دوای هه‌ڵاتنی به‌شار ئه‌سه‌د و زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی و ڕاماڵینی داوده‌زگا داپڵۆسێنەر و هه‌ڵاتن یان ڕاده‌ستبوونی سوپای سوریا و هه‌ڵدانه‌وه‌ی پاشماوە تاریکه‌کانی دیکتاتۆری به‌عسی و سیدنایاكا، و... کوڵان و هه‌ڵقوڵانی ئاگری وڵاتێکی فره‌ئاین و فهرنهتهوهمان زیاتر بۆ ده‌رکه‌وت، ده‌توانین گریمانه‌ی ئه‌وه بکه‌ین هێزی ته‌حریرشام و چه‌ند هێزی وردی هاوشانی، ناتوانن به‌بێ چرای سه‌وزی زلهێزانی ناوچه‌که یا نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌م په‌لامار و ڕاوەدوونان و دواجار ڕووخانه‌ی ڕژێمی ئه‌سه‌د بهێننه گۆڕێ. ورده ورده ڕۆڵی ئه‌و هێزانهیشمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که هه‌رکام به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ڕێخۆشکه‌ر بوون بۆ ئه‌م گۆڕانکارییه چاره‌نووسسازه.
ڕووسیای مکوڕ و که‌له‌ڕه‌ق به ئاسانی هێزه‌کانی کشانده‌وه، هێزه بریكارەكانی کۆماری ئیسلامی به گریان و فیغانهوه حه‌ره‌مه پیرۆزه‌کانی شیعه‌یان جێهێشت و سوپای سوریایش وه‌ک بڵێی ئاگادار بن، هیچ به‌ختێکی له‌م ململانێی قومارئاسادا نییه یا هه‌ڵهات به‌ره‌و سنووره‌کانی عێراق، یا خۆی راده‌ست کرد. ڕه‌نگه خه‌ڵکی ئاسایی و میدیاکانی جیهان و ناوچه‌که جارێک سه‌رقاڵی وێنه دڵڕه‌ق و دڵته‌زێنه‌کانی زیندانه‌کانی وه‌ک سیدنایا و تاریکخانه‌کانی دیکتاتۆری ترسنۆک و خۆپه‌رستی دیمه‌شق بن.
به‌ڵام بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ خه‌ریکه شتی تر دێته کایه‌وه، نه‌زم و نۆرمێکی نوێ له وڵاتێک‌دا که 53 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداریی سیستمێکی دڵڕه‌ق و دیکتاتۆر و هاوکات نه‌گۆڕ له ئایدۆلۆجیادا کۆتایی پێ هێنا و ئێستهبش لێره و له‌وێ له زمانی سه‌رۆکی ئیسلامییەكان ئه‌حمه‌د شه‌رع یان هه‌مان ئه‌بومحه‌مه‌د جۆلانیەوە، ئاماژه‌ی نه‌رمونیان و دیپلۆماسی ده‌بیستین. ئه‌سته‌مه ئه‌مه تێڕامان و بیرکردنه‌وه یا با بڵێین به‌رنامه‌یه‌کی له پشتەوە پێدراوی لا نه‌بێت. ئیتر ئه‌م به‌رنامه‌یه یان ده‌رئه‌نجامی جۆرێک هوشیاریی ئیسلامی سیاسییه له ناوچه‌که، یاخۆ مانیفێستی نهێنیی و دیپلۆماسیانه‌ی ئه‌و هێز یان زلهێزانه‌ن که چرای سه‌وزیان بۆ ته‌حریرشام و ئه‌حمه‌د شه‌رع هه‌ڵکردووه.
ئه‌وه‌ی به نیسبه‌ت ئێمه‌ی کورده‌وه گرینگه، ئه‌وه‌یه له چه‌ند ساڵ پێش ئێستەوه به هه‌موو که‌موکوڕییه‌کانییه‌وه و به هه‌موو گوشار و هێرشه‌کانی تورکیا و هێزه جیهادییه بریكارەكانەوە، توانیوێتی ئیداره‌یه‌کی خۆسه‌ر و خۆبهڕێوهبهراییەك به‌ڕێوه ببات که ده‌کرێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان هه‌بێت بۆ ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆ خۆیان ئاماده کردبێ.
به دڵنیاییه‌وه ئه‌زموونی ڕۆژئاوای کوردستان له‌ژێر چه‌تری پشتگیریی ئه‌مەریکادا بووه، ئه‌ینا له ماوه‌یه‌کی کورت یان درێژدا، تورکیا و هێزه بریكارەكانی مهحفیان ده‌کرده‌وه یا ده‌که‌وتنه جه‌نگێکی کوشنده‌ی ناکۆتاوه که هه‌موو سه‌رمایه‌یه‌کی مادی و مه‌عنه‌وه‌ی کوردی تێدا ده‌چوو.
لێره‌دا ناپه‌رژێمه سه‌ر ئه‌و که‌لێن و بۆشاییانه‌ی له ئایدۆلۆجیای سیاسیی ئه‌زموونی ڕۆژئاوادا هه‌ن که هۆی به‌شێک له کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ تورکیا و ته‌نانه‌ت باشووری کوردستانیش بووە، چونکه له دواجاردا به‌ڕێوه‌به‌ریی خۆسه‌ر توانیویه‌تی بیسه‌لمێنێت هێزێکی کردهوهگهرایه، واته مه‌لزووماتی ڕیالپۆڵهتیک له‌به‌رچاو ده‌گرن و بۆ پاراستنی خۆیان له زۆر قۆناغدا ده‌چه‌مێنه‌وه و گۆڕانکاریی له دانوستانی خۆیاندا ده‌که‌ن.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه، دۆخه‌که ده‌کرێت له به‌رژه‌وه‌ندیی کورددا بشکێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌روا به ئاسانی نابێت. پێم وایە یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی ده‌شێت کێشه‌ساز بێت بۆ ئیداره‌ی خۆسه‌ر، لادانه له حه‌ساسییه‌ته‌کانی تورکیا و خۆیشی ئه‌مه ده‌زانێت، به‌ڵام هه‌رچی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسهرە، ده‌یه‌وێت جۆرێک پارێز بکات به‌رانبەر ئه‌م حه‌ساسییه‌تانه، بەڵام میدیای یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له گه‌ڕێکی ڕادیکاڵکردنهوهدا، ختووکه‌ی ئه‌و دۆگماتیزمه ئایدۆلۆجییه ده‌دات که له زۆر قۆناغی مێژوویی‌دا له زیانی شۆڕشی کورد له باکور و ڕۆژئاوا شکاوه‌ته‌وه.
مه‌زڵووم عه‌بدی خۆی به ژیری و هوشیارییه‌وه باس له یه‌کگرتوویی کورد له ڕۆژئاوا و هه‌روه‌ها ڕۆڵی ئه‌رێنی باشووری کوردستان له ڕووداوگەلی داهاتووی سووریا ده‌کات و هه‌روه‌تر له‌م ڕۆژانه له چه‌ندان وتووێژدا باسی له‌وه کرد که ئه‌مان هێزێکی"ناده‌وڵه‌تین"، واته ده‌وڵه‌تی و فه‌رمی نین و پابه‌ندن به یاسای سوریا و یه‌کپارچه‌یی خاکی ئه‌و وڵاته‌وه. به دڵنیاییه‌وه هیچ کوردێک نییه له دنیادا خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و ته‌نانه‌ت کوردستانێکی گه‌وره‌ی نه‌بێت، به‌ڵام واقیع بیرکردنه‌وه و بژارده‌ی دیکه ده‌خاته به‌رده‌ممان. وه‌ک چۆن له 91دا باشووری کوردستان به گوتارێکی هاوبه‌ش جاڕی سه‌ربه‌خۆیی نه‌دا، چونکه ده‌یزانی به هیچ شێوه‌یه‌ک مسۆگه‌ر نابێت، له‌وێش له ئاستێک‌دا هه‌مان تاس و حه‌مامه. ئێمه ناوچه‌یه‌کی دژه‌فڕین یان ئۆتۆنۆم یان فیدراڵمان زیاتر بۆ دابین ده‌کرێت تا سه‌ربه‌خۆیی.
ئه‌وه ڕاستییه‌که ئێمه له ڕۆژئاوا به هه‌ندێ چه‌کی ئه‌مەریکا و شه‌ڕڤانانی حهماسهتزهدەوە شه‌ڕی هێزه پرۆکسییه‌کانی تورکیا و قه‌ته‌ر و ...مان پێ ناکرێت و هه‌روه‌تر ئه‌مەریکا و فرانسایش به دڵنیاییه‌وه پشتگیریمان لێ ناکه‌ن. بۆیه ئیداره‌ی خۆسه‌ر ده‌توانێت له ڕۆڵی دیپلۆماسی باشووری کوردستان و پێگه‌ی سه‌رۆک بارزانی که‌ڵک وه‌ربگرێت، تا به‌شێک له له‌مپه‌ره‌کان تێپه‌ڕێنێت، هه‌م وه‌ک له‌مپه‌ری سیاسی و دیپلۆماسی و هه‌میش وه‌ک به‌ربه‌ستی لۆجستیکی و جیۆگرافی. بۆیه ده‌کرێت بڵێین ئێسته هه‌لێکی باش له به‌رده‌م کورده و ڕۆژئاوا ده‌توانێت له ئه‌زموونی باشووری کوردستان و دیپلۆماسییەتی ئه‌وێ، به باشترین شێوه به‌هره‌مه‌ند بێت، به مه‌رجێک واز له دروشمی بریقه‌داری ئایدۆلۆجی بهێنێت و واقیعی سیاسیی له‌به‌رچاو بگرێت.
ئه‌م کات و ساته هی ئه‌وه نییه هه‌ڵه‌ی تێدا بکرێت، ئێمه حاشا له تواناییه‌کانی ئیداره‌ی خۆسه‌ر به که‌موکوڕییه‌کانییه‌وه ناکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وان ده‌بێت هێنده کراوه بن بزانن باشووری کوردستان نه‌ک ته‌نیا له ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و زمانییه‌وه، به‌ڵکوو له ڕووێ جیۆگرافیشهوه له‌گه‌ڵیان پێوه‌سته، سه‌رباری ئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌یه‌یه دیپلۆماسی و کۆریدۆرێکی سیاسیی له نێوان هه‌ولێر و وڵاتانی زلهێز و ناوچه‌ییدا دروست کراوه.
هه‌موو ئه‌مانه ئه‌و ده‌رفه‌ت و ئه‌گه‌ره باشانه‌ن که ڕۆژئاوا ده‌توانێت سوودی لی وه‌ربگرێت، تا له داهاتووی سووریا و پێکهاته‌ی حوکمڕانیی ئه‌وێدا، پێگه‌یه‌کی پته‌و بۆ کورد مسۆگه‌ر بکات، به پێچه‌وانه‌ی ئهمهوە، هه‌رچی ڕێسراوه ده‌بێته‌وه به خووری، بۆیه ده‌ڵێم سه‌ره‌ڕای روونی ئاسمانی ڕۆژئاوا، به‌ڵام ئاسۆی گه‌شی له ئاسمانی باشووره‌وه وێنا ده‌کرێت.