"سەرناكەوی تا ڕێی سەخت نەبڕی"، ئەم پەندە لە زۆر وڵات و ئەزمووندا خۆی دەنوێنێ. وڵاتە بەھێزەكانی ئێستەی دنیا لەم قۆناغەی ھەرێمی كوردستان پێیدا دەڕوات، دەرباز بوون و گەیشتن بە ئەمڕۆ، ئەو ڕێیە پڕە لە ئاڵنگاری و بەربەست و قەیرانی سەخت، نەیارنیشی ھەمیشە دژایەتییان دەكەن بۆ ئەوەی ھیچ وڵاتێكی تری بەهێز لە دنیادا دەرنەكەوێت و ھەر خۆیان خاوەن بڕیار بن.
ئەگەر شۆڕشی ئەتاتورك نەبوایە لە دوای جەنگی یەكەمیی جیهان، شتێك نەدەبوو بەناوی توركیای ئێستە كە چەندان ساڵە زلهێزی ناوچەكەیە. ئەگەر شا ڕەزای پەھلەوی نەبوایە، ئێران بە تەواوی دەبوو بە موڵكی بەریتانیا و ڕووسیا كە یەكیان رۆژئاوای وڵاتەكەی لە ژێردەستدا بوو، ئەویتریش رۆژھەڵات. ئەمەریكا بە پلانی درێژخایەن و پڕۆژەی ستراتیجی بووە یەكەم زلهێزی دنیا. بەریتانیا بە ستراتیج و زیرەكیی خێزانی شاھانە، بوون بە خاوەنی نیوەی موڵكی وڵاتانی دنیا.
كورد تا خەبات و قوربانیدانی زیاتر بێت، داوای مافی زیاتر دەكات، جاران گەلی كوردستان تەنیا داوای ئەوەیان دەكرد لەسەر خاكی خۆیان بمێننەوە و دەرنەكرێن، دوای قوربانیدان گوتیان دەبێت لەسەر خاكی خۆمان ھەندێك كار بە دەستی كوردەوە بن. دوای چەندان شۆڕش، داوای خودموختاری و ئۆتۆنۆمی كرد تا دەسەڵات هەمووی بە دەست ناوەندەوە نەبێت، زمانی كوردیش بە زمانی فەرمی بناسرێت. دوای ئەوەش پێیان هەرس نەكرا، دواتر كورد داوای ھەرێم و دیموكراتی و فیدراڵی كرد. ئێستەیش كە لە فیدراڵی تێناگەن و ھەر دەیانەوێ دەسەڵات ناوەندیی بێت، كورد داوای زیاتر دەكات تا دەگات بە كۆنفیدراڵی و سەربەخۆیی، بۆ ئەوەی كورد خاوەن بڕیاری سەربەخۆی خۆی بێت. مەسروور بارزانی بە ئاشكرا و ڕاشكاوانە لە لووتكەی حكوومەتەكان لە ئیمارات، ئاماژەی بەمە دا.
مەسروور بارزانی دەیەوێ كورد بباتە قوناغێكی تر، بۆ ئەوە شۆڕشی بنیاتنانی سیستم و ژێرخانی پەرپا كرد، ئەمە وایكرد یەكسەر بچێتە لیستی ڕەش و نەخوازراوی نەیارانی گەلی كوردستانەوە، بەشێوەیەك ئەوان هێڵی سووریان لەسەر ناوی داناوە كە ئیتر نابێت سەرۆكی حكوومەت بێت یان پۆستێكی باڵا وەربگرێت.
مەسروور بارزانی ھەر سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم شۆڕشی راگەیاند، كارنامەی كابینەكەی پڕ بوو لە پڕۆژەی ستراتیجی و درێژخایەن، پلانی ئەوەبوو ئیتر كارتی فشاری وڵاتانی دەوروبەر لەسەر ھەرێمی كوردستان كەم بكرێتەوە. دەستی كرد بە گەرەنتیكردنی ئاسایشی خۆراك و رێگەوبانی سەردەمیی تا ژینگەیەك دروست بكات، چاوی وەبەرھێنانی جیهانی زیاتر بەلای ھەرێمدا بڕوانێ. ھەرێم لە گەمارۆی ناوچەكە دەربچێت بەرەو قۆناغی باشتر ھەنگاو بنێت، ببێت بە خاوەن بڕیاری سەربەخۆی خۆی، لە بەرانبەردا نەیارەكانی كورد دەیانەوێت هەمیشە چاولەدەست بین بۆ ئەوەی ھەرێمێكی خاڵی لە دەسەڵات و لاواز هەبێت و ھەر لە ژێر بڕیاڕ و ئەجێندای ئەواندا بمێنێتەوە.
گۆڕینی ئاراستەی داعش بۆ ھەرێم، بڕینی بودجەی ھەرێم، مووشەك و درۆن، بۆ ئەوەن كوردستان رادەست بێت و نەبێت بە خاوەنی خۆی، بەڵام مەسروور بارزانی نەك رادەستی سیاسەتی ئەوان نەبوو. لەگەڵ ئەوەی لە لیستی ڕەشی ئەواندایە و سیاسەتوانی دڵخوازی ئەوان نییە، كاتێك لە داڤۆش بوو، ئێران مووشەكی گرتە ھەولێر و ئەو لۆبییەكی وای دروست كرد، یەكەم جار بوو زۆرینەی وڵاتانی دنیا ئێران سەركۆنە بكەن، ھەروەھا ئامادە نەبوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران كۆ ببێتەوە، ئەمە یەكەمجار بوو كەسێكی بێ دەوڵەت، بە زمانی فەرمی بە ئێران بڵێت نا، ھەرچەندە دەیزانی ئەمە بۆ بەرژەوەندی كەسیی خۆی خراپ دەبێت و ئەوان زیاتر بەرانبەری ھار دەبن، بەڵام بارزانی بۆ شكۆی كورد، وتی ئەم گەلە خاوەنی ھەیە و ئیتر ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ژێردەستی.
ھەموو ئەو فشار و قەیران و دژایەتییانەی لەسەر كابینەی نۆ ھەن، لەسەر ھەر وڵاتێكی دنیا بونایە، دەمێك بوو پەكی كەوتبوو، پەتای كۆرۆنا لەلایەك و دابەزینی نەوت لەلایەكی تر و فشارەكانی دادگا و دەرەكی و بڕیارە شۆڤێنییەكانی بەغدا، درۆن و مووشەكەكانی ئێران و پیلانەكانی ناوخۆ بۆ ئەوەی ئابووری ھەرێم بە بارمتە بگرن، ئامانجی ئەوەبوو ھەرێمی كوردستان بەتەواوی لاواز بێت و لەناو بچێت، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی ھەرێم ماوە و ھەرچی سەختییە بڕیویەتی و زۆری نەماوە زاڵ ببێتە سەر ھەموو كێشەكاندا. ئەوكات دەبینرێت ھەرێم ھەر بەرەو پێشەوە دەچێت و جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ دواوە