پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی باسیان له‌وه ده‌كرد، ده‌ستپێكی ساڵی نوێ بۆ فه‌رمانبه‌ران سه‌خت ده‌بێت و مووچه زیاتر دوا ده‌كه‌وێت و قه‌یرانه‌كه قووڵتر ده‌بێته‌وه، حكوومه‌تی عێراق و ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی، سازشێكی گه‌وره و نه‌رمینواندێكی بێ سنووریان بۆ شاندی هه‌رێمی كوردستان له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كرد، تا ئه‌و ئاسته‌ی كێشه‌ی مووچه له ڕیشه‌وه بۆ ئه‌مساڵ چاره‌سه‌ر كرا. وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌زیری دارایی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕای گه‌یاند.
ئه‌م گۆڕانه كتوپڕ و دراماتیكی و ئه‌رێنییانه چی بوو له هه‌ڵوێستی حكوومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و وه‌زیری داراییه‌كه‌یدا كه سێ ساڵه سه‌رسه‌ختانه یاریی به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان ده‌كه‌ن و بیانوو له دوای بیانوو ده‌هێنێته‌وه؟
بێگومان هه‌ر كه‌سێك وا بزانێ ئه‌مه ده‌ره‌نجامی گوشاره‌كانی دادگای فیدراڵییه، یان نیازپاكی و دڵسۆزی به‌غدا و ته‌یف سامییه بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، ئه‌وه له گوێی گادا خه‌وتووه. سێ ڕۆژ به‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو شاندی دارایی هه‌رێم و به‌غدا، له ڕێگه‌ی ڕێباز حه‌ملانه‌وه هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك بارزانی و مه‌سروور بارزانی، دواین و توندترین په‌یامی سیاسی و فه‌رمیی هه‌رێمیان بۆ سوودانی نارد، ئێمه نازانین چیی تێدا بووه؟ به‌ڵام دڵنیاین هه‌ردوو بارزانی باوك و كوڕ، دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر به‌غدا 10 ساڵی تریش یاری به مووچه و قووتی خه‌ڵكی كوردستان بكات و دوای بخات، وه‌ك گوشار و كارتێك له دژی هه‌رێمی كوردستان به ئامانجی به عێراقیكردنه‌وه‌ی به‌كاری بێنێت، ئه‌وا دواجار ئه‌م كارته هه‌ر سووتاوه و ناتوانێت مه‌رامی ئه‌وان بێنێته دی.
بارزانی و سه‌رۆكی حكوومه‌ت، زۆر ڕاشكاوانه و بێ سازش و پاڕانه‌وه، ئه‌وه‌یان گه‌یانده سوودانی كه ئیتر یاریكردن به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌زگاكانی هه‌رێم بێ ڕۆڵ و ناچالاك بكرێن و شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشتی ناوخۆیی بشێوێنن و دنه‌ی خه‌ڵكی بده‌ن، هه‌ڵه‌یه، چونكه هیچ له واقیع ناگۆڕێت و ده‌بێ به‌غدا، هه‌رێم وه‌ك به‌شێكی جیا له عێراق، له ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووری و جیۆگرافییه‌وه ببینێت، ئێمه پارێزگایه‌ك نین تا به‌غدا وه‌ك به‌سره و نه‌جه‌ف سه‌یرمان بكات و مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكات، به‌ڵكو قه‌واره‌یه‌كی فیدراڵی سه‌ربه‌خۆ و جیاوازین له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ عێراق. كه‌واته به دڵنیایی ئه‌و گۆڕانكارییه دراماتیكی و خێرایه له هه‌ڵوێستی ئه‌وان، ده‌ره‌نجامی ئه‌و په‌یامه بوو كه حه‌ملان گه‌یاندی.
بێگومان حكوومه‌تی عێراقیش ناتوانێت گوێ له بارزانی نه‌گرێت، گوشار و هه‌ڵوێسته‌كانی به هه‌ند وه‌رنه‌گرێت، چونكه ده‌زانن ئه‌مڕۆ بارزانی وه‌ك مه‌رجه‌عێكی كورد، ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌گێڕێت و له ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا، نوێنه‌ری سیاسی و دیپلۆماسی دۆزی كورد ده‌كات و مامه‌ڵه‌ی ئه‌و هه‌موو شاند و وه‌زیر و نێرده دیپلۆماسییانه‌یش له‌گه‌ڵ باره‌گای بارزانی و هاتنیان بۆ پیرمام، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه پێگه‌ی بارزانی نكۆڵی ناكرێ.
سه‌رۆكی حكوومه‌ت، به‌رده‌وام دووپاتی له گفتوگۆ و پشوودرێژی و نه‌رمی نواندن له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی وا پێشان نه‌درێت كه حكوومه‌تی هه‌رێم كێشه بۆ به‌غدا دروست ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه مانای وا نییه ئیتر هه‌رێم به هه‌موو مه‌رجه‌كانی به‌غدا ڕازی بێت و خۆی ڕاده‌ست بكات، ئه‌وه خه‌ونی نه‌زۆكی ئه‌وانه. ئه‌گه‌ر ئێمه گوێ به گوشاره‌كانی به‌غدا بده‌ین، ده‌بێ زۆرباش ئه‌وه‌یش بزانین به‌یانی نه حكوومه‌ت و نه په‌رله‌مان، نه هه‌رێمێكمان نامێنێت به ناوی كوردستان.
به‌غدا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مووچه‌ی وه‌ك كارتی گوشار به‌كار هێناوه، به‌تایبه‌تیش له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی دواییدا، به‌ڵام كاتێ به ئاسانی له دوو دانیشتن‌دا ڕازی ده‌بێت به هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت، ناردنی مووچه‌ی مانگانه، ئه‌وا ده‌بێ بزانین ئه‌م گۆڕانكارییه هۆی چییه و مرۆڤی ئاقڵ ده‌بێ پرسیار بكات. دیاره به‌غدا ته‌نیا ئه‌و زمانه ده‌زانێ، بۆیه هه‌ردوو بارزانی باوك و كوڕ، ئه‌مجاره‌یان پێڕه‌ویان له‌و په‌نده كوردییه كرد كه ده‌ڵێت: شه‌رعی مار به دار.