بەربەستە جیۆسیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چۆن مانا بکرێنەوە

AM:10:13:17/09/2024 ‌
لە سادەترین و هەروەها باوترین پێناسەدا، جیۆپۆڵه‌تیک بریتییە لە کاریگەریدانانی جیۆگرافیا بەسەر کردەوە و بڕیاری سیاسیدا. واتە پێگە و هەڵکەوتەی جیۆگرافی وڵات یان هەرێمێک لە ڕووی سیاسییەوە، بەربەست یان دەرفەتی بۆ دەخولقێنێت.

ئەگەر جیۆپۆڵەتیک بەربەست و ئاستەنگ دروست بکات لەبەرئەوەی، ئەمە پرس و بابەتێکی ناچارییە و لە دەرەوەی ئیرادەی ئەکتەرەکەوە بەسەریدا دەسەپێت، دەبێت خۆی لەگەڵ ئەو راستییە درێژخایەن و زۆرجار نەگۆڕەدا بگونجێنێت، بە ڕوونی و بە عەقڵێکی سارد و بێ هەڵچوون، بیخوێنێتەوە و رێ نەدات جیۆپۆڵەتیک ببێت بە هۆکار بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی. 

لە ئاستی نێودەڵەتیدا هەرێمی کوردستان لەبەر سێ هۆکار بە یەکێک لەو ئەکتەرانە دەناسرێت كە زیاترین بەربەست و ئاستەنگی جیۆسیاسی بەرۆکی گرتوون. ئەم هەرێمە دەستی بە دەریای ئازاد و نێودەوڵەتی ناگات و سنووری لەگەڵ ئاودا نییە، واتە دەورە دراوە بە وشکانی (Landlocked). کاتێک ئەکتەرێک دەستی بە ئاو نەگات، بازنەی پێوەندی و دۆستەکانی زۆر کەمن و پێوەندییەکانی جارجار دەکەونە دەست ئەو وڵات و هەرێمانەی دەوروبەری کە دەستیان بە ئاو دەگات و دەستی ئەوان کراوە دەبێت، بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر پێوەندییەکانی دابنێن.  

جا ئەگەر ئەم دراوسێیانە بەهێزتر بن، کێشەی ئەو ئەکتەرە زۆر زیاتر دەبن، رێک وەک هەرێمی کوردستان و پێوەندییەکانی تووشی لاسەنگی یەکجار گەورە دەبن. هەولێر جگە لەوەی دەستی بە ئاوی ئازاد ناگات، دروسێکانی و بە تایبەت ئێران و تورکیا، بە هەرە بەهێزترین ئەکتەری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست هەژمار دەکرێن.
جیاوازییەکی یەکجار زۆر و دراماتیکی لە نێوان هێزی ئێران و تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئەوان بە ئاسانی رێگە نادەن هەولێر دەستی بە وڵاتیتر و خەڵکیتر بگات. دەتوانن قوفڵی پێوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ دەرەوەدا توندتر بکەن و گەر پێچەوانەی ئەمەیش بکات، دەتوانن بە خێرایی زیانی پێ بگەیەنن. 

جۆری دابەشکردنی کوردیش لە ناوچەکەدا ئەم کێشەیەی زیاتر کردووە. لەبەرئەوەی بەشێکی گەورەی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی تورکیا و ئێراندان، ئەوان هەرێمی کوردستان وەک مەترسییەکی ستراتیجی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکەکەیان وێنا دەکەن کە دەبێت بەردەوام چاویان لەسەر بێت و ئەگەر کارئاسانی جیۆسیاسیشی بۆ بکەن، ئەوا بە شێوەی کۆنتڕۆڵکراو ئەو کارە دەکەن.

لەبەر ئەم سێ هۆکارە، دەتوانین بڵێین کەم ئەکتەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی هەن، هێندەی هەرێمی کوردستان بەربەستی جیۆپۆڵەتیکی لە بەردەمدا بێت، ئەگەرچی دوو فاکتەر دەتوانن ئەم دۆخە پڕ لە ئاستەنگە کاڵ یان خاو بکاتەوە.

یەکەم، جەمسەرێکی گەورەی نێودەوڵەتی، هەرێمی کوردستان بکات بە هاوپەیمانی خۆی. بۆ نموونە ئەمەریکا، لەم قۆناغەدا دەتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت، ئاستەنگەکانی سەر کورد کەم بکاتەوە و لە ڕێگەی گوشارخستنە سەر ئێران و تورکیا دەرگای تازە بە ڕووی کورددا بکاتەوە. بەڵام لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا ئەمەریکا زیاتر وەک دۆست نەک هاوپەیمان مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کردووە و هیچ کات ئامادە نەبووە لەپێناو شکاندنی دۆخی گەمارۆدراوی کورد، دڵی هاوپەیمانییەکانی لە ئەنقەرە و تاران بڕەنجێنێت. کاتێکیش سەیری ژینگەی ئێستەی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکەی، جارێ هیچ بەربژێرێک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نییە کورد وەک هاوپەیمان سەیر بکات. کەوابوو ئەم بژاردەیە جارێ بۆ کورد تا ئاستێك دوورە. 

دووەم، جیۆپۆڵەتیکی دراوسێکانی هەرێمی کوردستان تووشی گۆڕانکاری ببێت. بۆ نموونە، یان هەڵوەشێنەوە یان دابەش ببن. لە نەوەدەکاندا کاتێک یەکێتی سۆڤێتی جاران رووخا، بەربەستی زۆر گەل و نەتەوە /بەشێکی بەرچاوی ئەو دەوڵەت/ نەتەوانە وەک کورد، دەستیان بە ئاوی ئازاد نەدەگەیشت لە ئەورووپای رۆژهەڵات تێکشکا و توانیان بە جۆرێکی تر و لە بەرگێکی تردا سیاسەت بکەن و پەرە بە پێوەندییەکانیان بدەن، بەڵام ئەم شتە لێرە رووی نەداوە، کەوابوو جارێ فاکتەرە جیۆگرافییە نەگۆڕەکان هێشتا وەک خۆیانن.

ئەوەی تا ئێستە بۆ ئێمە روون بووەتەوە ئەوەیە، کورد سێ کێشەی بنچینەیی جیۆپۆڵەتیکی هەیە و وەک ئەکتەرێکی گەمارۆدراوە، کاتێک دەتوانێت ئەم کێشانە بکات بە دەرفەت یان بە جۆرێک ئاسەوارە خراپەکانیان کاڵ بکاتەوە، هاوپەیمانێکی گەورەی نێودەوڵەتی هەبێت یان جیۆپۆڵەتیکی دراوسێکانی بگۆڕێت، ئەوەیش جارێ لە ئاردا نییە، بۆیە لە پرسی سیاسەت و پێوەندییەکانی دەرەوەدا ئەم خاڵانەی سەرەوە بابەتی بنچینەیی لەبیر نەکراون و بە هیچ پاساوێک ناکرێت لەبیر بکرێن، بە پێچەوانەوە دەبێت بەردەوام بۆیان بگەڕێینەوە و وەک چرای رێنوێن سەیریان بکەین.

لەم ژینگەیەدا دەسەڵاتی کورد زۆر سنووردارە و دەرفەتی جووڵەی گەورە و سەرکێشی ئەوتۆی لەبەردەستدا نییە. پێدەچێت یەکێک لە باشترین بژاردەکان بۆ کورد ئەوەبێت، بە ڕوانگەیەکی درێژخایەن لەگەڵ هەردوو دراوسێ گەورەکەی پێوەندییەکی جێگیر بنیات بنێت، بە یەک مەودا لە هەردوو لا بڕوانێت و رێگە نەدات یەکێکیان ببێت بە هەڕەشە بۆ سەری. ئەمەیش بۆ دۆستەکانی روون بکاتەوە و بە ڕاشكاوی بڵێ، کاتێک ئامادەیە هەنگاوی پێچەوانەی ئەمە هەڵبگرێت، گەرەنتییەکی کۆنکرێتی روونی وەرگرتبێت.
 
لە دوو دەیەی رابردوودا سعوودییەکان لە ناوچەکەدا چوونە هاوکێشەیەکی گەورەی سیاسی و ئەمنییەوە و وایاندەخوێندەوە رۆژئاوا و لە سەروویانەوە ئەمەریکا، پاڵپشتییان دەکات. بە ڕواڵەتیش وا دیاربوو، بەڵام بە کردەوە و لە زۆر وێستگەدا سعوودییەیان بە تەنیا بەجێهێشت و تووشی زۆر زەرەر و زیانی گەورەیان کرد.
 
کاتێک ئەم بابەتە بۆ سعوودییەکان روون بووەوە، پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ستراتیجیدا نییە، سەرەڕای زیانی گەورە، هەنگاوێک پاشەکشێیان کرد و ئەرکەکانیان بۆ ئەمەریکا گەڕاندەوە. کوردیش هاوشێوەی سعوودییە لە ململانێی ناوخۆی عێراق و هەندێ جاریش ناوچەکەدا، ئەرکێکی لە ئەستۆ دەگرت لە هەمانکاتدا بەربەستە جیۆپۆڵەتیکییەکانی خۆی لە بیر دەکرد، ئەوەیشی لەگەڵ ئەمەریکادا یەکلا نەدەکردەوە ئاخۆ ئێمە ئەم کارە دەکەین ئێوە چیمان بۆ دەکەن؟

کاتی خۆیەتی هەندێ خاڵ راست بکرێنەوە و لە دووتوێی پلانێکی وردی درێژخایەندا و بە پشتبەستن بە جیهانبینییەکی هاوسەنگ کۆی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان نوێ بکرێنەوە. ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت دۆخی کوردستان هی ئەوە نییە لە پێوەندییەکانی دەرەوەیدا سەرکێشی گەورە بکات و ئەوەیش بۆ هەمیشە روون بکاتەوە هەر هەنگاوێک لە سیاسەتی دەرەوەدا دەبێت بەوپەڕی وریاییەوە هەڵبگیرێت.