کاتێک باسی جادوو ده‌که‌ین، به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان باسی زانستیش ده‌که‌ین. ڕاسته جادوو له پێناسه‌ی ئێستەیدا هه‌ڵگری توخمی ڕه‌ش و ناپاکانه‌یه دژی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگە و به چه‌ندان ڕێگه‌ی نه‌شیاو و ناباو دەكرێت و له‌و سۆنگه‌یه‌وه هه‌وڵ ده‌درێت ژیانی که‌سێک بخرێته مه‌ترسییه‌وه یان خواست و پێویستییەك جێبه‌جێ بکرێت و ئێسته‌یش ئێمه له کوردستان نموونه‌ی وا ده‌بینین که که‌سێک بۆ ئامانجێکی دیاریکراو 100 هەزار دۆلار به جادووگه‌رێک ده‌دا. ئه‌م فامه گشتییه له کولتووری گشتیی مرۆڤدا له دێرزه‌مانه‌وه هه‌بووه و قۆناغ دوای قۆناغی گه‌شه‌ی مرۆڤ له ڕووی زانستی و فه‌لسه‌فییه‌وه شێوازه‌که‌ی گۆڕاوه و لایه‌نه ڕه‌مزی و میتافۆڕییه‌کانی ده‌رکه‌وتوون.
جادوو هه‌ر کاتی ئافراندنی مرۆڤ یان با بڵێین له سه‌رده‌مێکدا مرۆڤ بۆ مانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سروشتدا که‌وته ململانێ و جۆرێک دیالیکتیک هه‌بووه، هه‌ندێک له لێکۆڵه‌ران پێیان وایه، جادوو له شێوازه سه‌ره‌تایی و به‌ده‌وییه‌کانی زانسته و جۆرێک له پێوه‌ندیی ناباو (به پێوه‌ری هه‌نووکه) و ڕازاویی له‌گه‌ڵ سروشتدا هه‌بووه و له‌م پێوه‌ندییه‌دا مرۆڤ که‌لێنه مه‌عنه‌وییه‌کان و بێهێزیی خۆی له ڕێی دروستکردنی ئایدیا یان باوه‌ڕێک له قه‌واره‌ی په‌یکه‌ر یان ئامرازێک که ئێمه له ژێر ناوی فیتیشیزمدا ده‌یناسین و له زمانی ئاینه‌کانیشدا پێی ده‌ڵێن بتپه‌ره‌ستی. له‌م سۆنگه‌یه‌وه جادوو به‌ر له‌وه‌ی واقیعێکی ئۆبژه‌کتیڤ یان هه‌بوونێکی ڕاسته‌قینه‌ی هێزێکی خورافی و بان‌سروشتی بێت، جۆره تێگه‌یشتنێکی ناوه‌کی و زه‌ینی بووه که به‌سه‌ر سروشت و ده‌رکه‌وته و دیارده‌کانیدا پراکتیزه و جێبەجێ کراوه.
له تێڕوانینی ده‌روونناسیدا باوه‌ڕ به جادوو تایبه‌ته به‌و مرۆڤانه‌ی له ڕووی که‌سایه‌تییه‌وه لاوازن و ئیراده‌یان نییه. دیارده‌ی جادوو وه‌ک "جه‌یمز جه‌ی فرایزه‌ر" وه‌ک یه‌کێک له لێکۆڵه‌رانی ئه‌م بواره ده‌ڵێت، زڕخوشکی زانسته. واته له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌کانی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگەدا جۆره مه‌عریفه‌یه‌کی به‌ده‌وی بووه بۆ ڕێکخستنی پێوه‌ندیی مرۆڤ له‌گه‌ڵ جیهان و به تایبه‌تی سروشتدا. كەواته له سه‌رده‌مێکدا که سروشت شه‌قڵنه‌شکاو و ده‌ست تێنه‌براو بووه و هێز و ترسناکیی خۆی به‌سه‌ر زه‌ین و جیهانی مرۆڤدا سەپاندوە، دیارده‌ی جادوو له شارستانییه‌ته کۆنه‌کانی وه‌ک میسر، سۆمه‌ر، ئەکه‌دی و که‌لدانی و به تایبه‌ت له ناوچه‌ی میزۆپۆتامیا و نێوان دوو ڕووباردا هه‌بووه.
ئاستی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م زانسته به‌ده‌ویی و زڕزانسته به ڕاده‌یه‌ک بووه که تا ده‌رباری پادشا و ڕاوێژکاره‌کانیان ڕۆیشتووه و له‌وه‌ش سه‌رووتر له چوارچێوه‌ی پێشبینی، ئه‌ستێره‌ناسی، حساوگه‌ری، فاڵگرتنه‌وه و خه‌وپه‌رژینکردن ده‌رکه‌وتووه و له هه‌موو کولتووره‌کاندا نموونه‌ی په‌یدا ده‌بێت، هه‌ر کولتوورێکیش به‌پێی باوه‌ڕه‌کانی خۆی پشتگیریی لێ کردووه و ئێسته‌یش ده‌یکات.
له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا و پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی توندئاژۆیی ئاینی مه‌سیحییه‌ت، جادوگه‌ره‌کانیان له ئاگردا ده‌سووتاندا، له سه‌رده‌می ڕیفۆرمی ئاینی ئه‌ورووپادا پرۆتیستانته‌کان پێیان وابوو، کڵێسه‌ی کاسۆلیک كەڵك له جادوو وه‌رده‌گرێت و له ناو بازنه‌ی کوفردا ده‌ژی. له کولتووری ئیسلامیشدا باوه‌ڕ به سیحر و جادوو هه‌م له ده‌قه‌کاندا ده‌رکه‌وتووه و هه‌میش له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکدا، تا ئێسته‌یش ده‌یبینین.
ئه‌گه‌رچی وه‌ک له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری، ده‌رکه‌وتن و دره‌وشانه‌وه‌ی جادوو به پله‌ی یه‌که‌م پێوه‌ست بوو به پێوه‌ندی به‌ده‌ویی مرۆڤ له‌گه‌ل سروشتدا، به‌ڵام پاش مۆدێرنه و زاڵبوونی مرۆڤ به‌سه‌ر سروشتدا تا ئاستی ده‌ستێوه‌ردان و مه‌ترسی دروستکردن بۆ سروشت (هه‌ر له توانه‌وه‌ی سه‌هۆڵه‌کانی جه‌مسه‌ری باشووره‌وه بگره تا کونبوونی توێژی ئۆزۆن و جه‌نگه جیهانییه‌کان و چالاکییه ئه‌تۆمیه‌ه‌کان وهتد...) باوه‌ڕ به جادوو له‌و فۆرمه به‌ده‌وی و کلاسیکییه‌ی ده‌رچوو و زۆر کاڵ و لاواز بوو. بۆ نموونه، هه‌ر له کۆمه‌ڵگەی کوردی خۆماندا تا 30 ساڵێ پێش ئێستە، دایه و دایه‌گه‌وره و باوه‌گه‌وره‌کانمان ده‌یانگێڕایه‌وه که فڵان دێوه‌زمه یان مێرده‌زمه‌یان بینیوه یان جنۆکه‌یه‌کی ئاواهی له‌سه‌ر فڵان کانی له شێوه‌ی بزنێکی ڕه‌شدا دوایان که‌وتووه!
خۆی باوه‌ڕ به جادوو به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ نییه و نه‌بووه، به‌ڵکوو باوه‌ڕ به جیهانێکی له‌خۆمانبه‌تر و نه‌ناسراوه که ده‌رگای جادوو و بابه‌تی بان‌سروشتی به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌کاته‌وه، به‌ڵام ئێسته دوای نوێبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگە و زیادبوونی حه‌شامه‌ت و خاپووربوون و به‌تاڵبوونه‌وه‌ی گونده‌کان (به‌داخه‌وه) و قه‌ره‌باڵخبوونی سه‌یرانگە چۆڵ و کپ و باخه سامداره‌کانی پێشوو... که‌م که‌س هاتووه بڵێ له فڵانشوێن ده‌عبا و بوونه‌وه‌رێکی نائاساییم بینیوه. که‌واته دۆخی پێشکه‌وتنی مرۆڤ هاوپێ له‌گه‌ڵ دۆخی زه‌ینیدا دێت و باوه‌ڕ و ئایدیا کۆنه‌کان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام به‌م حاڵه‌ته و هه‌موو ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌یشه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕ و بیری ئایدۆلۆجی و ئاینی به‌شێک له کولتووره‌کان هه‌ڵگریی ئه‌م تێڕوانینه‌ن، ئێسته و تا ئه‌م چرکه‌ساته هه‌ندێ که‌س هه‌ر باوه‌ڕیان به جادوو و کاریگه‌رییه‌کانی ماوه، له کوردستاندا به‌شێک له خه‌ڵک ڕۆژانه ده‌که‌ونه داوی جادووگه‌ره‌کانه‌وه و پاره‌ی زۆر خه‌رج ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مرازیان به‌دی بێت.
به‌پێی باوه‌ڕه ئیسلامییه‌کان، سێ جۆر نوشته و جادوو له کوردستاندا ئێسته هه‌ن:
یه‌که‌م نوشته‌ی سوور که به مه‌به‌ستی کوشتن یان خۆکوژی که‌سێک به‌کار دێت و له کۆمه‌ڵێک وێرد و نوسراو‌ی سه‌یر و نه‌ناسراو و جۆره ڕێوڕه‌سمێکی ڕازاوی پێکدێت.
دووه‌م نوشته‌ی ڕه‌شیی که بۆ دابڕان و دروستکردنی کێشه له نێوان ژن و مێرد و خۆشه‌ویست و خێزانه و ئه‌میش به هه‌مان میکانیزمدا تێپه‌ڕ ده‌بێت. بەڵام سێیەم كە نوشته‌ی سپیە، وه‌ک ئه‌و دووه‌ی تر باو و به‌ناوبانگ نییه، بۆ نزیکخستنه‌وه‌ی دوو یار و خۆشه‌ویست به یه‌که‌وه.
دیاره هه‌بوونی ئه‌م دیارده‌یه و له‌م سه‌رده‌مه‌دا نیشانه‌ی ئاماده‌یی که‌شێکه له به‌ده‌وییه‌ت و دواكەوتوویی، گومانێک له‌وه‌دا نییه که گۆشه‌یه‌کی پان و به‌رین له که‌وندا هه‌یه، نه‌ک ئێمه که به‌شێکی بچووک له زانست و تێڕوانینی مه‌عریفیمان هه‌ڵگرتووه، به‌ڵکوو ئه‌و زانسته باڵایه‌ش که هێشتا به‌ر ئێمه نه‌که‌وتووه، هه‌ر لێی نه‌چووه‌ته ژووره‌وه و گوزارشت له هه‌بوونی جۆرێک ڕاز و نه‌ناسراوی له دنیادا ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه چاره‌نووسی ژیان و هه‌ڵبژاردنه‌کانمان بده‌ین به ده‌ست که‌سێک که بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات پێوه‌ندییه‌کی بانسروستی و سوپه‌رنه‌چراڵی هه‌یه و ده‌توانێت ده‌ستێک له یاساکانی گه‌ردوون وه‌ربدات له به‌رامبه‌ر پاره (که‌می یان زۆرییه‌که‌ی بابه‌تێکی دیکه‌یه)، به‌ڵام خۆی هێشتا ده‌ستی بۆ پاره ڕاگرتووە و ده‌یه‌وێت سه‌رمایه کۆ بکاته‌وه و شوقه و بینایه‌کی باشی پێ بکڕێت و هاوسه‌رگیری بکات! جگه له گاڵته‌جاڕی و یاریی به عه‌قڵی خه‌ڵکانێک که باوه‌ڕیان به‌و بابه‌تانه‌یه، هیچیتر نییه.
بێگومان ئه‌مانه کۆمه‌ڵێک ده‌سبڕ و چاوبه‌ستکارن که له ده‌قه ئاینییه‌کان و باوه‌ڕه کۆنه‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی پاره په‌یدا بکه‌ن و هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌کیش به ناوی کۆمه‌ڵگەدا بڵاو ده‌که‌نه‌وه و تاک و کۆمه‌ڵی کورد به‌م شێوه‌یه له ئیراده‌گه‌ریی ده‌خه‌ن و فۆبیای جۆراوجۆر و ترسناک له ناخیاندا جێگیر ده‌که‌ن، بۆیه هه‌م له ڕووه ئاینییه‌که‌یه‌وه باشتر وایه ئه‌مانه وه‌ک له ده‌قه‌کانیشیاندا هاتووه، ڕه‌ت بکرێنه‌وه، هه‌میش ده‌سخۆشی له داوده‌زگاکانی حکوومه‌ت بکه‌ین که ئه‌م که‌سه ساخته‌چیانه دبگرن و سزایان بدەن.