مه‌عریفه‌ی شیعریی یان ئه‌زموونی واقیعی شیعریی، پێوه‌ندی به پرۆسه‌ی نووسین و خوێندنه‌وه‌وه ده‌كات، كاتێك كه سروشتی و هه‌ڕه‌مه‌كییه، دواتر له رێی خه‌یاڵ و جوانی و شاره‌زایی شیعریی و رامانهوهوه تۆختر ده‌بێته‌وه، پاشان له گرتنی گۆشه‌نیگای جیاوازی هونه‌ری و به رووداوكردنیان و وێناكردنی دنیابینی سه‌رده‌م و له خه‌مڵاندنی كۆی ئه‌و شاره‌زاییه مه‌عریفییانه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، له شیعرییه‌تی ده‌ق و شیعرییه‌تی خوێندنه‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت.
واته دوای به‌ره‌وپێشچوونی به‌هره بۆ شاره‌زایی، شاره‌زاییه‌كان بۆ ئه‌زموون و ئه‌زموونگه‌ریی، ئیتر ده‌ركه‌وتنی وزه‌ی هونه‌ری و شاره‌زاییه مه‌عریفییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی (راسته‌وخۆ) و (ناڕاسته‌وخۆ) دوو خاڵی سه‌ره‌كی روون ده‌كه‌نه‌وه: یه‌كه‌میان، پێوه‌ندیی به نووسه‌ره‌وه هه‌یه، ئه‌ویتر پێوه‌ندی به خوێندنه‌وه‌وه ده‌كات. خوێندنه‌وه ده‌بێته دوو به‌ش: یه‌كه‌م خوێنه‌رانن، دووه‌م پێوه‌ندی به ره‌خنه‌گرانه‌وه ده‌كات. واته كاتێ خوێنه‌ر د‌رك به شیعرییه‌ت ده‌كات. كاتێ ئاگایی هونه‌ریی، خوێنه‌ر تێده‌په‌ڕێنێ و ره‌خنه‌گر ده‌یدۆزێته‌وه. یه‌كه‌میان ده‌كه‌وێته به‌ر ئاسته جیاوازه‌كانی خوێنه‌ره‌وه و دووه‌میان ده‌كه‌وێته بواری لێكدانه‌وه‌ی زانستی و تیۆرییه‌وه.
به كورتی بابه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه، هه‌وڵێكه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی بنه‌ما مه‌عریفییه‌كانی شیعریی كه له‌نێوان پرۆسه‌ی نووسین و پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌دایه. لێره و له به دواداچووندا له (چیگوتن و جوانگوتن و خوێندنه‌وه)دا خۆی ده‌بینێته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له شاره‌زایی و شیعرییه‌ت و مه‌عریفه‌وه هه‌ڵده‌گرینه‌وه و دواتر له رێی ئه‌زموونگه‌رییه‌وه، له دوو چه‌مكدا به ناوی (گه‌شتكردن) و (مامه‌ڵه‌كردن) وێنای ده‌كه‌ینه‌وه. میكانیزمی گه‌شتكردن به (دۆزینه‌وه و داهێنان و سه‌یروره) ده‌به‌ستینه‌وه و له خه‌یاڵدا به دوایدا ده‌گه‌ڕێین. میكانیزمی مامه‌ڵه‌كردن به (تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن و حه‌قیقه‌ت)ه‌وه ده‌لكێنین و له ده‌سه‌ڵاتدا به دوایدا ده‌چین. به‌و مانایه‌ش شیعرییه‌تی نووسین و شیعرییه‌تی خوێندنه‌وه وه‌ك دوو جووڵه‌ی هاودژ و هاوگونجاو له خه‌یاڵ و حه‌قیقه‌ته‌كاندا پێكه‌وه ده‌لكێن و له رێی ده‌سه‌ڵاتی زمان و داهێنانی ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌وه دانوستان ده‌كه‌ن.
درككردن، تێگه‌یشتن، دۆزینه‌وه
بێگومان شاره‌زایی و مه‌عریفه‌ی شیعریی له رێی فره خوێندنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه گه‌شه ده‌كات، پێوانه‌كانی جوانی و چێژ (داده‌ڕژێته‌وه)، به‌ڵام هه‌ندێك جاران له شیعری نوێ‌دا داڕشتنه‌وه، ته‌گه‌ره بۆ تێگه‌یشتن دروست ده‌كات، ئه‌و تهگهرهیهش به‌شێكی پێوه‌ندیی به وزه‌ی هونه‌ری و شاره‌زاییدایه، به‌شێكی له گۆڕانكاری له‌پڕی سه‌یروره‌ی داهێنانه‌وه‌یه. به‌شێكی پێوه‌ندیی به ئاسۆكانی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر و به‌شێكی به تازه‌یی فۆرم و ته‌كنیك و نوێكردنه‌وه‌ی روانینی شاعیره‌وه‌یه. به كورتی هه‌موو ئه‌وانه له كێشه مرۆییه‌كانی سه‌رده‌م و ئاڵۆزی ژیان و پێشكه‌وتنه خێراكانی زانستی ته‌كنۆلۆجیاوه هه‌ڵقوڵاوه.
گوتاری مه‌عریفه‌ی شیعریی هه‌رگیز به‌و مانایه نییه كه پرسیاری مه‌عریفی به‌رده‌وام وه‌ك خه‌سڵه‌تی تاكڕه‌هه‌ندی دووباره بكاته‌وه؟ چونكه (داهێنان) بێ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی و پرسیاری به‌رده‌وام هه‌ناسه نادات. ئه‌وه نه‌ك ره‌خنه‌گر، خوێنه‌ری ئاسایی هه‌ستی پێده‌كات، واته (داهێنان) له گۆڕانی به‌رده‌وامی ئاگایی و سه‌یروره ناكه‌وێت. داهێنان به‌رده‌وامبوونی (نا)یه، له (نا)یه‌كه‌وه بۆ (نا)یه‌كی تر، تا ده‌بێته (نا)یه‌كی دینامیكی، ئه‌و نهفیبوونه له شێوازی (هێشتا-نه‌بوو) خۆی مانفێست ده‌كات. كه‌واته ئه‌وه‌ی دوێنێ وه‌ك پێوانه‌ی مه‌عریفی و جوانی ته‌ماشا ده‌كرا، مه‌رج نییه هه‌میشه وا بمێنێته‌وه.
لێره‌وه ده‌بێ بزانین به‌شێكی گه‌وره‌ی به مۆدیلكردن و رابردوونمایی له دۆگماتیزمی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌وڵ ده‌دات هه‌میشه به مۆدیلكردن له فۆرمێكی تری رۆشنبیرییدا پێشان بداته‌وه. واته دیماگۆجییه‌تی سیاسی ده‌ست به‌و فۆرمانه‌وه ده‌گرێت و وه‌ك ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌سه‌نایه‌تی به دژی گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م و سه‌یروره‌ی داهێنانیان ده‌كاته‌وه و له پانتایی رۆشنبیریی باودا بره‌ویان پێ ده‌دات. به‌ڵام قسه‌كردن له‌باره‌ی ره‌سه‌نایه‌تی و بڕوابوون و ناسنامه و ستایل و ناسیونالیزم، قسه‌كردن له گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌سڵێكی كۆن و رووداوی یه‌كه‌م و كه‌له‌پوور و یاده‌وه‌ری نه‌ته‌وه... قسه‌كردنێكی سیاسییانه‌ی پۆپۆلیستییه بۆ مه‌سره‌فی رۆژانه، هه‌رگیز پرسیاری داهێنانی له‌خۆدا هه‌ڵنه‌گرتووه.
داهێنان هه‌میشه په‌رده له‌سه‌ر نهێنییه‌كانی مه‌سره‌فگه‌رایی رۆژانه، كه‌له‌پوور و یاده‌وه‌ری نه‌ته‌وه و رۆشنبیریی باو هه‌ڵده‌ماڵێ و له‌وێشه‌وه بنیاته جیاوازه‌كانی خۆی نمایش ده‌كات. له نێوان مه‌عریفه و مه‌عریفه‌دا ترس نییه، جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام جیاوازی كاری داهێنان له پانتایی رۆشنبیریی باودا گه‌شه ناكات. پێویسته شیعری نوێ هه‌موو ئه‌ركه باوه‌كان له‌خۆی دابماڵێ، جوانی و چێژ دووباره دابڕێژێته‌وه و پرسیاری نوێ به‌سه‌ر بوون و دنیادا بكاته‌وه.
كه‌واته گوتاری مه‌عریفه‌ی شیعری له بنه‌مادا (درككردن) و (تێگه‌یشتن) و (دۆزینه‌وه)یه، له (ت. س. ئیلیوت)ه‌وه ئه‌و ئه‌زموونگه‌رییه به ترۆپك ده‌گات و به جوانی له (ئه‌دۆنیس)دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، بایه‌خی ئه‌و گوتاره هه‌ر ئه‌وه نییه، به‌شێك له بنه‌ماكانی ئاگایی شیعریمان (پێده‌ناسێنێ)، به‌ڵكو جیاوازی گوتاره‌كانمان بۆ (روون ده‌كاته‌وه) و پێمان ده‌ڵێ چه‌مكی داهێنان هه‌ر ته‌نیا داهێنه‌ر به‌رجه‌سته ناكات، به‌ڵكو له هه‌مان كاتدا خوێنه‌ری جیاوازیش به‌رجه‌سته ده‌كات.
كێشه‌كانی مه‌عریفه‌ی شیعریی
ئاگایی مه‌عریفی داهێنه‌ران له كرانه‌وه‌ی فیكر به‌رهه‌م دێت و درككردن و تێگه‌یشتن و دۆزینه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام پێشبینیكردنی مه‌عریفه‌ی شیعریی به‌ته‌واوی دیارینه‌كراوه، كێشه‌ی ئه‌و دیارینهكردنهش ڕووداوه نادیاره‌كانی ئایندهی شیعریی و داهێنانی شیعرییه، كه به روونی تێگه‌یشتن به ده‌سته‌وه ناده‌ن، چونكه مه‌عریفه‌ی شیعریی شتێك نییه یه‌كجار بدۆزرێته‌وه. بۆ نموونه دۆزینه‌وه‌ی جوانی شیعریی سنووری نییه. ره‌نگه شیعر خاڵی بێ له حه‌قیقه‌ت، به‌ڵام ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی خه‌یاڵه‌وه. به دیوه‌كه‌ی تریش ئاگایی قووڵی خوێندنه‌وه ئه‌و شوێنه‌یه كه نووسه‌رت بیر ده‌چێته‌وه، ئه‌وه‌ش ئاستی به‌رزی درككردن و تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی شیعرییه‌ت پێشان ده‌دات.
یه‌كێكی تر له كێشه‌كانی ئاگایی مه‌عریفه‌ی شیعریی، ئه‌وه‌یه كه پێش زه‌مه‌نی له‌دایكبوونی شیعر ده‌كه‌وێت. هه‌ر ئه‌وه‌شه به‌شێكی گه‌وره‌ی خوێندنه‌وه ده‌خاته ته‌گه‌ره‌ی تێگه‌یشتنه‌وه، به‌ڵام كێشه‌ی داهێنان له كێشه‌ی دیاریكردنی مه‌عریفه‌ی شیعرییدا كورت ناكرێته‌وه. ده‌شێ درككردن و تێگه‌یشتنی مه‌عریفه‌ی شیعریی خوێنه‌ر و راڤه‌كار و ره‌خنه‌گر بخاته‌وه، به‌ڵام مه‌رج نییه داهێنان به‌رهه‌م بهێنێت، وه‌ك چۆن مه‌رج نییه (خوێنه‌ر و راڤه‌كار و ره‌خنه‌گر) له‌گه‌ڵ داهێنه‌ر هاومانا و هاودنیابینی بن. ئه‌وه‌ش یه‌كێكی تره له كێشه‌كانی مه‌عریفه‌ی شیعریی، به‌ڵام كێشه‌ی داهێنان نییه، چونكه داهێنان (دۆزینه‌وه و گۆڕان و سه‌یروره) به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به‌ڵام خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گر، راڤه‌كردنی جیاوازی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
داهێنان، چیگوتن و جوانگوتنه. حه‌قیقه‌ت و جوانی، مامه‌ڵه‌كردن و گه‌شتكردن. ئه‌گه‌ر چیگوتن (حه‌قیقه‌ت - مامه‌ڵه‌كردن) ئاگایی ده‌ره‌كی هێله‌كانی بكێشێ، ئه‌وه جوانگوتن (جوانی- گه‌شتكردن) ئاگایی ناوه‌كی ده‌یجووڵێنێت. یه‌كه‌میان گواستنه‌وه‌ی دنیا و نواندنی كێشه مرۆییهكانیهتی. دووه‌میان كێشه‌كانی جوانی و خه‌یاڵی شیعریی هه‌ڵگرتووه. یه‌كه‌میان پێداویستییه‌كی مێژووییه، نه‌ك مێژوو. دووه‌میان پێداویستییه‌كی شیعرییه، نه‌ك شیعر. یه‌كه‌میان ململانێی بێكۆتایی (حه‌قیقه‌ت) و (مامه‌ڵه‌كردن)، واته مامه‌ڵه‌كردن له ده‌سه‌ڵات شی ده‌كاته‌وه و له سه‌رده‌می پاش حه‌قیقه‌تدا خه‌رجی ده‌كات. دووه‌میان ململانێی بێكۆتایی (جوانی) و (گه‌شتكردن)، واته گه‌شتكردن له خه‌یاڵدا ده‌خه‌مڵێنێ و له داهێناندا ده‌ینوێنێته‌وه.
ره‌نگه چه‌مكی بێكۆتایی (چیگوتن- مامه‌ڵه‌كردن- حه‌قیقه‌ت) بوونگه‌رایی فه‌رامۆش بكات. بۆ نموونه ته‌ماشای مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات له سه‌رده‌می پاش حه‌قیقه‌ت، زیره‌كی ده‌ستكرد بكه، له رێی زانستی ته‌كنه‌لۆجیای نوێوه. به‌ڵام چه‌مكی بێكۆتایی (جوانگوتن- گه‌شتكردن- جوانی) هه‌میشه گه‌شتكردنی خه‌یاڵی (هێشتا-نه‌بوو) مانفێست ده‌كاته‌وه. لێره‌دا ده‌بینین چه‌مكی (ده‌سه‌ڵات) فاشییه‌تی زمان ده‌نوێنێ و چه‌مكی (داهێنان) سه‌یروره و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه و ئه‌زموونگه‌ری جیاوازی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. ره‌نگه چه‌مكی فاشییه‌تی زمان خودی داهێنان بگۆڕێته سه‌ر جۆرێ له مامه‌ڵه‌كردن، دواجار له شێوازگیرییدا به‌رجه‌سته‌ی بكات، بۆ نموونه: فاشییه‌تی زمان لای رۆڵان بارت. به‌ڵام خودی داهێنان به‌رده‌وام به‌ره‌و ئه‌ودیو حه‌قیقه‌ت ده‌بێته‌وه و (هێشتا-نه‌بوونی) حه‌قیقه‌تی جێگیر پێشبینی ده‌كات. بۆ نموونه: ئه‌نتی ده‌ق، به‌و مانایه‌ی كه ئه‌ودیو كۆتاییه‌كان و هێشتا نه‌بوون وێنا ده‌كات.
نه شیعری بێ مه‌عریفه و نه مه‌عریفه‌ی بێ شیعر
مامه‌ڵه‌كردنی فاشییه‌تی زمان و سه‌رده‌می پاش حه‌قیقه‌ت و زیره‌كی ده‌ستكرد، نه‌یانتوانیوه دۆزینه‌وه و گه‌شتكردنی خه‌یاڵی داهێنان كۆتایی پێ بهێنن، ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌شدا كه هه‌موو ده‌رگاكان له‌سه‌ر چیگوتن داده‌خرێت، هێشتا داهێنانی شیعریی له رێی جوانگوتنه‌وه گه‌شتی خه‌یاڵ وێنا ده‌كاته‌وه، له‌وێشه‌وه ڕووداوه‌كان بۆ چیگوتن ده‌جووڵێنێت. فاشییه‌تی زمان و سه‌رده‌می پاش حه‌قیقه‌ت و زیره‌كی ده‌ستكرد، ره‌تكردنه‌وه‌ی ئاگایی شیعری پێش ره‌تكردنه‌وه‌ی مه‌عریفه ده‌خات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا نه ئاگایی شیعری بێ مه‌عریفه‌یه و نه گوتاری مه‌عریفی بێ شیعرییه‌ت. ده‌مه‌وێ بڵێم نه شیعر بێ جوانگوتن و خه‌یاڵ هه‌ڵده‌كات و نه مه‌عریفه بێ چیگوتن و حه‌قیقه‌ته پێشبینكراوهكان ده‌گات.
به‌ڵام كاتیك شیعر ده‌گاته ئه‌وه‌ی بزانێت ده‌سه‌ڵات چییه، ئیتر به‌ره‌و كرده‌ی سه‌یروره گه‌شت ده‌كاته‌وه، كاتێكیش گه‌یشته سه‌یروره، ئیتر له حاڵه‌تی دۆزینه‌وه‌ی به‌رده‌وامدا ده‌مێنێته‌وه. به‌رده‌وامبوونی دۆزینه‌وه و سه‌یروره، به‌رده‌وامبوونی (نا)ی شیعرییه به هه‌موو ماناكانیه‌وه، له ئاگاییهكهوه بۆ مه‌عریفه‌یه‌كی تری جیاواز. سه‌یروره هه‌وڵێكه بۆ هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی شیعریی جیاواز. شۆڕشی شیعری، شۆڕشی خه‌یاڵ و جوانییه دژ به ده‌سه‌ڵاتی ناچاری كردن و حه‌قیقه‌ته‌كان ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی شیمانه‌ی زمانه‌وه.
به بڕوای من له پشت كێشه‌كانی (فاشییه‌تی زمان) و (سه‌رده‌می پاش حه‌قیقه‌ت) و (زیره‌كی ده‌ستكرد)، سیحری گه‌شتی خه‌یاڵ پردێكه بۆ جوانی. واته ئه‌گه‌ر ژه‌هراویبوونی زمان به ده‌سه‌ڵات، سه‌رچاوه‌ی ئاڵۆز و نادیاری مامه‌ڵه‌كردن بێت، ئه‌گه‌ر سه‌رده‌می پاش حه‌قیقه‌ت، له بێ مانابوونی حه‌قیقه‌تی چیگوتنه‌وه ره‌نگی دابێته‌وه. ئه‌گه‌ر زیره‌كی ده‌ستكرد، توانای مرۆڤی باڵا بنوێنێ. ئه‌وه دۆزینه‌وه و سه‌یروره‌ی داهێنان له جوانی راگوزه‌ر و خه‌یاڵی بێ سنوور درێژ ده‌بێته‌وه.
یه‌كه‌میان، میكانیزمی ده‌سه‌ڵات و ستراتیجی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. واته: زمان، هه‌ر كه قسه‌ی پێده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر پرتهپرتێكیش بێت، ئه‌وا ڕێك ده‌چێته خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌وه، له زماندا ملكه‌چی و ده‌سه‌ڵات، تێكه‌ڵی یه‌كتری ده‌بن و به حه‌تمی ئاوێزانن، به‌و مانایه‌ش زمان، به سروشتی خۆی، پێوه‌ندیی نامۆكردنی ناچاریكهرانه له‌خۆ ده‌گرێت. گوتاری ده‌سه‌ڵاتیش كۆی ئه‌و گوتارانه ده‌گرێته‌وه كه بنه‌ماكانیان له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی زمان هه‌ڵچنراوه. دووه‌میان، سه‌رده‌می پاش حه‌قیقه‌ت پێی وایه حه‌قیقه‌ت چیتر وه‌ك كۆنسێپت و فاكت، وه‌ك به‌ڵگه و داتا مانای نه‌ماوه، بێگومان له پشت گه‌ڕان به دوای حه‌قیقه‌تدا، خودی ئیراده‌ی حه‌قیقه‌ت وه‌ستاوه، به‌ڵام له پشت ئیراده‌ی حه‌قیقه‌ت، جگه له ئیراده‌ی ده‌سه‌ڵات شتێكی تر نییه. سێیه‌میان، به مه‌به‌ست بێ، یان بێ مه‌به‌ست، پێمان ده‌ڵێت: به‌هۆی پێشكه‌وتنی ئامرازه‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا و زیره‌كی ده‌ستكرده‌وه، له به‌رده‌م جیهانێكی مۆدێرنی جیاوازداین. پێده‌چێت گه‌شه‌ی خێرایی زیره‌كی ده‌ستكرد تا ئاستێك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دنیای كارامه‌ییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م و ژیانی مرۆڤدا هه‌بێت، به‌ڵام ئایا ده‌توانێت كۆتایی به گه‌شتی خه‌یاڵ و جوانی بهێنێت؟.
وه‌ك ده‌بینین هه‌رسێ تێزه‌كه له‌سه‌ر گۆڕان و ره‌تكردنه‌وه و نكۆڵی‌كردن كار ده‌كه‌ن. سپینۆزا ده‌ڵێ: هه‌موو نكۆڵیكردنێك پێناسه‌یه، به‌ڵام هه‌رگیز سیحری داهێنان له‌سه‌ر پێناسه‌كردنی دیاریكراو نه‌وه‌ستاوه، هه‌میشه پێناسه‌ی نوێ ده‌خاته‌وه و كۆتایی بۆ نییه، دۆزینه‌وه و سه‌یروره‌ی داهێنان به‌رده‌وام دژ به پێناسه‌كردنی دیاریكراو ده‌بێته‌وه. ده‌سه‌ڵاتی فاشیزم هیچ شتێك ناخوڵقێنێ، به‌ڵكو ته‌نیا ساڕێژی ده‌كاته‌وه. پێناسه دیاریكراوهكانیش جگه له خۆیان شتێكی تری جیاواز ناخوڵقێنن، ته‌نیا دایاندهڕێژنهوه. پێناسه و ده‌سه‌ڵات و حه‌قیقه‌ت دیارن. داهێنان و دۆزینه‌وه و سه‌یروره ئاڵۆز و نادیارن.
خه‌یاڵ و جوانی، مه‌عریفه‌ی شیعریی
جووڵه‌ی خه‌یاڵ و جوانی، چێژ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، له رێی ستراتیجی مه‌عریفه‌ی شیعریی، (درككردن و تێگه‌یشتن و دۆزینه‌وه). چێژ و جوانی هه‌ر ته‌نیا له گه‌شتكردندا نییه، له حهقیقهتهكانیشدایه. به‌ڵام چێژی داهێنان به‌رده‌وام له جووڵه و جێگیرنه‌بوونی جوانییه‌وه‌یه، چێژی حه‌قیقه‌ته‌كان له‌سه‌ر جێگیربوونی جوانی وه‌ستاوه. جێگیرنه‌بوونی داهێنان و جێگیربوونی حه‌قیقه‌ت دوو وه‌زیفه‌یان هه‌یه: وه‌زیفه‌ی یه‌كه‌م، ده‌كه‌وێته سه‌ر تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن و له‌وێوه (مامه‌ڵه) له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كات. ده‌سه‌ڵاتیش هه‌میشه میكرۆبێكه به خانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه نووساوه. وه‌زیفه‌ی دووه‌م، له‌سه‌ر دۆزینه‌وه و داهێنان كار ده‌كات و گه‌شتی خه‌یاڵه بۆ شوێنێكی نادیار.
ئه‌گه‌رچی (دۆزینه‌وه و داهێنان) بۆ (تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن) مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه، چونكه دۆزینه‌وه و داهێنان (پرسیار) و كارامه‌یی دروست ده‌كات، به‌ڵام تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن رازیكردن و (بڕوابوون) ده‌خاته‌وه. جیاوازی نێوان (پرس) و (باوه‌ڕ) جیاوازی نێوان (مامه‌ڵه‌كردن) و (گه‌شتكردن)ه. كه‌واته چێژ جیاوازیشه. كێشه‌كانی سه‌رده‌م، درككردن و تێگه‌یشتنی ده‌وێت. فه‌زای داهێنان، دۆزینه‌وه و سه‌یروره. ئه‌گه‌ر بشێ مامه‌ڵه‌كردن كێشه‌كانی سه‌رده‌م له‌خۆدا جێگیر بكات، ئه‌وه گه‌شتكردن نه‌ك هه‌ر (نا)یه‌ك رووبه‌ڕووی باسی كۆتاییه‌كان به‌رز ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو له رێی شێوازی (هێشتا-نه‌گه‌یشتن) ململانێ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و پێناسهكانیشدا ده‌كات. كه‌واته پرۆسیسه‌كردنی شیعریی له داڕشتنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی گه‌شتكردنی خه‌یاڵ و جوانیدایه، ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی مه‌عریفه‌وه، چونكه ئه‌زموونگه‌رییه. ئه‌زموونگه‌ری جیاوازیش له ده‌ره‌وه‌ی درككردن و تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه‌كردندا ناژی، به‌ڵام مه‌رج نییه داهێنان بێت. وه‌ك چۆن پرۆسیسه‌كردنی خوێندنه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی درككردن و تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه‌كردن و داهێناندا ناژی، به‌ڵام مه‌رج نییه به‌رهه‌مهێنانه‌وه بێت.
دواجار پرۆسیسه‌كردنی شیعریی (نووسینه‌وه و خوێندنه‌وه) له ئه‌زموونگه‌ریدا هه‌ڵده‌گرینه‌وه، وه‌ك چۆن باسی كۆتاییه‌كان له سه‌یروره‌دا شی ده‌كه‌ینه‌وه. دۆزینه‌وه و سه‌یروره‌ی داهێنان له رێی ئازادییه‌وه، له رێی گه‌شتكردنی خه‌یاڵ و جوانی بێ سنووره‌وه، فاشییه‌تی زمان و سه‌رده‌می پاش حه‌قیقه‌ت و زیره‌كی ده‌ستكرد ده‌بڕێت. ئه‌زموونگه‌ری شیعریی سروشتی جوانی له‌خۆ ده‌گرێت، له مه‌عریفه‌ی شاعیر و شاره‌زایی خوێنه‌ر جیا نابێته‌وه. وه‌ك چۆن له رێی خه‌یاڵی ئه‌ده‌بییه‌وه له مه‌عریفه‌كانی تر جیاده‌بێته‌وه.
ده‌مه‌وێت بڵێم داهێنانی شیعریی، درككردنی فاشییه‌تی ده‌سه‌ڵات و تێگه‌یشتنی ونبوونی حه‌قیقه‌ت و ره‌تكردنه‌وه‌ی پێناسه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی مۆدیلێكی جیاوازی تری مه‌عریفه و كارامهییه. به‌و مانایه‌ی كه جیهانبینی شیعریی و مه‌عریفه‌ی شیعریی پابه‌ندی جوانی راگوزه‌ر و گه‌شتكردنی خه‌یاڵه. به‌و مانایه‌ی كه دنیا له‌ناو جوانی و خه‌یاڵدا به شیعركردنی دنیایه، دنیای شیعریی هه‌رگیز له‌و شوێنه‌وه ده‌ست پێ ناكات كه خه‌یاڵ و جوانی لێیه‌وه كۆتایی دێت، به‌ڵكو له سه‌یروره‌ی داهێناندا خۆی ده‌دۆزیته‌وه. مه‌رج نییه مه‌عریفه‌ی شیعریی حه‌قیقه‌تی دنیا بهێنێته ناو گوتاره‌وه، به‌ڵام پێویسته حه‌قیقه‌ته‌كانی جوانی بخاته ناو گوتاره‌وه. خه‌یاڵ هه‌میشه داهێنان به‌ڕێوه ده‌بات، هیچ كاتێ خه‌یاڵ نامرێ، وه‌ك چۆن جوانی رێیه‌كی گرنگی ئازادییه، ئه‌وه‌ی ده‌گۆڕێ له حه‌قیقه‌تدا شیعره.
له‌و لێكدانه‌وه‌یه‌دا چه‌مكی (مامه‌ڵه‌كردن) و (گه‌شتكردن) له هه‌ردوو چه‌مكی شیعرییه‌تی ده‌ق و شیعرییه‌تی خوێندنه‌وه‌دایه، له‌وێوه جووڵه‌ی سه‌یروره ده‌نووسینه‌وه، به‌ڵام گه‌شتكردن جه‌وهه‌ری داهێنانه، گرنگ نییه تۆ مامه‌ڵه ده‌كه‌یت، یان نا. ده‌شێ گرفتی ئه‌و رسته‌یه له‌وێوه بێ كه ره‌هه‌نده‌كانی داهێنان هه‌ر پێوه‌ندیی به جوانی و خه‌یاڵه‌وه نییه، به‌ڵكو به‌شێكی پێوه‌ندیی به رووه‌كانی حه‌قیقه‌ته‌وه هه‌یه، هێشتا پڕه له‌و یاده‌وه‌رییانه‌ی پێش خۆی، ئه‌و كاته‌ی كه یاده‌وه‌رییه‌كان له جێگیربووندا ده‌بنه سه‌یروره، داهێنان یاده‌وه‌رییه‌كان ده‌بڕێت. ئه‌گه‌رچی زمان هه‌رگیز بێ لایه‌ن نییه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌شدا داهێنان به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و سه‌یروره‌ی به‌رده‌وام هیچ ره‌هه‌ندێكی حه‌قیقی جێگیر ناس ناكات.
(به‌ختیار عه‌لی) له كتێبی (وه‌ك باڵنده‌ی ناو جه‌نگه‌ڵه ترسناكه‌كان- ناوه‌ندی رۆشنبیریی و هونه‌ری ئه‌ندێشه- سلێمانی، 2012)دا به‌شێوه‌یه‌كی تر ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر فریوی جوانی، له فریوی حه‌قیقه‌ت گه‌وره‌تر نه‌بێت، مرۆڤ هه‌رگیز ئه‌فسانه و شیعر و چیرۆكی نه‌ده‌نووسی. ئه‌گه‌ر فریوی حه‌قیقه‌ت فریوێكی به‌هێز نه‌بوایه، مرۆڤایه‌تی ئاین و زانستی به‌رهه‌م نه‌ده‌هێنا.
ئه‌وه‌ی به‌ختیار عه‌لی دووپاتی لێ ده‌كاته‌وه هونه‌ر و حه‌قیقه‌ته، ده‌شێ به‌شێكی گه‌وره‌ی بیرهێنانه‌وه‌ی تێزی (زمان هه‌رگیز بێ لایه‌ن نییه)ی (بارت) بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ی سه‌ره‌وه دووپاتی لێ ده‌كرێته‌وه، هه‌ر ته‌نیا ئه‌وه نییه كه مرۆڤ ده‌توانێ جوانی بێ بۆ حه‌قیقه‌ت، مرۆڤ ده‌ستبه‌رداری حه‌قیقه‌ت بێ بۆ جوانی، به‌ڵكو به كورتی ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی زمان و سه‌رده‌می پاش حه‌قیقه‌ت و زیره‌كی ده‌ستكرد، چۆن پرسیار و گومان ده‌خه‌نه دانوستانی رووه‌كانی حه‌قیقه‌ت و جوانییه‌وه، تا واقیع نه‌بێته پردێك بۆ خه‌یاڵ.
هه‌ولێر 12/4/2024