باسکردن له زیره‌کیی ده‌سکرد Artificial intelligence)) هاوکات باسکردنه له دووجه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌ک و ململانێ له نێوان هه‌ڕه‌شه و هیوادا. ڕه‌نگه زۆر له ئێمه و به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی ئاسایی که دوورن له بابه‌ته هه‌نووکه‌ییه‌کانی دنیای زانست و ته‌کنه‌لۆجیا و بۆ به‌شێکیش له‌وانه‌ی له عه‌ینی ئه‌وه‌ن و چاودێری ڕووداوه زانستی و لێکه‌وته‌کانی ده‌که‌ن، ئه‌و بوومه‌له‌رزه و شه‌پۆله مه‌زنه‌ی زیره‌کیی ده‌سکرد که بڕیاره له ساڵانی داهاتوودا زۆر شت له زه‌ین و تێڕوانینی ئێمه بگۆڕێت، هه‌ست پێ نه‌کرابێت. ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینەمان به خه‌ڵکی ئاسایی و نائاساییە‌وه، هێنده‌ی له چه‌قی به‌کارهێنان و مه‌کینه‌ی ته‌کنه‌لۆجیادا ده‌ژین، هێنده هەست به‌و شه‌پۆله ناكەین كە به‌رمان ده‌که‌وێت. واته وه‌ک ئه‌و ڕسته به‌ناوبانگه‌یه که ده‌ڵێت، خه‌ڵکی گوێ ده‌ریا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێنده له نزیكی دانیشتوون و ژیاون، ده‌نگی شه‌پۆله‌کانی ئاو نابیستن، به‌ڵکوو ئه‌وانه ده‌یبیستن که تازه ده‌گه‌ن و له قووڵایی ده‌ریا ڕاده‌مێنن و سه‌رنجی بڵق و که‌فاوی قەراخەكەیشی ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی خێرا و ئاسایی بده‌ین لە ئه‌پەكانی تۆڕەكانی کۆمه‌ڵایه‌تی وەك ئینستاگرام و ئێكس که ساڵانێکه خۆیشمان به‌کاریان دێنین، هه‌ڵگری هه‌ندێک توانا و وزه‌ی زیره‌کیی ده‌سکردن، به‌ڵام به ڕێژه‌یه‌کی دیاریکراو. ئه‌و ئه‌پانه بۆ نموونه له فلته‌رکردنی بابه‌ته توندئاژۆکان یاخۆ بابه‌ته‌کانی پێوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ تیرۆر و پۆرنۆگرافی و... جۆره زیره‌کییه‌کیان بۆ پێناسه کراوه که له کاتی که‌وتنه‌ڕێی وه‌ها جووڵه‌یه‌ک له‌ناو ئه‌په‌که و له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت، به‌شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی و خۆبه‌خۆ، هوشیار ده‌بێته‌وه و له هه‌مبه‌ر ئەو کرده‌وه‌یه ڕێوشوێنه پێویسته پێناسه‌کراوه‌کان بۆ فلته‌رینگ ده‌گرێته به‌ر!
به‌ڵام ئه‌مه لایه‌نه ئه‌رێنی و ساده و ڕه‌شۆکییه‌که‌ی زیره‌کیی ده‌سکرده، ئه‌گه‌ر تۆزێک زیاتر بگه‌ڕێینه‌وە دواوه و باسی ئه‌و زه‌وینه‌سازیی و پێکۆڵکارییه زه‌ینییه‌ی سینه‌مای هۆلیوود بکه‌ین، ده‌بینین 22 ساڵ پێش ئێسته له فیلمێکی زانستی خه‌یاڵیدا به‌ناوی (هاوشێوه)، له ده‌رهێنانی ڕینگۆ لام (2001)، بوونه‌وه‌رێکی ده‌سکردی زیره‌ک له شێوه‌ی ڕۆبۆتێکی گۆشتنی مرۆیی، دروست ده‌کرێت که تۆوه‌که‌ی له مرۆڤێکی ئاسایی وه‌رگیراوه. ئه‌م مرۆیه له پلانێکی داڕێژراودا ڕووبه‌ڕووی خۆی ده‌بێته‌وه و خۆی ده‌بینێت! خۆیه‌ک که به‌شێکی زۆری تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی "خۆی" هه‌یه! ده‌توانێت وه‌ک ئه‌و بیر بکاته‌وه و قاوه بخواتەوە و بیره‌وه‌رییه‌کانی مێشکی هه‌ڵداته‌وه! ئه‌وه‌ی پێویستی به ئاماژه نییه له ئاوه‌ها هاوکێشه‌یه‌کدا، خۆی یان "خود" تووشی قه‌یران و سه‌رلێشێواوییه‌کی ڕاسته‌قینه و هاوکات زه‌ینی ده‌بێت، فۆبیا و ترسی ناخودبوون و سه‌راببوونی "خۆ"ی هه‌موو گیانی ده‌ته‌نێت، ئه‌مه ته‌نیا ڕووه وجوودیه‌که‌یه‌تی و له لایه‌نه ئه‌خلاقیه‌که‌یشییه‌وه ئه‌م خوده‌ی که کۆپی لێ وه‌رگیراوه، له‌به‌رده‌م ئه‌م مه‌ترسیه‌دایه که ژن و منداڵ و ژیانی له‌لایه‌ن ئه‌و ڕۆبۆته ده‌سکرده‌وە كە هەر لە خۆی دەچێ، ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگیرێت و بۆ هه‌میشه بنه‌ماڵه و ژیان و بوونی له کیس بدات!
ڕاسته کاتێک ئه‌م فیلمه دروست کرا هێشتا ئینته‌رنێت به شێوه‌یه‌کی گشتی به‌ربڵاو نه‌بوو، ته‌نیا له ئاستێکی که‌م و سنوورداردا حکوومه‌ته‌کان که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گرت، به‌ڵام میدیا و سینه‌مای جیهانیی وه‌ها فانتازیایه‌کی (مه‌به‌ستدار یان بێ مه‌به‌ست)، دروست کرد که پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیا ده‌توانێت به‌دواداهاتی ئه‌خلاقی و لێکه‌وته‌ی مه‌ترسیداری وجوودیی هه‌بێت.
له‌و سه‌رده‌مه‌وه تا ئێسته که ئێمه مۆبایلی زیره‌ک به‌کار دێنین تا ئه‌و سیستمه زیره‌کانه‌ی به‌رگریی سه‌ربازی و زۆر بابه‌ت و شتی تر خراوه‌ته به‌ر باس و له ئاستی کرده‌یشدا به‌کار هاتوون، به‌ڵام زیره‌کیی ده‌سکرد ته‌نیا ئه‌م ده‌رکه‌وته کرده‌کی و به‌کارهێنه‌رانه‌یه نییه، به‌ڵکوو ئایدیا و خه‌ونێکی زانستییه که ده‌رگایه‌کی گه‌وره‌ی به‌ڕووی ئه‌گه‌ری سه‌یروسه‌مه‌ره و کۆنترۆڵنه‌کراودا کردووه‌ته‌وه.
ڕه‌نگه تا ئه‌م قۆناغه زیره‌کیی ده‌سکرد له پێگه‌ی ئامرازێکدا بێت بۆ پێوه‌ندیی و هه‌روه‌ها بڕێک لایه‌نی فان و ڕابواردنیشی هه‌بێت وه‌ک یارییە دیجیتاڵییه‌کان، به‌ڵام ڕاستییه‌کی تاڵ و سامناک ئه‌وه‌یه، ئه‌م ته‌کنه‌لۆجیایه خۆی به‌رهه‌مهێنراوی وڵاتانی پێشکه‌وتووه و توانا و پوتانسێڵه‌کانی تا ئێسته ته‌نیا بۆ گه‌رمکردنی بازاڕی خۆیان ده‌خه‌نه به‌رده‌ست ئێمه، درۆنه‌کان شێوازێکن له به‌کارهێنانی زیره‌کیی ده‌سکرد که هه‌ندێ وڵاتی نیوه‌پێشکه‌وتوویش هه‌یانه، به‌کارهێنانی زیره‌کیی ده‌سکرد له بواری سه‌ربازیی ده‌توانێت لێکه‌وته‌ی گه‌وره‌ی کاره‌ساتاویی لێ بکه‌وێته‌وه. زیره‌کیی ده‌سکرد ده‌ڵێت، ده‌توانێت ته‌مه‌نی مرۆڤێک که ئێسته ساغ و ساخڵه‌مه بخه‌مڵێنێت و پێی بڵێت له چه‌ند ساڵی داهاتوودا ده‌مرێت. ئایا ئه‌مه ئه‌فسانه‌کانی زانسته که بوون به واقیع یان وردە ورده خه‌ریکن ده‌بن به واقیع و ڕه‌هه‌ندی پێشگۆیانه و سه‌روو-کات په‌یدا ده‌که‌ن؟
ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌مه جیهان و پارادایمێکی نوێیه که زیاتر له جاران مرۆڤ له فۆرمی بوونه‌وه‌ر و سووژه‌یه‌کی هوشیار دێنێته ده‌ره‌وه و بڕیاره ماشینی و میکانیکییه‌کان له ئاسته جۆراوجۆره‌کانی شارستانییه‌تدا ڕۆڵ ده‌گێڕن! بێگومان لێره‌ش هه‌ژموون و هێز به‌و وڵاتانه‌یه که زیاتر له‌و ئاسته‌دا پێشکه‌وتوون و ڕه‌نگه ئه‌وان وه‌ک هه‌لێک چاوی لێ بکه‌ن، به‌ڵام بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌لیش بێ، هاوکات و له درێژماوه‌دا هه‌ڕه‌شه‌یشه.
ئه‌مه بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌کوو کورد ته‌واو به ڕاست ده‌گه‌ڕێت، زیره‌کیی ده‌سکرد ده‌توانێت له پلاتفۆرم یان ئه‌په جیاوازه‌کاندا له ئاستی کولتووری و ڕۆشنبیری و په‌ره‌پێدان به زمانی کوردی‌دا ڕۆڵ بگێڕێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و پلاتفۆرمانه ده‌توانن واقیعی ڕه‌سه‌نی کولتوویی ئێمه ده‌سکاری بکه‌ن به باری نه‌رێنیدا، وه‌ك دیبه‌یتی گۆرانییه‌کی موحسین چاوشیی (بواری مۆسیقای پۆپ!) له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌کی مه‌زنی وه‌کوو حه‌سه‌ن زیره‌ک (کۆڵه‌که‌ی ڕه‌سه‌نی مۆسیقای کلاسیکی کوردی!) که میدیا زه‌رده‌که‌ی نه‌وه‌ی نوێ واته "ئێن ئاڕ تی" بانگه‌شه‌ی بۆ کردووه و په‌ره‌ی پێ ده‌دات.
ئه‌مانه هه‌ڕه‌شه‌کانن هاوکات ده‌توانن هه‌لیش بن، زیره‌کیی ده‌سکرد تۆڕێکی گه‌وره و مه‌زنه له ئه‌گه‌ر و ئیمکان بۆ بیرکردنه‌وه و بڕیار و قسه‌کردن و زۆر جاریش ده‌توانێت ڕێپێشانده‌ر بێت، به‌ڵام له ئاستێک‌دا که مرۆڤ کۆنترۆڵی ئه‌و بکات نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه.
له‌م ڕۆژانه‌دا هه‌واڵنێری یه‌کێک له که‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنییه‌کان کۆمه‌ڵێک پرسیار له ڕۆبۆتێکی زیره‌ک به ناوی سۆفیا له کۆمپانیای هانس ڕۆبۆتیکس (زیره‌کیی ده‌سکرد) له‌باره‌ی کورد و شوێنگه و دۆزه‌که‌ی ده‌کات، ئه‌و ناڵێت نه‌ته‌وه به‌ڵکوو ده‌ڵێت: گرووپێکن. ئه‌مه ئه‌نجامی هه‌زاران داتا و ئه‌گه‌ر و زانیارییه که ئه‌و ڕۆبۆته هه‌یه‌تی و به‌ری نییه له ئاڕاسته‌کردن و به‌کارهێنان له لایه‌ن خاوه‌نه‌که‌یه‌وه که دیاره ڕۆبۆته‌که جنسییه‌ی سعوودی هه‌یه!
لێره‌دا پاشگری "ده‌سکرد" زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه و زیره‌کییه‌که‌ی ئاڕاسته‌کراو ده‌رده‌که‌وێت و ده‌کرێت له ئاستی ئامرازێکی کۆلۆنیالیستانه و چه‌وسێنه‌رانه‌وه له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانی کوردستان یان هه‌ر هێزێکه‌وه که ته‌ماحی کوردستان بکات، به‌کار بهێنرێت. ئه‌گه‌رچی هه‌ر له‌م زیره‌کییه ده‌سکرده‌یان پرسی ئایا کورد ده‌بێت به ده‌وڵه‌ت، وه‌ڵامێکی ژیرانه و عاقڵانه‌ی دایه‌وه و گوتی، هه‌موو شتێک ده‌پۆڕێت و ئه‌مه به‌نده به کورد خۆیه‌وه و خۆڕاگری و هه‌وڵ و تێکۆشانیانه‌وه.