ده‌روازه
بۆ تێگه‌یشتن یان ناسینی چه‌مكی ده‌وڵه‌ت له ڕووی یاسایی و سیاسییه‌وه، ده‌بێت گه‌شتێك بكه‌ین به ناو مێژووی دنیادا، به‌تایبه‌تی ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی 16، دوای كۆنگره‌ی ویستڤالیا له ساڵی ١٦٤٨ كه ئه‌مه وه‌ك سه‌ره‌تا و پێشه‌كییه‌كی سیاسی به‌مانای ئه‌مڕۆ، هه‌رچه‌نده به درێژای مێژوو جۆرێك له حوكمڕانی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بوونی هه‌بووه، به فۆرم و شێوه‌ی جیاوازه‌وه وه‌ك میرنیشنه‌كان، و خێڵه‌كی، شانشین، ئیمپراتۆرییه‌كان و چه‌ندان شێواز و فۆرمی تری به‌ڕێوه‌بردنی بینیوه، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت به درێژایی مێژووی ڕابردوو، پێناسه‌یه‌كی سیاسیی بۆ نه‌كراوه، به‌ڵام له دوای كۆنگره‌ی ویستڤالیا، ده‌وڵه‌ت له ڕووی سیاسییه‌وه پێناسه‌ی بۆ كرا و فۆرمێكی سیاسیی وه‌رگرت، هاته ناو دنیای سیاسه‌ته‌وه.
به‌ڵام ئێسته پێناسه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له‌سه‌ر بنه‌ما و بناغه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌ك نه‌ماوه، واتا گۆڕانكاریی به‌سه‌ر چه‌مكی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌دا هاتووه، ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌ش مابێت، ئه‌وه له سیستمی ڕامیاریدا ئه‌م ده‌وڵه‌ته به ده‌وڵه‌تێكی شۆڤینی هه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه گه‌لانی ریفۆرمخواز و پێشكه‌وتوو له دوای سه‌تان ساڵ له ململانێ و پێكدادان و خه‌بات و شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی و ڕامیارییه‌وه، ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه به‌مانا كردارییه‌كه‌ی بنیات بنێن.
ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه بریتییه له‌م سیستمه رێكخستنه‌ی كه به جیۆگرافیا و سیاسه‌ت و كولتوور ده‌ناسێنرێت، میله‌ت شوناسێكی كولتوورییه كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هاوبه‌شه، ده‌وڵه‌تیش ئیداری و كارگێڕی حوكمڕانییه، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه ده‌بێت له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش پێكهاتبێت.
بنه‌مای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق
1- دانانی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ به مه‌لیكی عێراق كه دانراوی ئینگلیزه‌كان بوو، واتا ڕه‌وایه‌تیی خه‌ڵكی عێراقی پێ نه‌درابوو.
2-ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق له ساڵی ١٩٢٥، ته‌نیا ده‌ستووری هه‌میشه‌ی عێراق بوو له سه‌ده‌ی ڕابردوو، له دوای ڕووخانی رژێمی پاشایه‌تیی ١٤ ته‌مووز، ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق هه‌ڵوه‌شایه‌وه، واتا له دوای كوده‌تای ١٤ ته‌مووز تا ساڵی ٢٠٠٥، عێراق خاوه‌نی ده‌ستوورێكی هه‌میشه‌یی نه‌بوو، ته‌نیا خاوه‌نی ده‌ستووری كاتی بوون، ئه‌مه‌ش فاكته‌رێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی متمانه له نێوان پێكهاته‌كان نه‌بێت.
3-له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق له ساڵی ١٩٢١دا، یاسایه‌ك ده‌رچوو بۆ سوڵحی عه‌شایه‌ری، ئه‌مه‌ش بووه فاكته‌رێك بۆ دروستبوونی بژارده‌یه‌ك له سه‌رۆك و هۆزه‌كان، واتا له‌گه‌ڵ دروستبوونی ئه‌م بژارده‌یه، ناسنامه لۆكاڵییه‌كان به‌هێزتر بوون له ناسنامه سه‌ره‌كییه‌كه.
4- دابه‌شكردنی كورد بۆ سه‌ر چوار پارچه و لكاندنی ویلایه‌تی مووسڵ به باشووری عێراق، ئه‌مه‌ش وایكرد ناوچه‌كه نائارامیی زیاتر به‌خۆیه‌وه ببینێت، به‌تایبه‌تی بۆ عێراق، چونكه جۆرێك له پێكدادانی نه‌ته‌وه‌یی دروست بوو له عێراقدا.
عێراق و شكستی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دوای شكستی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، دابه‌شكردنی موڵكی عوسمانی به‌پێی په‌یماننامه‌ی سایكس پیكۆ، ئه‌وه بووه له ساڵی ١٩٢٠-١٩٢١ ده‌وڵه‌تی عێراق دامه‌زرا، هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق، كار نه‌كرا له‌سه‌ر دروستبوونی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له عێراقدا، واتا ئه‌و سیستمه حوكمڕانییه‌ی له عێراق دامه‌زرا، كاری له‌سه‌ر دروستبوونی نه‌ته‌وه‌ی هاوبه‌ش له عێراقدا نه‌كرد، واتا عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه نوێنه‌رایه‌تیی پێكهاته‌كانی خۆی بكات.
عێراق نه‌یتوانی ببێته چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی ته‌واوی پێكهاته و ڕه‌نگه جیاوازه‌كان وه‌ك (كورد و عه‌ره‌بی شیعه و سوننه و توركمان و ئاشوور و كلدانی)، هه‌روه‌ها متمانه‌یه‌ك نه‌بوو له نێوان پێكهاته‌كانی عێراقدا، چونكه ئه‌م پێكهاتانه به زۆره‌ملێ ناچاری له چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌ت كۆ كرابوونه‌وه، به جۆرێك هه‌ر رژێمێكی ده‌هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، كاری له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی تر ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كۆنترۆڵی عێراق بكات، بۆ نموونه كه‌مینه‌یه‌ك له عێراق حوكمی ده‌كرد هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق تا ساڵی ٢٠٠٣، ئه‌م كه‌مینه‌یه‌ش هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و ڕه‌نگه جیاوازكانی ده‌دا، بۆ نموونه شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال، كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و سه‌ركوتكردنی عه‌ره‌به شیعه‌كان.. هتد.
هۆكاری شكستی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له عێراقدا
1- ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌گرته ده‌ست، كاریان له‌سه‌ر بنه‌مای په‌روه‌رده‌یی و كولتووری هاوبه‌ش نه‌ده‌كرد، هه‌میشه هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی یه‌كتریان ده‌دا.
2-نه‌بوونی هاوسه‌نگی له ڕووی حكوومه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن له ناو پێكهاته و ڕه‌نگه جیاوازه‌كانی عێراق.
3- ئه‌مانه‌ش بوونه به‌شێك له كولتووری سیاسی یان وه‌ك مۆدێلێكی سیاسیی لێ هاتبوو له‌ناو عێراقدا، به جۆرێك له دوای رووخانی رژیمی پێشووی عێراقیش له ساڵی ٢٠٠٣، هه‌وڵی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه شكستی هێنا، چونكه به هه‌مان عه‌قڵی پێشوو حوكمڕانیی عێراق ده‌كرێت.
4-حوكمڕانی له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌زی و ره‌چه‌ڵه‌كی و مه‌زه‌وی له عێراق، به‌درێژایی مێژوو به‌رده‌وام بووه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، بۆیه له عێراقدا ناتوانرێت ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه دروست بێت.