دادپەروەریی جەوهەری و دادپەروەریی فەرمی

AM:10:57:11/03/2025 ‌
دادپەروەریی جەوهەری و دادپەروەریی فەرمی، دوو جۆرەكەی دادپەروەرین كە هەردووكیان هەر باشن. دادپەروەریی فەرمی بریتییە لە: جێبەجێكردنی ڕێكار و یاساكان، بە لۆجیكی یاسادانەر یان حوكمڕان. جێبەجێكردنی ئەم یاسایانە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی دادپەروەری. لێرەدا گرنگ نییە ئەنجامەكەی چییە و چەند كەس سوودمەندن، بەڵكو زیانمەندیش هەن، بەڵام لە ئەنجامدا ئەم جۆرە یاسایانە دەبنە هۆی ئەوەی جۆرێك لە دادپەروەریی بەرپا بێت. 

 دادپەروەریی جەوهەری، بریتییە لە: داهێنان و جێبەجێكردنی یاساكان، بەدیهێنانی دادپەروەری لە ئەنجامەكەیدا. واتە لێرەدا حوكمڕان یان یاسادانەر ئەنجامی بەلاوە گرنگە. 

قوتابخانە و بیرمەندان ڕوانگەی جیاوازیان بۆ دادپەروەریی هەیە. زۆربەی خەڵك هاوڕان لەسەر ئەوەی، ڕۆڵی یاسا بۆ بە دەستهێنانی دادپەروەرییە. لەلایەكی ترەوە، دادپەروەری زاراوەیەكە تەنیا دەتوانرێ بەشێوەیەكی بابەتیی پێناسە بكرێت، پێوەندیی بە ڕوانگەی ئەخلاقی تاكەوە هەیە. 

ڕەنگە كەسێكی بەرژەوەندیخواز بڵێت، دادپەروەری ئەوەیە، خزمەت پێشكەشی زۆرترین خەڵك بكرێت، ئەمە ڕوانگەیەكی واقیعبینانەیە. لە هەمانكاتدا ماركسیستێك دەتوانێ دووپاتی بكاتەوە كە دادپەروەری تەنیا كاتێك بەدی دێ كە هەمووان لە ڕووی دابەشكردنی سامانەوە یەكسان بن. ڕەنگە دادپەروەری بەشێوەیەكی گشتگیر ئاسانتر پێناسە بكرێت ئەگەر دژە چەمكەكەی "نادادپەروەری‌"، بە مانای ئەوەی نادادپەروەرییە، بە باش بزانرێت. پۆلێنكردنی دادپەروەری بۆ دادپەروەریی جەوهەری‌ و دادپەروەری فەرمی‌، هاوكارە بۆ وردكردنەوەی دادپەروەری.

لە كاتێكدا دادپەروەریی جەوهەری، دەخوازێ پێویستە پێش هەموو شتێك یاساكان دادپەروەر بن، ئینجا هەر یاسایەك بن، دەستوور بن، یاسای دەوڵەتێك بن یان كۆمپانیایەك. لە كاتێكدا دادپەروەریی فەرمی تەنیا دووپات لە پابەندبوون بە یاساكانەوە دەكات، ئەنجامی بۆ گرنگ نییە. 

دادپەروەریی فەرمی جەخت دەكاتە سەر ئەوەی دۆسییە لێكچووەكان هەمان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ، لە كاتێكدا دادپەروەریی جەوهەری ئەوەی لا گرنگە كە چۆن دوو دۆسییە وەك یەكن؟.

یەكێك لە فەیلەسووف و ئەكادیمییەكانی بواری یاسا پێی وایە، جیاوازیی هەردوو جۆری دادپەروەری زۆر گرنگە، بەشێوەیەك دەڵێ، "جیاوازییەكە تەنیا گرنگییەكی بچووكی نییە، بەڵكو زۆر جیاوازە،  جیاوازییەكە گەورەیە، دادپەروەریی نابێ تەنیا ئەنجام بدرێ، بەڵكو دەبێ دەربخرێت و گومانی لەسەر نەمێنێ و ببینرێ كە هاتووەتە دی".

دادپەروەریی فەرمی، گرنگیی بە ڕێكی و شەفافییەتی ئەو پرۆسەیە دەدات كە بڕیاری تێدا دەدرێ. لە كاتێكدا دادپەروەریی جەوهەری لەسەر ئەوە دەوەستێ كە ئەو یاسایە وەك پێوانە بۆ دادپەروەری، پێویستە دادپەروەرانە بێگەرد بێ. واتە كاتێك جێبەجێكردنی یاسا دەبێتە هۆی ناخۆشی و نیگەرانی و بێمانایی و زڕی، دیسان دادپەروەریی جەوهەری دێت لێی دەكۆڵێتەوە و ئەنجامەكە دەگۆڕی. 

لێرەوە دادپەروەریی فەرمی گرنگیی بە پرۆسە و ڕێكارەكان دەدات، بێ گوێدانە ئەنجام، بەڵام دادپەروەریی جەوهەری گوێ بە تەواوی پرۆسەی دادپەروەریی دەدات لە جۆری یاساكەوە، هەتا ئەنجام و لێكەوتەكانی. 

دەمەوێ دووپاتی بكەمەوە كە لە زۆر بەش و لقەكانی یاسادا، جۆری فەرمی واتە ڕێكاریی و جۆری جەوهەریی هەن، تیشك دەخەنە سەر لایەنی جیاوازی پرۆسە و یاساكە. بۆ كۆمەڵگە، هەردوو جۆرەكانی دادپەروەری گرنگ و پێویستن، بەڵام كاتێك كۆمەڵگەیەك كامڵ دەبێ، هەر بە ڕێكار ڕازی نابێ و دەچێتە بواری جێبەجێكردنی جەوهەرەكەیەوە.