچی دوایی مام جه‌لال، لێكدراوی "ڕێبازی مام جه‌لال" هه‌م له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گران و هێزه ڕكابه‌ره‌كانی یه‌كێتییه‌وه به‌كار ده‌برێت، هه‌م له لایه‌ن كوڕان و بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانییه‌وه كه دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌م به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و به پێچه‌وانه‌ی ڕوانگه و ڕێبازی مام، ده‌سه‌ڵاتیان كرد به ته‌واریس و بنه‌ماڵه‌یی! ئه‌مه‌ش ئه‌و دژوازی و بشێو‌ییه چه‌مكی و كۆنسێپتیانه‌یه كه ده‌مه‌وێت له‌سه‌ری بوه‌ستم.
ئه‌گه‌ر ئێمه له هه‌ر كام له‌م لایه‌نانه "ئه‌وه‌ی كه له‌ڕێی هێز و دژه‌تیرۆره‌وه هه‌موو هه‌ڤاڵه دێرین و كادره كۆن ونوێ ڕكابه‌ره‌كانی لادا"، ئه‌وانه‌ش كه لادراون و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتین، بپرسین ڕێبازی مام جه‌لال چییه و كامه‌یه، بێگومان هه‌ر كامه‌یان وه‌ڵامێك ده‌ده‌نه‌وه و بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كان دژ بن، له هه‌ندێ گوزاره‌ی گشتیدا كورت ده‌كرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش وایكردووه ئه‌و مام جه‌لال و ڕێبازه‌ی كه لاهوور شێخ جه‌نگی باسی ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌و مام جه‌لاله و ڕێبازه‌كه‌ی كه كوڕان و بنه‌ماڵه‌كه‌ی باسی ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێبازه‌ی كه ڕه‌وانشاد د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌یگێڕایه‌وه، له جه‌وهه‌ردا هیچ ده‌لاله‌تێكی وه‌رده‌كارانه و بابه‌تییانه‌ی تێدا نه‌بێت، بۆیه هه‌ر كامه‌یان وا ده‌زانن ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی ئه‌وان له ڕێبازی مام جه‌لال تێگه‌یشتنه ڕاسته‌قینه و ته‌واوه‌كه‌یه و ئه‌ویتر هه‌ڵه ده‌كات. ئه‌م دۆخه بۆ ته‌فسیری مام جه‌لال و ڕێبازه‌كه‌ی، ده‌رخه‌ری بشێوی و په‌شێوییه‌كه كه له‌ناو لایه‌ن و هێزه جیاوازه‌كانی ناو یه‌كێتیدا هه‌نه، له سه‌رووی هه‌موو شتێكیش ئه‌مه ئاماژه و ده‌لاله‌ته بۆ دوو بابه‌تی زۆر گرنگ.
یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه هه‌ر كام له‌م هێز، كه‌سایه‌تی و لایه‌نانه خۆیان و تێگه‌یشتنی خۆیان له سیاسه‌تی زاڵ به سه‌ر یه‌كێتی و ڕێچكه هه‌ڵبژێراوه‌كانی یه‌كێتی له پاش وه‌فاتی مام جه‌لال، به حه‌قیقه‌ت و ڕاستیی ته‌واو زانیوه و ئه‌ویتریان به گومڕا و لاده‌ر، له حاڵێكدا له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا جگه له ململانێ بۆ پۆست و به‌رژه‌وه‌ندی و پله و پایه‌ی حزبی، ناتوانین هیچی تری لێ هه‌ڵگۆزین، ڕه‌نگه لێره‌وله‌وێ به‌هۆی هاوڕێیه‌تی و دۆستایه‌تی و ژیانی پێكه‌وه‌یی شاخ و شار، كه‌سێكی وه‌ك د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم بتوانێ هه‌ندێ هێڵی فیكریی ڕێبازی مام جه‌لال بپێكێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وانی تر ئه‌سته‌مه ئاوه‌ها ئه‌گه‌رێك لۆجیكی و ژیرانه بێت.
خاڵ و بابه‌تی دووه‌م كه له هه‌موو ئه‌م باس و بابه‌تانه گرنگتره و هۆكاری دروستبوونی خاڵ و بابه‌تی یه‌كه‌میشه، ئه‌مه‌یه كه به‌ڕاستی ئێمه له كوێدا به دوای وه‌ڵامی پرسیاری "ڕێبازی مام جه‌لال چییه؟"دا بگه‌ڕێین؟ ئایا بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه‌ی ته‌فسیر و پاشاگه‌ردانیی له تێگه‌یشتن له ڕێبازی مام جه‌لال، باشتر وانییه سه‌رچاوه‌ی پێناسه‌كردن و ناساندنی ئه‌م ڕێبازه دیاری بكه‌ین؟ له هه‌موو دنیادا باو وایه له وه‌ڵامی ئاوه‌ها پرسیارێكدا، بۆ ڕێبه‌ران و كه‌سایه‌تییه كاریگه‌ره‌كانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ بیركردنه‌وه‌كانیان و بیركردنه‌وه‌كانیشیان له كتێبه‌كانیاندا تۆمار كراون. به‌داخه‌وه ئه‌مه له ڕه‌وتی خه‌باتی سیاسیی ئێمه‌دا زۆر جێگیر و باو نه‌بووه، له‌باره‌ی مام جه‌لال ئه‌گه‌رچی وه‌ك بیره‌وه‌ری و كتێب و وتووێژ، ڕه‌نگه ئێمه بتوانین سه‌تان لاپه‌ڕه شت بخوێنینه‌وه، به‌ڵام وه‌ك تیۆره و بیردۆز ئه‌و نه شتێكی ڕوون و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له ڕێبازه‌كه‌ی پێناسه كرد و نه ویستیشی ڕێبازێك به‌ناوی ڕێبازی مام جه‌لال بناسێنێت و هه‌بێت!.
پێم وایه له كتێبی دیداری ته‌مه‌ن و هه‌روه‌ها ئه‌مپریالیزم و كورد و هه‌موو وتووێژه‌كانیشیدا بگه‌ڕێی، شتێك له‌م بابه‌ته به‌ڕوونی ده‌رناكه‌وێت كه مام جه‌لال گوتبێتی من ڕێبازێكم هه‌یه و فه‌رموون ئه‌و هێڵه گشتییه‌كانێتی و به‌م تاكتیك و ستراتیجه‌وه دوای بكه‌ون، ئه‌م كولتووره زاره‌كییه‌ی سیاسه‌ت له كوردستاندا له ئاستی تیۆری و ده‌ربڕینی بیركردنه‌وه‌دا و ململانێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، وایكرووه لێكدانێكی بێ ده‌لاله‌ت و لێڵ به‌ناوی ڕێبازی مام جه‌لال بكه‌وێته سه‌ر زاران، هه‌ر كه‌سه و به‌پێی ئیعتیبارێك له نزیكایه‌تیی خۆی به مام جه‌لال و ژیانییه‌وه هه‌یه‌تی، ده‌عیه‌ی ڕاستبوونی بكات و ئه‌مه‌ش جگه له گه‌ڕه‌لاوژێ و خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵك، هیچی تری به‌دواوه نابێت، ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر وه‌ك پرسیارێك له كه‌سێك یان هاووڵاتییه‌كی ئاسایی بپرسین، رێبازی مام جه‌لال كامه‌یه؟ به ڕوونی و ڕاشكاوی و ساده‌یی بڵێ كوردستانیبوون و ڕێزگرتن له خه‌ڵك و... وای دانێین ئه‌مه دوو تایبه‌تمه‌ندیی مام جه‌لال بێت، به‌ڵام كام ڕێبه‌ری كورد هه‌یه له سه‌ده‌ی نۆزده به‌ملاوه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه باشانه و كۆمه‌ڵێكی تر تایبه‌تمه‌ندیی باشی نه‌بووبێت؟!
كه‌واته ده‌سته‌واژه لێكدراوه‌كه خۆی ته‌نیا كایه‌یه‌كه له ناو گوتاری سیاسی‌دا، ئه‌گه‌ر واشی دانێین به‌ڵێ كوردستانیبوون یان عه‌داله‌تخوازیی یان هه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كی باشه‌ی تر، كرۆكی ڕێبازی مام جه‌لال بوون، با بپرسین كه ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌م ڕێبازه‌دا گرتووه و حزبه‌كایان كردووه‌ته موڵكی خۆیان، هیچ كام له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یان پێڕه كردووه؟ ئایا ئه‌وان ڕێزی هه‌ڤاڵانی تێكۆشه‌ر و دێرینی كوردپه‌روه‌ریی مام جه‌لالیان گرت؟ ئایا ئه‌وان كوردستانیبوونیان بۆ ته‌وه‌ر و گرنگه، یان عێراقیبوون و هه‌ندێك پڕۆژه‌ی لاده‌رانه‌ی و لامه‌ركه‌زییه‌ت؟ من پێم وایه ئه‌م باسه‌ی من ته‌نیا سه‌ره‌تا و سه‌ره‌داوێكه بۆ قووڵبوونه‌وه و به‌دواداچوونی زیاتر بۆ ئه‌م پرسیاره، كه به‌ڕاستی شتێكی ڕێكخراو و سیستماتیك به‌ناوی ڕێبازی مام جه‌لال هه‌یه، یان هه‌ر كه‌سه و له سۆنگه‌ی خۆیه‌وه شه‌نی ده‌كات؟ ئه‌گه‌ر وایه ئایا ده‌توانین بڵێین هه‌یه و ئه‌گه‌ر به‌ڵێ ئه‌وا ئه‌و ڕێبازه كامه‌یه و له كوێدا ده‌بێت به دوای توخم و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیدا بگه‌ڕێین؟