چواره‌مین کۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (MEPS-2023) له زانکۆی ئه‌مریکیی کوردستان-دهۆک له ڕۆژانی 19-21ی ئەم مانگە به‌ڕێوه چوو، زیاتر له 150 که‌سایه‌تیی سیاسی و شاره‌زای ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیی تێیدا به‌شدار بوون و له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پانێل و ته‌وه‌ری گرنگی وەك "دۆخی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، ئاڵنگاریی ئه‌منی و ئاسایش، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی تەناهیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، گۆڕانه‌کانی که‌شوهه‌وا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پرسگر و که‌مکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان" گفتوگۆ و باسی گرنگ خرانە ڕوو.
ئه‌م کۆڕبه‌نده له بارودۆخێکدا که ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ناو هاوکێشه‌یه‌کی لێڵی نادیاردا ده‌ژی، مانای تایبه‌تی خۆی هه‌یه، جیا له‌وه‌ی ده‌رخه‌ری پێگه‌ی به‌هێزی هه‌ولێریشه له ئاستی دیپلۆماسی جیهانیدا وه‌ک پایته‌ختی کوردستان. گومانێک له‌وه‌دا نییه ناوچه‌که به‌ره‌و گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره ده‌ڕوات و هه‌بوونی پێگه‌ی دیپلۆماسیی و سیاسیی به‌هێز ده‌توانێت تا ئاستیک گه‌ره‌نتیکه‌رێکی تەناهیی و سیاسیی به‌هێز بێت بۆ ئه‌و ڕووداوانه‌ی له داهاتوویه‌کی نزیک یان دووردا دێن. گه‌ره‌نتیکه‌ر بۆ ئه‌و هه‌رێم و وڵاتانه‌ی وه‌ک ناوه‌ندێکی ئه‌مین و متمانه‌پێکراو بۆ مانیفێستکردنی نه‌زمی نوێ و شانۆی دیپلۆماسی و سیاسیی ناوچه‌که ڕۆڵ ده‌گێڕن.
له دوای ڕووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ر و زه‌قبوونه‌وه‌ی ئه‌و پواز و ناپاکییه‌ی له ماڵی کورددا هه‌یه، ده‌سه‌ڵاتی شیعیی له ناوچه‌که‌دا له ڕێگه‌ی هه‌موو ئامراز و لۆبیه‌کانییه‌وه ویستی نه‌ک ته‌نیا کورد لاواز بکات، به‌ڵکوو ویستی هه‌ر هێزێک که ئیراده و خواستی به‌ره‌و ئارامی و سه‌قامگیریی و پێکه‌وه‌ژیان لەم ناوچه‌یه‌دا ده‌جووڵێت، کپ و لاوازی بکات، له ڕاستیدا ئێمه ده‌بێت بابه‌ته‌که وه‌ک شه‌ڕی دوو جه‌مسه‌ری گه‌وره‌ی جیهانبینیی و پارادایمی نوێ له ناوچه‌که‌دا لێک بده‌ینه‌وه. به‌و مانایه‌ی نه‌زمێکی نوێ خه‌ریکه له ناوچه‌که‌دا ده‌گوزەرێت و به شێوه‌ی ڕه‌ها ناتوانین بڵێین ئه‌مه پرۆژه‌یه‌کی یه‌کلایه‌نه‌ی زلهێزه‌کانه، به‌ڵکوو ده‌کرێت بڵێین ئه‌مه جۆره به‌رگرییه‌کی نوێی زلهێزه‌کانه له‌و به‌ها سیاسی و مرۆییانه‌ی شارستانیه‌تی ڕۆژئاوا به‌رهه‌می هێناوه.
له کۆتاییه‌کانی سه‌رده‌می سه‌رۆک ترەمپه‌وه پاشه‌کشێی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان به سه‌رپشکی ئه‌مەریکا خرایه خشته‌ی جێبه‌جێکردنه‌وه، ئه‌گه‌رچی زۆر كەس وا لێکیان ده‌دایه‌وه كە هێز و ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تی تره‌مپ پێشبینینه‌کراوه و ده‌شێت ته‌کتیکێکی کاتی بێت و تره‌مپ هه‌ر کاتێک بیه‌وێت ده‌توانێت ئاڕاسته‌که پێچه‌وانه بکاته‌وه، به‌ڵام ڕه‌گوڕیشه‌ی ئه‌م تێڕوانین و سیاسه‌ته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی که ستراتیجیست و پسپۆڕه سه‌ربازیییه‌کان و که‌سانی شاره‌زای بواری ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مەریکا، له پاش هیێرشی سه‌ر ئه‌فغانستان و نه‌هێشتنی تاڵیبان و هه‌روه‌ها ئازادكردنی عێراق و له‌ناوبردنی ڕژێمی به‌عسی شووم و دواتر به‌شداریی ئه‌مەریکا له‌و هاوکێشه‌ی هێز و ململانێیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ئه‌و جیۆگرافیا تێکچووه و به گشتی کۆی ناوچه‌که خستیانه ڕوو.
هه‌موو ئه‌مانه و هاتنه‌پێشی كاریگەرانەی ڕووسیا له هاوکێشه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ڕووداوه‌کانی دواتر تا گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ سه‌ر حوکم و ده‌سپێکردنی هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆکراینا، ئه‌و ئاماژانه‌یان ده‌رخست که ئه‌مەریکا به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان خه‌ریکی پێداچوونه‌وه به هاوسه‌نگیی خۆی و هێزه ئاماده‌کان له ناوچه‌که‌دایه یان ئه‌م ئه‌گه‌ره له ئارادایه که ئه‌مەریکا بڕێک زیاتر بوار بدات به‌و هێز و پێکهاتانه‌ی ئیراده‌گه‌ران و خۆ ده‌نوێن و له سه‌رێکی تریشەوە ده‌کرێت بڵێین ڕه‌نگه واشنتۆن بیه‌وێت ئاڕاسته‌ی گۆڕانکاریی و ده‌رکه‌وتنی هێز له ناوچه‌که‌دا به بارێکی ئۆرگانیکی و سروشتی‌دا بڕوات و هه‌ر ئیراده و هێزێک له کۆتایی ئه‌م ململانێ و کێشمه‌کێشه‌دا مایه‌وه، ئه‌و ده‌بێت به به‌شێکی نوێ له هاوکێشه و نه‌زمه نوێکه.
ئێمه له به‌شداریی ناڕاسته‌وخۆ و کۆنسێرڤاتیستانه‌ی ئه‌مەریکا و ئه‌ورووپا له شه‌ڕی ڕووسیا و ئۆکرایندا، تێگه‌یشتین که ئه‌مەریکا ئیتر تا سنوورێکی دیاریکراو دێته پێش، به‌و شێوه‌یه نییه خۆی هه‌ڵکات و بێته ناو گۆڕه‌پانه‌که‌وه و وڵاتێک به هه‌ر نیازێکه‌وه (هێنانی دیموکراسی یان هه‌ڵێنجانی نه‌وت و پێدانی دیموکراسیی زۆره‌ملی و هاورده) داگیر یان ڕزگار بکات. قۆناغی زه‌قبوونه‌وه و به‌رجسته‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌مان له سه‌رده‌می بایدندا به ته‌واوه‌تی بۆ ده‌رکه‌وت، ئه‌و وێنه میدیاییه جیهانییه له بایدن وه‌ک سه‌رۆک کۆمارێک پێشان درا، وێنه‌ی پیاوێکی پیری په‌ککه‌وته و خەیاڵپڵاو بوو که له به‌شێک له لێدوانه‌کانیدا ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ که‌سێکی نه‌بینراودا ده‌کرد یان چه‌ندان بابه‌تی له‌م شێوه‌یه، به‌ڵام سیاسه‌تی ئه‌مەریکا ته‌نیا به بایدێنه‌وه پێناسه ناکرێت، به‌ڵکوو ڕێكخراو و تۆڕێک له ستراتیجیستان و ئه‌نجوومه‌نه جۆراوجۆره‌کان و كۆنگرێس ئاڕاسته‌ی ده‌که‌ن.
ئێسته ئه‌و قۆناغه‌یه به هاتنه ژووره‌وه‌ی ڕژدی چین و ده‌رکه‌وتنی ئه‌و ڕاستییه‌ی که چین ده‌یه‌وێت شوێنگره‌وه‌یه‌کی جیاوازی ئه‌مەریکا وه‌ک نوێنه‌ری سیستمی سه‌رمایه‌داری-لیبراڵ بێت و جێگیرکه‌ری سیستمێکی سۆسیالیستی به شێوازێکی نوێ و جیاواز له سه‌رده‌می ما‌و بێت، هه‌وڵ بۆ دروستکردنی ئه‌و نه‌زمه نوێیه هاتووەته قۆناغێکی ناسکه‌وه. ئه‌مانه ده‌لاله‌تی ئەوەن که ئه‌مەریکا و ئه‌ورووپا له‌و هاوپه‌یمانییه مێژووییه‌دا هێشتا پابه‌ند و پته‌و ماونه‌ته‌وه و ده‌یانه‌وێت به باشی بکه‌ونه وێزه‌ی ئه‌م نه‌زمه نوێیه‌وه و ده‌کرێت بڵێین له ئاستێکی ناسکدا به‌دوای هاوپه‌یمانی ڕاسته‌قینه و نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام لێره‌دا ئیتر وه‌ک نه‌زم و هاوکێشه‌ی نوێ هاوپه‌یمانه‌کان مه‌رج نییه زلهێز یان ده‌وڵه‌تانی درشت و کاریگه‌ر و سه‌ربه‌خۆ بن، به‌ڵکوو ده‌کرێت هه‌رێمی کوردستان (جیاواز له‌و پێوه‌ندی و هاوپه‌یمانییه‌ی تا ئێسته له‌گه‌ڵ ئه‌مەریکا هه‌یبووه)، به‌هۆی ئه‌و ئیراده‌گه‌ریی و کۆڵنه‌دان و خۆراگریییه‌وه، یه‌کێک له‌و هاوپه‌یمانه نوێ و متمانەپێكراوەكانی ئەو هاوکێشه نوێیه‌دا بێت.
هه‌موو ئه‌و گوشارانه‌ی له‌لایه‌ن حکوومه‌تی به‌غدا و لۆبییه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێران و میلیشیاکانەوە خرانە سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و هه‌موو ئه‌و پلانانه‌ی بۆ مه‌ترسی خستنه سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم خرانه گه‌ڕ، نه‌یتوانی پێگه‌ی سیاسی و دیپلۆماسیی كوردستان لەق و لاواز بکات، بێگومان له ئاستی ئابووریی و گوشارخستنه سه‌ر خه‌ڵک و بڕینی مووچه و قووتی خه‌ڵک بە ئێستەیشەوە، ئازاری گەلێك دەدەن و به پله‌ی یه‌که‌میش به‌غدا و میلیشیاکان و لامه‌رکه‌زییه‌کان لێی به‌رپرسیارن، به‌ڵام به هه‌موو ئه‌مانه‌یشه‌وه هه‌بوون و به‌ڕێوه‌چوونی کۆڕبه‌ندی ئاوا له دهۆك و ئه‌و هه‌موو جووڵه و هاتووچۆ دیپلۆماسییه له هه‌ولێر، هه‌ر له شاندی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه بگره تا نێردەی وڵاتان و باڵوێز و سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی وڵاتانی ئه‌ورووپا، ده‌رخه‌ری ئه‌و پێگه به‌هێز و پته‌وه‌ن که دیاریکه‌ری ڕۆڵ و جێگه‌ی هه‌رێمن له هاوکێشه‌کانی به‌رده‌م و نه‌زمی نوێی داهاتوودایه.