له قۆناغی ئێسته‌ی کو‌لتووریی ئێمه‌دا وه‌ک مرۆڤ، ئه‌گه‌رچی کتێبی کاغه‌ز وه‌ک دیارده‌یه‌کی شارستانیساز و مێژووبگۆڕ ڕۆڵی که‌م بووه‌ته‌وه و کتێبی ئه‌لیکترۆنی و بابه‌ته‌کانی سه‌ر شاشە، واته هه‌م ماڵپه‌ڕه‌کان و هه‌م ڕۆژه‌ڤه‌کانی ناو به‌رنامه جۆراوجۆر و هه‌مه‌ڕه‌نگه جیاوازه‌کانی تی ڤی و لایڤه‌کان، به‌شێوه‌یه‌ک جێیان به کتێب وه‌ک ئه‌و دیارده یا بڵێین ئه‌و بوونه‌وه‌ره گیانداره نامرۆڤه له‌ق کردووه، به‌ڵام هێشتا هه‌ر خه‌رمانه‌ی دره‌وشاوه و ڕاکێشه‌ریی خۆی پاراستووه!
ئه‌وه‌ی تا ئێسته کتێب به‌ته‌واوه‌تی شکستی نه‌هێناوه و به‌دووریشی ده‌زانم به‌ره‌و که‌ناری ئاوابوون و نوقمبوون له‌ناو زه‌ریای شه‌پۆله‌کانی دنیای دیجیتاڵ و زیره‌کیی ده‌سکرددا بڕوات، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆحی ڕه‌مزیی کتێبی کاغه‌ز! ڕه‌نگه ئه‌مه ده‌ربڕینێکی نامۆ و نه‌ناسراو بێت، به‌ڵام کتێب به نیسبه‌ت ئامرازه قایشی و شووشه‌یی و ئه‌لیکترۆنییه‌کانی دنیای ئێستەوە، زیاتر و قووڵتر له ئێمه نزیکتره. ڕه‌نگه به‌و هۆیه‌ی کتێب به پله‌ی یه‌ک له ڕه‌گه‌زی ڕاسته‌قینه‌ی سروشت و وه‌چه‌ی دره‌خته‌کانە، دره‌خت هه‌م له زه‌ینی ناهوشیار و خه‌یاڵدانی ئه‌فسانه‌یی مرۆڤدا پله‌ی سه‌ره‌کی و یه‌که‌مینیان هه‌یه و هه‌میش له جیهانی هوشیارماندا هه‌میشه په‌ناگه و بیرخه‌ره‌وه‌ی ئێمه‌ن بۆ دنیایه‌کی پاک و بێگه‌ردتر و ته‌ندروستتر.
کاتێک ئاده‌م و حه‌وا له میوه‌ی دره‌ختی قه‌ده‌غه‌کراو مه‌نع کران، که‌م که‌س پرسی و ئاوڕی دایه‌وه، بۆچی ده‌بێت ئه‌م ده‌رچوونه له به‌هه‌شت به‌هۆی دره‌ختێکه‌وه بێت؟ ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی له ته‌وراتدا وه‌ک دره‌ختی مه‌عریفه یان تێگه‌یشتن له چاکه و خراپه ناوی هاتووه، ئاما‌ژه‌یه‌کی ڕوونتر بێت به دره‌خت وه‌ک کتێبێکی به پێوه‌وه‌ستاو و هێشتا له‌چاپنه‌درا و قه‌دنه‌کراو و درێژکوله، کتێبێکی لقوپۆپدار که مانا و ڕازه‌کانی به گه‌ڵای وشه و چڵی ڕسته‌کاندا شۆڕ بووه‌ته‌وه. له ئه‌فسانه‌ی خه‌لیقه‌تدا، ئاوڕ له ئاده‌م و حه‌وا، تاووس، مار (شه‌یتان) و وه‌سوه‌سه و زۆر شتی دیکه دراوه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌ک وتم دره‌خت خۆی وه‌ک پوتانسێڵ و توانستێکی هێزه‌کیی له به‌رده‌م بوونی مرۆڤدا که‌متر ئاوڕی لێ دراوه‌ته‌وه.
ده‌شێت له‌م ڕوانگه‌یه‌وه وا بیر بکه‌ینه‌وه که کتێبی به پێوه‌وه‌ستاو یان هه‌مان دره‌خت، هه‌ڵگری تۆ و میوه‌ی گوناهـ بێت، گوناهێک که یه‌که‌مین و بنه‌ڕه‌تیترینیانه. واته گوناهی یه‌که‌م، گوناهێک نه‌ک به مانا شه‌رعی و فیقهییه‌که‌ی، به‌ڵکوو به مانا ئەنتۆلۆجی و بوونناسانه‌که‌ی، گوناهێک هی تێگه‌یشتنه له چاکه و خراپه‌ی دنیا، یان تێگه‌یشتن له‌وه‌ی بۆچی دنیا ده‌بێت به چاکه و خراپه لێک بدرێته‌وه؟ یاخۆ له درێژه‌دا و وه‌ک بیرکردنه‌وه‌ی نیچه‌ییانه له سه‌رووی چاکه و خراپه و هه‌تا دواتر.
کتێبی کاغه‌زی له‌گه‌ڵ ڕه‌چه‌ڵه‌کی سروشتی و هاوکات بانسروشتیی خۆی، هێشتا پێوه‌ندی نه‌پچڕاوه، به‌ڵام ورده‌ورده خه‌ریکه له ڕێگه‌ی هه‌ودا و ڕایه‌ڵه‌کانی دنیای مه‌جازیی و زیره‌کی ده‌سکرده‌وه، ئه‌م لقوپۆپه‌ی خه‌یاڵی مه‌عریفی گونهائالوودی مرۆڤی له‌گه‌ڵ ڕیشه‌ی یه‌که‌مین دره‌ختی گوناهئامێزدا موتوربه کردووه، ده‌که‌وێته به‌ر مه‌ترسی.
دنیای مه‌جازیی زیاتر به وێنه ئیش ده‌کات، هێنده‌ی له توانستی خه‌یاڵی واڵای مرۆڤ ده‌دات، خه‌یاڵی مرۆڤ به‌سه‌ر ئاڵۆزیی دنیای خه‌لیقه‌ت و که‌ون ناکاته‌وه، خه‌یاڵکردن ته‌نیا وێناکردنی شته ناواقیعی و نه‌بینراوه‌کان نییه، به‌ڵکوو ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤه بۆ هه‌موو جۆره داهێنانێک له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ی مرۆڤ تا ئه‌م چرکه‌ساته به‌رهه‌می هێناوه و به داهێنان ڕه‌نگڕێژ کراوه و به زمان و فیگه‌ره‌کانی سواغ دراوه. دنیای دیجیتاڵ و مه‌جازی دنیایه‌ک له زانیاریی و وێنه ده‌خاته به‌رده‌ستی ئێمه و کاتمان لێ داگیر ده‌کات، مه‌جال و هه‌لی بیرکردنه‌وه و خه‌یاڵکردنی قووڵمان لێ وه‌رده‌گرێت و ده‌بێت تا زووه و نه‌ڕۆشتووه خۆمان له‌گه‌ڵ هه‌واڵێک، وێنه‌یه‌ک و زانیارییه‌ک یه‌کلا بکه‌ینه‌وه ئه‌گینا له هه‌واڵ و وێنه و زانیاریی دوو کاتژمێری دواتر تێناگه‌ین و پاش ده‌که‌وین، له قافڵه‌ی پێشکه‌وتنی مه‌جازی به‌جێ ده‌مێنین.
ئه‌م هاوکێشه‌یه وای لێدێت زیره‌کیی ده‌سکرد که مه‌کینه‌ی پشتی هه‌موو ئه‌م تۆڕه میدیاییه نوێیه‌یه، له باتی ئێمه خه‌یاڵ بکات، خه‌یاڵدانمان ببێت به یاریی ده‌ستی ئه‌و و دواجار داگیری بکات و به‌م جۆره ئاستێکی هه‌ره که‌م له چێژ و بیرکردنه‌وه‌مان بۆ دێڵێته‌وه و دواجار ئاڕاسته‌یەکی هوشیارانه یان ناهوشیارانه بۆ ئێمه دیاری ده‌کات که خۆی پلانی بۆ داڕشتووه. ئه‌مه سه‌رده‌می ئه‌و ماشینیبوون و به مه‌کینه‌یبوونه‌یه که زۆر بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفی وجوودگه‌را له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هۆشدارییان له‌بارەوە دا. بۆیه به‌م شێوه‌یه کتێب به مانا کاغه‌زییه‌که‌ی که وه‌ک وتم ڕۆڵی شارستانیساز و مێژووگۆڕانه‌ی له ئه‌ستۆ بوو، له ئاستی ئه‌م هه‌موو له‌شکره‌ی وێنه و زانیاریی له‌ناکاو و گوماناوی و دژبه‌یه‌کدا شوێنی پێ لەق ده‌بێت و ئه‌وانه‌یشی هێشتا کتێبساز و کتێبنووسانی ڕه‌سه‌ن و کاغه‌زین، که‌متر ده‌رفه‌تی کاریگه‌ریی و ڕه‌وتسازییان بۆ ده‌مێنێته‌وه.
دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه کتێبه کاغه‌زییه‌کان ناتوانن به هه‌مان ناوه‌رۆکه‌وه ببن به کتێبی ئه‌لیکترۆنی، به پێچه‌وانه‌وه یه‌کێک له ده‌سکه‌ته ئه‌رێنییه‌کانی جیهانی مه‌جازی و نوێی میدیا، ئه‌وەیە که بۆ کۆمه‌ڵگەی وه‌ک ئێمه، مه‌جالی ئه‌وه‌یان ڕه‌خساند زۆر کتێب و وتار و زانیاریی بیرمه‌ندانه بکه‌ونە به‌رده‌ست بۆ هه‌موو که‌س، به‌ڵام له لێشاوی یاریی میدیایی نوێ‌دا، ڕۆحی کتێبه به کاغه‌زی و ئه‌لیکترۆنیه‌وه، په‌راوێزنشین و غه‌ریب ده‌که‌وێت. ئێمه به زۆری له جیهانی تۆڕ و په‌یج و ئه‌کاونته‌کاندا تا دێت کتێبه‌کان به‌شێوه‌ی پارچه پارچه و به‌شبه‌شکراو ده‌بینین، لێره‌وله‌وێ قاشێک له کتێبێک، پارچه‌یه‌ک له شیعرێک، په‌ره‌گرافێک له ده‌قێکی ئه‌ده‌بی یان فه‌لسه‌فی، نیوه‌لاپه‌ڕه و قیچه ڕووداوێک له کورته‌چیڕۆک یا ڕۆمانێک ده‌بینین.
ئه‌مه ئه‌و سڕانه‌وه و په‌راوێزخستنه‌یه که زۆرینه به بێده‌نگی یان ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی که‌مێک بۆڵه‌ی ڕۆشنبیرانه یا بیرمه‌ندانه‌وه قبووڵیان کردووه، ناهومێدانه یان به ناچاری ملکه‌چی بوون و ڕێکه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دنیا جارێک به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا ده‌ڕوات، ئیتر خه‌یاڵدانی ئێمه بیر له داهێنانی ده‌ورانساز و گۆڕانی شۆڕشگێڕانه و دروستکردنی مرۆڤی باڵای هیوادار (وه‌ک خه‌ون و خه‌یاڵێکی ئه‌م قۆناغه) ناکاته‌وه.
بێگومان وه‌کوو کورد که نه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆین و نه حکوومه‌تی باشوور توانای به‌دیهێنانی هه‌موو خواست و چاوه‌ڕوانییه‌کانی کوردزمانی هه‌یه، دۆخی ئێمه قه‌یراناویتر و مه‌ترسیدارتره. بێگومان ناشبێت گۆڕانی ئه‌م دۆخه‌یش ته‌نیا له ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت و هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا ببینینه‌وه، به‌ڵکوو ئیلیت و بیرمه‌ند و دەستەبژێر/نوخبه‌کان ده‌توانن ڕێگه‌خۆشکه‌ر و زه‌وینه‌سازی ئه‌وه بن، کتێب وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی ڕه‌سه‌نی خه‌یاڵکردن و بیرکردنه‌وه بێت، کولتوورێک دروست بکه‌ن تا دره‌خت و کتێب وه‌ک په‌ناده‌ر و پارێزه‌رانی بوون و ژیانی مرۆ بناسێنن، وه‌ک چۆن مرۆڤ له‌تاو گه‌رمایه‌کی تاقه‌تپڕووکێنی کوشنده به هه‌ڵه‌داوان و بله‌ز خۆی کێش ده‌کات بگاته سێبه‌ری دره‌ختێک، ده‌شێت کولتوورێک دروست بکه‌ین مرۆڤی تینووی مه‌عریفه و پرسیارکه‌ری ئێمه تامه‌زرۆیانه به‌ره‌و پیری کتێب بڕوات و له گۆشه‌گیری و خه‌ڵوه‌تی کوشنده‌وه بیانهێنێته ده‌ره‌وه و بکه‌وێته قسه له‌گه‌ڵیان، به‌ڵام ئه‌مه چۆن ڕوو ده‌دات؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه ده‌بێت هه‌موومان له‌سه‌ری بوه‌ستین.