له حاڵێکدا شۆڕشی ژینا دوو ساڵی به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕێت، لێره‌وله‌وێ شایه‌تحاڵی سه‌پاندنی زیندانی هه‌تا هه‌تایی و له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر ژنان و کچانی کوردین. له‌م دوو ساڵه‌دا ده‌یان ڕووداو و سه‌تان گچکه ڕووداو و هه‌روه‌ها ده‌یان و سه‌تان پلانی ورد و درشت هه‌م بۆ پاراستنی ڕۆحی ڕه‌سه‌نی شۆڕشه‌که و هه‌میش بۆ به‌لاڕێدابردن و داگیرکرانی هاتنه ئاراوه. له‌م دوو ساڵه پشکۆی شۆڕشی ژینا ڕۆژ دوای ڕۆژ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زیاتر گه‌شایه‌وه و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر باشووری کوردستانیش دانا، یان باشتره بڵێین جۆره دیالێکتیک و گفتوگۆیه‌ک له نێوان مافخوازان و چالاکانی مافی ژن له باشوور و شۆڕشگێڕانی شۆڕشی ژینا له دوو دیوی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور هێنایه ئاراوه.
له ڕاستیدا ئێمه وه‌ک کورد خاوه‌ن دۆزێكی مێژوویی و شارستانین، نابێت له هیج تێچوویه‌کی مه‌عنه‌وی و مادیی خۆمان به تۆسقاڵێکیش چییه خۆش ببین. هه‌ر له سه‌ره‌تای شۆڕشی ژیناوه میدیاکانی ره‌وتی به‌ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی (به تایبه‌ت ڕه‌وتی پاشایه‌تیخواز) و چڕی ڕووداوه‌کانی کوردستان و شه‌هیدان (ئه‌وان تا ئێسته‌یش ده‌ڵێن کوژراوان!)ی کوردستانیان کرد، به‌و مه‌به‌سته‌ی دوو خاڵ له ڕای گشتیی نه‌ته‌وه‌ی فارسی ئێرانی‌دا زه‌ق بکه‌نه‌وه:
یه‌که‌م، ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی به‌هۆی ڕابوونی ژنانی کورد و پیاوانی کوردستان، لاواز بوو و کاتی ئه‌وه‌یه ئێوه‌ی ناوه‌ندنشین ڕه‌شۆی ڕه‌وته‌که بگرنه ده‌ست و خۆتان ڕژێمی ئێسلامیی نوقمه‌سار بکه‌ن.
دووه‌م، کۆماری ئیسلامیی به‌م شێوازه له ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانییه‌وه، وا خه‌ریکه کۆنترۆڵی کوردستان له کیس ده‌دات و ئێران به‌ره‌و پارچه پارچه‌بوون ده‌ڕوات. واته یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران له مه‌ترسیدایه.
میدیای ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به‌م شێوه‌یه به تیرێک ویستی دوو نیشان بپێکێ و له ڕاستیشدا پێکای و ڕای گشتیی ئێرانییه‌کان (فارس) و ئێرانشارییه‌کان (ئه‌وانه‌ی ئێرانپهرستن به کورد و فارس و تورک و عه‌ره‌بەوە)، له هه‌مبه‌ر خواست و ئیراده و داوکارییه مێژووییه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵات، قوت کرده‌وه، ئیتر خۆی به شێنه‌یی خه‌ریکی ڕووماڵکردنی هه‌واڵ و ڕووداوه‌کان به‌پێی تێرمینۆلۆجیا و دهستهواژهسازی و چهمکڕۆنانی خۆی بوو، له یه‌که‌م هه‌نگاویشدا به بنه‌ماییترین شته‌وه ده‌ستی پێ کرد، ئه‌ویش کردنی ژینا به مه‌هسا بوو! واته گۆڕینی ئاخێزگه کوردییه‌که‌ی شۆڕشه‌که له کوردستانه‌وه بۆ فارسستان یا عه‌جه‌مستان!
ده‌سته‌بژێری کورد به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ و ناهوشیارانه، واته له سۆنگه‌ی ئه‌و ناته‌بایی و ناکۆکییه هه‌میشه‌ییه‌ی کوردی به‌م ڕۆژه گه‌یاندووه، به ڕاده‌ی پێویست نه‌یانتوانی گێڕانه‌وه‌ی کوردستانیی تۆکمه و به‌هێز له شۆڕشەکه، بخه‌نه ڕوو، ناکرێ و ناتوانین حاشا له‌و که‌مه ده‌سکه‌وتانه بکه‌ین که به قوربانیدانی ڕۆڵه‌کانی کوردستان و به تایبه‌تی ژن و کچان به‌دی هات و هه‌روه‌تر هه‌وڵ و تێکۆشانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و کوردانی تاراوگه، ڕۆڵی خۆی گێڕا. به‌ڵام به هه‌موو ئهمانهیشەوه، ئێمه هه‌ست به دۆڕان ده‌که‌ین له ڕاستیدا!
زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامیی بووه‌ته مه‌کۆی ژنان و کچانی به‌رخۆده‌ر و ڕاپه‌ڕیوی کورد كە خاوه‌نداریی شۆڕشی ژینا ده‌که‌ن، به‌ڵام پێگه نێوده‌وڵه‌تی و ئیعتباره جیهانییه‌که‌ی به نسیب که‌سانی وه‌ک نه‌رگس محه‌مه‌دی و نازه‌نینی بونیادیی (کۆنه ئه‌کته‌ری ڕووت!) ده‌بێت، ئه‌مه ئه‌و وێنه خهمناکانهیه ئێمه له ڕۆژهه‌ڵات و ده‌ره‌وه پێی ده‌تلێینه‌وه، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا وره‌ی زیندانیانی وه‌ک ورشه محه‌مه‌دی و په‌خشان عه‌زیزی که له‌م ڕۆژانه‌دا سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، هه‌م دڵخۆشکه‌رن و هه‌م خه‌مناک!
دڵخۆشکه‌رن چونکه ڕێبازی کوردانه و کوردستانیی ژیناخوازیی به خوێن و خه‌باتی خۆیان پاراو ده‌که‌ن و خەمناکیشن. چونکه تا ئه‌و جێیه‌ی ئێمه کۆماری ئیسلامی و سیستمه دادوه‌رییه-ئه‌منییه‌که‌ی ده‌ناسین، ئه‌سته‌مه ئه‌م سزایانه پێداچوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێت و پووچه‌ڵ ببنه‌وه! پاش کاره‌ساته‌که‌یش کورد خه‌مناک و ده‌سته‌وئه‌ژنۆ داده‌نیشێت بۆ شین‌گێڕی و عه‌جه‌می خۆشگوزه‌ران و تاراوگهنشنینی به ئیمکانیاتیش، به چه‌ندان ڕووماڵی شیکارانه و دۆکیۆمێنت و گێڕانه‌وه‌ی ئێرانشاریانه، خوێنی خه‌باتی ڕۆڵه‌کانمان داگیر ده‌کەن!
پێم خۆش نییه دیمه‌نه‌که به‌م ڕه‌شییه ببینم و وا ڕه‌ش بێت، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و واقیعه تاڵه‌یه تا دانی پێدا نه‌نێین، ناتوانین چاره‌سه‌ری بکه‌ین، دوای ئه‌م دوو ساڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر له چالاک و چاودێرانی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور بۆشاییه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی‌یان له ڕووی میدیایی و سیاسییه‌وه دیاری کرد، به‌ڵام هێشتا هەمان تاس و حه‌مامە! ئه‌وه‌ی هێزی کوردی به ئه‌سته‌م ده‌توانێت سیاسه‌تی میدیایی و ستراتیجیی خۆی بگۆڕێت یا ئاڕاسته‌ی کاریگه‌رتر بگرێته به‌ر، هۆکاره‌که‌ی زیاتر ئابووری و مادییه، لانیکه‌م بۆ ئێمه وا ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هێزێکی نه‌رم و ڕه‌قی کورد له دنیای مه‌جازی و به ڕاده‌یه‌کی که‌میش له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع (له ده‌ره‌وه‌ی وڵات) هه‌ستان به خاوه‌نداریکردنی دۆزەكە و پشتگیریی له ڕۆڵه و شۆڕشگێڕانی شۆڕشه‌که‌ی، ئه‌و ڕۆڵانەی کاتێک هه‌واڵی مه‌رگ یا سزاکه‌یان له میدیای ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه، به‌کارهێنه‌رانی عه‌جه‌م به ده‌یان تۆمه‌تی وه‌ک ته‌جزیه ته‌له‌ب و جودایی‌خواز و تیرۆریست... به‌ره‌و ماڵی تاریکی مه‌رگ به‌ڕێیان ده‌که‌ن!
پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌وته‌ی کوردکوژیی که عه‌جه‌می چه‌پ و ڕاست و فارسی ئیماندار و بێ ئیمان له‌سه‌ری هاوده‌نگ و هاونهوان، به یه‌کگرتن و وه‌لانانی ناکۆکییه‌کان مسۆگه‌ر ده‌بێت، هاوکات بوونی چه‌ندان ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی چ وه‌ک گوتار و ئیمکانیات و چ وه‌ک پشتگیری و په‌نادان، ده‌روازه‌یه‌کی مه‌زن و ڕزگارکه‌رن، ده‌توانێت زه‌وینه‌سازیی بنه‌مایی بێت بۆ تێکشکاندنی ئه‌و میکانیزمه‌ی دژبه‌رانی کورد له ناوچه‌که خستوویانه‌ته گه‌ڕ!
ئێمه دەبێت هه‌میشه به ویژدانێکی بێ‌دار و برینداره‌وه له خۆمان بپرسین: ئه‌م هه‌موو خوێنه‌ی کورد له ده‌ریای شۆڕشی ژینا و شۆڕش و ڕابوونهکانی تردا، ئایا کوردستانێکی پیرۆزی سه‌ربه‌خۆمان بۆ مسۆگه‌ر ده‌کات؟ یا ده‌بێت به مایه‌یه‌ک بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕووماڵی میدیا و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی جه‌خار و حه‌سره‌تی کوردی؟ ئه‌م پرسیاره چاوساغمان ده‌بێت له ده‌رچوون له‌و ڕێگەیه‌ی که ده‌چێته داوی جه‌لاد و داگیرکه‌رانه‌وه.