خەڵکێکی زۆر چ لە ڕابردوو و چ ئێستە، سیاسەت بە بەڕەفتار و ڕێگەی نەگونجاو بۆ بەدەستهێنانی ئامانج دەبەستنەوە. لە کاتێکدا، بەشێکی زۆر لە فەیلەسوفەکانی سەدەكانی کۆن و ناوەڕەست، داوای بەها و ئیتیکیان لە سیاسەتدا كردووە. بەڵام خۆی ڕاستییەکە ڕێگەی دووەمە. ڕەوشت بنچینەی سیاسەت و یاسایە، ئەویتر لادەرییە. بەڵام لەبەرئەوەی سیاسەت ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ بە دەستهێنانی بەرژەوەندی کەسیی، تاقیکردنەوەی خۆپەرستی و خۆویستی و لادانە ڕەفتاری و دەروونییەکان، بۆیە لە كرداردا ڕێگەی یەکەم لەم سەردەمەدا باوە.
ئەمە جگە لەوەی تاقیکردنەوەی ئەم ڕێگەیە، ئاسانکاریی زۆری هەیە، لەوانە: برەوی پۆپۆڵیزم، سۆشیال میدیا و تەکنۆلۆجیا و برەوی قازانج و بڵاوبوونەوەی خوێندەواریی بە قوتابخانە و بڕوانامە و نەخوێندەواری هزر و زانین و فەرهەنگ. ئەمانە و زۆر هۆی تریش، یارمەتیدەرن بۆ ئاسان پێڕەوکردنی سیاسەتی دوور لە ئیتیک و بەها.
یەکێک لەو سەرکردانەی جیهان کە کەمتر بۆ بەرژەوەندی کەسیی و زیاتر بۆ تاقیکردنەوەی بەهای مرۆیی کاری کرد، ئەنجێلا مێرکڵ بوو، مێرکڵ ژنێکی بێکار نەبوو هاتبێتە ناو دنیای سیاسەتەوە، بەڵکو زانای ئەتۆم و فیزیا بوو، لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەڵمانیادا خۆی بۆ وڵاتەکەی تەرخان کرد، هەر لەو ماوەیەشدا، ڕۆڵێکی کاریگەریی بەسەر سیاسەتی جیهانەوە هەبوو، لەوانەیە زۆر لە دژەكۆچبەر و توندڕۆکان بڵێن، وڵاتەکەی بەهۆی پەنابەرانەوە تێک دا.
خۆش نییە ئەو وڵاتە پێشکەوتوو و جوانانە ببینی، لەلایەن کەسانێکەوە ڕێز لە داروبەردیان ناگیڕی کە هەمیشە بێبەش و سوتماكی شەڕ بوون لە وڵاتی خۆیاندا، بەڵام ئەو مرۆڤانەیش قوربانین، ئەگەر سیاسەت ڕێگەی خراپ پێڕەو بکەن بۆ ئامانجی تەنانەت خراپ، بێگومان ئەگەر ئامانجیش باش بێ، هەر دروست نییە، ئەی گرتنەبەری ڕێگەی زیانبەخش بۆ خۆت، لە پێناو ئامانجی بەرز، ئەوە ڕێگە ڕاستەکە نییە؟
لە سەرەتای ساڵی 2025، دەزگای چاپەمەنی کیپنهاوەر & فیتش، بیرەوەرییەکانی ئەنجێلا مێرکڵ 1954 تا 2021، بڵاو کردەوە. خاوەنی دەزگاکە کریستین گلیپا بە ڕۆژنامەی "فرانکفۆرتەر ئەلیگماینە تسایتۆنگ"ی ڕاگەیاندووە، ئێستە، هەفتانە 12 ملیۆن دانەی کتێبەکە دەفرۆشن کە قەبارەکەی 736 لاپەڕەیە و نرخی 42 یۆرۆیە.
گلیپا دەڵێ، ئەوەی جێی خۆشحاڵی ئێمەیە، سێ بەشی ئەوانەی کتێبەکە دەکڕن و لە ڕێوڕەسمی بڵاوکردنەوەكەی بەشدار بوون، لاوانن.
زیاتریش پێمانخۆشە کە دەستیان پێ کردووە لە سوشیاڵ میدیا، پارچە و بەش و دێڕەکانی کتێبەکە بڵاو دەکەنەوە و زیاتر بە خەڵکی دەناسێنن.
گلیپا ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی کریسمسدا هەر لە ئەڵمانیا 600 هەزاری لێ فرۆشراوە، لەسەر ئاستی جیهانیش بەربڵاوە و لە ئەمەریکا هەر لە هەفتەی یەکەمدا 25 هەزاری لێ فرۆشراوە و لە بەریتانیا 40 هەزار و لە هۆڵەندا و ئیتالیا و وڵاتانی تری ئەسکەندەنافی، لە ڕیزی یەکەم کتێبی پڕفرۆشدایە.
مێرکڵ، دوای ئەوەی لە 2021 ئەرکی لە سەرۆکایەتیی ئەڵمانیا تەواو بوو، ئێستە لە شوقەیەکی ئاساییدا لەگەڵ هاوسەرەکەی دەژی، لە کاتی سەرۆکایەتیش هەر لەوێ ژییا، ڕۆژانە وەک هەر کەسێکی تر دەچێتە یەکێک لە مارکێتەکان، ڕۆژباش دەکات و کەلپەلی پێویستی خۆی دەکڕێ و بیرەوەریەکانیشی لەناو کتێبخانە ئەلیکترۆنی و ئاساییەکاندا نۆرەیان بۆ گیرلوە، ئەوە ژیانی ئاسایی و ڕاستەقینەیەتی و هەر وا ژیاوە و هەروا دەژی و كولتووری وڵاتانی رۆژئاوا ئاوایە.
بە پوختی، گێڕانەوەی سیاسەت بە ڕەوشت، بنەما و ڕێگەی ڕاستە و سیاسەتی بە بەهای دەوێ. خەڵکیش تینووی ئەو جۆرە سیاسەتەیە و ئەگەر لە واقیعدا دەستی نەکەوێ، لەناو دێڕی کتێبەکاندا بۆی دەگەڕێ، لە هەمووان تینووتریش لاوانن کە قوربانی سیاسەتی دوور لە بەهاكانن.