16ی سێ هاتەوە و یادی هەڵەبجەی زامدار تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی و میدیاکانی تەنیوە. بەر لەوەی هەر جۆرە دادوەریکردنێک لەسەر ئەم شێوە گوتارەی ناو سۆشیال میدیا و بەگشتی ئەو جۆرە باسکردنەی کارەسات بکەین، دەبێت دڵخۆش بین بەوەی هەڵەبجە لە پاش 37 ساڵ لە کیمیاباران، هەستێکی گشتیی لەناو پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا دروست کردووە.
کەسمان ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین یادکردنەوەی هەڵەبجە لە بنەمادا بە ژان و شینگێڕییەوە دەبێت دەست پێ بکات، بەڵام لەناو ئەم کۆڕ و گوتارەی شینگێڕاندا ئەو هاودەنگی و هاونەواییە بۆ زامی کورد دەبینینەوە کە لە پارچەیەک و لە شارێک قەتیس نەکراوە، بەڵکوو هەموو پارچەکانی کوردستان بەتایبەت ڕۆژهەڵات و باشووری تەنیوە.
هۆکاری ئەوەی کە برینی هەڵەبجە لەگەڵ ڕۆژهەڵات زیاتر لە باکور و ڕۆژئاوا هەڵپێکراوە، بەدەر لە هاوسنووری و یەکبوونی جیۆگرافیایی، ئەو هاوسۆزی و هاوخەمییە مێژووییە بوو کە هەر لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکەدا دروست بوو. لەوکاتەدا بەشێکی زۆری بریندارەکانی کارەساتەکە لە نەخۆشخانەکانی پاوە و کرماشان و شارەکانی تری هاوسنووری هەڵەبجە دەرمان دەکران.
زۆر لە نووسەران باسی هەڵەبجەیان کردووە و زۆر لایەنیان لێک داوەتەوە، بەڵام من دەمەوێ باسی ئەزموونێک بکەم بۆ خۆم هاتووەتە پێش. ئەوکات مناڵێکی 11 ساڵان بووم، هەندیک لە خزمەکانمان پەڕیبوونەوە دیوی ڕۆژهەڵات، لای خۆیان وابوو دەربازیان بووە، ماوەیەک وەک یەک ماڵ نان و ئاو و حەمام و هەموو شتێکمان تێکەڵ بوو. یەکێک لە خزمەکانمان کچێکیان هەبوو هاوتەمەنی من، ناوی ئارەزوو بوو، هەندێک زیپکە و تاۆقەمان بە دەست و قاچییەوە دەبینی، ئەوکات وشیاری پزیشکی و پارێزی کۆمەڵایەتی و تەندروستی وەک ئەمڕۆ نەبوو، ئێمە (وەک باب و دایکم) دەیانوت، بەشتێکی ئاسایی وەرمانگرت، نازانم دواتر ئارەزوو و براکانی چۆن چاک بوونەوە، بەڵام دوای چەند مانگێک کە ئێمەیان جێهێشت، هەموو لەشی من و برا بچووکەکەم تلۆقەی كرد و ئاڵۆش لە هەموو شوێنێکی لەشمان دەرکەوت، تەنانەت لەناو دەممان!
ئەوکات دکتۆرە باشەکان تەنیا لە کرماشان بوون، بە هەزار چەرمەسەری بابم دکتۆرێکی پەیدا کرد دەیانوت شارەزای ئەو جۆرە نەخۆشییانەیە، دوای دنیایەک هاتووچۆ و تێچووی ئابووری، دکتۆرەکە بۆی ساغ نەکرایەوە ئەم کێشە چییە، بڕێکی زۆر مەڵهەم و دەرمانی جۆراوجۆری سەیروسەمەرەی بۆ نووسین کە بیهەنوین لە شوێنی تلۆقە و زیپکەكان، نزیکەی یەک ساڵ ئەم پرۆسەی دەرمانکردنە بەردەوام بوو. شەو بە خەبەر دەهاتمەوە دەمبینی تلۆقەی نوێ لە شوێنی نەگونجاو و نەشیاوی لەشم هەڵتۆقیوە، دۆخی براکەیشم لە من باشتر نەبوو.
هەڵتۆقینی بەردەوامی تلۆقەکان بۆ مناڵێکی وەک من، وایکردبوو جۆرێک وەسواسی پەیدا بکەم و بە شێوەی ناوشیار بە نینۆک بەرببمە گیانم و خوێن بە لەشمدا بێتە خوار! نایشارمەوە یەکێک لە ناخۆشترین ئەزموونەکانی ژیانم کە نەک مەرگ، بەڵکوو ئەشکەنجەیەکی ڕوو لە مەرگی لە زەینمدا تا ئێستەیش چەقاندووە، ئەوەبوو.
دواتر وردە وردە چاک بووینەوە و تا ئێستەیش هیچ نیشانەیەکی دیارمان لەو نەخۆشی و ئالوودەبوونە سەیرە نەبوو. دواتر کە تۆزێک ئاوەزم گرت و لێکم دایەوە، لای خۆم پرسیم بۆچی تەنیا من و براکەم پێوە بووین؟ ئێمە هاوتەمەنی ئارەزوو بووین و بەردەوام پێکەوە یاریمان دەکرد، دەست و لەشمان بەریەک دەکەوت. دڵنیام ئەوە نەخۆشییەکی ئیپیدیمیکی وەک سووڕێژە و ئەوانە نەبوو، بەڵکوو ئاسەواری جۆرێک مادەی کیمیایی لە ئاستێکی کەمدا بوو کە منداڵ تووشی دەبوون.
ئەم چیرۆکەم بۆیە گێڕایەوە هاوکات مەبەستمە باسی هاوخەمی و هاوئازاریی لەگەڵ زامی هەڵەبجە لە ئاستێکی بچووکدا بکەم، ئەوەیش بەرجەستە بکەمەوە و بڵێم، توێی برینەکانی هەڵەبجە هێشتا بە تەواوەتی لانەدراون، زۆر بەڵگە و فرمان و دۆکیۆمێنتی بەعسییەکان لەسەر تاقیکردنەوە نهێنییە کیمیاییەکان کە دڵنیام لەسەر کورد كراون، هێشتا دەرنەکەوتوون، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو قۆناغەی سەدام حسێنی گۆڕ بەگۆڕیان لەسێدارە دا، دەبینین بەهەر هۆیەک بووبێت، نەیانهێشت دۆسییەکەی هەڵەبجە زۆر بکرێتەوە و پێش دەرکەوتنی زۆر نهێنی سەدامیان لە سێدارە دا.
دڵنیام لەم پەلەکردنەدا هەم ئێران ڕۆڵی هەبووە و هەم هاوپەیمانان و تەنانەت عێراقییەکانیش، بۆ ئەوەی لایەنە شاراوەکانی ئەم کارەساتە زۆر دەرنەکەوێت، لایەنی شاراوە پرۆسەی پاکتاوکردنی کورد تەنیا لە کارەساتی جەگبڕی هەڵەبجە و ئەنفالدا وەک دوو دیاردەی دیار و بینراو بەرجەستە نابێتەوە، بەڵکوو وەک وتم، لەو ڕووەوە دەبێت هەڵیکۆڵین بزانین پرۆسەی بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەی ناو تاقیگەکان چٶن بووە و کێ کراوە بە مشکی ناو تاقیگەکان جگە لە کورد؟ بۆچی هەندێ نەخۆشی تەنیا تووشی منداڵ دەبوون؟
ئەمە دەریدەخات هەڵەبجە تەنیا پرۆژەیەکی دڕندانەی قڕکردن نەبوو کە لە 16ی ئادار/مارسی 1988 کۆتایی پێ هاتبێت، بەڵکوو پلانێکی ئەهریمەنی بوو کە تا ئێستەیش درێژەی هەیە و ڕەنگە لە داهاتوویشدا بەر دیاردە و حاڵەتی نوێی دیکە بکەوین.
ئایا نابێت پرسیار لەو لایەنە شاراوانە بکەین، منداڵی مەتۆلکەی هەڵەبجەیی لە نەخۆشخانەکانی ئێران لە دایکی دابڕێنراوە و دوای ئەو هەموو ساڵە دێتەوە بۆ هەڵەبجە و نە زمانی کوردییە و نە ئاینی سونیی؟ دیارە هەڵەبجە هەر شوناسنامەیەکی هەبێت دانابڕێت لە زامی کوردبوون، بەڵام دەبێت یاریی و پلانی دەوڵەتە ناوچەیی و زلهێزەکانیشمان لەبەرچاو بێت، دەبێت هەر ساڵە و توێیەکی ئەم برینە هەڵبدەینەوە تا دەگەین بە ڕۆحە بێگەرد و ڕووشێنراوەکەی هەڵەبجەمان.