که‌رکووک نه‌ک ته‌نیا وه‌ك شار و حه‌شیمه‌تێکی گه‌وره‌ی مرۆیی کوردستانی و ئاسه‌وارێکی دیرۆکیی نه‌مر، به‌ڵکوو وه‌ک ڕه‌مزێکی ڕزگاریی گرێ دراوه به کورد و چاره‌نووس و دۆزه‌که‌یه‌وه، ئه‌مه‌یش نه‌ک ته‌نیا له شۆڕشی نوێ‌دا، به‌ڵکوو هه‌ر له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوول و ڕێبه‌رایه‌تیی مه‌لا مسته‌فای نه‌مره‌وه وا بووه، ئه‌وکات ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق پێشنیازیان بۆ بارزانی نەمر کرد كە کوردستان با له‌ژێر ده‌ستی ئەودا بێت، به‌ڵام بێ که‌رکووک. لە وەڵامدا گوتی که‌رکووک بابه‌تێک نییه من بتوانم بڕیاری له‌سه‌ر بده‌م، به‌ڵکوو ئه‌وه خه‌ڵکی کوردستانن ده‌توانن ئه‌و بڕیاره بده‌ن و ئه‌مه‌یش به‌ستراوه به دۆز و چاره‌نووسی کورده‌وه و هه‌ر قسه هه‌ڵناگرێت!
ئه‌و که‌رکووکه‌ی مه‌لا مسته‌فا ئه‌گه‌ر ده‌ستی لێ هه‌ڵگرتایه ئێسته ئه‌م ڕووبه‌ره‌ی که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندایه و به باشووری کوردستان (جیاواز له ناوچه کێشه له‌سه‌رکان ده‌یناسین) هه‌ر له شه‌سته‌کاندا ده‌که‌وته ژێر حوکمڕانیی بارزانیی نه‌مره‌وه، به‌ڵام ئه‌و مافخوازییه بێگه‌رد و جه‌سوورانه و حه‌قخوازانه‌یه، وایکرد شوناسی کورد با برینی لێ بکه‌وێت، به‌ڵام به‌ری شیرپه‌نجه و لێکردنه‌وه‌ی به‌شێک له جه‌سته و تووڕدان نه‌که‌وێت. ئه‌م وێنه‌یه له سه‌رانسه‌ری تێڕوانین و دنیابینی شۆڕشی کورد پاش كۆچی دوایی بارزانیی نه‌مر له ئارادا بوو، له 2003ه‌وه تا 16ی ئۆکتۆبه‌ری 2017 به هه‌موو نوقسانی و که‌موکوڕیی و له مپه‌ره‌کانه‌وه که‌رکووک له‌ژێر هه‌ژموون و حوکمڕانیی کورددا بوو، به‌ڵام 16ی ئۆکتۆبه‌ر وایکرد هه‌م هه‌ستیاری و حه‌ساسیه‌تی ناوچه‌یی و جیهانیی له‌سه‌ر که‌رکووک زیاد بکرێت و هه‌میش ئه‌و ئاسۆیه‌ی ڕزگاریی و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی خه‌ستوخۆڵ له خوێندا شه‌ڵاڵ ببێت. بۆیه کاتێک ناوی که‌رکووک دێت ئیتر بۆ هه‌میشه ناوی 16ی ئۆکتۆبه‌ر و بکه‌رانیشی دێنه ناوانه‌وه.
دوای ئه‌و که‌تنه گه‌وره‌یه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی و به‌ڕێوه‌به‌ره نوێکانی و دواتر به‌شه‌ڕداهاتنی ناوخۆییان له‌سه‌ر دابه‌شکردنی غه‌نیمه و بارمته و به‌ڵێنه داراییەكانی فرۆشتنی که‌رکووک، گوتاری کوردستانیی پارتی، زیاتر بۆ هه‌مووان ئاشکرا بوو و زۆرتریش پێڕه‌وکار و لاگری له که‌رکووک بۆ خۆی دیته‌وه، هه‌ربۆیه هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی له‌وێن، به میلیشیا عێراقییه‌کان و هێزه تێکده‌ره دراوسێکانیشه‌وه، ته‌نیا و ته‌نیا له گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی ترساون و ده‌ترسن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌بش بوو دوای بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ باره‌گاکه‌ی له که‌رکووک، ئاژاوه‌گێڕ و میلیشیاکان دیسان به هاوکاریی ناپاکانی ناوخۆ، ده‌ستیان کرد به ئاژاوه‌گێڕیی و ڕژاندنی خوێنی ڕۆڵه بێ‌تاوان و نه‌به‌زه‌کانی کورد.
هه‌موو ئه‌م دڵۆپه خوێنانه و ئه‌و ناپاکیانه و هه‌موو ئه‌م ترس و تۆقینانه‌ی میلیشیا و هێزه ده‌ژبه‌ره کورده‌کان له دێڕ به دێڕی لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو و خانه به خانه‌ی مێشک و یاده‌وەری ئێـمه‌دا تۆمار و جێگیر ده‌بن. ناتوانین له بیرمان بچێت که له سه‌روبه‌ندی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییدا کاتێک سه‌رۆک بارزانی ڕۆیشت بۆ که‌رکووک و له‌گه‌ڵ پارێزگاری ڕه‌وانشاد و به‌وه‌فای کوردایه‌تی نه‌جمه‌دین که‌ریم دانیشت، دنیای خه‌ون و ئاواته‌کانی هه‌موو کوردان له سه‌رانسه‌ری جیهاندا سه‌وز و نه‌خشین هه‌ڵگه‌را. کاتێک ئه‌م دیمه‌نه مێژووییانه ده‌هێنینه پێش چاوی خۆمان زیاتر له هه‌ر شتێک گوتاری کوردایه‌تیی بێگه‌ردی پارتی ده‌بینین له مێژووی که‌رکووکدا.
ئه‌وانه‌ی که که‌رکووکیان جێهێشت و پشتیان له خه‌ڵکه‌که‌ی کرد تا له‌لایه‌ن دڕنده و جەلاد و میلیشیاکانه‌وه تاڵان بکرێن، جگه له نه‌فره‌ت و بێزراوی هیچی دیکه‌یان ئاڕاسته ناکرێت. هه‌ر بۆیه که ئه‌مڕۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته مه‌زنه‌ی پارتی دیسان یادی ئه‌و دیمه‌نه پڕ شکۆیانه‌مان ده‌خاته‌وه، ده‌بێ بنووسین و له بیرمان بێت که له (ڕۆژی پێنجشه‌م 26ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2023 پارتی دیموکراتی کوردستان له کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا بڕیاری دا باره‌گاکه‌ی پێشکه‌ش به زانکۆی که‌رکووک ب‌کات.) له‌م هه‌ڵوێسته نیشتیمانیانه‌تر و ژیرانه‌تر به‌دی ناکرێت، پارتی به‌رده‌وام ئه‌و قوتابخانه و مه‌کته‌به بووه که به بێ فیشه‌ک هه‌وڵی داوه دوژمنه‌که‌ی شکست بخوات. ئه‌و کاره ته‌نیا پێشکه‌شکردنی باڵەخانە و باره‌گایه‌کی له ئاسن و چیمه‌نتۆ دروستكراو نییه، به‌ڵکوو ئه‌کتێکی مه‌عنه‌ویی و ڕۆحییه که له هه‌ناوی تێڕوانینی سه‌رۆک بارزانی و قوتابخانه‌کانی بارزانه‌وه هه‌ڵقوڵاوه.
پارتی هه‌میشه هه‌وڵی داوه وه‌ک قوتابخانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ هه‌موو چین و توێژه‌کاندا پێوه‌ندیی قووڵ و باوه‌ڕمه‌ندانه به ئه‌ته‌کێتێکی ڕه‌مزی و هێماته‌وه‌رانه‌وه دروست ب‌کات، ڕه‌مزنوێنی و ڕه‌مزخوازی ته‌نیا له‌و تێڕوانینانه‌وه هه‌ڵده‌قووڵێت که مێژوویه‌ک له مه‌عریفه و کانیاوێک له باوه‌ڕیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵگرتووه، بۆیه هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وە بڕیاره‌که به‌م شێوه‌یه دێته گۆ: له بابه‌تی باره‌گاکانی پارتی له که‌رکووک، له‌پێناو پاراستنی گیانی ته‌بایی و سه‌قامگیریی له شاری که‌رکووک و پێ‌زانین و ڕێزگرتن له خه‌ڵکی خۆڕاگر و تێکۆشه‌ری ئه‌م شاره که ماوه‌یه‌کی زۆره خۆراگر و به‌رده‌وام قوربانیده‌ر بوون له پێناو ئامانجه ڕه‌واکانیان، بڕیار درا پارتی باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پێشووی خۆی له که‌رکووک، پێشکه‌شی زانکۆی که‌رکووک بکرێت، وه‌ک دیارییه‌ک بۆ قوتابییانی ئه‌و شاره.)
ئه‌م ڕووداو و هه‌ڵوێسته ده‌مانباته‌وه بۆ مێژوویه‌کی نه فره دوور و نه فره نێزیک، ئه‌ویش ئه‌وکاته‌یه پێشمه‌رگه‌کانی پارتی له کێوی خواکوڕک ڕووبه‌ڕووی هێزه دڕنده‌کانی به‌عس بوونه‌وه و له چه‌ندان قۆڵه‌وه تێكیانشکاند، له‌گه‌ڵ هه‌موو گوشاره‌کاندا، سه‌رۆک بارزانی له لێدوانێکی مێژوویی بێوێنه‌دا پاش باسکردن و پێشبینیکردنی گۆڕان له هه‌موو ناوچه‌که‌دا، دوو دیاریی به شێوه‌یه‌کی ڕه‌مزی به‌خشی به پێشمه‌رگه‌کان، دوو دیاریی له ڕۆژانێک که ده‌ستی شۆڕش به‌تاڵ بوو له هه‌ر جۆره توانایەكی ئه‌وتۆ، دوو دیاری که کاتژمێر و دووربینێک بوون، یه‌کیان کاتی ڕزگاریی ده‌ژمارد و ئه‌ویتر مه‌ودای ئاسۆی ڕزگاریی ده‌نواند!
باره‌گای سه‌کردایه‌تیی پارتی له که‌رکووک به‌و هێزه خۆبه‌خش و شانه کوردپه‌روه‌ره ئاشکرا و نهێنیانه پڕ ده‌کرێته‌وه که دوژمنانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه و ناپاکانی خۆماڵی، هه‌ر ناتوانن وێنای بکه‌ن.