سۆكا و حوكمڕانیی باش

AM:10:02:26/02/2025 ‌
چەمكی حوكمڕانیی باش، لە سەرەتای نەوەتەكانی سەدەی رابردووەوە ھاتە ناو ئەدەبیاتی یاسای نێودەوڵەتی و سیاسی و حوكمڕانی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی گەلان و وڵاتانەوە، لەوكاتەی تیمێكی نیودەوڵەتی سەردانی ئەفریقای كرد و كێشەكانی سەب - سەحارانی ئەفریقایان بە تەنگژەی حوكمڕانیی وەسف كردووە، لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو ئەم ڕاپۆرتەیان پێشكەش كردووە، لە ساڵی ١٩٩٤دا بانكی نێودەوڵەتی چەند بنەمایەكی پێكھێنەریی بۆ حوكمڕانیی باش دانا، وەك نوێنەرایەتی، كارایی، بەشداری و حوكمی یاسا. 

پەترۆس غالی سكرتێری پێشتری نەتەوە یەكگرتووەكان یەكەم كەس بوو چەمكەكەی ناو نا، حوكمڕانیی باش. دواتریش بەرە بەرە زیاتر پەرەی سەند و چەندان وڵات بۆ پتەوكردنی حوكمڕانی و گەشەی ئابووری كەڵكیان لێ وەرگرت. یەكێك لەو نموونانە وڵاتی "چین"ـە كە بە تەواوی پێگەی نێودەوڵەتی خۆی گۆڕی و بووە ڕكابەری یەكەمی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە ڕووی ئابووریشەوە پێگەی ژاپۆنی خلیسكاند و جێی گرتەوە. 

ئەوەی كەمتر باس دەكرێ، ڕیشەی مێژوویی ئەو چەمكەیە كە زیاتر واتا و ڕەھەندەكانی ڕوون دەكاتەوە. ئەویش داھێنانی حوكمڕانیی باشە، لەلایەن "ئاسۆكا"ی ئیمپراتۆری ھیندەوە لە سەدەی سێی پێش زاین. 
ئاسۆكا لە سەردەمی خۆیدا بووە پەرجوویەك، ھەر بەوەیشەوە نەوەستا پابەند بێ بە یاساوە، بەڵكو چەند كۆتوبەندێكی لەسەر دەسەڵاتی خۆی دانا. ئاسۆكا بە ئاین بودایی بوو، بەڵام پێی وابوو كە یاسای ڕەوشت یاسایەكی باڵایە و زاڵە و ھەموو تاكێك لە ژێر حوكمی ئەو یاسایەدایە.

ئەو ئیمپراتۆرە لەو سەردەمەدا كە ناوچەیەكی فراوانی حوكم دەكرد، توانیبووی وڵاتەكەی بۆ چەند ھەرێم و پارێزگایەك دابەش بكات، تا بە جوانی ئاگاداری كاروباریان بێت و گرفتەكانیان چارەسەر بكات. جگە لەوەی نوێنەری تایبەتی ھەبوو، خۆیشی گەڕان و گەشتی بەردەوامی بە ھەموو ناوچەكاندا دەكرد و گوێی لە ھەموو خەڵك دەگرت.

ئاسۆكا، زۆر لەو نوێنەرانە دەترسا كە لە ناوچە دوورەكانی ئیمپراتۆریەتەكە ڕۆڵیان دەبینی و پشتی پێ دەبەستن، بەوەی كاری خۆیان بە جوانی بەڕێوە نەبەن و گرفتی خەڵك چارەسەر نەكەن.  هەمیشە دەیگوت، "ئەگەر یەكێكیان گەیشتە ئەو ئاستە، ئەوە ویستی من نییە و یەكسەر چارەی دەكەم".  

یەكێكی تر لە پرەنسیپەكانی ئەوەبوو، دەیگوت، ئەو وەك ئیمپراتۆرێك كات و ساتی پشووی نییە، هەمیشە كار دەكات، ئەگەر شەو بێ یان ڕۆژ، لەناو كەژاوەكەی لە گەشتی وڵاتدا بوو، یان لەسەر نانخواردن بوو، دەتوانن قسەی لەگەڵ بكەن و ئەوەی دەیانەوێ پێی ڕابگەیەنن. 

یەكێك لە گوتە بەناوبانگەكانی ئەوەبوو، ئەو ئیمپراتۆرییە بەرفراوانەی كە قەڵەمڕەوی ئەوە، هەموو كچ و كوڕی ئەون و ئەو باوكیانە و ئەركی باوكایەتی جێبەجێ دەكات، باوك چی بۆ منداڵەكانی بوێ، ئەویش بۆ تاك بە تاكی خەڵكەكەی دەوێ. 
ئاسۆكا پێی وابوو هەر دەسەڵاتدارێك دەبێ لەسەر ئاستی دنیا چاكە بكات، تا لە هەردوو دنیا بتوانێ سەربەرز بكاتەوە. 

حوكمڕانیی باش بەشێكە لە یاسای نێودەوڵەتی مۆدێرن، كۆمەڵێك پرەنسیپی جۆرایەتی و ڕەوشتپارێزین لە بواری حوكمڕانی و پرەنسیپی مۆدێرن، بەڵام لە گوتە و بیری گەلێك لە بیرمەند و ژیر و فەرمانڕەوای دانسقە و فەیلەسووفەكاندا، دەتوانرێ بەدی بكرێن.