زمان له ڕوانگه‌ی زۆرینه‌ی زمان‌ناس و کۆمه‌ڵناسه‌کانەوە دوو ده‌لاله‌تی گشتی بۆ پێناسه‌کردنی خراوه‌ته ڕوو، ئه‌گه‌رچی زۆرجار ئه‌م دوو ده‌لاله‌ت پێناسه‌سازه وه‌ک سه‌ربه‌خۆ و دابڕاو و جیا له‌یه‌ک باسی لێوه کراوه و ده‌کرێت، به‌ڵام له پێوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامی نه‌بڕاوه و هه‌میشه‌ییدان.
پێناسه و ده‌لاله‌تی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه، "زمان ئامرازێکه بۆ پێوه‌ندی و وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی چاو له زمان ده‌کات که کرۆک و بزووێنه‌ری یه‌که‌می پێوه‌ندی وه‌رگرتنه".
پێناسه و ده‌لاله‌تی دووه‌م ئه‌وه‌یه، "زمان خۆی له خۆیدا ئامانجه و ئامراز نییه، واته بوونی زمان بوونی مرۆڤ و ئاوه‌ز و کۆمه‌ڵگەیە". کاتێک زمان نه‌بێت کۆمه‌ڵگەیش بوونی نابێت که ئێمه بتوانین له هه‌ر ڕێگه‌یه‌که‌وه له‌گه‌ڵیدا بکه‌وینه پێوه‌ندی یان لێی داببڕێن.
ئه‌گه‌ر به وردی و هه‌ڵوێسته و تێڕامانه‌وه سه‌رنجی ئه‌م دوو پێناسه و ده‌لاله‌ته بده‌ین بۆ زمان، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م دوو پێناسه‌یه دابڕاو و سه‌ربه‌خۆ نابن له یه‌کدی، ده‌لاله‌تی یه‌که‌م زیاتر گۆشه‌نیگایه‌کی کۆمه‌ڵناسانه و کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌سه‌ردا زاڵه و ئه‌وه‌ی دووه‌میان زیاتر ده‌چێته خانه‌ی فه‌لسه‌فه و بوونی مرۆڤ له جیهاندا به‌هۆ و له ڕێگه‌ی زمانه‌وه. لێره‌دا ده‌بینین نه زمان ئامرازێکی ڕه‌ها و ڕووته و نه ئامانجێکی موجه‌ڕه‌د و ده‌رهه‌ستیشه، به‌ڵکوو هه‌م ئامرازه بۆ پێوه‌ندی و هه‌م ئامانج و خانه‌ی بوونیشه بۆ ژیان و کۆمه‌ڵگە، بۆیه ده‌شێت وا لێکیان بده‌ین و بڵێین، زمان ئامرازێکه به ئامانجی ده‌رخستنی بوونی مرۆڤ ده‌که‌وێته پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دنیا و بوون و سروشت و کۆمه‌ڵگە، یان به بارێکی دیکه‌دا زمان ئامانجێکه به‌هۆیه‌وه واته له‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی وه‌ک ئامراز، پێوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ڵ جیهان دروست ده‌بێت و له‌و پێوه‌ندییه‌دا خانه‌ی بوون و مان و ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه بیچم ده‌گرێت و گه‌شه ده‌سێنێت و ده‌که‌وێته به‌ر گۆڕانکاری و هه‌روه‌ها ده‌ست به گۆڕانسازی دەكات.
له سه‌رده‌می مۆدێرندا که ڕه‌وت و گه‌ڕیانه فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵناسییه‌کان زیاتر هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر زمان کرد، شێواز و میتۆده‌کانی به‌کارهێنانی زمان پۆلێنبه‌ندی جیاواز و جۆراوجۆری به‌خۆوه بینی و شێوه‌ی به‌کارهێنانی زمان و ئه‌و ده‌سته‌واژه و چه‌مکانه‌ی زمان ئاڕاسته‌ی ده‌کات، له پانتایی تیۆری و کرده‌یدا ده‌که‌وێته موماره‌سه و تاقیکردنه‌وه‌وه و ناوی گوتار یان دیسکۆرسی (Discourse) لێ ده‌نرێت، ئه‌گه‌رچی ده‌یان پێناسه‌ی جیاواز بۆ گوتار یان دیسکۆرس هه‌ن، به‌ڵام به واتە گشتییه‌که‌ی ئه‌و یارییه مه‌عریفی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه که له ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی چه‌مک و وێنه و ئایدیا به‌هۆی زمانه‌وە، ده‌یه‌وێت گۆڕانکاری دروست بکات.
له‌م ئاسته‌دا ڕه‌هه‌ندی سیاسیی ده‌رکه‌وتنی زمان زیاتر خۆی ده‌نوێنێت چون ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌کردن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگەوه پێوه‌ندی هه‌یه و له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و پێداویستی و به‌ها و خه‌ونه‌کانیان به توندی هه‌ڵده‌پێکرێت یان داده‌بڕێت، ئێمه هه‌ر شێوه گوتارێک له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگە و کۆمیونیتی (community) خۆماندا ئاڕاسته بکه‌ین، دیاریکه‌ری فه‌زای زاڵ و قه‌واره‌ی گشتی و ناوه‌رۆکی به‌رفراوانی ئه‌و گوتاره ده‌بین.
بۆ نموونه، کاتێک له گوتاری سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا 44 ساڵە دوژمنێک به ناوی ئەمەریکا و ئیسرائیل هه‌یه، گوتاری ئه‌م کۆمه‌ڵگەیه ده‌بێت گوتارێکی باوه‌ڕمه‌ندانه بێت به دوژمنایه‌تی و دۆستایه‌تی و هێڵکارییه‌کی توند و تۆخی له نێوان دۆست و دوژمن‌دا هه‌بێت. واته ئه‌م گوتاره له دۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رهه‌م هاتووه و جێگیر بووه که سەبجێکتیڤه و تێڕوانینێکی دوو جه‌مسه‌ریی ڕه‌ش و سپی، تاریک و ڕوون، چاکه و خراپه، دۆست و دوژمن، ئیسلام و کوفر و... دوو کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌که‌ی ته‌نیوه و لێره‌دا ئه‌م گوتاره و ئه‌و کۆمه‌ڵگە به‌پێی گونجاوێتی و هاوته‌ریبی و هاوبیرییان له‌گه‌ڵ یه‌کدی یان ده‌بن به پێکهات و کۆمه‌ڵه‌یه‌کی توندئاژۆی یه‌کپارچه و یه‌کانگیر دژی هه‌ر شتێک جگه له خۆیان، یاخۆ ده‌بن به کۆمه‌ڵگەیه‌کی که‌رت که‌رت و هه‌لاهه‌لاکراو که لایه‌نێکی گوتاری زاڵ به‌رهه‌م دێنێت و لایه‌نێکی تر گوتارێکی به‌رگریکار و خۆڕاگر، که له‌م حاڵه‌ته‌شدا دیسان توندوتیژی به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه، ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندی گوتاری دوو جه‌مسه‌ره که نموونه‌که‌ی له‌سه‌ره‌وه باس کرا، به‌ڵام له‌و گوتارانه‌ی که تایبه‌تمه‌ندیی چه‌ند جه‌مسه‌ری و فره‌ڕه‌هه‌ندانه‌ی هه‌یه و لایه‌ن و خه‌رمانه‌ی پیرۆزیش تانوپۆی پێکهاتی گوتاره‌که‌ی نه‌ته‌نیوه.
ئێمه ده‌توانین موماره‌سه و یارییه‌کی باش و هیوابه‌خش له نێوان هێز و لایه‌نه جیاوازه‌کانی به‌کارهێنه‌رانی زمان له ئاستی گوتاره جیاوازه‌کاندا بکه‌ین که به‌داخه‌وه ئه‌مه له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بابه‌تێکی خه‌یاڵییه و وه‌ک کوفر و بڤه‌یه‌کی قورس هه‌میشه باج و سزای له‌سه‌ر بووه، به‌ڵام نموونه‌ی ئه‌مه له ڕۆژئاوا وڵاتێکی وه‌ک سویده که هه‌موو بیروڕاکان به ڕاشکاوی و به ده‌نگی به‌رز ده‌توانن گوزارشت له خۆیان و گوتار و ئامانج و ئاڕاسته و خه‌ونه‌کانیان بکه‌ن و هێزی ده‌وڵه‌تیش پشتیوانیان ده‌بێت (دیاره ئه‌مه‌یش له سه‌رده‌می ئێستەماندا لایه‌نی سیاسی و کایه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تێکه‌وتووه و مه‌ترسی له‌سه‌ر نیشتووه، به‌ڵام ده‌شێت بڵێین به‌شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی سوید نموونه‌یه‌کی باشه).
تایبه‌تمه‌ندیی قودسییه‌تزه‌ده‌یی و بڤه‌سازی له زۆربه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ران و سازێنه‌رانی گوتاری کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌دا شه‌پۆلان ده‌دات و دیاره ئه‌مه ته‌نیا خۆی تاكە که‌سایه‌تییه ئاینی و سۆفیگه‌رانه‌کاندا مانیفێست ناکات و ته‌نیا ئه‌وان گوتارێکی پیرۆز و قودسیی توندئاژۆ به‌رهه‌م ناهێنن، به‌ڵکوو له‌ناو که‌سایه‌تی و ڕێبه‌ره سیاسییه‌کانیشدا گوتار ده‌بێت به پانتاییه‌ک بۆ به‌رهه‌مهێنانی جۆرێک له توندئاژۆیی و توندوتیژی، ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌ر لایه‌نی سیاسی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر کورسییه‌کی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگە و ئیداره‌دانی وڵاتێک بێت، ئه‌وا کاریگه‌رییه‌که‌ی کاره‌ساتبارتر و کوشنده‌تر ده‌بێت.
ئێمه کۆمه‌ڵگەیه‌کین به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م که‌وتووینه‌ته به‌ر توندوتیژی و لێدان و قڕان و ئه‌نفال و کیمیاباران و پاکتاوکردن، بێگومان ئه‌م هه‌موو توندوتیژییانه له سه‌رمان کاریگه‌ر بووه و ئه‌م ڕۆحه برینداره‌مان به ئاسانی ناتوانێت به‌رهه‌مهێنی گوتارێکی بنیاتنه‌ر و میهره‌بان و حه‌کیمانه بۆ کۆمه‌ڵگە و ئازار و کێشه‌کانی بێت، ئه‌ویش له حاڵێکدا که کۆمه‌ڵگە و خه‌ڵکی ئێمه زیاتر له هه‌ر کاتێک پێویستیان به گوتار و چه‌مکسازییه‌که که وه‌ک ڕزگارکه‌ر و پشتیوان و په‌ناده‌ر و به‌رگریکار تێیدا ده‌رکه‌وێت، نه‌ک له به‌ها ئاینی و سیاسی و ئه‌خلاقییه‌کانیان بدات، جا چ له ڕێگه‌ی ڕیکۆردێکی ده‌نگییه‌وه بێت یان لێدوانێکی حزبی و ڕۆژنامه‌وانی.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ڕوون و ئاشکرایه گوتاره‌کان ئێسته ته‌نیا له پانتاییه‌کی بچووکدا نامێننه‌وه و له سه‌رده‌می ته‌کنه‌لۆجیا و میدیا زه‌به‌لاحه‌کاندا که هه‌موو کون و قوژبن و که‌له‌به‌رێک ڕووماڵ ده‌که‌ن، ڕووبەر و پانتایی گه‌وره بۆ ده‌رکه‌وتن دیاری ده‌که‌ن، بۆیه ده‌بێت ئه‌و که‌سانه‌ی له گوتاردا ده‌رده‌که‌ون و به‌شێکن له کایه‌ی ناو گوتاره‌که، ئاگەداری هه‌موو لێدوان و قسه و ئاخاوتنێک بن، ئه‌مه چ له ئاستی تاکه‌که‌سی و هاوڕێیه‌تی و پێوه‌ندی نێزیک و ده‌وروبه‌وره‌وه بێت، یا له ئاستی گشتی و له هۆڵی کۆبوونه‌وه یان لێدوانی ڕۆژنامه‌وانی.
ماوه‌یه‌ک پێش ئێستە که‌سێکی به‌ناو هاوڕی له پێوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ناسراوی کورد؛ ناسری ڕه‌زازی، هه‌ندێ قسه و باس ده‌که‌ن و دواتر وه‌ک گرته‌یه‌کی ده‌نگیی بڵاو ده‌بێته‌وه و جۆره ململانێ و توندوتیژی و بگره‌وبه‌رده‌یه‌کی زۆر له نێوان لایه‌نگرانی دوو ڕه‌وت و گوتاری ئاینی و نیشتمانیدا دروست ده‌کات، له ڕاستیدا سه‌ره‌ڕای هه‌ندێ ده‌سکه‌وتی نه‌خوازراو و ده‌مکوتکردنی هه‌ندێ که‌سی توندئاژۆ له هه‌ردوو لاو و ده‌رکه‌وتنی پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده، به‌رهه‌مهێنه‌ری توندتوژییه‌ک بوو که ده‌بوو نه‌هاتایه‌ته ئاراوه.
ئه‌مه بۆ هه‌مان گرته‌ی ده‌نگیش ڕاسته که له سه‌رۆکی تازه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵه‌بانی بڵاو کراوه‌ته‌وه، دیاره مه‌به‌ست به‌راوردکردنی ناوه‌رۆکی ئه‌م دوو گرته ده‌نگییه و شێواز و جۆری ئاخاوتن و ته‌نانه‌ت ئاستی کاریگه‌ریی هه‌ر کام له‌م دوو که‌سه له پانتایی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیدا نییه، به‌ڵکوو ئاماژه به نه‌بوونی وشیاریی پێویست له تۆڕێکی گه‌وره‌ی بڵاوکردنه‌وه و به‌شکردنه‌وه‌ی گوتار به ناو میدیادا، دواتر ئه‌و لێكەوتە و کاریگه‌رییانه‌ن که ڕه‌نگه هه‌ندێکیان به ئاسانی پاساوی بۆ نەهێنرێته‌وه و کاریگه‌ری و زیانه‌کانی درێژماوه بن، به تایبه‌تی له‌مه‌ی دواییاندا که ڕسته‌کانی "خوا ئه‌هێنمه خواره‌وه"، "وه‌ک قه‌حبه و..." لێدان له وێنا و وێنه‌ی ئه‌و گوتاره‌یه که ساڵانێکی دوورودرێژه به‌رگری له ڕێز له هه‌موو بیروبۆچوونه‌کان و پێکه‌وه‌ژیان ده‌کات، به‌ڵام له وه‌ها ئاخاوتن و زاری سه‌رۆکی نوێیه‌وه، قه‌یران و پاشاگه‌ردانی و جۆره تاکڕه‌وی و تاکجه‌مسه‌رییه‌ک مانیفێست ده‌کات که نه ڕێز له ئاین ده‌گرێت و نه به‌ها له‌مێژینه ئه‌خلاقی و ڕه‌وشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگەی کوردی!
ئه‌ویش له ناو گوتارێکدا که نه باوه‌ڕی وابووه وه‌ها بێڕێزی به پیرۆزییه‌کانی کۆمه‌ڵگە بکات نه وه‌ها ڕوانگه‌یه‌کی به‌رته‌سک و ترادیشناڵ و نه‌رێتیشی بۆ ژن هه‌بووه که ئاوه‌ڵناوێکی وا بێنێته پانتایی کایه‌ی گوتاره‌که‌یه‌وه! گوتارێک که ده‌یان ساڵه ڕێزی له چالاکی و که‌رامه‌ت و حورمه‌تی ژن گرتووه و له‌گه‌ڵ نیشتمان و دایک شیرازه‌ی خۆی پێکه‌وه ناوه.
چاره‌سه‌ری ئه‌م هه‌ڵه و قه‌یران و فاوڵانه، باوه‌ڕ به ڕوانینێکی خۆڕه‌خنه‌كردن و ڕه‌خنه‌هه‌ڵگرییه تا وا نه‌زانین حوکمی هه‌موو دنیا له‌ژێر ده‌ستی ئێمه‌دایه و له دۆخێکی سایکۆلۆجیی تایبه‌تدا قسه‌یه‌ک بکه‌ین که خۆمان له خه‌ڵوه‌تیشدا پێمان خۆش نه‌بێت.