هەڵبژاردن بە هەموو لێکدانەوە و لێکەوتەکانی، نەیتوانی شتێکی ئەوتۆ لە تێگەیشتنی حزبە سیاسییەکان بگۆڕێت، بەر لە هەموویان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (عێراق)، کە لە پلەی دووەم دێت بە شازدە کورسی لە دوای یەکەمەوە.
یەکێتی هێشتا بە تێگەیشتنی یەک کورسی و سەد کورسی بەرخورد لەگەڵ ئەنجامەکان دەکات، ئەو بیست و سێ کورسییەی لە بەرامبەر خۆڕادەستکردن بە ئێران و بەغدا و میلیشیا شیعییەکان پێی بەخشراوە، دەیانهێنێتە ڕیزی سی و نۆ کورسی پارتی کە بەرهەمی گوتارێکی کوردستانی و نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەرە.
یەکێتی کە هێشتا تەنیا بریتیە لە دەنگدانەوەی خواست و گوتاری خۆسەپێنی میلیشیاکان، وەک چۆن ئەو میلیشیا وابەستانە بە ئێران دەستیان لە بیناقاقای خەڵک و بەناو دەوڵەتی عێراقیەوە ناوە، یەکێتی دەیەوێت هەمان کار و سیناریۆ لە کوردستان دووبارە بکاتەوە کە زەحمەتە ئەوەی بۆ بچێتە سەر.
هەموو هەڵبژاردنەکان ئەوەیان سەلماندووە، سەرچاوەی هێزی یەکێتی دەنگدەر و خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو ئەجێندا و هێزی دەرەکییە، بۆیە لە هەر کاتێک ئەو هێزە دەرەکییە ڕووبەڕووی فشار و تەنگاسییەک ببێتەوە، ئەوە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر یەکێتی و پێگەکەی دەبێت، بە جۆرێک کە بەخۆی ڕاناگات و بەوەش ڕاناگات ئاراستەی سیاسەتەکەی خۆی بگۆڕێت و لایەنی کەم دەرفەت و ڕووی ئەوەی هەبێت داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکات.
ڕووداو و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە، ئەوە نین بۆ ئاییندەی یەکێتی و سەرۆکەکەی دڵخۆشکەر بن، چونکە ئەوەی دیارە و لە دۆخەکە دەخوێندەرێتەوە ئەوەیە، کە کۆدەنگیەک هەیە، کە نابێت هێز و عەقلی میلیشیایی لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست بمێنن، ئەوەی لە غەززە، لبنان و سووریا ڕوو دەدەن، ئاماژەن کە میلیشیاکانی عێراق بە هەمان چارەنووس دەگەن، هەروەها ئەو کرانەوەی لە تورکیا خەریکە ڕوو دەدات سەلمێنەری ئەو قسانەن کە پەکەکەش بەشێک لەو هێزانەی بڕیاری نەمانی دراوە، بۆیە یەکێتی کە بەشێکە لە کارنامەی ئێران و بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هاوپەیمانی پەکەکە بە دوور نابێت لەو چارەنووسە، چارەنووسێک کە من شەخسی خۆزگەی بۆ ناخوازم، بەڵکو بە پێچەوانەوە خۆزگەی ئەوە دەخوازم یەکێتی و سەرۆکەکەی واز لەو خۆسەپێنییە عەسکەرتاریەتە بهێنن کە هەرێمی کوردستانی کردۆتە دوو زۆن و ڕێگرە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و یەکگرتنەوەی دروستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە تەواو دژایەتیەکی ئاشکرا و بێ منەتانەی ئیرادەی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپایە.