تا ئێسته و ئه‌م ساته ڕاڤه‌ی زۆر بۆ هێرشه‌کانی حه‌وتی ئۆکتۆبه‌ر له‌لایه‌ن حه‌ماس و دیاره به فیت و پشتگیریی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر ئیسرائیل کراوه، ڕاستییه‌که‌ی تا پێش کوژرانی هه‌نییه له تاران و حه‌سه‌ن نه‌سروڵا له لبنان، زۆربه‌ی ڕاڤه‌کار و چاودێرانی سیاسی پێیان وابوو، هه‌یبه‌ت و تاپۆی ئیسرائیل که له‌ژێر "گۆمه‌زی ئاسنین" یا وه‌ک هه‌ندێک ده‌ڵێن "کڵاوه‌ی ئاسنین"، واته ئه‌و سیستمه به‌رگرییه به‌هێز و ئه‌فسانه‌ییه‌ی بۆ پارێزگاری له کیانی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی جوو دانرابوو، شکێنراوه و به ئاسانی بۆیان ساغ نابێته‌وه.
لێره و له‌وێ هه‌ندێک شاره‌زا و چاو‌دێر باسیان له‌وه کرد که ئیسرائیل بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌م لێدانه خاکی لبنان و سوریا و ته‌نانه‌ت عێراق و ئێرانیش له درێژماوه‌دا به تووره‌که ده‌کێشێت، به‌ڵام ئه‌م تێڕوانینه زۆر ڕژد وەرنهگیرا و زوو خرایه په‌راوێزه‌وه، دیاره حه‌ماسه‌تی میدیایی به‌ره‌ی مقاومه و شه‌پۆلی ناسیۆنالیزمی ئاینی عه‌ره‌بی، چاوی هه‌مووانی له ئاست بینینی ئه‌م داهاتووه دووکه‌ڵاوی و خوێناوڵینه داخست! دواتر دۆخه‌که‌مان بینی که به کوێدا هات و به کوێ گه‌یشت!
ده‌توانین تێبینیی ئه‌وه بکه‌ین که پێده‌چێت تووڕه‌ییه‌که‌ی ئیسرائیل هه‌ر له شکانی هه‌ژموونی کڵاوی ئاسنینەوە نه‌بێت، به‌ڵکوو له سۆنگه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌وه به قووڵی د‌رکی به‌وه کرد که ده‌بێت بۆ پاراستنی خۆی کۆی میحوه‌ری مقاومه له‌توپه‌ت و وردوخاش بکات، ئه‌گه‌رچی له ناویشیان نه‌بات به ته‌واوه‌تی و هه‌ندێ ئاسه‌واریان لێره‌وله‌وێ بمێنێته‌وه. واته تووڕه‌یی و "نیگه‌رانیی ئاوه‌زمه‌ندانه‌ی" ئیسرائیل له‌سه‌ر داهاتووی کیان و ئاسایشی هاووڵاتییانی جوو و کۆی بوونی نه‌ته‌وه‌ی جوو، وایکرد نه‌ک ته‌نیا حه‌ماس و ڕێبه‌ره‌کانی به‌شێوه‌ی ڕه‌مزی و مانادار له‌ناو ببات و کونه‌مشکیان لێ بکات به قه‌یسه‌ری، به‌ڵکوو حه‌سه‌ن نه‌سروڵای ئه‌فسانه‌یی و کاریزمایش به‌شێوه‌یه‌ک له‌ناو ببات که دواتر دایک بۆ کۆرپه‌کانیان بگێڕنه‌وه! نهسروڵایهک که به درێژایی چه‌ندان ده‌یه خه‌بات و شه‌ڕ دژی ئیسرائیل، گیانێکی مفتی دهربردبوو و تا پێش کوژرانیش سەرپەرشتیی ده‌یان و سه‌تان ئۆپه‌راسیۆنی نهێنی و ئاشکرای دژی جووکان کردبوو.
ورده ورده بۆمان ده‌رکه‌وت حه‌وتی ئۆکتۆبه‌ر یه‌که‌م پوولی دۆمینه‌ی هەڵچنینی ئه‌م كەڵەكەتڕە بووه که پێده‌چێت تا دواپوول که ئێران یا به وته‌ی ئیسرائیلی و ئه‌مەریکا "سه‌ری ماره‌که" بێت، بیخات.
تا پێش ڕووخانی به‌شار ئه‌سه‌د و ئاڵۆزبوونی دۆخه‌که، کۆماری ئیسلامی له ڕێگه‌ی میحوه‌ری مقاومه‌وه هه‌ر ده‌یتوانی هه‌ناسه‌یه‌ک بکێشێت و سێبه‌ری ترسێکی پێشگریکارانه له هێرشی ئیسرائیل بۆ خۆی به پێوه ڕابگرێت، به‌ڵام به‌ره‌ی مقاومه به گریانه‌وه حه‌ره‌مه پیرۆزه‌کانی شیعه‌یان له ڕۆژانی ڕابردوو به‌جێ هێشت و فه‌رمانده‌کانی سوپا له تاران له گه‌ڕێکی میدیایی ڕێکخراودا باس له‌وه ده‌که‌ن، ئه‌وان ئامانجه‌که‌ی خۆیان که هه‌مان دوورخستنه‌وه‌ی شه‌ڕ له وڵاتی ئێران بێت، به‌جێ هێناوه و خۆ خاوه‌نی سووریا نین تا بۆ هه‌میشه له‌وێ بن!
ئه‌م هه‌ڵوێست و ده‌ربڕینانه به‌ر له هه‌ر شتێک پاشه‌کشێیه‌کی ناچاریی کۆماری ئیسلامییه به کۆمه‌ڵێک برینی قووڵه‌وه که به‌هۆی ترس و تۆقان له تووڕه‌یی و نیگه‌رانیی ژیرانه‌ی ئیسرائیل، فزه ناکات، ته‌نانه‌ت له به‌ر ئێشی ئه‌و برینانه، بۆڵه‌یه‌کی بچووکیش ناکات. ڕه‌نگه ئێران به‌پێچه‌وانه‌ی هۆشداریی زۆر له چاو‌دێر و مامۆستایانی زانکۆ له تاران و... پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌کردبێت ڕووسیا ڕووبه‌ری هاوکێشه‌که له دژی ئه‌و چۆڵ بکات و ئه‌ویش جگه له پاشه‌کشێیه‌کی سه‌رشۆڕانه هیچ بژارده‌یه‌کی دیکه‌ی له به‌رده‌مدا نه‌مێنێته‌وه، بەڵام کۆی ئه‌م دیمه‌نانه به ئێمه ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر بڕیاره نه‌زم و داڕشتنه‌وه‌یه‌کی دیکه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین له ئارادا بێت، به دڵنیاییه‌وه کۆماری ئیسلامی و حه‌ماس یه‌که‌م هۆکاری بوون له خستنی یه‌که‌مین پوولهکهوه. به‌ڵام پێشبینیی ئه‌م ڕۆژه‌یان نه‌ده‌کرد ئاوا مایه‌پووچ بن و بگره بوونیشیان بکه‌وێته مه‌ترسییه‌وه!
کۆماری ئیسلامی به‌هۆی پشتگیریی له هێرشه‌که‌ی حه‌وتی ئۆکتۆبه‌ر، خه‌ریکه سه‌ری تیا بچێت، بۆیه زۆر که‌س ئه‌م کاره‌ی کۆمار به هه‌ڵه‌یه‌ک له خه‌مڵاندن یان ئه‌ندازیاریی ڕووداوه‌کان ده‌بینن که له هه‌موو مێژووی خۆیدا نه‌یکردووه. سه‌رباری ئه‌مه، هه‌رچه‌ند ڕۆژ پێش ئێسته نوێنه‌رێکی په‌ڕله‌مانی ئێران نزیک له عه‌لی خامنه‌یی، باسی له‌وه کرد که سه‌رۆک کۆماری پێشوو واته "ڕه‌ئیسی"، له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه و به هاوکاری سه‌رۆک کۆماری ئازه‌ربایجان واته ئیلهام عه‌لی ئێف، کوژراوه. به‌ڵام براده‌رانمان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌به‌ر بەرژەوەندی ده‌یشارنه‌وه.
ئه‌م لێدوانانه پێده‌چێت ده‌لاله‌ت له شپرزه‌یی و سه‌رلێشێواویی له‌ناو په‌یکه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێران‌دا بکەن، له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل یا هه‌ر جۆره ئاماده‌کارییه‌ک له هه‌مبه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ی دێن، یاخۆ ڕه‌نگه ئه‌مه سه‌ره‌تای پلانێکی دیکه بێت له‌لایه‌ن هێزێکی ئایدۆلۆجیستی شیعی که باوه‌ڕی به شه‌ڕی ئاخرزه‌مانی و ئارماگێدۆن هه‌یه و هیچ باکی له‌وه نه‌بێت شه‌ڕێکی ئه‌تۆمی هه‌ڵگیرسێت و به‌و هۆیهوە و له سۆنگه‌ی باوه‌ڕمه‌ندییه‌وه ئیمامی زه‌مانیش ته‌شریف بهێنێت و ده‌جال و حه‌زره‌تی مه‌سیح له خاكی پیرۆز واته هه‌مان شام و قودس و ئه‌و ناوچانه به گشتی، ڕووبه‌ڕوو ببنه‌وه و ئیتر دنیا پڕ بێت له خۆشی و که‌یف و کامه‌رانی! هه‌ڵبه‌ت پاش شه‌ڕێکی ئه‌تۆمیی گه‌وره که ڕه‌نگه چه‌ند هه‌زار مرۆڤێک بتوانن لێی ده‌رباز بن، تا دواتر بتوانن له ژێر ئاڵای پیرۆزی خه‌لافه‌تی ئیمامی زه‌ماندا به خۆشی و به‌خته‌وه‌ری بژین!
به‌ڵام توخمێکی نوێ له‌ناو هاوکێشه‌که‌دا هه‌موو، ئه‌م خه‌ونه ترسناکه ئاخرزهمانیانه پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه خۆی سه‌رهه‌ڵدانی که‌شێکی ئاخرزه‌مانی له ڕووبه‌رێکی بچووک و هه‌ڵبه‌ت نادیار بێت، گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆناڵد ترامپه بۆ سه‌رۆکایەتیی ئەمەریكا، کۆماریخواز به پێچه‌وانه‌ی بایدن و دیموکراتهکانەوە، ڕاشکاو و لێ‌بڕاون، هاوکات به‌هێزترین و گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی ئیسرائیل و ناتانیاهۆن.
هه‌ر پاش هه‌ڵبژاردن ئه‌م پرسیاره‌یان لێ کرد که ئێوه چۆن ده‌جووڵێنه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران؟ گوتی "ئێمه نامانه‌وێت خه‌سار بگه‌یه‌نین به ئێران، به‌ڵام ئه‌وان ناتوانن وزه‌ی ناوکییان هه‌بێت". دیاره ده‌نگۆ و وه‌ک هه‌ندێک ده‌ڵێن بژارده‌ی لێدان له دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌کانی ئێران له پاش تێکشکانی کوشنده‌ی به‌ره‌ی مقاومه و نه‌مانی ئه‌سه‌د، زیاتر له هه‌ر کاتێک له ڕاستییەوە نزیکە، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه، چ ئه‌مەریکا خۆی ڕاسته‌وخۆ له‌و دامه‌زراوانه به تایبه‌تی نه‌ته‌نز و فۆردۆ بدات یا ئیسرائیل، ئایا کۆماری ئیسلامیی پوولێکی دیکه ناخاته ڕوو یا هاوکێشه‌یه‌کی تری قه‌یراناوی و ترسناک بۆ ناوچه‌که دروست ناکات، هه‌روه‌ک له حه‌وتی ئۆکتۆبه‌ردا له ڕێگه‌ی حه‌ماسه‌وه دروستی کرد؟ یان یه‌که‌م پوول له حه‌وتی ئۆکتۆبه‌ر که‌ی و چ کات دواهه‌م پوول له تاران ده‌خات؟