هاوکێشە تازەکان چۆن پەیوەندییەکانی واشنتۆن و هەولێر دەگۆڕن

AM:10:59:22/08/2024 ‌
پێوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە سێ دەیەی رابردوو، زۆر هەوراز و نشێوی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. لە هەندێ قۆناغدا ئەم پێوەندییانە چوونەتە ئاستێکی زۆر فرەوان و باڵاوە، لە هەندێ سەردەمیشدا ساردبوونەوە و پشتگوێخستنی ئەمەریکی بە ڕوونی بینراوە. نموونە مێژووییەکان و داتا بەردەستەکان ئەوە دەخەنە ڕوو، بەشێکی بەرچاوی ئەم کاڵبوونەوە یا تۆخبوونەوەیە، پێش ئەوەی گرێدراو بن بە پێوەندی دوو لایەن و پێگەی هەرێمی کوردستانەوە، زیاتر لەژێر کاریگەری هاوکێشە هەرێمی و جیهانییەکاندا بوون، ئەو هاوکێشانە وایان کردووە ئاستی بایەخ و گرنگیپێدان بە کورد گۆڕانکاری بەسەردا بێت، واتە هاوکێشە جیهانی یان هەرێمییەکان زیاتر رۆڵیان هەبووە لە دیاریکردنی پێگەی جیۆپۆڵەتیکی و بایەخی سیاسی هەریمی کوردستاندا.

بە گشتی لە دوای ساڵی 2007 و 2008، بەریەککەوتنی دوو تەوژمی گەورە لە هاوکێشەی پێچەوانە و دژیەکی نێودەوڵەتی و هەرێمی، پێگەی کوردستانیان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا دیاری کردووە. لەو دوو ساڵەی ئاماژەی پێکراوە، ئابووری ئەمەریکا و جیهانی ئازاد تووشی قەیرانێکی گەورە بوو، ئەمە وایکرد ئەمەریکا بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە. بۆ چینی دەستەبژێر و بڕیاردەر و بڕیارسازی ئەو وڵاتە دەرکەوت، سەرقاڵبوونیان بە جیهانی دەرەوە و لە سەرووی هەموویانەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وایکردووە، ناوخۆ پشتگوێ بخەن و لە هەمانکاتیشدا بوار بۆ چین خۆش بوو زیاتر پەرە بە هێز و پێشکەوتنی خۆی بدات. 

ئەم تێڕوانینە وایکرد لە سەردەمی سەرۆک ئۆبامادا لەژێر کاریگەریی پێویستی و ترسە نوێکاندا، ئەمەریکا خشتەی کارە لە پێشینەکانی بگۆڕێت. زیاتر گرنگی بە ناوخۆ درا و لە دەرەوەیش بە تایبەت دوای ساڵی 2011 زیاتر گرنگی بە رۆژهەڵاتی دوور دراه‌ بۆ ئەوەی بیر لە چین بکرێتەوە و ئەو وڵاتە لە قاڵب بدرێت. 

بەگشتی، ئەمە گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کەم کردەوە، لە سەرووی هەموویشییەوە ئیدی ئەمەریکا ئەو بایەخەی بە کورد نەدەدا وا لە ساڵی 2003 تا 2011 دابووی. بە ئاسانی پاشەکشێی لە عێراق کرد و کورد کەوتە ژێر گوشارێکی تاقەتپڕووکێنی بەغدا و هاوپەیمانەکانییەوە.

لە ڕاستیدا ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئەم گەورە رەوتەدا، رێڕەو و رێی درێژخایەنی خۆی دیاری کرد، بەڵام هاوکێشەیەکی هەرێمی تا ڕادەیەک و بۆ ماوەیەکی کاتی پلانەکەی ئەوانی پێچەوانە کردەوە. سەرهەڵدانی داعش و مەترسی تیرۆر، وایکرد ئەمەریکا جارێکیتر گرنگی بە ناوچەکە بداتەوە. هەرچەند ئەمەریکا خۆی لە بەشداری گەورە و فرەوان دزییەوە، بەڵام هەر ئەو بەشدارییە نیوە گەورەیە وایکرد پێگەی جیۆپۆڵەتیکی و بایەخی سیاسی و سەربازی کوردستان ببووژێتەوە. ئەو دۆخە تازەیە گرنگی کوردی وەبیر ئەمەریکا هێنایەوە.

بەڵام ئەم گۆڕانکارییە نە هەمیشەیی بوو نە درێژخایەن، ئەمەریکا پاش 2017 و کاڵبوونەوەی مەترسی تیرۆر، جارێکیتر گەڕایەوە سەر پلان و هاوکێشە گەورەکەی، وەک چۆن 2011 کوردیان بەجێهێشت، ئەمجارەیش هەمان سیناریۆیان دووپات کردەوە، 

پێدەچێت تێڕوانینی کورد و هەرێمی کوردستان زیاتر لەژێر کاریگەری هاوکێشە هەرێمییەکەدا بووبێت و فاکتەرە نێودەڵەتییەکەیان بە وردی یان بە پێی پێویست نەخوێندبێتەوە، لەبەرئەوەی کورد ئەگەر گرنگی بە ژینگە نێودەڵەتییەکە بدایە، بۆی روون دەبووەوە هاتنەوەی ئەمەریکا کاتییە و دەبێت لەم هاتنەوەیە زۆرترین کەڵک وەربگرێت.

دوا بەدوای 2017 ئەمەریکای سەردەمی سەرۆک ترەمپ و بایدن تا ڕادەیەکی زۆر سیاسەتێکی هاوشێوەیان بەرانبەر کوردستان بردە پێشەوە. وەک بەشێکی لەبیرکراوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەیان لەگەڵ کرد. گەرچی وا دەخوێندرایەوە سەردەمی بایدن جیاواز بێت و ئەو گرنگی بە کوردستان بدات لەبەرئەوەی ئەندازیاری دابەشکردنی عێراقە بۆ سەر سێ هەرێم، بەڵام هەموو ئەو پێشبینیانە بە هەڵەدا چوون، چونكە جیهانی ڕوو لە گۆڕان و پێویستی و ترسە تازەکانی ئەمەریکایان، بە هەند وەرنەگرتبوو.

ئەم دۆخە لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام بوو، بەغدا هەر رۆژەو کارتێکی دژ بە کورد دەجووڵاند، وایلێهات جگە لە گوشاری ئابووری، سیاسی و دپلۆماسی، هەولێر مەترسی راستەقینەی ئەمنیشی کەوتە سەر. بەردەام مووشەک و درۆنیان تێ دەگرت، ئەمەیش بە بەرچاوی ئەمەریکاوە رووی دەدا. 

لەوانەیە ئەمەریکییەکان لە ڕووی ئاکارییەوە حەزیان کردبێت گوشارەکانی سەر کورد کەم بکەنەوە، یا گوشار لە بەغدا و تاران و ناوچەکە بکەن پاڵپەستۆ کەم بخەنە سەر کورد، بەڵام لای ئەوان روون بوو هەر جۆرە دەستێوەردانێک لە ناوچەکەدا باری سەرنجی ئەوان لەسەر ناوخۆ و هەروەها رۆژهەڵاتی ئاسیا و هاوکات رۆژهەڵاتی ئەورووپا لا دەدات. 
ئەمەریکا پاش شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، ئیدی بە تەواوەتی ناوچەکەیان لەبیر کرد. بۆ ئەوان ئەوە گرنگ بوو رووسیا و چین وەک دوو رکابەری گەورە و سەرسەختی واشنتۆن لە قاڵب بدرێن. ئیدی کوردستان و زۆربەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چییان بەسەر دێت، ئەوەندە بەلایانەوە جێی بایەخ نەبوو. بەڵام دیسان رووداو و هاوکێشەیەکی هەرێمی پلانە گەورەکەی ئەمەریکای پێچەوانە کردەوە.
 
حەوتی ئۆکتۆبەر ئەو چرکەساتەیە، جارێکیتر باری سەرنجی ئەمەریکای گۆڕییەوە، واتە دیسان هاوکێشەیەکی هەرێمی وایکرد ئەمەریکا دەستبەرداری هاوکێشە جیهانییەکەی ببێت، رێک وەک سەردەمی سەرهەڵدانی داعش. ئێستە دەنگێک لە واشنتۆن دەبیسترێت، لەبەرئەوەی تەنیا ئامادەیی فرەوانمان لە رۆژهەڵاتی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ئەرووپادا هەیە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە پاروویەکی چەور بۆ رکابەر و دوژمنەکانمان، بە جۆرێک ئەوان ئێستە خەریکن ناوچەکە بۆ خۆیان یەکلا دەکەنەوە و ئەگەر پلانێکی ڕژدمان بۆ ئەو ناوچەیە نەبێت، دوور نییە لە هاوسەنگی هێزدا رووسیا، چین و ئێران براوەی ئەم ناوچەیە بن.

لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەر، ئەمەریکا قۆناغ بە قۆناغ بە سیاسەتی خۆیدا چووەتەوە، بە تایبەت بەرانبەر بە کورد، ئەوەی لە کۆتایی شوباتی 2023 مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی واشنتۆن کرد و لە ئاستی باڵادا پێشوازی لێ کرا، هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو. ئەمەریکا ئەو پەیامەی بە عێراق و هاوپەیمانەکانیدا كە ئیتر ناتوانن وەک قۆناغی رابردوو چیتان بوێ بەرانبەر بە کورد بیکەن، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە:

1-ئەم سیاسەتە هەمیشەییە، لەوانەیە وەکوو قۆناغی 2014 تا 2017 کاتی بێت.  
2-سیاسەتی نوێی ئەمەریکا زۆر دەڵەمەییە و هێشتا شەوارەیەکی زۆر بەرچاوی ئەوانی گرتووە، ئەوان نەک بۆ کوردستان، بۆ کوی ناوچەکە پلانێکی گشتگیریان نییە و نازانن لە کۆی پرۆسەکەدا دەبێت چۆن و تا چ ئاستێك بەشدار بن و چ رۆڵێکی سیاسی بە کورد بدەن. 

بەپێچەوانەی سەردەمی داعش، لێرەدا ئەوەی گرنگە، هەولێر خۆی هەوڵ بدات بەرچاوروونی زیاتر بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەرانبەر کورد ببەخشێت.
ئەمەریکییەکان زۆر ناشارەزان و ئەوەندەیش لێرەولەوێ سەرقاڵن، نازانن چی و چۆن بەرانبەر بە کورد بکەن، لە کاتێکدا کورد خۆی دەتوانێت لە دووتوێی پڕۆژەیەکدا بێ ئەوەی گوشاری زۆر بخاتە سەر ئەمەریکا، بەرژەوەندییەکانی هەردوولا لە شوێنێکدا یەکانگیر بکات کە پێی رازین. 

ئەگەر کورد ئەم قۆناغە کاتییە لە دەست بداتەوە، لەوانەیە جارێکی تر بکەوێتەوە بەر رەحمەتی هاوکێشە جیهانییەکەی ئەمەریکاوە، ئەو هاوکێشەیەی نەک کورد، زۆربەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەر بەلاوە گرنگ نییە.