مه‌رجه‌كانی مافی به‌رگریی له‌خۆكردن، بریتییه له بوونی مه‌ترسییه‌ك به ڕوودانی تاوانێك، تاوانه‌كه له‌سه‌ر كه‌سه‌كه بێ یان كه‌سێكی تر یان موڵكوماڵی، پێویسته مه‌ترسییه‌كه‌ش له‌پڕ بێ و كه‌سه‌كه كه مه‌ترسی له‌سه‌ره، هیچ بوارێكی نه‌بێ ده‌زگا گشتییه‌كان ئاگادار بكاته‌وه.
به‌رگرییه‌كه‌ش ده‌بێ به ئه‌ندازه‌ی پێویست بێ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كه. هه‌روه‌ها گونجاو بێ له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كه. مه‌رجه له باری به‌رگریی شه‌رعیدا، هیچ نه‌بێ كه‌سه‌كه هه‌ستی به بوونی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌ك كردبێ له‌سه‌ر خۆی یان موڵكوماڵی. چ له‌سه‌ر خۆی یان كه‌سێكی تر. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و بڕوایه‌ی بنه‌مایه‌كی ماقوڵ و پشتڕاستكراوه هه‌بێ كه مه‌ترسییه‌ك ئه‌گه‌ری هه‌یه ڕوو بدات و نابێ به‌رگرییه‌كه‌ی له ئاستی هه‌ڕه‌شه‌كه گه‌وره‌تر بێ. بۆ نموونه نابێ كه‌سه‌كه دزێك بێ ویستبێتی سۆنده‌یه‌ك له حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌ی ببات، ئه‌ویش بچێ بیكوژێ. له ته‌نیا دوو حاڵه‌تی مافی به‌رگریی له‌خۆكردن ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانیشی هه‌بێ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه؛ ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی جێبه‌جێكردنی كاری قه‌زایی بێ، ئه‌وانه‌ی به یاسایی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌ندامه‌ی قه‌زای گشتی سنووری خۆیشی تێپه‌ڕاندبوو.
دووه‌م بار، نابێ كوشتنی به ئه‌نقه‌ست بۆ به‌رگریی شه‌رعی به‌كار بێ، ته‌نیا له دوو حاڵه‌ت، ئه‌گه‌ر بۆ خۆپاراستن بوو له كوژران و برینداربوون، یان له حاڵه‌تی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ژن به‌زه‌بر و ئابڕووبردن و ڕفاندنی مرۆڤ.
حاڵه‌تی دووه‌م، بۆ به‌رگریكردن له موڵكوماڵ له حاڵه‌ته‌كانی سووتاندنی به‌ئه‌نقه‌ست، دزی، به‌شه‌و چوونه سه‌ر ماڵی خه‌ڵك، له به‌ینبردنی به‌ئه‌نقه‌ست.
له كاتی گه‌وره‌یی به‌رگرییه‌كه زیاتر له قه‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كه، دوو بار هه‌یه؛ ئه‌گه‌ر به‌رگری له‌خۆكه‌ره‌كه نیازی پاك بووبوو و ته‌نیا مه‌به‌ستی به‌رگریی بووبوو، ئه‌وا دادوه‌ر ده‌توانێ تاوانه‌كه‌ی سووك بكات، بۆ نموونه؛ له جینایه‌ته‌وه بۆی بكات به جونحه( كه‌تن).
به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌وره‌یی هه‌ڕه‌شه‌كه به‌ئه‌نقه‌ست بوو، دادوه‌ر وه‌ك تاوانی به‌ئه‌نقه‌ست ته‌ماشای ده‌كات، ته‌نیا ئه‌گه‌ر هۆكارێكی دۆزییه‌وه بۆ سووككردنی تاوانه‌كه بۆی و كه‌مێك سووكی ده‌كات.
له سیستمی یاسایی هه‌موو وڵاتان مافی به‌رگریكردنی شه‌رعی به یاسا ڕێكخراوه، له هه‌ندێك ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك ویلایه‌تی جۆرجیا، بۆ نموونه مافی گرتنی كاتی دراوه به كه‌سه‌كه‌ی به‌رگریی له‌خۆی كردووه، تا ده‌زگاكانی پۆلیس ده‌گه‌نه شوێنی ڕووداوه‌كه.
له ١١ ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، یاسای ئه‌ركی گه‌ڕانه‌وه هه‌یه كه پێی ده‌گوترێ یاسای ده‌رنه‌چوون له هێڵ یان له جێی خۆت ڕاوه‌سته، ئه‌م یاسایه به‌شێكه له به‌رگریی له خۆكردنی شه‌رعی و به‌پێی یاسای ئه‌م ویلایه‌تانه، ئه‌وه‌ی هێرشی ده‌كرێته سه‌ر، تا تۆزقاڵێك بواری تێدابێ، نابێ هێرشی توند بكاته سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كه‌ره‌كه. له ویلایه‌ته‌كانی تر به پێچه‌وانه‌وه، یاسای ئه‌ركی نه‌گه‌ڕانه‌وه هه‌یه، واته ده‌بێ به‌رگریی له خۆی بكات و به‌پێی ماقوڵییه‌تی به‌رگرییه‌كه، تاوانه‌كه‌ی له‌سه‌ر سووك ده‌كرێ.
به‌پێی ماده‌ی ٥٦ی یاسای سزاكانی ئیمارات، هه‌ر كه‌سێك مافی به‌رگریی له‌خۆكردنی هه‌یه له كاتی بوونی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه، تا تیمه‌كانی پۆلیس فریای ده‌كه‌ون.
له یاسای عێراقیشدا به‌پێی هه‌موو مه‌رجه‌كانی له سه‌ره‌وه باس كران، ئه‌وه‌ی به‌رگریی شه‌رعی له‌خۆی ده‌كات و مه‌رجه‌كانی تێدایه، تاوانی ئه‌نجام نه‌داوه.