ئه‌گه‌ر تۆزێک بۆ دواوه بگەڕێینەوە و مێژووی شۆڕشه کوردییه‌کان له هه‌موو پارچه‌کان و دۆخی جیاوازی پارچه جیاجیاکان بهێنینه پێش چاوی خۆمان، ده‌زانین کاتێک پارتی کرێکارانی کوردستان له باکوری کوردستان سه‌ری هه‌ڵدا، ئومێدێکی سه‌ره‌تایی بۆ بووژانه‌وه‌ی کورد و ئۆکسیجین گه‌یاندن به‌م له‌شه گیانه‌ڵایه له ئارادا بوو. به‌ڵام زۆری نه‌خایاند ئه‌م هێزه خرایه لیستی ڕه‌شی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئه‌مەریکاوه و تێچووه‌کانی بۆ خه‌بات چه‌ندقات زیاتر بوونه‌وه.
دۆگماتیزمی ئایدۆلۆجی ئه‌م هێزه وایکرد له هه‌موو ئه‌و ساڵانه و تا ئێسته‌یش نه‌یه‌ته ناو یارییه سیاسییه‌کانه‌وه و هه‌ر له بازنه‌ی شه‌ڕی ئایدۆلۆجی و چه‌کداریدا بمێنێته‌وه، ناتوانین حاشا له‌وه بکه‌ین له ڕووی کولتوورییه‌وه له هه‌ندێ ئاستدا کاریگه‌ر بوون، به‌ڵام کۆی سیاسه‌ت و ستراتیجیان به‌م ئاڕاسته‌یه هات که دۆزی کوردیان له باکور تووشی ته‌نگژه و ته‌نگپێهه‌ڵچنینێک کرد، نه‌ک ته‌نیا خه‌ڵکی باکور، به‌ڵکوو باشوور و ڕۆژئاوا و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ ئاستی ئاڵۆزیشدا، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشی پێوه گیرۆده بوو.
هه‌موومان ده‌زانین ئه‌گه‌ر دیپلۆماسیی ئابووری و سیاسیی حکوومه‌تی هه‌رێم و پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ تورکیا نه‌بوایه، ئه‌م دۆخه ناجێگیره که ئێسته به‌هۆی یارییه‌کانی ئێران و فاشییه‌تی عێراقی میلیشیاکانه‌وه به باشی ململانێی مانه‌وه و سه‌ربه‌خۆبوونی خۆی کردووه، خراپتر ده‌بوو، بگره ده‌که‌وته مه‌ترسیی ڕژدەوە. خواسته ئایدۆلۆجییه‌کانی پارتی کرێکاران له‌ناو بازنه‌یه‌ک له خه‌ون و خه‌یاڵ و پیرۆزاندندا سووڕ ده‌خوات، ئه‌م هێزه هێشتا باوه‌ڕی نه‌کردووه دیواری به‌رلین ڕووخاوه و دوو جه‌مسه‌ریی کۆمۆنیزم و کاپیتالیزم کۆتایی پێ هاتووه و هێشتا له خه‌ونی دژایه‌تیکردنی کۆی سیستمی سه‌رمایه‌داریدایه که به ده‌رهاوێشته‌ی نه‌زمی لیبرالیزمی ده‌زانن. ئه‌مه خۆی وایکردووه کورد له‌ناو ئه‌م ئایدۆلۆجیایه‌دا به‌ره‌و شه‌ڕێک ئاراسته بکرێت که به‌ر له‌وه‌ی شه‌ڕی ماف و خاک و زمانه‌که‌ی بن، شه‌ڕی کرێکارانی جیهان و خه‌ونه ئیشتراکییه‌کانی مرۆڤن له‌ناو هاوکێشه‌یه‌کی زل و زه‌به‌لاحدا که ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تان و حزبەیلی کۆمۆنیستی و کرێکاریی ڕۆژئاوایش هاوده‌نگی نین.
ئه‌م ستراتیجه له ڕاستیدا جۆرێک خه‌ونه، چونکه له‌گه‌ڵ هاوکێشه‌کانی ناو واقیعدا نایه‌نه‌وە و ده‌بێت به وه‌هم. وه‌همێک له ڕێگه‌ی میدیا زل و زه‌به‌لاح و میدیاکاری ئایدۆلۆجیی زۆر و زه‌وه‌نده‌وه پلانی په‌ره‌پێدانی داڕێژراوه. ئێمه ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین هه‌موو حزبێک به ئایدۆلۆجیایه‌کەوە به‌نده، به‌ڵام حزبێک بانگه‌شه بۆ ئازار و خه‌مه‌کانی میله‌ته‌کەی بکات، واقیعبینه یان حزبێک باسی ئازادیی کرێکارانی جیهان و ڕووخاندنی سه‌رمایه‌داریی بکات؟ هه‌مدیس ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین تێز و ده‌سته‌واژه‌ی "برایه‌تیی گه‌لان" ته‌نیا تاکتیکێکی کاتییه و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع نه‌ک جێبه‌جێ نابێت، به‌ڵکوو نایانه‌وێت جێبه‌جێش بێت.
له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه له هه‌ر گۆشه‌یه‌که‌وه چاو له بابه‌ته‌که بکه‌ین، ده‌گه‌ین به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که کاتی کاژخستن و گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌م گوتار و هێزه هاتووە، چه‌ند ساڵ پێش ئێستە ئاماژه‌ی پاککردنه‌وه‌ی قه‌ندیل له چه‌کدارانی پارتی کرێکاران له‌لایه‌ن زلهێزه‌کانه‌وه ده‌رکه‌وتن و ورده ورده خه‌ریکه جێبه‌جێ ده‌بێت و ئه‌مڕۆ نا سبه‌ینێ ئه‌مه هه‌ر ڕوو ده‌دات، ئێمه حه‌زمان ده‌کرد قه‌ندیل ئه‌نقه‌ره‌ی بگرتایە، به‌ڵام دوای سێ ده‌یه شه‌ڕی پرووکێنه‌ر، ئیتر ده‌بێ قبووڵ بکه‌ین ئه‌و ستراتیجانه‌ی له‌م ئایدۆلۆجیایه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن، کارامه نین و کاتی گۆڕانیان گه‌یشتووه.
به دڵنیاییه‌وه ئێمه شه‌ڕی چه‌کدارییمان له‌گه‌ڵ تورکیا و هیچ کام له هێزه داگیرکه‌ره‌کان پێ ناکرێت، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه بۆمان ململانێ و یارییه به‌پێی یاساكاتی نێوده‌وڵه‌تی. ئێمه وه‌ک کورد له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هوشیارین که یاسا‌کانیش دادپه‌روه‌رانه نین و به زۆری زلهێزه‌کان بڕیار ده‌ده‌ن چۆن و که‌ی و له کوێ جێبه‌جێ بن و هاوکات ده‌شزانن له کوێ و که‌ی و چۆن پشتگوێی بخه‌ن و کاتی کاره‌ساتیش هەر خۆیان له دواوێستگه‌دا ده‌گه‌ن و ده‌بن به جارده‌ری مافی مرۆڤ. ئه‌مه ڕاستییه‌کی تاڵی ئه‌م دنیا نادادپه‌روه‌ر و ئه‌م نه‌زمه نه‌خوازراوه‌یه که ئێمه‌ی کورد ده‌بێت لێی تێ بگه‌ین.
ئێسته به‌م دۆخه نوێیه‌ی له سوریای دوای ئه‌سه‌د هاتووه‌ته پێش، بێگومان تورکیا ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌م له ڕابوون و شۆڕشی ته‌حریرشامدا هه‌بووه و هه‌میش له نه‌خشه‌ی سیاسیی داهاتووی ئه‌و وڵاته‌دا ڕۆڵگێڕێکی ڕژد ده‌بێت، کاتی ئه‌وه هاتووە گوتاری ئایدۆلۆجی و سیاسیی پارتی کرێکاران له ڕۆژئاوا واز له حه‌ماسه‌تسازبی و پڕوپاگه‌نده‌ی میدیایی و ئایدیای خه‌یاڵیی درۆینه بێنێت. ئه‌و خوێنه‌ی ڕۆڵه‌کانی کورد ده‌توانین له دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق و به یه‌کگرتووییه‌کی کوردی به ده‌ست بهێنینه‌وه و نه‌هێڵین چیتر له شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تورکیا و هێزه داره‌ده‌سته‌کانیدا بڕژێت،
کاتی ئه‌وه هاتووە گوتاری قه‌ندیل له ڕۆژئاوا بکرێت به گوتارێکی مه‌ده‌نی و سیاسییانه‌ی سه‌رده‌م، واز له خه‌ونی دوورمه‌ودا و نه‌کرده بهێنێت و واقیعی ئێستەی سووریا و کورد و یاریی و هاوکێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بخوێنێته‌وه. ئەگه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بژاردانە یارییه‌که بکات، بێگومان هێزه‌کانی خۆسه‌ر به هه‌موو لق و نیوه‌لق و باڵ و نیوه‌باڵه‌وه له درێژماوه‌دا ورده ورده لاواز و بچووک ده‌کرێنه‌وه و ناچار ده‌کرێن یان بڕۆنه‌وه بۆ قه‌ندیل، واته ئه‌و شوێنه‌ی له ڕۆژئاوا پڕۆپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن، یا له چه‌ند قه‌واره‌ی نایاسایی ناو سووریادا درێژه به شه‌ڕ بده‌ن که هه‌ردووکیان هه‌ر خراپ و شوومن.
هیوادارین کوردی ڕۆژئاوا درک به‌م مه‌ترسییانه بکات و یارییه‌کی سیاسی بکات نه‌ک ئایدۆلۆجی، بۆیه ده‌شێت ئه‌و پرسیاره بکه‌ین، ئایا کاتی ئەوە نه‌هاتووه پارتی کرێکاران واز له‌و شه‌ڕه ئایدۆلۆجییه بێنێت و شه‌ڕ و یاریی سیاسی بکات؟